شیوعییەكان و لیستی كوردستانی، كامیان براوە بوون؟
Friday, 31/07/2009, 12:00
رەنگە كەسێك گەر لەسێ ژەمەى خواردندا یەك ژەمی هەبێت، بەڵام لەرۆحەوە ئاسودەو بێ خەم و خەفەت بێت، زۆر لەو كەسانە خۆی بەگەورەو مورتاحتر بزانێت كە بە دزیكردن سێ ژەمەى خواردنەكەى های لایف بێت و خاوەنی سەروەت و سامان بێت، یاخود ئافرەتێك كە هاوسەرەكەى هیچی نەبێت، بەڵام رێزو خۆشەویستی پێ ببەخشێت، زۆر دڵخۆشترە لەوەى هاوسەرەكەى دەوڵەمەندێك بێت، بەڵام لەپشتی ئەوەوە داوێن پیس و خیانەتكار بێت.
ئەگەر ئەو دوو نموونەیە بپێوین بە دەنگ هێنانەكانی لیستەكەى حزبی شیوعی و لیستی كوردستانی، سەدەرسەد دەبێت حزبی شیوعی خۆی لەو دوو حزبۆكەیە بە گەورەترو ئاسودەتر بزانێت، چونكە دەنگەكانی شیوعییەكان بێگەردو جوانترە لەدەنگە دزی و ساختەییەكانی یەكێتی و پارتی.
هەموو لایەیەك دەزانێت مێژووى حزبی شیوعی زۆر پاكترو گەورەترە لەمێژووى ئەو دوو حزبە، بەڵام مەخابن یەكێتی و پارتی لەدواى راپەڕین وەك ئەوەى حزبی شیوعی شەهیدێكی بۆ خاكەكەى نەدابێت، هاتن بێ بەش و مەحروومیان كرد لەدەسەڵات و هەموو بەشدارییەكی سیاسی كوردستان و هێندەى تەحسین شاوەیس و تاریق رەمەزانی فرۆكەوان رێزیان لێیان نەگرت، كە باش دەزانین هیچ شاخ و دۆڵێكی ئەم كوردستان نییەو نابینرێت شیوعییەكان شەهیدیان تێیدا نەدابێت، بۆیە هەر ئەوكات حزبی بەعس هێندەى لەسیوعییەكان دەترساو سڵی دەكردەوە، هیچ كاتێك حسابی بۆ مەلایی و جەلالییەكان نەدەكرد، بەڵام لەوانەیە بپرسین ئەدی بۆچی حزبی شیوعی بەو رەفتارە قێزەونەى ئەو دوو حزبە رازی بوو و بێدەنگی هەڵبژارد؟، وەڵامەكەى روونە كە گەورەییەكەى حزبی شیوعی لەوەدا بوو نەیویست خوێنی براكانیان بڕێژن و شەڕى یەكتركوژی نەكەن، چونكە بە چاوی خۆمان بینیمان یەكێتی و پارتی چوون بەگژی هەموو حزبێكدا لەراستەوە بۆ چەپ، هەر ئەوە مابوو شەڕ لەگەڵ خوداشدا ئەنجامبدەن، كە ئێستا ناو چاوانیان پەڵەیەكی رەشی پیسی پێوەیەو هەر رۆژێك بێت سەرانیان راپێچی دادگاى تاوانباران دەكرێن، شیوعییەكانیش لەنێو جەماوەردا سەریان بەرزدەكەنەوەو ئنجا میللەت راستییەكەى بۆ دەردەكەوێت و ئەسەف دەخوازێت گەر رۆژێك پەنجەیان بۆ ئەو دوو حزبە تاوانبارە مۆر كردبێت.
جا ئەگەر یەكێتی و پارتی ئەمڕۆ خۆیان بە براوە بزانن كە دەنگەكانیان بە هێزی سەربازى و پارەو پوولی میللەت و تاڵانكردنی سەروەتى نیشتنمانی و دابەشكردنی مەنجەڵی تیفاڵ و چەتاڵ و قاپ و كەوچك و برنج و ماكسی ژنان و دایبی منداڵان، بەدەستهێناوە، ئەوا سەریان دای لەبەردو دۆڕاون بە ماناى دۆڕاوو هەموو میللەتیش باش ئەو راستییە دەزانێت، بەڵام حزبی شیوعی بە دابەشكردنی گوڵ و زمانی هاوڕێیانە ئەو چەندان هەزار دەنگەى بەدەست هێناوەو بەڕاستی براوەیە بە ماناى براوە، چونكە روونە گەر هەموو دونیا دڕك بێت هەمیشە گوڵ پیرۆزترە.
كەواتە دەنگی پاك و جوان و بێگەردی شیوعییەكان سەركەوتووەو ئێوەى یەكێتی و پارتی داگیركەرى كوردستان دۆڕاون بەڵێ دۆڕاو، چونكە دەنگێك بە دانە گوڵێك هەزار هێندەى دەنگی تیفاڵ و ماسی ژنان گەورەترە.
ئەمەش ماناى ئەوە نییە ئێمەى رۆژنامەنووس هیچ رەخنەیەكمان لەحزبی شیوعی نییە، نەخێر رەخنەمان زۆرو ئامادەیە، بەڵام مەبەستمان بەراوردكردنی دەنگە ساختەیی و دزییەكانی یەكێتی و پارتییە لەگەڵ دەنگە بۆن خۆشەكانی شیوعییەكان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست