کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مانه‌وه‌ی مام جه‌لال وه‌ک سه‌رۆکی عێراق چه‌ند سوودی بۆ کورد هه‌یه‌؟

Saturday, 27/02/2010, 12:00


دانانی مام جه‌لال وه‌ک سه‌رۆک، جۆرێک بوو له‌ ڕێکه‌وتن له‌ نێوان مه‌سعود و خۆیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردووکیان هه‌ر ده‌بوو سه‌رۆک بن و که‌سیان قبوڵیان نه‌ده‌کرد پۆستی تر قبوڵ بکه‌ن جگه‌ له‌ سه‌رۆک بوون، جا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ردووکیان عوقده‌ی سه‌رۆکایه‌تی کردنیان پشکێنن، به‌وجۆره‌ هه‌ردووکیان له‌ پله‌ی سه‌رۆکیدا مانه‌وه‌ به‌ شادی و به‌خته‌وه‌ری و یه‌کێکیان بووه‌ جه‌نابی سه‌رۆکی کوردستان و ئه‌وی تریان بووه‌ جه‌نابی سه‌رۆکی عێراق. ئه‌م دوو پۆسته‌ جگه‌ له‌و ئامانجه‌ شه‌خسیه‌ی ئه‌و دوو که‌سه‌ هیچ ئامانجێکی تری له‌ پشته‌وه‌ نه‌بووه‌. با دوور له‌ سیاسه‌ت و به‌زمی هه‌ڵبژاردن، ئاوڕێک بده‌ینه‌وه‌ بۆ ڕابردوو و بزانین چۆن بوونی مام جه‌لال له‌و پۆسته‌دا سوود و زیانی بۆ کوردستان هه‌بووه‌.

مام جه‌لال هه‌ر له‌ هه‌رزه‌کاریه‌وه‌ حه‌زی له‌ پله‌و پایه‌ کردووه‌ و له‌ ته‌مه‌نێکی لاویه‌وه‌ خه‌ونی سه‌رۆکی هێناوه‌ته‌ ئه‌نجام. له‌ سه‌ره‌تای به‌شدار بوونیه‌وه‌ له‌ پارتیدا، سه‌رۆکی وه‌فد و سه‌رۆکی زۆر شت بووه‌ و ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ حه‌فتاکانیشه‌وه‌ سکرتێری گشتی یه‌کێتی بووه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی یاسر عه‌ره‌فات و زۆر له‌ حیزبه‌کانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ر له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌ و له‌وه‌ده‌چێت ئه‌و پۆسته‌ نه‌دا به‌ که‌س و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیباته‌ گۆڕه‌وه‌. مام جه‌لال دوای ئه‌وه‌ی بووه‌ سه‌رۆکی عێراق یه‌کێک له‌خه‌ونه‌کانی تری به‌ سه‌رۆکبوونی هاته‌ دی و بۆ ئه‌و ئامانجی سه‌ره‌کی له‌ ژیانیدا ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و پۆسته‌ بۆ پته‌وکردنی پێگه‌ی کوردستان به‌کاربهێنێت، به‌ڵکو بۆ پته‌وکردنی پێگه‌ی خۆی به‌کاریهێناوه‌ له‌ ناو هه‌موو لایه‌نه‌کاندا، جا ئه‌وانه‌ به‌عسی یان دژه‌ کوردی توندڕه‌و یان هه‌ر لایه‌نێکی تر بووبێتن.

له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا رۆڵ و سوودی پۆستی مام جه‌لال وه‌ک سه‌رۆکی عێراق ده‌رده‌که‌وێت:
1- فه‌رماندان به‌ ده‌ربازکردنی یه‌کێک له‌ فڕۆکه‌وانه‌ تاوانباره‌کان به‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی و کوشتنی هاوڵاتیانی کوردستان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خۆی له‌ به‌عسه‌یه‌کان نزیک بخاته‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێزێک دابنێ بۆ 200،000 شه‌هیدی کوردساتان که‌ به‌ده‌ستی تاوانباری هاوشێوه‌ی ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌ کوژرابوون. ئه‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌ ستراتیژیه‌تی پته‌وکردنی پێگه‌ی خۆی لای دوژمانی کورد له‌سه‌ر حیسابی ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندی ‌ کورد و کوردستان.
2- داکۆکی کردن له‌ به‌عسه‌یه‌کانی وه‌ک وه‌فیق سه‌مه‌رائی و نزار خه‌زره‌جی که‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانێت ئه‌وانه‌ تاونابارن ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی کوردستان و عێراق. نه‌ک هه‌ر داکۆکی کردن به‌ڵکو دانانی وه‌فیق سامه‌رائی تاوانباری کورد کوژ وه‌ک موسته‌شار بۆ خۆی و دابینکردنی موچه‌یه‌کی باش بۆی (هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک شیعه‌ی عه‌ره‌بیش دژی بوون) ته‌نها بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ به‌عسیه‌کان و پته‌وکردنی پێگه‌ی خۆی، بێ گوێ دان به‌ هه‌ست و شعوری خه‌ڵکی کوردستان و خیزانی شه‌هیدان و پیشمه‌رگه ڕاسته‌قینه‌کان‌.
3- نه‌رمبوونی خۆی و یه‌کێتی سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و خستنه‌ڕووی لایه‌نی کوردی وه‌ک لایه‌نێکی نایه‌کگرتوو سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک. هه‌ردوو مه‌سه‌له‌ی دانانی فیدڕالیه‌تی تایبه‌ت بۆ که‌رکوک و به‌ برۆکسلکردنی به‌ڕێوه‌بردنی که‌رکوک، پیشنیاری مام جه‌لال بووه‌ و به‌وجۆره‌ مه‌وقیفی کوردی سه‌باره‌ت که‌رکوک زه‌عیف کردووه‌ و ئه‌وه‌ی بۆ به‌پرسانی عێراق، تورکیا و ئێران خستۆته‌ڕوو و دیسان بۆ پته‌وکردنی پێگه‌ی خۆی.
4- بۆ وه‌رگرتنی پاڵپشتی له‌ تورکیا، مام جه‌لال له‌ ناو تورکیادا گووتی "بۆ ئێمه‌ فیدراڵیه‌تیش گرنگ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ عێراق وڵاتێکی دیموکراسی بێت" و له‌وێ به‌هیچ جۆرێک باسی له‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک نه‌کردووه‌ و خۆشی نه‌کردووه‌ به‌ خاوه‌نی، ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی پاڵپشت بۆ مانه‌وه‌ی. نه‌ک ئه‌وه‌ به‌ڵکو به‌ ڕه‌سمی گووتی "کوردستانی گه‌وره‌ خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه‌". یه‌کێتی به‌مه‌ ده‌ڵێت هونه‌ری دیبلۆماسی و من پێی ده‌ڵێم هونه‌ری میلله‌ت سوککردن و وابزانم به‌ هه‌موو پێوه‌رێکیش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌.
5- داکۆکیکردن له‌ خه‌ڵکانی وه‌ک ساڵه‌ح موتڵه‌گ و داهێنانی ده‌سه‌ته‌واژه‌ی "به‌عسی باش" و "به‌عسی سه‌دامی" ته‌نها بۆ بنیاتنانی پاڵپشتی به‌عسه‌یه‌کان بۆی. نه‌ک ئه‌وه‌ به‌ڵکو له‌ موقابه‌له‌یه‌کیدا باس له‌ په‌یوه‌ندی عه‌شیره‌تی سه‌دام و عه‌شیره‌تی تاڵه‌بانیه‌کان ده‌کات و چۆن ئه‌وان سه‌دام هه‌میشه‌ ژیانی موکه‌ره‌م تاڵه‌بانی پاراستووه‌. ئه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ له‌ شاخ تۆ بۆ به‌ میلله‌تی کوردت نه‌گووت، که‌ ئێوه‌ عه‌شیره‌ته‌کانتان هێنده‌ نزیک بوون و هێنده‌ یه‌کتریتان خۆشویستووه‌. بێ گومان ئه‌مه‌ بێ ڕیزی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ نیشان ده‌دا که‌ هیچ حیسابێک بۆ شه‌هید و خێزانه‌ خاوه‌ن شه‌هیده‌کان دانانێت.
6- گۆڕانی حیزبه‌که‌ی "یه‌کێتی" له‌ حیزبی پیشڕه‌وی کوردایه‌تیه‌وه‌ بۆ حیزبی "سه‌رۆکی فه‌رمانده"‌ و بێ مه‌وقیفی و لاوازکردنی حیزبه‌که‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ نیشتیمانیه‌کاندا بۆ ڕازیکردنی لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌کان و مانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆسته‌که‌دا و به‌وجۆره‌ش دوورکه‌وتنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی له‌ مه‌وقیفی گشتی شه‌قامی کوردی‌ و گۆڕانی یه‌کێتی له‌ حیزبێکی سه‌ره‌کیه‌وه‌ بۆ حیزبێکی پاشکۆی لاواز و بێ مه‌وقیف، دیسان بۆ پته‌وکردنی پێگه‌ی خۆی.

یه‌کێك له‌ یاریده‌ده‌ره‌کانی یاسر عه‌ره‌فات ده‌ڵێت یاسر عه‌ره‌فات زۆر حه‌زی له‌وه‌ کردووه‌ که‌ خۆی هه‌میشه‌ سه‌رۆک بێت و هه‌موو بڕیاره‌کان هه‌ر له‌ ژێر ده‌ستی خۆیدا بووبێتن و ئیسرائیلیش ئه‌و کاراکته‌ره‌ی باش ناسیبوو، بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی گفتووگۆکان له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌کان، هه‌وڵیان ده‌دا که‌ زۆرترین ده‌سه‌ڵات به‌ یاسر عه‌ره‌فات بده‌ن و گرنگیه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌ده‌دا به‌ فه‌له‌ستین، چونکه‌ ده‌یانزانی ئه‌و سه‌رۆکه‌، میلله‌ت خۆشه‌ویست نیه‌ و پله‌و پایه‌ خۆشه‌ویسته‌ و به‌وجۆره‌ش له‌ گفتووگۆکاندا هه‌موو جارێک یاسر عه‌ره‌فات مافی خۆی زیاد ده‌کرد له‌سه‌ر حیسابی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلیه‌کانیش، وه‌ک دڵسۆزی وڵاته‌که‌ی خۆیان ئه‌مه‌یان پێ خۆش بوو.

