کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌ ئه‌هلی سلێمانی‌ ره‌نجبه‌ره ‌و نه‌ پارتیش ئاغا

Thursday, 13/01/2011, 12:00


دوابه‌دوای‌ زنجره‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كورستان له‌ میدیای‌ ئازاد و بانگه‌شه‌كردنی‌ رۆشنبیران بۆ به‌رده‌م دادگا و ده‌ست خستنه‌ بیناقاقای‌ دیموكراسیه‌ت، واتا رێگرتن له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ هاوڵاتیان به‌ شێوازی‌ خۆپیشاندان، له‌و ماوه‌كورته‌دا ئه‌و زنجیره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ گه‌وره‌ترین تراژیدیای‌ هێنایه‌ ناو كۆمه‌ڵگا و تۆوی‌ گومانی‌ له‌ ناخی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگادا چاند، ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌وه‌ به‌ دیدێكی‌ رۆشنانه‌ بكه‌وینه‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ عه‌قڵی‌ خۆسپاندن راست ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌ڵێت گه‌وره‌ ئاوده‌ڕێژێت و بچوك پێی تێده‌خات، ئه‌گه‌ر بچوكه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ پشت ئه‌ستوور نه‌بن به‌ ئه‌دای‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سه‌روو خۆیان، ئه‌وا ئه‌مڕۆ هه‌رگیز زاد ناكه‌ن به‌رانبه‌ر رابردووه‌ پڕ سه‌روه‌ری ‌و مێژووی شارێك كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ خه‌بات و به‌رخوودانی‌ قۆناغه‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ جه‌ور و سته‌می‌ داگیركه‌ران تا به‌م رۆی ئه‌م سێبه‌ری ئازادی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌گات، كه‌ كاك هیوای‌ ئه‌حمه‌د مسته‌فا به‌رانبه‌ر كوانووی‌ شۆڕشگێڕی شاری سلێمانی‌ ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر ده‌نگمان پێنه‌ده‌ن ناتوانین خزمه‌تتان بكه‌ین)، كاك هیوای‌ تازه‌ هه‌نگاو هه‌ڵێهناو بۆ ناو ریزه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌، شاری سلێمانی‌ هیچ كات چاوه‌ڕوانی‌ زه‌كاتی‌ هیچ حیزبێك نییه‌، كه‌ بیه‌وێ وه‌ك خێر و سه‌ده‌قه‌ بیر له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ حیزبه‌كه‌ت بكاته‌وه‌، گه‌ر به‌ وردی‌ بڕوانینه‌ وته‌كه‌ی‌ به‌رپرسی لقی 4ی‌ پارتی‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئاخاوتووه‌ مه‌به‌ستی‌ له‌ ده‌نگدانی‌ پارێزگاكانه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌ داتای‌ راسته‌قینه‌ی‌ ده‌نگهێنانی‌ خۆی لا بێت چ پێویست به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ده‌كات؟ یان دیوه‌ راسته‌قینه‌ ئینتیقامیه‌كه‌ راسته‌ كه‌ هه‌میشه‌ حیزب‌و ئه‌فراده‌كانی‌ له‌ ناخی خۆیان به‌ په‌نهانی‌ هه‌ڵیده‌گرن كه‌ راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ (ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم نیت دوژمنمی‌)، ئه‌زیزم یان تۆ نامۆی‌ به‌ سروشتی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئه‌و شاره‌ یاخود له‌ بیری خۆتی‌ ده‌به‌یته‌وه‌ كه‌ ئه‌و شاره‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ فاشیزمی‌ حیزبی به‌عس خۆی ملكه‌چ نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا خۆت چاك ئه‌و مێژووه‌ت له‌بیره‌ ته‌نها ئه‌و شاره‌ بوو له‌ 7-3-1991 خۆی كرده‌ قه‌لغان بۆ ته‌واوی‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان له‌پێناو ئازادی‌ ئه‌مڕۆدا، چۆن هه‌روا به‌ سانایی زاتت كرد له‌روانگه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سیاسییه‌وه‌ ئه‌و شاره‌ منه‌تباران بكه‌ی‌! ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ شكستی‌ بخواردایه‌، ئه‌وكاته‌ وه‌ڵامی‌ تۆی تازه‌ پێگه‌یشتوو له‌ریزی‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی‌ چی ده‌بوو؟ ئاخر كاك هیوا كامه‌یان راسته‌، ئایا دروشمه‌ له‌ مێژینه‌كه‌ی‌ پارتی‌ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ چاوی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ پارتی‌ خزمه‌تكاری‌ میلله‌ته‌، یان هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی‌ جه‌نابت كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگت نه‌ده‌نێ خزمه‌تیان ناكه‌ی‌، كه‌واته‌ پارتی‌ ده‌نگی‌ جیاواز و شكست له‌ هیچ ناوچه‌یه‌ك قبوڵ ناكات و ده‌بێ هه‌میشه‌ كۆنتڕۆڵی خۆی بێت ئینجا خزمه‌ت ده‌كات، هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ش ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماند، هه‌وای‌ بوونه‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كاك هیوای‌ وا چه‌واشه‌ كردووه‌ له‌بیری چووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ له‌ ناو ناخی‌ ئه‌و شاره‌دا ده‌ژی كه‌چی تا ئێستا ئه‌و شاره‌ ئاماده‌ نییه‌ ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ببێ چ جای‌ پارتی‌، ئه‌مه‌ ته‌نها هه‌ڵه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تۆ نییه‌ قوربان زۆر جار له‌ چاوپێكه‌وتنی‌ به‌رپرسه‌كاندا منه‌ت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا كراوه‌ له‌ رووی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین ئه‌وا دنیایه‌ك نو‌وسینی‌ ده‌وێ بۆ روونكردنه‌وه‌ و به‌رچاو روونی‌ كۆمه‌ڵگا، چونكه‌ ئه‌م منه‌تانه‌ی‌ ئێستای‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ كه‌له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ده‌یكه‌ن له‌رووی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه‌، ده‌توانم بڵێم تا راده‌یه‌ك زیاده‌ڕۆییه‌، چونكه‌ ئه‌م منه‌تانه‌ كاتێك ده‌توانرا راستییه‌كه‌ی‌ نیشان بدرابا كه‌ كاتێك پارتی‌ و یه‌كێتی‌ سه‌دان ملیۆن دۆلاریان له‌ بنكه‌ گومرگییه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ برایم خه‌لیل و په‌روێزخان و كێلێ و حاجی ئۆمه‌ران ده‌ستده‌كه‌وت ئه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ بۆ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ هه‌وڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كانیان نه‌ده‌دا؟! كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامۆستایان بۆ بژێوی‌ ژیانیان له‌ مه‌زادخانه‌كانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر و دهۆك دوای‌ نیوه‌ڕۆكان كاسبییان ده‌كرد، یاخود كه‌لوپه‌لیان ده‌برد بۆ فرۆشتن له‌ نێوان تاسڵوجه‌ و چه‌مچه‌مال َ و هه‌ولێر قوشته‌په‌ و دهۆك و باعه‌درێ، كه‌ ئه‌وكات مامۆستایان دروشمێكیان هه‌بوو ده‌یانوت (له‌پێناو مو‌وچه‌ سه‌ری به‌رزمان نه‌وی‌ ناكه‌ین)..
كاك هیوا بیرت چوو كه‌ ده‌زگای‌ ئاسایش و پۆلیسی پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ناوی‌ جوانكردنی‌ سیمای‌ شاره‌وه‌ رۆژانه‌ هه‌ڵیان ده‌كوتایه‌ سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ كاسبییان ده‌كرد له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ ته‌نها له‌پێناو ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ ملكه‌چ بن بۆ چه‌كداری‌ كردن بۆ سه‌نگه‌ره‌ ناشه‌رعییه‌كانی‌ كورد به‌كوشتدان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبه‌كانتاندا كه‌ به‌سێ مانگ جارێك مو‌وچه‌یان بده‌نێ، بۆ تۆ پێتوایه‌ ئه‌گه‌ر حیزبه‌كه‌ت خزمه‌تی ئه‌و شاره‌ی‌ كرد حیزبه‌كه‌ت له‌ گیرفانی‌ خۆی‌ ده‌ریدێنێ؟ هێنده‌ بێمنه‌ت مه‌به‌ ئه‌وه‌ رێژه‌یه‌ی له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌ له‌به‌ر خاتری‌ چاوی‌ كاڵی‌ تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ نه‌دراوه‌ به‌ میلله‌تی‌ كورد بگره‌ ئه‌وه‌ ئیستیحقاقی شاره‌كان خۆیانن، به‌ڵام پارتی‌ و یه‌كێتی‌ وه‌ك ده‌خیله‌یه‌ك له‌ رێگه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ بۆ كاری‌ ئیداری‌ به‌شی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نازانرێ تاچه‌ند پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به ‌ویژدانه‌وه‌ ته‌سه‌روف له‌ سه‌ر ئه‌م داهاته‌ ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌ی‌ بوێر و سه‌ربه‌خۆش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بواره‌ نییه‌ بۆیه‌ به‌ ناچاری ده‌بێ بڵێین (الله‌ یعلم)..
كاك هیوا زۆرمان كۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ین‌و ئاگاشمان لێیه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌ گه‌وره‌ و بچوكه‌وه‌ كه‌ هاته‌ ناو شار جگه‌ له‌ ئه‌دیداسی سێ خه‌ت هیچی دیكه‌ی‌ نه‌بوو! ئه‌ی‌ خێره‌ ئێستا ئه‌م هه‌موو (بزنسمان)انه‌ ده‌یانه‌وێ منه‌ت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا بكه‌ن؟! ئاخر خۆ عیزه‌تی‌ نه‌فسی شاری سلێمانی‌ هێنده‌ وێرانه‌ نه‌بووه‌ و سه‌رده‌مه‌كه‌ش سه‌رده‌می‌ فیوداڵی‌ و ده‌ره‌به‌گی‌ نییه‌ تاوه‌كو ئه‌هلی شاری سلێمانی‌ ببێته‌ ره‌نجبه‌ر و پارته‌كه‌ی‌ جه‌نابیشت ببێته‌ ئاغا و له‌ زه‌كاتی‌ داهاتی‌ حیزبه‌كه‌ت خێر و سه‌ده‌قه‌ی‌ پێبكه‌یت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە