جارێکی تر دەستی ڕەشی تیرۆر
Saturday, 07/12/2013, 12:00
1210 بینراوە
شەوی ٥ شەمە ڕێکەوتی ٥-١٢-٢٠١٣ جارێکی تر دەستی ڕەشی تیرۆر و تۆقاندن گەشتە گیانی ڕۆژنامەنوسێکی بوێری تری کوردستان، (کاوە گەرمیانی) سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەڵ) و پەیامنێری ڕۆژنامە و ماڵپەڕی ئاوێنە لە کردەوەیەکی دژی هەموو بەها ئینسانیەکان لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە کەلار تیرۆر کرا تیرۆر کرا.
دەستی تیرۆر لە کوردستان بەردەوام درێژ تر دەبێت و هەر ڕۆژێک و کەسێک دەکەوێتە ناو داوی پیلانی تیرۆریستانەوە، ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و نەیارانی دەسەڵاتی سیاسی، بەردەوام پشکی گەورەیان لەم تیرۆرە بەرکەوتووە و هەمیشە قوربانی و سوتەمەنی نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بوون.
تیرۆر کردنی (کاوە گەرمیانی) نە یەکەم تیرۆرە و نە داوا تیرۆریش دەبێت لە سایەی ئەم دۆخە ترسناکەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، گەورەترین گرفت لە کوردستاندا لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کردەوە قیزەوەنانەدا بوونی دەستی دەزگا حیزبی و بە ناو ئەمنیەکانە لە ڕوانگەی خەڵکەوە، یەکێتی نیشتمانی بەرپرسی یەکەمە لەم تاوانە گەورەیەدا.
(کاوە گەرمیانی) لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنوسیکی خاوەن هەڵوێست و بوێر بووە لە گەرمیان، بەردەوام هەڕەشەی بەرپرسانی حیزبی و ئەمنی ناوچەکەی لەسەر بووە، لەمبارەوە دەیان دیکۆمێنت لەبەر دەستایە بەدەنگ و بە نوسراوی لە ڕێگای سکاڵاوە.
لە درێژەی ئەو لێشاوە لە تیرۆر و تۆقاندنە کە (٢٢) ساڵە لەکوردستان بەڕێوە دەچێت، بۆ یەک جاریش دەسەڵاتدارانی کوردستان بێجگە هەڵوێستێکی فریودەرانە ،هەرگیز نەیانویستووە وەک حکومەت و دەسەڵاتێکی بەرپرس لەگەڵ ئەم ڕەشەکوژیەدا هەڵسوکەوت بکەن، ئەم دەسەڵاتە نەک بەدوای تاوانباراندا نەگەڕاوە بەڵکو بەپێچەوانەوە قوربانیەکانی تاوانبار کردوە.
ئەزمونی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە دۆسیەی تیرۆردا ئەوەندە چاواشەکارانە و نائینسانی بووە، بۆ یەک جاریش ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیووە لەبەرژەوەندی ئازادی و خەڵک دۆسیەیەک یەکلا بکاتەوە، تاکو ئێستاش لە کوردستان دەیان دۆسیەی تیرۆر و کوشتن هەیە تەنها قوربانیەکان دیارن و تاوانباران کەس پێی نەووتوون پشتی چاوتان برۆیە، سەرجەم دۆسیەکان یان لە دادگا تۆزیان لێنیشتووە یان ئەوەتان لە بارەگاکانی (یەکێتی و پارتی) و خراونەتە خانەی لەبیرچوونەوە.
تیرۆر کردنی (کاوە گەرمیانی) و تیرۆرەکانی ڕابوردوو، ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەخاتە بەردەم ئەو تاقیکردنەوەی کە ئیتر ئومێد بە لیژنەی لێکۆڵینەوە نەبەستن، لیژنەی لێکۆڵینەوە هیچ نیە بێجگە یاری کردن بە کات و چارەنوسی خەڵك، بە پێی ئەزمونی تاڵی ڕابوردوو ئەم لیژنانە ئەوەندەی بۆ دیزە بەدەرخونە کردنی تاوانەکان بووە، ئەوەندەی بۆ بەرگری کردن بووە لە شاردنەوەی تاوانبارانی سەرەکی ئەم تیرۆرانە شتێکی تر نەبووە و هیچ ئەنجامێکی نەداوە بەدەستەوە، دەبێت خەڵکی کوردستان ئیتر مل بەم گاڵتەجاڕیە نەدات.
ئێمە لە کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک، سەرەڕای پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە سەرجەم خێزان و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستانی ڕۆژنامەنوس(کاوە گەرمیانی)، بەتوندی ئیدانەی ئەم کردەوە ناشیرینە دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە تەنها ڕێگاچارە بۆ کۆتایهێنان بەتیرۆر و پاراستنی ژیان و ئاسایشی ڕۆژنامەنوسان و سەرجەم هاوڵاتیان، لە گرەوەی هاتنە مەیدانی خەڵک و ناڕەزایەتی دەربڕینە لەدژی دەسەڵاتداران و دەزگا ئەمنیەکانیان، ئێمە بۆ بەڕێخستنی ئەو ناڕازایەتیە تەواوی هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ.
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک
٦-١٢-٢٠١٣
[email protected]