کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ 31ی ئابدا مه‌سعود بارزانی چه‌کداره‌کانی کرده‌ به‌رازیلی!

Tuesday, 31/08/2010, 12:00


(هارون محه‌مه‌د نووسه‌رێکی عه‌ره‌بی عیراقیه‌ هه‌تا بڵێی ڕقی له‌ بارزانی و تاڵه‌بانیه‌‌، له‌ ڕیی ئه‌وانیشه‌وه‌ له‌ وتاره‌کانیدا هێرشی ناڕه‌وا ده‌کاته‌ سه‌ر کورد به‌ گشتی، هه‌ر ده‌رفه‌تێکی بۆ هه‌ڵبکه‌وێ بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر کورد ده‌یقۆزێته‌وه‌، ڕووی ئه‌وانه‌ ڕه‌ش بێت که‌ ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ بۆ ئه‌م شۆفێنیانه‌ ده‌ڕه‌خسێنن، ماڵتان ئاوا نه‌بێت بنه‌ماڵه‌ بۆ کاره‌ساتێک که‌ میژووی میلله‌تێکتان پێ لکه‌دار کرد، من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ بۆچونه‌کانیدا نیم و دژیم، به‌ڵام یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی که‌ ئاگاداری ته‌واوی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی عیراق و به‌دواداچوونی ڕۆژانه‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه‌ له‌ ئاماژه‌کردن به‌م وتاره‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌شێکه‌ له‌ کاره‌ساتی 31ی ئاب له‌ زاری یه‌کێک له‌ به‌شداربووکانیه‌وه که‌ هارون محه‌مه‌د ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌ دیمه‌شق دواندویه‌تی‌).
ئه‌فسه‌رێکی لاو (1) که‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی 31ی ئابی 1996 دا به‌شدار بووه‌ له‌ داگیرکردنی شاری هه‌ولێردا وا باس له‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌ ده‌کات:
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ شاره‌که‌(هه‌ولێر) ڕزگار کرابوو له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ ،تێبینی ئه‌‌وه‌مان ده‌کرد که‌ یه‌کێک له‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سعود بارزانی که‌ چاوساغیان بۆ ده‌کردین له‌ ده‌ستنیشانکردنی باره‌گاکانی جه‌لالدا له‌ناو شاردا ترسیان لێنیشتووه، که‌ مه‌سعود هات یه‌که‌ یه‌که‌ ئه‌فسه‌ره‌کانی ماچ ده‌کرد، ئاڵای عێراقی له‌ ئامێز گرتبوو له‌ شادی و خۆشیدا بۆنی ده‌کرد.
فه‌رمانده‌که‌ لێی پرسی: ئه‌و هیزه‌ی که‌ بۆت ناردبووین که‌ ئه‌رکیان ده‌ستنێشانکردن و گه‌یاندنی یه‌که‌کانمان بوو بۆ باره‌گاکانی جه‌لال، پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ تۆ بوون؟
مه‌سعود وه‌ڵامی دایه‌وه‌: به‌ڵێ.
فه‌رمانده‌که‌ پێی گووت: گومانم هه‌یه‌ چونکه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر که‌ له‌ دووره‌وه‌ گوێیان له‌ ته‌قاندنی فیشه‌ک ده‌بوو ده‌یان قووچان،
ئه‌ی مه‌سعود تۆ له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ له‌ زۆر ناوچه‌دا جه‌نگاویت، ئه‌ز گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌م که‌ پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و کاته‌ نه‌به‌ردانه‌ ده‌جه‌نگان، به‌ ته‌واوه‌تی جیاواز بوون له‌و پێشمه‌رگانه‌ی تاڵه‌بانی، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ژماره‌یان زۆر بوو که‌چی ڕایانکرد، هه‌روه‌ها جیاوازن له‌ پێشمه‌رگه‌کانی سه‌ر به‌ تۆ، که‌ له‌ خۆڕا تۆقیون...
به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ مه‌سعود وه‌ڵامی دایه‌وه‌:جه‌نابی فه‌رمانده‌.. پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و زه‌مانه‌ وه‌ک ئوتومبیلی مارسیدسی ئه‌سڵ وا بوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م کاته‌ چ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ منن یان ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌لالن پێشمه‌رگه‌ی به‌رازیلین.
له‌ ئاماژه‌کردنێکدا بۆ ماشێنی فۆڵکسواگن که‌ له‌ به‌رازیل دروستده‌کرا و له‌ هه‌شاکاندا بازاڕه‌کانی عێراقی ته‌نی بوو، به‌وه‌ش ناسراوه‌، که‌ ناسکه‌ و به‌رگه‌ ناگرێت.
فه‌ریق ڕوکن ڕه‌عد مه‌جید حه‌مدانی، که‌ ئه‌فسه‌رێکی تری پایه‌به‌رزی گاردی کۆماری بووه‌ ، له‌ باره‌ی 31ی ئابه‌وه‌ له‌ کتێبه‌که‌یدا که‌ ناونێشانه‌که‌ی ئه‌مه‌یه‌ (به‌ر له‌وه‌ی مێژوو ماڵئاوایمان لێبکات) (2) ده‌ڵێت:
مه‌سعود بارزانی په‌نای برده‌ به‌ر سه‌دام حوسێن دژ به‌ دوژمنه‌ پێشینه‌که‌ی، که‌ جه‌لال تاڵه‌بانیه، له‌ 31ی ئابدا هه‌ردوو فیرقه‌ی گاردی کۆماری عه‌دنان و به‌غداد له‌گه‌ل لیوای 3ی هێزی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هێزێکی یه‌ده‌ک، که‌ پیکهاتبوو له‌ فیرقه‌یه‌ک (که‌ ڕه‌عد مه‌جید فه‌رمانده‌ی بوو)، هه‌روه‌ها فیرقه‌یه‌ک له‌ فه‌یله‌قی پێنج و فیرقه‌یه‌ک له‌ فه‌یله‌قی یه‌کی سوپا، ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ی گاردی کۆمارێش هه‌مان تێبینی کردوه‌ له‌ باره‌ی شه‌ڕکه‌ره‌کانی مه‌سعود و جه‌لاله‌وه‌ و ده‌ڵێت:
تێبینی ئه‌وه‌مان ده‌کرد، که‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی هه‌ردوو لا (مه‌سعودی و جه‌لالی) به‌ ڕادیه‌کی ئه‌وتۆ ئازایه‌تییان تێدا نه‌بوو، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی‌ که‌ له‌ ڕبووردودا لێمان دیبوون.
تا‌ریق عه‌زیزیش له‌ بیره‌وه‌ریه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌ داواکاری مه‌سعود بارزانی کردوه‌ له‌ سه‌دام تا فریای بکه‌وێت و هه‌ولێری بۆ داگیر بکات، تاریق عه‌زیز باس له‌و بروسکه‌یه‌ ده‌کات، که‌ بارزانی بۆ سه‌دامی نارد بوو و ڕۆژی 31ی ئابی 1996 یش له‌ هه‌واڵه‌کانی کاژێری دوو نیوی ڕادیۆی به‌غداوه‌ بۆ یه‌که‌م جار بڵاوکرایه‌وه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی ته‌می گومانی هه‌موو لایه‌کی لابرد له‌وه‌ی که‌ سوپای به‌عس هه‌ولێری بۆ بنه‌ماڵه‌ گرتۆته‌وه‌.
دوای گرتنی شاری هه‌ولێر، له‌ لایه‌ن سوپای به‌عسه‌وه‌ سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مێرکا بیل کلینتۆن شه‌وی 31ی ئابی1996 گووتی:
گه‌ر من کاری وام بکردایه‌ ده‌سته‌ی پارێزگاریکردنه‌که‌م لێیان قبوڵ نه‌ده‌کردم، به‌ڵام چی ده‌ڵێیت به‌ میلله‌تێک که‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت گه‌وجی وای تێدایه‌ ده‌ 31ی ئابی تریش ببینێت نوزه‌ی لێنایه‌ت، بۆیه‌ ڕۆژمان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یشتوه‌ مالیکی و هومام حه‌مودی و عه‌لی ئه‌دیب و سامی عه‌سکه‌ری و کێ و کێ خه‌ت خه‌تێنی هێڵی شین و سوور و سه‌وزمان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و له‌م لاشه‌وه‌ مه‌لا حیکمه‌ت سوپا سالاری خانه‌قینه، سبه‌ینێش وه‌فدی کوردستان که‌ پێکهاتوه‌ له‌ هه‌ردوو بێهۆشان ڕۆژ شاوه‌یس و هوشیار زێباری (گه‌ر ئه‌لکهول به‌ریاندا) له‌گه‌ڵ هه‌ردوو کارکردوو بۆ خود به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد مه‌عسوم ده‌چنه‌ خزمه‌ت مالیکی، سه‌یره‌ ئه‌م چواره‌ به‌شێکن له‌ حکومه‌تی عیراق، که‌چی به‌ ناوی وه‌فدی هه‌رێمه‌وه‌ دانوستان ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ عێراقی خۆیاندا!
ئێستا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ کردویانن به‌ به‌رپرس له‌ به‌غدا ته‌نه‌که‌ی بۆشن و هه‌ندێکیشیان وه‌ک کارتۆن وان، به‌ بایه‌ک به‌ حه‌وادا ده‌چن، ئاخۆ سوپاسالاری عیراق بابه‌کر زێباری ئه‌و تاج و ئه‌ستێره‌ و سه‌یفه‌ی سه‌رشانی بۆ که‌ی هه‌ڵگرتوه‌ و که‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌کارده‌هێنێت، ڕه‌حمه‌ت له‌ گۆڕت ئه‌مین زه‌کی به‌گ تۆ سوپاسالاری عیراقی پادشایه‌تی بوویت و زێبارێش سوپاسالاری ئه‌و عیراقه‌ نوێیه،‌ که‌ سه‌رانی کورد دروستیانکرده‌وه‌‌.
1-
http://www.iraq4allnews.dk/new/ShowNews.php?word=&cat=8&id=7908
هزيمه‌ المشروع الكردي الانفسالي في كركوك - هارون محمد
2-قبل ان یغادرنا التاریخ،الفریق الرکن رعد مجید الحمدانی، الدار العربیه‌ للعلوم- ناشرون، بیروت، 2007، ل: 256-257.

کوردستانپۆست: بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی قسه‌کانی تاریق عه‌زیز کلیکی ئه‌و لینکه‌ بکه‌

http://www.kurdistanpost.info/pdf_filer/tariq_eziz.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە