یه‌ک جۆر قوربانی و دوو ئاکامی جیاواز
Tuesday, 22/02/2011, 12:00
چیرۆکی ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر و ئیسماعیلی کوڕی و شه‌هید ڕێژوان و مام عه‌لی باوکی (سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێت) ژیان یه‌ک ده‌رفه‌ت به ئینسان ده‌دات تا ده‌ست له دڵی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و مه‌ردی بدات، ژیان یه‌کجار ڕێگاکانی شه‌هامه‌ت به ئینسان ئه‌به‌خشێت، یه‌کجار و به‌س، هه‌رگیز مێژوو چیرۆکێکمان بۆ باس ناکات که ئینسان دوجار گه‌یشتبێت به خزمه‌تی جوامێری و ئیراده و گه‌وره‌یی، له ژیاندا زۆر شت ته‌نها یه‌کجار وه‌ک خۆر ده‌که‌ونه ئاسمانی ئنیسانهوه، ئه‌و شه‌ربه‌تانه‌ی که به خواردنه‌وه‌یان مرۆڤ تا سه‌ر عه‌رشی خودا نزیک ده‌بێته‌وه و لێوان لێو ده‌بێت له جوانی، له خوانی هه‌موو ڕۆژێکی ته‌مه‌ندا ئاماده نیه. مرۆڤ هه‌موو ڕۆژێک ناتوانێت له باخی نه‌مری و ئه‌به‌دیه‌تدا له ده‌می گوڵه‌وه بۆن به کراسه‌که‌ی یوسفی پێغه‌مبه‌ره‌وه بکات. مرۆڤ هه‌موو ڕۆژێک شه‌ره‌فی ڕاستگۆیی پێنابڕێت. مرۆڤ له ته‌مه‌نیدا یه‌کجار مایکرۆفۆن دێته ده‌ستی بۆ قسه‌کردن، ته‌نها یه‌کجار ده‌توانێت له مایکرۆفۆنی ژیانه‌وه پێناسه‌ی وجودی خۆی بدات به گوێی دونیادا، ته‌نها جارێک ئه‌توانێت پێناسه‌ی خۆی له‌سه‌ر به‌ردی ژیان بۆ مێژوو بنووسێته‌وه.
مرۆڤ ته‌نها یه‌کجار ئه‌ژی و یه‌کجار ئه‌مرێت. هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی که مرۆڤ ئه‌به‌ستنه‌وه به مێژوو و به ئاینده و به ئێستاوه، یان به مانایه‌کی تر هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی مرۆڤ به ژیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، یه‌کجاره و دووباره نابێته‌وه، بۆ نمونه گه‌ر سه‌یری چیرۆکی ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر بکه‌ین، یه‌که‌م وێنه و یه‌که‌م بابه‌ت خۆشه‌ویستی خودا بۆ ئیسماعیلی قوربانی ده‌خوێنینه‌وه، ده‌بینین خودا یه‌کجار ئیبراهیم تاقی ده‌کاته‌وه، یه‌ک جار داوا ده‌کات ئیسماعیل سه‌ر ببڕێت و یه‌کجار داوا ده‌کات خوێنی ئیسماعیلی کوڕی بکات به قوربانی بۆی، تا قودره‌تی پێغه‌مبه‌رێک بۆ خۆی تاقی بکاته‌وه. ده‌بینین ئیبراهیم به چ هه‌ستێکی باوکانه‌وه دڵی کۆرپه‌که‌ی ڕاده‌گڕێت بۆ خودا و چ کامه‌رانه که خودا چه‌قۆکه‌ی ده‌ستی لێده‌ستێنێت و کۆرپه‌که‌ی ده‌داته‌وه. خودا هه‌موو ڕۆژێک و له هه‌موو پێغه‌مبه‌رێک داوای خوێنی ئهولادهکانیانی نه‌کردووه، خودا ده‌ستی ئیبراهیمی له‌سه‌ر ئیسماعیلی قوربانی هه‌ڵگرت و نه‌یهێشت ئیبراهیم چه‌قۆ سوربکات، خودا ته‌نها له ئیبراهیم داوای خوێنی مناڵه‌که‌ی کرد و ئیبراهیمیش یه‌کجار ویستی کوڕه‌که‌ی بکاته قوربانی، نه خودا و نه ئیبراهیم ئیتر ئه‌م نمایشه‌یان دووباره نه‌کرده‌وه. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له قورسایی مانا و حیکمه‌ت و له قوڵایی دا وه‌ک تێزی ئه‌م چیرۆکه وه‌هان، له مێژوودا یه‌کجار ڕویاندا، ته‌نها یه‌کجار.
له‌هه‌مانکاتدا و به‌ته‌ک چیرۆکی ئیبراهیمه‌وه چیرۆکێکی تر بوونی هه‌یه که نه‌وعێکی تر له مانا و له پێناسه ئه‌به‌خشێته مرۆڤ و شتێکی تر به شه‌رمه‌وه ئهچپێنێت به گوێی ژیاندا که بریتیه له چیرۆکی نه‌وعێکی تری مرۆڤ، یان باشتر بڵێین چیرۆکی ئه‌و به‌شه‌ی تره که له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی جهمالهتی ئیبراهیمدان و له فه‌زای گرگنی و خۆلێسانهوه و دهستبهخۆداکردن و داخوراوی و ده‌ست بۆخۆبردندا، ئه‌بنه چیرۆک و په‌ند بۆ ئایندهی خۆیان، که بریتیه له چیرۆکی جۆرێکی ڕه‌ش له داواکاری قوربانی کردن، قوربانی کردن بۆ ئهژدههاکێکی نێرینه، بۆنمونه ئه‌وانه‌ی له سروشتیاندا شه‌یتانن و له کرده‌وه‌دا ئه‌هریمه‌نن و له نهسڵیاندا خائین و له دراویاندا دوو ڕوویی و له ئیتیکیاندا نه‌خوێنده‌وار و له ڕۆژگاریاندا قێزه‌ون و له ههیکهلیاندا پیاوکوژ و له کهسابهتیاندا دز و له وتاریاندا جاهیل و له ئهدگاریاندا نه‌خۆش و له بونیهتیاندا بێ خه‌یاڵ و له ئهدرهسیاندا که‌لاوه‌ن، به به‌رگی خوداوه له سه‌ر کورسی شاهانه‌ی خودا، وه‌ک حاکم و فه‌رمان ڕه‌وا و فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌کدار له سه‌ر گه‌نجینه‌ی ژیانی خه‌ڵکی سڤیل دانیشتون و داوای خوێن و قوربانی ده‌که‌ن له ئیبراهیمهکانیان و له بینینی مێشکی پڕ خوێنی ئیسماعیلهکاندا، لیک به‌ده‌میاندا دێته خواره‌وه و بێ‌وچان داوای قوربانی ده‌که‌ن و ئیبراهیمهکانیشیان کافرانه خوێنی کۆرپه‌کانیان ده‌که‌نه قوربانی و له پێناوی مانه‌وه‌ی خوێنی خۆیان له له‌شی پیری خۆیاندا به‌رده‌وام ئیسماعیلهکانیان ده‌که‌نه قوربانی. ئه‌ژده‌هاکی ئه‌م جۆره چیرۆکه، له کوڕه خوێن ڕێژه‌که‌ی ئاده‌م پێغه‌مبه‌ره‌وه ده‌ست پێده‌کات تا کاره‌کته‌ری جادوگه‌ری پیرێژنی سه‌ر گسکه‌که و تا عومه‌ری کوڕی خه‌تاب و ناپلیۆن و تا مۆسۆلۆنی و ستالین و هیتله‌ر و که‌مال ئه‌تاتورک و سه‌دام حوسه‌ین و تا ئه‌و مرۆڤ کوژانه‌ی له ڕۆمانی شاری مۆسیقاره سپیه‌کاندا له ژێر سزای جه‌رگ بڕدا جه‌لاده‌ت ئه‌خه‌نه‌وه دۆخی بوونه‌وه به قه‌قنه‌س و تا ئه‌وانه‌ی له 17 ی شوباتدا ئینسانیان گولله باران کرد و تا نمونه‌کانی دواتریش.
بێگومان ئێستا ده‌توانین له جیاوازیه که‌ڵه‌گه‌ته‌کانی نێوان ئه‌و دوو ژیانه جودایه تێبگه‌ین، وه ببینین له بن ده‌ستی خودایه‌کی میهره‌بان و له بن سێبه‌ری بیکهیسیهکی دڵڕه‌قدا چی ده‌گوزه‌رێت. بێگومان مه‌ودای جیاوازی نێوان ئه‌م دوو چیرۆکه هێنده فراوان و هێنده گه‌وره‌یه، که زیاتر بۆ دوو بابه‌تی دژ به‌یه‌ک ده‌ست ده‌ده‌ن وه‌ک له به‌راورد کردنیان به یه‌کتر.
له یه‌ک جۆر و یه‌ک شکڵ و یه‌ک مه‌عده‌ن و یه‌ک میکانیزم بۆ قوربانی و دوو ئاکامی جودا.
بێگومان هه‌موومان ده‌توانین لێره‌وه جیاوازیه‌کانی نێوان ئیبراهیمی پێغه‌مبه‌ر و مام عه‌لی باوکی شه‌هید ڕێژوانی قوربانیکراو ببینین، که چۆن ئیبراهیم بۆ خودایه‌کی میهره‌بان مل کهچهو مام عه‌لیش بۆ سه‌رۆکی سه‌ر کورسیه‌که، و له په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنیدا به مۆبایله‌که‌ی خۆی ده‌ڵێت: خوێنی کۆرپهکهمت پێ حه‌ڵاڵ بێت، که‌ی خوێنی منیشت ویست ته‌له‌فۆنێکم بۆ بکه، تۆ نازانیت چه‌ند به مه‌رگی کۆرپه‌که‌م به‌ده‌ستی ڕه‌نگینی تۆ ئاسوده‌م، هیوادارم هه‌ر به‌یانی زوو کۆرپه‌یه‌کی ترم بخۆیت بۆئه‌وه‌ی سبه‌ی شه‌و به ته‌له‌فۆن سوپاست بکه‌مه‌وه.!
سه‌یرکه‌ن ژیان چۆن ده‌رفه‌ت به مرۆڤ ده‌دات بۆ فڕین و که‌چی زۆر جار مرۆڤ ناتوانێت وه‌ک ئیبراهیم به‌و ده‌رفه‌ته ببێته پێغه‌مبه‌ر.
چه‌ند گێلن ئه‌وانه‌ی له پێناوی سه‌رۆکی سه‌ر کورسیه‌کاندا و له پێناو درهه‌می دووڕوویی نێو دهغیلهکاندا، باڵه‌کانی خۆیان ده‌سوتێنن و منداڵه‌کانیان ئه‌که‌نه قۆچی قوربانی ئینتیمای سیاسی نێو ئه‌لبومه‌کانی پێش 1974. چه‌نده ساویلکه‌ییه له‌ده‌می چونه نێو به‌هه‌شتدا کوفری ڕه‌ش به ده‌متا بێته خواره‌وه، چه‌ند به‌د کرده‌وه‌یی یه، له پێناو ژیاندا تف له لاشه‌ی سارد و سڕی شه‌هیدێک بکه‌یت که ساڵانێکی دوور و درێژ، تا ده‌می شه‌هید بوون، به - بابه- بانگی کردوویت.!! چه‌نده بۆ من مایه‌ی سه‌رسوڕمانه که کاتێک ژیان به بێ منه‌ت شه‌ره‌فمه‌ندت ده‌کات و تۆش گڕ گڕ هه‌ستیت زه‌رفی نامه‌ی ژیان بخه‌یته ته‌نه‌که‌ی خۆڵی به‌رده‌رگای ماڵی مردنتهوه.!!
له‌کۆتایدا، به‌ڕاستی ژیان یه‌کجار ده‌ستی پێکردووه و یه‌کجار کۆتایی دێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست