ئۆپۆزسیۆن و پرسی دەوڵەتی كوردی
Sunday, 29/07/2012, 12:00
رۆستۆ لە وتەیەكیدا دەڵێت: تازەگەریی بەشێوەیەكی گشتی لەگشت كۆمەڵگەیەكدا و بەتایبەتی لە كۆمەڵگە پێشكەوتوەكاندا، هەر لەسەرەتاوە بە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی و سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەست پێدەكات . بۆیە هەر پەرەسەندنێكی لەم جۆرە ى كە روە و رەهەندی بنیاتنای دەوڵەت دەڕوات پێویستی بە گۆڕانێكی رۆشنبیری گشتیی مەودا فراوان دەبێت لە نێو میلەتدا، كە رۆڵی كاریگەری خۆی لەسەر گۆڕینی شێوە و جەوهەری هەر سیستمێك هەبێت و لە ئاست ئەو پرسە گرنگ و چارەنوسسازانەدا كزومات و دەستەمۆ دانەنیشێت .
هەوڵدانی میلەتێكی دەیان ساڵ ژێردەستەی ئەویتر بۆ رزگاربونی یەكجارەكی، هەنگاوی یەكەمی تازەگەری و پاڵپێوەنانێكی بەهێزی دەوێت بۆ زیاتر پێشكەوتن لە سەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتی زاڵبونی سیستمی سیاسی بەسەر سروشت و خۆبینینەوە لە فەزای پێشكەوتنی زانستیدا، ئەگەر ئەو سیستمە سەردەمانە و گونجاو بێت لەگەڵ رەوشی تازەی دونیادا ولە دەرئەنجامی هەوڵو كۆشش و هاوكاری راستەقینەی خودی خەڵك و حوكمرانی تەندروست، ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بوبێت . ئەگەر نا، هەر كەموكورتیەك لە بازنەی هەر شێوە دەسەڵاتێكدا و لە نێو بێ توانایی و بیركردنەوەی ناراستی كۆمەڵگە و ناكامڵی لە بەرجەستەبونی پەیرەوێكی حوكمرانی پێشكەوتنخوازانە، ئامراز و ئالیەتەكان پێویستیان بە گۆڕانێكی بەردەوام دەبێت لە پێناو راستەرێ كردنی سیستمی حوكمرانیدا . زۆر جار وەزعی گشتیی كە هەموولایەك لە باوەربون بە ئەگەری بنیاتنانی دەوڵەت و سەركەوتن دوور دەخاتەوە ، بەڵام لەم بارەشدا ؛ گۆرانكاری هەمەچەشن لە بواری چونێتی كاركردن بۆ دەستنیشان كردنی رێگەی پەرەسندن بۆ گەیشتن بە قۆناغی دەربازبون لە قەیران و نەهێشتنی بەربەستەكان ئاسانتر دەبێت و بە خێرایی بارودۆخێكی گشتیی گونجاو فەراهەم دەبێت، كە بەشێوەیەك تۆكمە بێت بەخۆی كەلێنە لابەلاكان دیاری بكات و پر بكاتەوە و، شێمانەی هیچ دەردانێكی سەلبی لێ نەكرێت .
تازەگەریی سیاسی كە ئەو رەوت و بەها و رێكخەر و فكر و واقعە بنیاتنراوەنوێ یە لەخۆ دەگرێت كە پاڵپشتێكی گەورەی سەراپا رۆشنبیریەكان بێت و لەپێشەوەشیان رۆشنبیریی سیاسیی نوێ و هەڵگرتنی جەوهەر و ماكێكی جیاواز بە ئاشكرا پێوەی دیار بێت. ئەمەش لە دەرئەنجامی پرۆسەیەكی ئاڵۆزدا دێتەدی، بەتایبەتی لە نێو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بێگومان بۆ گەلێكی وەك كوردی بێ دەوڵەت پرۆسەكە سەختتر دەبێت .
لە نێو ئەو گۆڕانكاریە گەورانەی كە لە ناوچەكەدا بەرێوەیە، پرۆژەگەلێكی هەمەجۆر لەم قۆناغەدا لە جێبەجێ كردندان، دەستكاریی سنورەكان و گۆڕێنی نەخشەكان بە شێوەیەكی جیاواز و بە پێی پێویستیەكانی سەردەم لە ئارادان، كە زۆر جیاواز لە زەمانی ئیستعمار و دەبەشكردنی ناوچەكە بە پێی ریككەوتنی ولاتانی زڵهێزیی داگیركەری ئەو دەمە دەبینرێت . لەسەرئەنجامدا، پاش سەركەوتنی ئەجێندا و پلانە شاراوەكان واقعێكیی نوێی وا دێتەبون كە فۆرمێكی نوێی وا بەخۆوە دەبینێت زۆر جیاواز لەم وێنەیەی كە بۆ دەیان ساڵە بەرقەرارە و، وا پێشبینی دەكرێت كە لە قازانجی میلەتی كوردی ژێردەستە بشكێتەوە ، پاش ئەوەی بۆ دەیان ساڵە لە نێو فكر و ئایدیۆلۆجیا و فەسەفە و بیر و یاریچیە سەرەكیەكانی جیهان و ناوچەكە ون بووە و، پرۆژەی نەتەوەگەرایی زاڵی نەتەوەی سەردەستی ناوچەكەی بەسەردا سەپێنراوە .
بەڵێ، ئەگەر پێشتر بەرێككەوتنەكان جوگرافیا دابەش دەكرا، ئەمرۆ بەرژەوەندیە گەورەكان وادەخوازن سەروەت و سامان و سەرچاوە سروشتیەكان و كانزا گرانبەهاكان بە پێی نەخشەكان دابەش بكرێن و لەو پێناوەدا و لە دوارۆژێكی نزیكدا ئەم ئامانجە وادەخوازێت هەوڵی چاوخشاندنەوە بە نەخشەی ناوچەكەدا بخشنێنرێتەوە . بەم بۆچونەش بێت ئێمە لە چاوەروانی دوارۆژێكی پرشنگدارین و كورد وەك فاكتەرێكی كاریگەر و گرنگ لە نێو ئەم پرۆژەیەدا خۆی دەبینێتەوە .
كە چی لە ئاستی نێوخویدا سەرقاڵی گیرمەو كێشەی دابینكردنی بەرژەوەندیە شەخسی و حزبیە تەسكەكانیدایەو، بە عەقڵیەتێك كوردستان بەرێوەدەبات كە ئەگەری لەدەستدانی ئەم هەلە زێرینە دەگمەنە لە ئارادایە .
ئەوەی مەبەستمە لێرە بیلێم، لەم كاتەدا ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان دەردی دەسەڵات لە روبەرێكی فكری و ئایدیۆلۆجی و ئامرازێكی نامۆ كاروبارەكانی بەرێ دەكات و لە ئاستێكی نزمدا ململانێكان بەرێوەدەبات و لە روانگەیەكی گشتگیری ناوچەكەوە تەماشای پرسی كورد ناكات لەم رۆژەدا، دیارە لێرەشدا جیاوازیەكی بەرچاو لە نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە و، هەندێكیان دور لە هەر ئایدیۆلۆجیایەك وەك تەنها حزبێكی پشتبەستو بە بەرنامەریزی هەڵبژاردن و پشتگیریكردنی داوای خەڵك و دەرخستنی كەموكورتیەكانی حوكمرانی كە تا رادەیەكی باش بەرەفتارێكی ئیجابیانە سەیر دەكرێت، بەڵام لە ئاست پرسە چارەنوسسازەكەو ئامانجە دێرینەكەی كورد لەم قۆناغەدا هیچ خوێندنەوەیەكی ئاشكرای نیە و قسەیەكی ئەوتۆی لەسەر نەكردوە و، رێگەیەكی وای نەگرتۆتەبەر كە خەڵكی كوردستان دڵنیا بكاتەوە لە روانینی بۆ گۆرانكاریە گەورەكانی ناوچەكە و نەخشەو پلانە دەركەوتوەكان لە ئاسۆدا، لەبەرامبەردا لایەنی تری ئۆپۆزسیۆن هەن بە ئایدیۆلۆجیاوە مامەڵە لەگەڵ پرسە گرنگە دەكەن و سۆزی خەڵك بەلای خۆیاندا رادەكێشن و لە ناخیشدا باوەریان پێی نیە.
بۆیە، پێویستە ئۆپۆزسیۆن وەك چۆن لە هەندێك حاڵەتدا هەڵوێستی راستەوخۆی دەربڕی و لە هەوڵی جاردانی دەوڵەتی كوردی قسەی خۆی كرد و رای واقعیانەی خۆی دەربری و بە جوانی پێداویستیەكانی ئەم پرسە هەستیارە لەم كاتەدا دیاری كرد و بۆ هەموو لایەكی ئاشكرا كرد كە پێگەكانی بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان لە جاردانی نیوەناچڵی نادڵنیابون لە ئەگەر و پێشهاتەكان پێویستترە، ئاوهاش ئەمرۆ پێویستە باس لە دوارۆژی ناوچەكە و ئەگەرەكان و جێگەی كورد و قازانج و زیانەكانی بە روونی دەربخات و باوەربونی بە پرسەكە ئاشكرا بكات و شیكردنەوەی چڕتر و رونتربۆ مەسەلەكە بكات . خەڵكی كوردستانی ئەمرۆ لەو بارەوە زیاتر باوەر بە ئۆپۆزسیۆن دەكەن وەك بە دەسەلات بكەن، لە روانگەی جیاوازی لەبەرژەوەندیەكان و دەرخستنی قازانجی مادی و حزبی و پێداویستی ململانێی حزبی و موزایەدەدا بە جوانی دەیخوێننەوە، بۆیە زۆر پێویستە لەسەر ئۆپۆزسیۆن لەم بوارەدا ئەسپی خۆی تاو بدات بینینی خۆی ئاشكرا بكات ، كەلە لایەكی تریشەوە بۆ جەماوەری بونی زیاتری خۆی قازانجیشی لێدەكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست