مەسعود بەرزانی خەڵاتى ئەو بەرپرسەى پۆلیسى كرد كە هێزەكەى تەقەى لە خەڵكى هەڵەبجە كرد
Tuesday, 27/09/2011, 12:00
ئەو بەرپرسەى پۆلیس كە هێزەكەى تەقەى لە خۆپیشاندەرانى هەڵەبجە كرد لەلایەن مەسعود بەرزانیەوە خەڵاتكرا
ئەوە یەكەمین جار نییە هێزەكانى سەربە دەسەڵات لەكاتى خۆپیشاندانەكان و چاكیەكانى گەنجان و خەڵكى هەڵەبجە بەر تەقە دەدرێن و دەكوزرێن و بریندار دەكرێن و زیندانى دەكرێن لەساڵى 2006لە ئەنجامى تەقینەوەیەكى جەماوەرى خەڵكى ئەوشارە هێزەكانى یەكێتى بەزەبرى هێزو چەك ڕوبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەوە ئەم ڕووبەڕووبونەوەیەش بوویە هۆى ئەوەى كە یەكێتى نیشتمانى كوردستان سەركۆنە بكرێت تا ئەو ڕادەیەى ڕۆشنبیری گەورەى كورد بەختیار على بە هەرەسی ئەخلاخى ناوببات ولە ووتەیەكدا دەلێت (تەقەكردن لە خەڵكى هەڵەبجە , لەیادى هەڵەبجەدا,وەك سیمبولێكى هەرەسى ئەخلاقى نەوە لەدواى نەوە لەیادەوەریماندا دەمێنێتەوە)شارى هەڵەبجەى شەهیدیش وەك زۆربەى شارو شارۆچكەكانیترى كوردستان خۆپیشاندانى ئەنجام و داو داوای چاكسازى ڕیشەیی دەكرد لە سیستمى ئیدارى و سیاسی لە كوردستان.
مەسعود بەرزانى تەنها بەرپرسە ئەمنیەكانى هەڵەبجەی بینى
لەبەرامبەر ئەو ڕۆڵەى كە بەرپرسانى ئەمنى هەڵەبجە گێڕایان كە تەواو پێچەوانەى ڕۆڵى بەرپرسە ئەمنیەكانی شارەكانیتربوون ئەویش لە بەكوشتدانى دوو پۆلیسى سەر بە هێزەكانى ناوخۆ خۆى دەبینێتەوە مەسعود بەرزانى پێشوازى كرد لە بەرپرسە ئەمنیەكانى هەڵەبجە و دەستخۆشى لێكردن لەبەرامبەر ئەو ڕۆڵەى كە گێڕاویانە بە پێى نوسراوى ژمارە 82 لەبەروارى 3ى7ى2011 پلە بەڕێوبەرى پۆلیسى هەڵەبجەى ئەنورە عومەر على بەرزكردووەتەوە لە عەقیدەوە بۆ عەمید بە پێى لیدوانى بەڕێوبەرى پۆلیسى هەڵەبجە لەبەر ئەوە خەڵاتكراوم چونكە توندوتیژیمان لەبەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام نەداوە و ڕووى چەكمان نەكردەوەتە خۆپیشاندەرو كەس بریندار نەبووە,هەروەها پلەى شەش بەرپرسیترى ئەمنى بەرزكراوەتەوەئەم خەڵاتكردنەى بەڕێوبەرى پۆلیسى هەڵەبجە و شەش بەرپرسیترى ئەمنى لەلایەن مەسعود بەرزانەوە ناڕەزایەتیەكى زۆرى خەڵكى هەڵەبجەى بەدواى خۆیدا هێنا.
-وردەكارى رووداوەكانى 23ى2 و 22ى3-2011
لە ڕۆژى 22ى2 خەڵكى هەڵەبجەى شەهید بۆ پشتیوانیكردنى خۆپیشاندانى17ى و شوبات وئیدانەكردنى تەقەكردن و كوشتنى خەڵكى ئەو شارە لەلایەن لقى4 پارتى دیموكراتى كوردستان ڕژانە سەر شەقامەكان لەیەكەم ڕۆژى خۆپیشاندانەكەدا خۆپیشاندەران خۆیان پێ ڕانەگیراو بەرەو لقى 12ى پارتى لە هەڵەبجە ڕۆشتن هێزە ئەمنیەكانى هەڵەبجەش لەدوورى تەنها 50 مەتر لە لقى 12 ى پارتیەوە بەربەستیكیان لە پۆلیسەكانى دروست كرد ئەمە لەكاتێكدا شوێنى دەستپێكردنى خۆپیشاندانەكە تا لقى پارتى چەند هەزار مەتریك دەبوو بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ك بۆچى تەنها لە دوورى ئەو ماوە كەمە ئەو بەربەرستە دانراوە سەرەنجام
هەڵەبجە بە قۆنتەرات وەرگیرابوو كە خۆیشاندانى تێدا نەكرێت
كادرێكى باڵاى یەكێتى لە سنورى هەڵەبجەى شەهید كە نەیوست ناوى بهێنرێت سەبارەت بە ڕێگریەكانى یەكێتى لە خۆپیشاندانى هەڵەبجە ووتى بەرپرسەباڵاكانى یەكێتى بە بەرپرسەكانى سنورى هەڵەبجەى ڕاگەیاندنووە كەنابێت دەنگى ناڕەزایی لە هەڵەبجە بەرزبێتەوە و خۆپیشاندانى تێدا بكرێت ئەمەش لەبەر ئەوەى نەوەكو خۆپیشاندانەكان كوشتنى خەڵكى هەڵەبجەى لێبكەوێتەوە وەك ئەوەى لە 16ى3ى2006 سوتاندنى مۆنۆمێنتى هەڵەبجە ڕویدا چونكە كوژرانى خەڵكى هەڵەبجە دەنگدانەوەى گەورەى لێدەكەوێتەوە,ناشتوانێت ئەم جارە پینەى بكەین هەروەها پۆلیسێكى سەر بە هێزەكانى دەسەڵات شەهید بووە كوژرانى ئەو پۆلیسەش وەكو كارتێَكى لەبەرامبەر گەنجى كوژراوەكانى سلێمانى بەكار دەهێنین,ئەو كادرەى یەكێتى ئەوەش ئاشكرا كرد كە هەوڵدان بۆ ڕێگرى كردنى خۆپیشاندان لە هەڵەبجە بەشێوەك لەكارى قۆنتەرات دەچوو چونەكە وەك ئەوەى بە قۆنتەراتیان گرتبێت .
پلە بەرزكردنەوەى پۆلیس و سەرباز بۆ بەهێزكردن و فراوانكردنى پێگەى دەسەتى عەسكەرتاری خۆیانە
مامۆستا ئەرسەلان ئیناخ نوسەرو وەرگێڕ كە یەكێكە كەسە دیارەكانى نێو چالاكیە مەدەنیەكانى هەڵەبجە پێى وایە خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكانى هەڵەبجە لەلایەن مەسعود بەرزانیەوە و پێدانى پلەو بەرزكردنەوەیان هەمان سیناریۆى سەردەمى بەعسمان وەبیر دەهێنێتەوە كە سەدام حسین لەدواى هەركارێكى دڕندەیی و سەركوتكارى فەرماندە سەربازیەكان پلەكەى بەرز دەكردنەوە,ئەگەر مەسعود بەرزانى خەلاتى ئەم بەرپرسانەى كردووە لەسەر ئەوەى سەروماڵى خەڵكیان پاراستەوە ئەوا دەبو بهاتبایە لە كوچەو كۆڵانەكانەوە خەبەرى كارو كردەوەى ئەمانى بزانیایە بۆ ئەوەى گوێبستى خەڵك بێت كە ئەم بەرپرسانە چیان كردووە و چۆن سەیر دەكرێن لەلایەن خەڵكەوە,ئیناخ ئەوەشى ووت كە پلە بەرزكردنەوەى پۆلیس و سەرباز بۆ بەهێزكردن و فراوانكردنى پێگەى دەسەتى عەسكەرتاری خۆیانە هەر بەهێزكردنێك و فراوانكردنى سەرباز لەسەر حسابى بەرتەسك كردنەوەى پێگەو پانتایی كارو چالاكى مەدەنیانەیە ئەمەش ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ ئەو ئیدعایەى كە سەركردەكان دەیكەن كە گوایە هەوڵ بۆ بنیاتنانى كۆمەڵگاى مەدەنى دەدەن,چۆن كۆكەڵگاى مەدەنى دروست دەبێت كاتێك خەڵاتى هێزێك و بەرپرسەكانى هێزێك بكرێت كە بە بێ فرمانى داوەوەر و بەشەو بتفڕێنن و بەدەم و چاوى هەڵەبستراوە لەماڵ دەرتبهێنن ئایە ئەم هێزانەو بەرپرسەكانیان شایەنى دادگایكردن و لێپرسینەوەن یان خەڵاتكردن و پلە بەرزكردنەوە.
خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكان... لە ڕووى ئەخلاقیەوە گەورەترین سوكایەتیە بە خەڵكى هەڵەبجە و خۆپیشاندەران
پشكۆ حەمە فەرەج یەكێك لە چالاكەوانەكانى خۆپیشاندانەكانى شارى هەڵەبجە كە یەكێكییشە لەوانەى كە بە بێ فرمانى دادوەر دەستگیركراوە پێى وایە بەرپرسە ئەمنیەكانى هەڵەبجە دەبوایە دادگایبكرانایە نەك خەڵات بكرێن,ئەو خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكان ئەگەرچى لەڕووى یاساییەوە لەجێگەى خۆیدا نییە و نایاساییە چونكە ئەگەر كەسێك دەرچووى كۆلێژ نەبێت بەهیچ شێوەیەك ناگاتە پلەى عەمید بەهەمان شێوەش لە ڕووى ئەخلاقیەوە گەورەترین سوكایەتیە بە خەڵكى هەڵەبجە و خۆپیشاندەران چونكە ناكرێت خۆپیشاندەران سەركوتبكرێن و سەركوتكەرانى خۆپیشاندان خەڵات بكرێن هێزەكانى پۆلیس تەقەیان لە خەڵكى هەڵەبجە كردووە خەڵكیان بە بێفرمانى دادوەر گرتووە ,لە ڕۆژى خۆپیشاندانكاندا بەڕێوبەرى پۆلیسى هەڵەبجە هێزێكى زۆرى هێنا بۆ ئەوەى لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بیاندابەگژیەكدا خۆ ئەگەر مامۆستایانى ئاینى و ڕۆشنبیران و ئێمەى چالاكەوانانى خۆپیشانانەكان ڕێگەمان لێنەگرتبایە ئەوا كارەساتێكى گەورە لە هەڵەبجەدا دەقەوما و هەمووشى لە ئەستۆى ئەو بەڕێوبەرە دەبوو كە ئێستا خەڵات كراوە سەرەڕاى ئەوەى ئێمە نەمانهێشت ئەو هێزەى كەخۆى سەرپەرشتى دەكردن تاوانى گەورە ئەنجام بدات كەچى ئەو چووە دادگاى لە ئێمە گرتووە داواى دادگایكردنمان دەكات.ئەم خەڵاتكردنەى بەرپرسە ئەمنیەكنى هەڵەبجە هەمان ڕەفتارى سەدام و بەعسمان وەبیر دەهێنێتەوە
كلتورى خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكان لە بەعس كۆنترە, ئەوە كلتورى پارتى خۆیەتى
پێشمەرگەى دێرین مامۆستا محمد حەمە ڕەزا پێى وایە ئەو جۆرە خەڵاتكردنە تایبەت نییە تەنها بەهەڵەبجە شێوازێكە لە شێوازەكانى ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لەهەرشوێنێك بەرپرسى ئەمنى سەركوتى خەڵكى خۆپیشاندەرانی كردبێت لەلایەن یەكێتى و پارتیەوە خەڵاتكراوە, ئەم خەڵاتكردنە و دەست لەپشتدانە لەبەر ئەوەیە چونكە ئەم دەسەڵاتەى كوردى تەنها ئەم جۆرە كەسانى بەدەستەو ماوە و پشتیان بەو جۆرە كەسانە بەستوە ئەگەر خەڵاتى ئەم كەسانە نەكات هانیان نەدەن ئەوا سبەى هیچ بەرپرسێك و چەكدارێك خەڵكى بۆ ناكوژێت سەركوتى خۆپیشانداندەرانى بۆ ناكات و ڕووبەرى خەڵك نابێتەوە.
سەبارەت بەم كلتورە كە بەرپرسانى كورد لەپاش خۆپیشاندانەكان خەڵاتى بەرپرسە ئەمنیەكان دەكەن تا چەندە هاوشێوەى خەڵاتكردنى ئەوفەرماندە سوپاى موستەشارانەیە كەلە عەمەلیەى ئەنفالدا بەشداریانكرد ئەو پێشمەرگە دێرینە ووتى:كلتورى خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكان لە بەعس كۆنترە, ئەوە كلتورى پارتى خۆیەتى لەسەرەتای شۆڕشى ئەیلوولەوە ئەو خەڵاتكردن و دەست خۆشی لێكردنە هەیە ئێمەى هەڵەبجەیی باش ئەو زەمانەمان لەبیرە كە كەسانى وەكو عبدولوەهاب ئەتروشى و فەیاز كە یەكێك بوو لەجەلادەكانى سەردەمى شۆڕشى ئەیلوول كە خەڵكیان دەچەوساندەوە بەڵام لەبرى لێپرسینەوە خەڵات دەكران,من پێم وایە بەعس لەمانەوە فێرى كلتورى ئەم جۆرە خەڵاتكردنە بووە.
-كەمپینى تۆم بە بەرپرس قبوڵ نییە,تۆم بە قائیمقام قبوڵ نییە
كەمپینى تۆم بە پەرپرس قبوڵ نییە لەلایەن كۆمەڵێك گەنجى هەڵەبجەوە لەسەروەخى خۆپیشاندانەكاندا ڕاگەیەنرا كە تیایدا داواى دادگایكردن و دەستلەكاركێشانەوەى قائیمقام و بەڕێوبەرى پۆلیسى هەڵەبجەیانكردبوو تەنها لەماوەى یەك هەفتەدا زیاتر لە 2500 ئیمزا كۆكرایەوە لەو كەمپینەدا چەند تۆمەتیك دراوەتە پاڵ هەریەكە لە قائیمقامى هەڵەبجەو بەڕێوبەرى پۆلیس هەڵەبجە لەسەر ئەوەى كە كردویانە بدرێنە دادگا و داوا لەداواكارى گشتى دەكەن لیكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات,
ڕۆژنامەنووس كەیوان تاهیر ئەندامى گرووپى 88 و یەكێك لە سەرپەرشتیارانى كەمپینەكە سەبارەت بەخەڵاتكردنى بەڕێوبەرى پۆلیسى هەڵەبجە لەلایەن مەسعود بەرزانیەوە ووتى"ئێمە لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە كە كاتى خۆپیشاندانەكاندا بڕیارمان لەسەر داوە سورین لەسەر بەدادگایگەیاندنى ئەو دوو بەرپرسە هەموو مەلەفى پێشلكاریەكانى ئەم دوو بەرپرسەمان داوە بە ڕێكخراوى هیومان ڕایتس ۆچ كە لەگەڵیدا كۆبوویەنەوە و ئێمە هیچ پەلەیەكمان نییە چاوەڕوانى ئەوەیش ڕۆڵى داكارى گشتى چالاك بكرێت و بگاتە ئاستێكى بەرز چونكە تەنها ئەم دوو بەرپرسە تاونبار نین بەڵكو كۆمەڵێك بەرپرسیتر تێوەگلاون لە پێشەلكارى كە ئێمە پێشەلكاریەكانمان داوە بە برادەرانى ئەووروپاو لە دەرەوە كارى لەسەر دەكەن, پێشم وایە دەبوو مسعود بەرزانى دادگایبكردبانەیە لەسەر ئەو تاوانانەى كە كردویانە بەرامبەر خەڵكى هەڵەبجە ,من دەپرسم ئایا مەسعود بەرزانى هاوارى خەڵكى هەلچەبجەى نەبیست لەكاتى خۆپیشاندانەكاندا كە داواى دادگایكردنى ئەم بەرپرسانەى دەكرد ئەو تۆمەتانەش ڕووبەڕوى قائیمقام و بەڕێوبەرى پۆلیس كراونەتەوە بریتین لە
1- تۆمەت دروستكردن بۆ خۆپیشاندەران و شكاندنى سومعەى خەڵكى هەڵەبجەى شەهید لە ڕاگەیاندنەكاندا.
2-گرتن و زیندانى كردنى گەنجان و منداڵى خوار تەمەن 14 ساڵ
4-ناردنى هێزێكى دەمامكدار بۆ سەر ماڵى ئەندامانى دەستەى ڕێكخەرانى خۆپیشاندانەكانى هەڵەبجە
5-ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندان و كۆبوونەوەى جەماوەرى خەڵكى ئەو شارەو مۆڵەت نەدان بە خۆپیشاندان.
6-بڵاوە پێكردنى هێزێكى چەكدارو كوتەك بەدەست بۆ ئازاردانى خەڵكى هەڵەبجە
7- تەقكردن لەگەنجان و منداڵانى خۆپیشاندەرانى هەڵەبجەى شەهید
8-بەهۆى فرمان بە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران 2كوژراو دەیان بریندارى لێكەوتەوە.
-نۆتەشجاعەى سەدام بۆ ئەنفالچیەكان و خەڵاتى مەسعود بۆ بەرپرسە ئەمنیەكانى هەڵەبجە
بە پێى ڕاپۆرتى ڕێكخراوەكانى مافى مرۆڤ لە خۆپیشاندانەكانى 17ى شوبات پێشەلكارى گەورەى مافى مرۆڤ ڕویداوە هەتا ئەو ڕادەیەى ڕێكخراوى هیومان ڕایتس ۆچ دەسەڵاتى كوردى بە ڕژێمى بەعس شوباهاندووە ئەم شوبهاندەش لەلایەن دەسەڵاتدارانى كوردەوە بەتوندى ڕەتكرایەوە بەڵام بەم خەڵاتبەخشینەى سەركردەكان هەمان كارو كردەوە سەدامیان دوبارەكردەوە خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكان لەلایەن مەسعود بەرزانیەوە ,چونەك لەدواى پرۆسەى ئەنفالەوە سەدام حسین مەدالیاو ڕوتبەى عەسكەرى بەخشییە زۆربەى ئەو بەرپرسە ئەمنى و عەسكەریانەى كە لە پرۆسەى ئەنفال و وێرانكردنى گوندەكان و كپكردنەوەى خەڵكى كوردستان بەشداریانكردبوو.
خەڵاتكردنى هەر بەرپرسێكى ئەمنى لەلایەن دەسەڵاتەوە دەبێتە بەڵگەیەكى یاسایی لەسەرى كەتوندوتیژى ئەنجامداوە
پارێزەرێك پێى وایە خەڵاتكردنى هەر بەرپرسێكى ئەمنى لەسەر خۆپیشاندانەكان بۆخۆى دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەو بەرپرسە كە دەستى باڵاى هەبوووە لەسەركوتكردنى خۆپیشاندانەكان و ئەمەش بە سلبى دەشكێتەوە بەسەر ئەو بەرپرسە ئەمنیەدا چونكە سبەى وەك بەڵگەیەك لەسەرى حساب دەكرێت كە دەستى هەبووە لەسەركوتكردنى خۆپیشاندەراندا,ئەوەى ئەمڕۆ لە مسرى دوای سەركەوتنى شۆڕش كارى لەسەر دەكرێت و زۆر گرنگیى پێدەدرێت و سازشى لەسەر ناكرێت داوای دادگایكردنى حوسنى موبارەك و هەموو ئەو كەس و بەرپرسە ئەمنیانەیە كە دەستیان هەبووە لە سەركوتكردنى خۆپیشاندانەكاندا,بەجۆرێكیترپلە بەرزكردنەوەى ئەو بەرپرسە ئەمنیانەى هەڵەبجە مانایی ئەوەیە كە ئەوەى ئەوان كردوویان بە فرمانى سەروى خۆیان ئەنجامیان داوە و ئەوانیش بەشدارن لەو هەموو پێشەلكاریانەى مافى مرۆڤ كەلەهەڵەبجەدا كراون,ئەم خەڵاتكردنە سبەى وەك بەڵگەیەك لەسەریان دەمێنێتەوە دەتوانرێت وەك بەڵگەى سەركوتكردنى خەڵك لەدژیان بەكاربهێنرێت,بەبڕواى من خەڵاتكردنى بەرپرسە ئەمنیەكانى هەڵەبجە لەلایەن مەسعود بەرزانیەوە ماناى ئەوەیە لەگەڵ ئەو توندوتیژانەدایە كە دەرحەق بە خەڵكى هەڵەبجە كراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست