بێ دەنگ بوون,شەرمەزارییە
Tuesday, 04/03/2014, 12:00
1616 بینراوە
ئەوەى ئەمڕۆ بەغدا وحکومەتى مالیکى دەرهەق بە هەرێمى کوردستان ئەنجامى ئەدەن,هەمان ئەو قڕکردن وکوشتن وبڕینەیە,کە ڕژێمەکانى پێش مالیکى ئەنجامیان داوە,ئەوەى جیاوازى بێت لەنێوان حکومەتى ئێستاى بەغدا و حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى پێش مالیکى,ئەوەیە کەپێشتر ئاگر و ئاسن وبومب وباردویان کردبووە ئامرازێک بۆ لەناوبردنى کورد,بەڵام ئەمڕۆ مالیکى بە هەمان عەقلییەتى دەسەڵاتدارە عێراقییەکانى پێش خۆى,نەناردنى مووچە و بڕێنى قووتى هاونیشتمانیانمان لەهەڕێمى کوردستان کردووەتە چەکێک بۆ برسى کردن و لەناوبردنى کوردستانیان.
ئەم ستراتیج و میتۆدەى ئەمڕوى مالکى,بەرهەمى ئەو قوتابخانە ناسیونالیستە عەرەبییەیە کە لەماوەى ڕابردووى ئەم دەوڵەتە لێکدراوەى بەناو عێراقە,چەندین مالیکى لێ بەرهەم هاتووە.عەقلێەت وتێروانینى دەسەڵاتدارانى عەرەبى ئەمڕۆ و دوێنى عێراق,لەبازنەیەکى تەسکى ناسیونالیستى عەرەبى چەقى بەستووە.
ئەو کاولکارى و ماڵوێرانییەى بەسەر هەرێمى کوردستان هات, لەئاکامى سیاسەت و ستراتیجى دەسەڵاتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق,ئەو وانەیەى لێوە فێربووین,هەرگیز عەقڵیەتى تاکى عەرەبى ئامادە نەبوونە و ئامادەنین,خواست ومافەکانى کورد بەرجەستە بکەن.
ئەگەر بڕیار بێت هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى ئەم دەوڵەتە بێت,ئەوە هەموو کات وساتێک دەبێت چاوەڕوانى ستەم وتوند وتیژى وناعەدالەتى بین لەلایەن بەغداوە.
ئەوەى جێگاى تێڕامانە و خاڵى لەسەر وەستانە,ئەوەیە هەمیشە ئەم دەوڵەتە لێکدراوەى بەناو عێراقە,سامانى سروشتى هەرێمى کوردستانى بەکار هێناوە بۆ قڕ کردن و لەناوبردنى کورد.نزیکەى ١٠٠ ساڵە نەوتى کەرکوک دەفرۆشرێت وهیچ کات خێرو بەرەکەى بۆ کوردستان نەبووە,لەکاتیدا ئەم نەوتە نەوتى کوردە ولەخاکى کوردستانە,بەڵام کورد سوودى لەم نەوتە نەدیووە.
ئێستاش عێراق داهاتى نەوتى شارێکى کوردستانى وەک کەرکوک بۆ شارە عەرەب نشینەکان دابین دەکات ولەبەرامبەردا,قوتى هاوڵاتییانى کوردستان دەبڕیت.ئەمە ئەوەیە کە دەڵێت ماڵى خۆم بۆ خۆم ماڵى تۆش ئەخۆم.
بێ دەنگ بوون لەم سیاسەتەى ئێستاى ئێراق جگە لەوەى دەێتە مایەى قەیران بۆ هەموو سیکتەرە جیاوازەکان لەهەرێمى کوردستان,لەهەمان کاتدا گەڕانەوەیە بۆ خاڵى سفر و گەڕانەوە بۆ باوەشى بەغدا.
بێ دەنگ بوون لەم دۆخەى ئێستا وهەڵوێست وەرنەگرتن لەبرامبەر سیاسەتەکانى بەغدا وفشارەکانى مالیکى جگە لەوەى کە شەرمەزارییە,لەهەمان کاتدا خیانتێکى نیشتمانییە.
چیتر نابێت بێ دەنگى هەڵبژێرین وخۆمان بدەینە دەستى قەدەرێکى نەخوازراو,کاتى ئەوە هاتووە ,وڵامى فشارەکانى بەغدا بەڕاگرتنى نەوتى کەرکوک بدەینەوە.