شۆڕشگێڕانی دوێنێ ئەمڕۆ مینبەر و پارێزەریی داگیرکەرانن
Friday, 02/09/2011, 12:00
ئەزموون واتای لە بیرنەکردنی باش و خراپەکانی ڕابردوو، وەرگرتنی ئەزموون بۆ ئەوەیە باش و خراپەکان لەبیر نەکەین و لە داهاتوودا خراپەکان دووبارە نەکەینەوە، بهڵكو باشەکان بێنینەوە، بێگومان لە بیرکردنی هەردووکیش کارەسات ئامێزە.
لە دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، هەرێم بەچەند قۆناغێکی تاڵدا گوزەری کردووە، پاش شەڕی برا کوژی پارتی و یەکێتی، پەکەکە و پارتی، پەکەکە و یەکێتی، كه تا هەنوکەش ئاسەواری ئەو شەڕە وێرانکارییە لە جەستەی نیشتیماندا... لە دەروونی مرۆڤی کورددا ماوەتهوه، یهكێك له سوێیهكانی دەیان کەس بێسەرو شوێنن و ئاسەوارییان بەزیندوی و مردوویی تا هەنوکە نادیارە .
هەر لەدووای ڕاپەڕینەوە تا چرکە ساتی ئێستا هەر دوولایەنی دەسەڵاتدار، دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا گرتووە، بهوهشهوه نهوهستاون و لەگەڵ دەیان نووسەر و ڕۆژنامەنووسیان بۆ خۆیان کڕیوە، دایانناون بۆ پاراستن و لیقاندنی وتن و نووسین بۆ بەرژەوەندی خۆیان، جا ئیتر هەرچی دەڵێن و ناڵێن گرنگ ئەوەیە لەبەرژوەندی پارتەکانیان بێت، لەهەر کاتێك بیانەوێت و چۆن بەکارییان بێنن ئەوان ئامادەن و وەك دهوترێت لەسەر میلن !.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە و بگره هەڵوەستەیە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەکەناری هەردوو پارتی باڵادەستی هەرێمدان، زمان و ئینتیکی ڕۆژنامەنووسییان لێبەدی ناکرێت، یانی بەزمانێك دهبینرێن هێجگار دوورە لە زمانی دنیای ڕۆشنبیری، لەهەر کاتێکیش دەردەکەون سینگیان لە ئاستی خۆیان ئهولاوه ترو و بەبێ لۆژیك هێرش دەکەنە سەر مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسە ئازادەکان .
ئەوەی من دەمەوێت لەم بابەتەم تیشکی بخەمە سەر ئەو مینبەرە ترسناکەیە ئێستا دەبینرێت لە کەناڵی زاگرۆس تیڤی سەربە پارتی دیموکرات کوردستانهوه، جێگای سهرنجم " ئەم کەناڵە لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانی 17 شوباتەوە تا سەرکوت کردنیان، مینبەرێك بوو بۆ سەرکۆنە و بریندار کردنی کەسایەتی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسە ئازادەکان .
ئەم کەناڵە لە ئاستی وشە کوردییە ئازادەکان خێرا هاتووەتە دەنگ و هەرچی لەهەگبەی بێڕێزیدابێت لە بەرامبەریان گوتویەتی، بەڵام لە ئاست بۆردومان و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان، وشەیان پێنەبووە و کەڕ و کوێرن، ئەوەی ڕووی راستی ئەو کەسانە و کەناڵەکەمان بۆ دەردەخات ئەوەیە لە ئیستادا و لە ئامێزی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کەناڵی زاگرۆس بووە بە مینبەر و پارێزەری ڕژێمەکەی خامنەیی و ئەتاتورک، مافیان پێدەدات بۆ گیانی کوردان .
دەیبینین و بەدی دەکەین تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ دروشمی حیزبەکەیان و خەباتی بهناو کوردایەتییان، ئاماژەکانی کەناڵی زاگرۆسی پارتی دیموکرات کوردستان ئەوە بەڕای گشتی و خەڵکی کوردستان نیشان دەدات و دەڵێت " پەکەکە و پژاک تاوانبارن و سنوری ئەم دووپارتە کوردییە ئیرە نییە و تورکیا و ئێران مافی خۆیانە هەرچۆن هێرش دەکەنەسەریان، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک، بەبێ هیچ تێفکرینێك دەڵێن مافی بەرگرییە لە خۆیان، مافدان بەهێرشکردنە سەر پەکەکە و پژاک واتای مافدانە بە کوشتنی ئینسانی کورد بەمەدەنی و سەربازییەوە لەهەر پارچەیەکی کوردستان.
لێرەدا و لە زمانی ئەم کەناڵەوە، ئەو مەترسییە گەورە و ترسناکەی خۆیمان نیشان دەدات، دووبارە بوونەوە شەڕی کورد و کوردە، چونکی لە ئێستادا کەناڵ و نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون بە مینبەر و پارێزەری سوپای داگیرکەرانی کوردستان .
لەهەرێمی کوردستاندا بەرژەوەندیی چهند تاکێك لەسەرووی بەرژەوندی نیشتیمانەوەیە، بەرژەوەندی نیشتیمان بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی چەند کەس و لایەن و بازرگانێكه وه . لەچەند وتارێکی دیکەدا ئاماژەم بەو مەترسییە کردووە، که (سەرکردەکانی ئێمە سیاسەت دەکەن و بازرگانیش دهكه ن، مەترسی گەورە ئەوەیە لەبەر بێ ئەزموونی سیاسییەکانی کورد ڕۆژێك دێت سیاسەتیش دەخەنە بازاڕەوە، جارێکیتر خەبات و قوربانی میللەتێك دەبەنەوە بۆ خاڵی سفر).
تەنیا هێزێك بتووانێت بەرەنگاری ئەو کەسە نیشتیمانفرۆشانە بێتەوە، شەقام و خەڵکی کوردستانە، ڕابردووی دەسەڵاتدارانی کورد و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زۆر نییه، له هێنانی سوپای بێگانە بۆ سەر کوتکردنی یەکتر و شەڕی براکوژی...!
هەنوکە خەڵکی کوردستان، زۆر لەوە زیندوترن چەند کەسانێك بەناوی نووسەر و ڕۆژنامەنووسەوە لە شاشەی کەناڵێك دەستور بدەن و ماف بدەن بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان چۆن هێرش دەکەن و چیدەکەن مافی خۆیانە، هەربۆیە پەکەکە بێت یان پژاک، وەک هەموومان لەم نیشتیمانە مافیان هەیە و بەشێکن لەجەستەی ئێمە، ئەرکیشە لەسەر ئێمە مادی و مەعنەوی و ڕۆحی هاوکاریان بین، ڕزگاری نەتەوەی زۆری ماوە، کورد تا هەنوکە لەخەباتی ڕزگارییدایە .
رابردوو بۆ ئەمڕۆی کورد ئەزمونە، چیتر گەلی کورد قبوڵی ناکات جارێکیتر شەڕی براکوژی دووبارە بێتەوە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا نەوەیەک هەیە ڕابردووی خۆیان دەزانن و لەچاوی هیچ کەسێکەوە داهاتووی خۆیشیان نابیین، بەڵکو بە چاوی خۆیان داهاتوو دەبینن و دەبن بە پێشەنگ و بریاردەری داهاتووی نەتەوەی کورد .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست