سۆشیـال دیموكراتیزم لە كەشمەكەشـــى فیكرى و فەلسەفیەوە بەرەو ئایدیۆلۆژیای بەرێوەبردنى دەوڵەت(بهشی 2)
Friday, 10/04/2009, 12:00
2051 بینراوە
سۆشیـال دیموكراتیزم لە كەشمەكەشـــى
فیكرى و فەلسەفیەوە بەرەو ئایدیۆلۆژیای بەرێوەبردنى دەوڵەت
گواستنەوەى كۆمەڵ و دروست كردنى كۆمەڵگایەكى یەكسان كەدادوەرى و هێزى یاسا چوارچێوە بیت بۆ مافى هەر تاكێكى كۆمەڵ
بەشی دوهەم پەیدابوونى ریكخراوى سیاسی لەگەڵ ئەو گۆرانكاریانەى سیستەمى سەرمایەداریدا لە ناوەوەى خودی ئەو سیستەمەدا وردە وردە قەیرانى سیاسی و ئابوورى و كۆمەڵایەتی و بەرهەلستى ئۆپۆزیسیۆنى ئەو وڵاتانەش وەكو كاردانەوەیەكى سـروشتى گۆڕانی دیالكتیكى بەسەردا هات و بەرەو پیش چوەوە , لەگەڵ كەڵەكە بوونی كەپیتاڵ و قوڵبوونەوەى كیشەكان هەر بە هەمان شێوە شێ كردنەوەى خەباتى سیاسیش ئاراستەى جۆراو جۆری وەرگرتوە , سۆسیال دیموكراتیزم یەكیكە لەو ئایدیۆلۆژیا فەلسەفیانەى كە دەورێكى كاریگەرى هەبوە لە ئاراستە كردنى خەباتى چینەكان و هیزە جەماوەریە دیموكراتیەكان و رێكخراوە جەماوەریەكان بە تایبەتیش چینى كریكار و جوتیارو رەوشەنبیرو تۆێژە چەوساوەكان بەرەو خەبات لە پێناوى مافى خۆیاندا دژى خاوەن سەرمایەو دەسەڵاتی سەرمایەدارى و ڕۆڵی كەپیتاڵ و تایبەتمەندیەكانی لە چەوسانەوەی مرۆڤـــدا...یەكێك لە كێشەكانی سیستەمی سەرمایەداری كەڵەكە بوونی كەپیتاڵە , ئەو دیاردەیە پەیوەندی بە زۆر فاكتەری ئابوریەوە هەیە وە لە قۆناخی جیا جیادا ئەو دیاردەیە دەبێتە هۆی قەیرانی ئابوری , كارڵ ماركس لە كەپیتاڵدا دەست نیشانی ئەو دیاردانەی كردوە وە ئاماژە بەوەش دەكات كە كەڵەكە بوونی كەپیتاڵ تایبەتمەندیەكی حەتمی سیستەمی سەرمایەداریە , هەرچەند بێرنشتاین (Eduard Bernstein 1850-1932) پێی وایە لەگەڵ پەرش بونەوەی سیستەمی كەپیتالیستی و گەشەسەندنی كەرتی تایبەت كەڵەكە بوونی كەپیتاڵ ئەو ئاوسانەی كەپیتاڵ دروست ناكات كە ببێتە هۆی مەترسی قەیران , بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتـــدا راستی تییۆریای كارڵ ماركس خـــۆی سەپاند نمونەش قەیرانی ئابوری جیهانی 1857- 1929-1933-1965-1971-1974 وە بەو شێوەیە تــــا قەیرانی ئابوری جیهانی 2008
وەكو فەلسەفەى سیاسی سۆسیال دیمۆكراتیزم لە ناوەراستى سەدەى نۆزدەدا خۆی رێكخستوەو ئامانجى سیاسی خۆى راگەیاندوە لە ئینتێرناسیۆناڵى یەكەمدا لە 28 سێپتێمبەری 1864 وەكو رێكخراوەیەكى نێو دەولەتى هاتۆتە ناو پرۆژەی سیاسى بەرەو سەركردایەتی كردن و ئاراستە كردنی جەماوەر بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و كۆنترۆل كردنی سیستەمی ئابووری دەوڵەت و پڵانێرە كردنی لە بەرژەوەندی خەلـَـــكدا .
ئینتەرناسیوِناڵی یەكەم لە كۆنگرەی پێنجی ساڵی 1872 لە ئەنجامی راو بۆچونی جیاواز نەیتوانی بەردەوام بێت , لە كونگرەی ناوبراودا بە شێوەیەكی گشتی دوو ئاراستەی جیاواز هەبوو كە ماركسیەكان و باكـۆنیەكان بوون , وە كێشەكەش بیرو باوەری جیاواز بوو بۆ خەباتی چینی كریكاران دژی سیستەمی سەرمایەداری , بێ گوێ دانە لایەنە جیاوازەكانی بیرو فەلسەفەی سۆشیال دیموكراتەكان بە پەیرەوو پرۆگرامێكی تازەوە توانیویەتی جەماوەر هۆشیاربكاتەوە لە روانگەی فەلسەفەو زانستەوە چارەسەری كێشەكان بكات نەك بەكارهێنانی وەتەری شتە هەستیارەكانی وەك ناسیۆنالیزم یان دۆگمای ئاینی , وە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە بنیات نانی كۆمەڵگایەكی ئازادو یەكسان ...
دەركەوتنی پارت و رێكخراوی سیاسی لە مێژودا كۆن نیە ئەگەر لە روانگەی فەلسەفەی سیاسیەوە تەماشا بكرێت وە زۆربەی لێكۆلینەوەكان ئەو سەرەتایە دەگەرێننەوە بۆ سەرەتاو ناوەراستەكانی سەدەی نۆزدەهەم , ئەگەر رێكخراوی سیاسی ئاوا پێناسە بكرێت كە (بریتیە لە كۆمەڵێك خەڵك كە لە چوار چێوەی ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراودا هەوڵ دەدەن بۆ ئامانجێكی دیاریكراو بۆ گەشتن بە دەسەڵات یان هاوبەشی و كاریگەری لەسەر نەخشەی دەسەڵاتی سیاسی بە پشت بەستن بە زۆرایەتی خەڵك) , موریس دۆفرجیە (Maurice Duverger) ئێپۆكی سەرهەڵدانی پارتەسیاسیەكان دەگەرێنێتەوە بۆ ناوەراستەكانی سەدەی نۆزدە , هەڵبەت گەڵاڵە بوونی فۆرمە سەرەتاییەكانی دەسەڵاتی پەرلەمانی و گەشەسەندنی مێدیا و تەكنەلۆژیای تازە زەمینەیەكی لەباری خوڵقاند بۆ رەخنەی سیاسی ئەویش بە دوری خۆی بۆ رێكخراوی سیاسی , هەرچەند لەگەڵ پەیدا بونی مڵـكیەتی تایبەتی و هەڵكشانی رۆڵی ژیانی ماددی كۆمەڵ كەشمەكەشی لایەن و گروپ و تیرەو خێڵیش زیادی كردوە . زۆر جار ئەو كەشمەكەشە لە شێوەو شێوازدا زۆر لە رێكخراوەی سیاسی ئەو سەردەمەی ئێمەوە نزیك بوە لەگەڵ ئەوەشدا كە مێژوویەكی دیرینی هەیە , تەنانەت پەیدابوونی ئاینەكان هەر هەمان شت دەگرێتەوە واتە سەركردایەتی كردنی جەماوەر بە پەیرەوو پرۆگرامێكی تازە بەرەو ژیانێكی یەكسان و چاكسازی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوەشدا كە لە فۆرم و ناوەرۆكدا یوتۆپیاو ئایدیالیستیە بەڵام بۆ سەردەمی خۆی تازەگەری زۆری لەگەڵ خۆیدا كێش كردوەو توانیویەتی رەوتی گۆرانەكان تاو بدات بەرەو قۆناخێكی باڵاتر...
پەیدا بوونى پارتە سیاسیەكان و گرنگى و پەیوەندى بەو باسەوە لەوەدایە كە لە ناوەراستەكانى چەرخى نۆزدەهەم دا و لە كاتێكدا كە بۆچونى سۆسیالدیموكراتەكان دەربارەى چۆنێتى مامەڵە كردن لە گەڵ سیستەمى كەپیتالیستیدا لە دەست نیشان كردنى چین و توێژى كۆمەڵ و قوڵبوونەوە لە شێوەو شێوازى بەرهەم هینان و هەروەهاش دەست نیشان كردنى ئەو توێژانەى كە دەتوانرێت بكرێ بە هاوپیمان لە خەباتیاندا , هەڵبژاردنى تاكتیك و ستراتێژیاى گونجاو بۆ خەباتی چینەكان لە هەمبەر سیستەمی تازەدا . كاریگەری بیروباوەری سوشیالیستی بەسەر دەوڵەتانی ناسەرمایەداریەوە رەنگدانەوەی جیاوازی هەبوو بەڵام بە شێوەیەكی گشتی پۆزەتیڤ بوو ئەوەش لە وریا بوونەوەی بۆرژوای نیشتمانی و شۆرشی ئازادیخوازی نەتەوەیی و پیگەشتنی توێژێكی تازە لە رەوشەنبیرو خەڵكی پاتریۆتیك كە دواتر و لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا كاریگەری مەزنی هەبوو لەگەڵ ئەوەشدا كە زەمینەیەكی ناهەمواری خوڵقاند بۆ لەدایك بوونی ناسیۆنالیزمی چەپرەو......
هەر لەو سەردەمەشدا واتە ناوەراستەكانى چەرخی نۆزدەهەم وردە وردە تێگەشتنى پارتى سیاسی وەكو چواچێوەیەكى فیكرى ئایدیۆلۆژى پەیدا بوو.... لە ساڵی 1948 ماركس و ئینگلس مانیفێستى پارتى كۆمۆنیستییان بڵاو كردەوە بەو شێوەیە پارت و رێكخراوی جیا جیا دروست بوون لە ژێر ناوى جیاجیا و بە قەوارەى ئایدیۆلۆژى جۆراو جۆر وەكو پارتى سۆسیالیستى شۆرشگێر و پارتى سۆسیالیستى كۆمۆنیستی و گەلێكى تر تا وەكو لنین لە ژێر رۆشنایی بۆچونەكانى كارڵ ماركس وفریدریك ئینگلس كە كتێبى (چ بكرێت) هێڵكێشى پارتێكى سیاسی ماركسی بڵاو كردەوە و خەخت لە میكانیزمى گواستنەوەى كۆمەكگا دەكات بەرەو قۆناخى سۆسیالیستى لە رێگەى دەسەڵات گرتنە دەست و دامەزراندنى دیكتاتۆرى پرۆلیتاریاوە وە وەكو ئامانجێكى سیاسی كاتى دەولەتى سوسیالیستى.
هەر لەوێشدا لنین جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە ناوەندێتى دیموكراتى دەبێت بكرێت بە بنچینە بۆ هەیكەل و ئۆرگانەكانى حزب . تا وەكو ئەو پارتە دەسەڵاتى گرتە دەستە لە ساڵى 1918 كۆتایی بە رژێمى قەیسەرى روسی هێناو بەرێوەبردنى سیستەمى یەك حزبى بەرقەرار بوو و دواتر لە دوای جەنگى جیهانى دوەم دا پارتی كۆمۆنیستى لە وڵاتانى ترى ئاوروپادا دەسەڵاتیان گرتە دەست بە یارمەتى یەكیەتى سۆڤێت و هەمان شـــــێوە سیستەمى یەك حزبیان پیادە كرد .
ئەو بیرو بۆچونەى لنین و سۆسیال دیموكراتەكان تازە نەبوو بەڵكو لە كۆتاییەكانى سەدەى نۆزدەهەم دا لە ناو رێزى بزووتنەوەى سۆسیال دیموكراتەكاندا بو چوونى فەلسەفى و فیكرى بۆ شێوازى مامـــەڵە كردن لە گەڵ سیستەمى نوێى كەپیتالیستى دا جۆراو جۆر بوو , باڵی یەكەمیان لایەنى دیـــكتاتۆرى پرۆلێتاریا و گرتنە دەستى دەسەلات كۆنترۆڵ كردنى كەل و پەلى بەرهەم هێنان و پڵانێرە كردنى سیستەمى ئابوورى سۆسیالیستى بوو بۆ ئەوەش پێیان وابوو شــۆرشی سۆشیالیستی بە سەركردایەتی چینی كرێكاران و هاوپەیمانێتی جوتیار و زەحمەتكێش و رەوشەنبیرە شۆرشگێرەكان دەتوانێت ئەو ئەركـــە مێژووییە بگرێتە ئەستۆ.
باڵیی دووهەمیان پێیان وابوو كە دەبێت شان بە شانى سیستەمى سەرمایەدارى خەبات بكرێت و هەوڵ بدرێت لە رێگەى پەرلەمانى دیموكراتى و فشاری خەڵكى زەحمەتكێش و چینەكانى كۆمەڵەوەو پاوانە نەكردنى گۆرەپانى سیاسی لە لایەن تاكە پارتێكەوە دەسەڵاتى چینە سەرمایە دارەكان كەم بكرێتەوەو مافى كرێكاران لە:-
كەم كردنەوەى نۆرمى سەعاتى كار, زیاد كرنى هەقدەست و (نرخی كار) و بەرز كردنەوەی باری گوزەرانیان بكرێتە ئامانجى سیاسی بە جیاوازی لە گەڵ شۆرشی سۆشیالیستی دا ئەوان دەیانویست لە رێگەی رێفۆرمەوە بتوانن ئەو گۆرانكاریە سیاسی و ئابووری كۆمەڵایەتیانە وەكو دەستكەوتی جەماوەری دەستەبەر بكەن , كە ئەوانەش ئەوانەن كە ئەورۆ پێیان دەوترێت سۆسیال دیموكراتەكان..
لەو سەردەمەداو لە كاتى قوڵ بونەوەى كیشەى فیكرى سۆسیال دیموكراتەكاند لە زۆر وڵاتگەلى ئەوروپادا پارت و رێكخراوى سیاسی ئەو بۆچونەیان كرد بە بنچینەى ئایدیۆلۆژى بۆ خەباتیان بەرەو دامەزراندنى كۆمەڵگایەكى یەكسان كە تێیدا مافى مرۆڤ و مافى تاك لە چوارچێوەى دەستورو یاسادا پارێزراوبیت و زۆرى جەماوەر بتوانێت چالاكانە هاوبەشی بكات لە بەرێوەبردنى ئۆرگانەكانى دەوڵەت و سیستەمی بەرێوەبردنی كۆمەڵدا لە رێگەى نوێنەرەكانیەوە كە لە لایەن توێژو چینەكانى كۆمەلەَوە بە شێوەیەكى دیموكراتى هەڵدەبژێردرێن , هەروەهاش سۆسیال دیموكراتەكان لایەنى بازاری ئازادو بوژانەوەى كەرتى تایبەتن , بە بۆچونى ئەوان ئەو ئەزمونەى كە كۆمەڵگاى بۆرژوازى لە رێرەوى گەشەكردنى دا بەرەو كۆمەڵگاى سەرمایەدارى دا دەتواندرێت كەڵكى لێ وەربگیرێت و یەكێك لەو توێژانەى كە دەتوانێت كاریگەری هەبێت لە دروست كردنى كومەڵگای مەدەنى چینە ناوەراستەكانن , ئەو چینە واتە چینی ناوەراست گرنگی و كاریگەری لە بنیاتنانی كۆمەڵگادا دیارو هەست پێ كراوە وە ئەو چینە زەمینەی خۆی لە كەرتی تایبەتدا دەدۆزێتەوە بۆیە كەرتی تایبەت بە لای سۆشیالدیموكراتەكانەوە پانتاییەكی فراوان دروست دەكات بۆ سەقامگیری كۆمەڵایەتی و هەڵكشانی رەوتی دیموكراسی و مافە گشتیەكانی تاك و كۆلێكتیڤی كۆمەڵ بە مەرجێ دەسەڵات بەرهەڵست نەبێت لە رەخساندنی كەرەسەی پێویست.
باڵی یەكەم ئەوانی بە رێڤیزیۆنیست و ئۆپۆرتۆنیست و ئوتەپیست ... لە قەڵەم دەداو باڵی دووهەم ئەوانی بەوە لە قەڵەم دەدا كە بەرەو هەڵدێرو سیستەمی دیكتاتۆری دەرۆن و لە ئەنجامدا نەبوونی ئەو میكانیزمەی كە دەبێتە هۆی تاودانی ژێرخان و سەر خانی ئابووری سیاسی و كۆمەل توشی قەیرانی ئایدیئوڵۆژی و چەپرەوییان دەكات .... سۆسیال دیموكراتە مۆدێرنەكان جەخت لەسەر دادوەرى كۆمەڵایەتى و خۆماڵى كردنى ئەو كۆمپانیایانەى كە كە دەخرێنە خانەى ستراتیژى ئابوورى و ئاسایشى دەوڵەت و چالاكانە خۆ تێهەڵقوتاندنى دەوڵەت لە پلانێرە كردنى ئابورى و نزیك كردنەوە بەرژەوەندى هاوبەش كە نێوان كارگەرو خاوەن كارداو دیموكراتیزە كردنى كۆمەڵگاو ئایدیۆلۆژیاى پلورالیزم , ئازادى تاك و كەلێكتیڤ خەباتى بێ ووچان لە پێناوى بەرجەستە كردنى مافى مرۆڤو هاووڵاتى دا و لە كۆتایشدا داكۆكى كردن لە چینە چەوساوەكان نەك هەر چینى كرێكار بەڵكو جوتیارو ئاژەڵدار و رۆشنبیرو پیشەوەرو بازرگانەكانیش لە ئاستى چینە ناوەراستەكاندا
بەو شێوەیە لە زۆر لە ولاتانى ئەوروپادا وەكو كاردانەوەیەك دژ بە لایەنگرانى ئایدیۆلۆژیاى تاك حزبى و دیكتاتۆرى پرۆلیتاریا پارتى سۆسیال دیموكراتى و لیبرالى و كونسێرڤاتیڤ دروست بوون كە پشت ئەستور بوون بەوەى كە لە رێگەى پەرلەمانى دیموكراتیوە بتوانن بگەنە دەسەڵاتى تەنفیزى و تەشریعى ....لە دواى جەنگى جیهانى دوهەمەوە ئەو پارتانە لە زۆر وڵاتدا مەبەست لەو وڵاتانەى كە دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو رێگایان دا كە پارت و رێكخراوى تر هاوبەشی لە سیستەمى بەرێوە بردنى دەوڵەت دا بكەن واتە پیادە كردنى سیستەمى فرە حزبی كە ئەوەش بە دەورى خۆی سەركەوتنێكى گەورە بوو بۆ سۆسیال دیموكراتەكان لە رووى سیاسی و ئابورى و رۆشنبیریەوە