ئه‌مڕۆ وڵاتانی دراوسێی وه‌ک تورکیا، ئێران، سوریا و عێراقیش که‌ به‌ حیساب له‌گه‌ڵیدا هاوبه‌شین، هه‌موویان ئه‌و ڕاستیه‌یان بۆ روونه‌ که‌ مام جه‌لال هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ کورسی و مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موویان پشتگیری لێ ده‌که‌ن و مام جه‌لالیش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانێت و به‌ دڵی ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ لات سه‌یر نه‌بێت که‌ تورکیا، ئێران و سوریا و عه‌ره‌بی به‌عسی و ناسیوناڵیست هه‌مووی سوێن به‌ سه‌ری بخۆن، چونکه‌ ئه‌وه‌ی که‌ به‌ خۆیان نه‌ده‌کرا، مام جه‌لال له‌ به‌غدا بۆیکردن و ئه‌و زه‌خم و هه‌وڵه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تادا بۆ که‌رکوک هه‌بوو، مام جه‌لال خاوی کرده‌وه‌ و دیسان بۆ خۆنزیکردنه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌کان.

ئه‌مه‌ ئه‌و دیپلۆماسیه‌ت و سیاسه‌ته‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ له‌ میدیاکانی حیزبه‌کاندا باسی لێوه‌ ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی مام جه‌لال له‌ به‌غدا و بێگومان نزیکبوونه‌وه‌ی  مام جه‌لال له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێکان واقیعه‌ و په‌یوه‌ندیه‌کی زۆری به‌ مه‌وقیفی لاوازی مام جه‌لاله‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ کوردستانیه‌کان و ئه‌م ڕۆڵه‌ گه‌وره‌ترین خزمه‌تی دوژمنانی کوردی پێکراوه‌ و گه‌وره‌ترین زیان به‌ مه‌وقیف و پێگه‌ی کورد گه‌یشتووه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا. دیپلۆماسیه‌تی مام جه‌لال، هه‌میشه‌ پێک هاتووه‌ له‌ سوکردنی لایه‌نی کوردی به‌رامبه‌ر دوژمن و ته‌نانه‌ت که‌ وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌ نووسیكی عه‌ره‌ب ده‌داته‌وه‌ خه‌ریکه‌ ده‌ستیشی ماچ ده‌کات، که‌چی هه‌ندێک جار له‌ ڕۆژنامه‌ نووسه‌ کورده‌کان توڕه‌ش ده‌بێت، وه‌ک گوزارش کردنێک به‌ سوکردن و به‌که‌مزانینی میلله‌ته‌که‌ی و وڵاته‌که‌ی. هه‌موو که‌س هه‌وڵ ده‌دات له‌ سیاسه‌تدا خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ریدا دروست بکات، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌بێت دوو لایه‌نه‌ بێت، نابێت لایه‌ک میلله‌ته‌که‌ی خۆی سووک بکات و لایه‌نه‌که‌ی تریش سه‌یری بکات و زه‌رده‌خه‌نه‌ بیگرێت. ئه‌مه‌ وه‌ک به‌ ئاشکرا دیاره‌ پێی ده‌گووترێت هونه‌ری سوککردنی کورد له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌.

جا ئایا شتێکی باشه‌ سه‌رۆکی عێراق کورد بێت؟
بێ گومان ئه‌و که‌سه‌ی که‌ پۆستی سه‌رۆکی عێراقی پێ ده‌درێت، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی زۆر گه‌وره‌ نین، به‌ڵام ده‌توانێت ئه‌وپه‌ڕی خزمه‌تی کوردستانی پێ بکات. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ڕوونکرایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ک هه‌موو ژیانی بۆ کورسی خۆی ته‌رخانکردبێت و وه‌ک به‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ روونکرایه‌وه‌، نه‌ک پۆستی سه‌رۆکی عێراق، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆکی ئه‌مریکایشی پێ بدرێت، هه‌ر خزمه‌تی پێگانه‌ی پێ ده‌کات. مانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ بۆ کورد زۆر گرنگه‌ به‌ڵام مانه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌و پۆسته‌دا گه‌وره‌ترین زیان به‌ کوردستان و میلله‌ته‌که‌ی ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ جگه‌ له‌ سووککردن و لاوازکردنی کورد نه‌بێت، هیچی پێ نه‌کراوه‌. ده‌با هه‌موومان ده‌نگ بده‌ین به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ بۆ کورد، به‌ڵام دژی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مام جه‌لال بین بۆ ئه‌و پۆسته‌ چونکه‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ ده‌یسه‌لمێنن که‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ بۆ مام جه‌لال ته‌نها مایه‌ی لاوازی و سوککردنی کورده‌ و هیچی تر.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە