زه‌رده‌شت وای گووت:- Thus Spoke Zarthustra- به‌شی دووهه‌م
Thursday, 14/06/2012, 12:00
نوسینه‌کانی زه‌رده‌شت نوسینێکی هونه‌ری و په‌خشانی بێ وێنه‌ن، هه‌تا نیتشه‌ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی فه‌لسه‌فه‌کانی خۆی له شێوه‌ی په‌خشاندا نووسیوه. نیتشه له باسی نوسینه‌کانی زه‌رده‌شتدا ده‌ڵێت: 'شێوه‌ی داهێنانی نوسینه‌کانی له جوانیدا وه‌ک مۆسیقایه، چونکه له شێوازی مێتافۆری (ته‌شبیهی) دا ' شوبهاندنی' لێکچونی خه‌یاڵیدایه که له جوانی سروشت وبه‌سه‌رهاتی مرۆڤایه‌تیه‌وه هاتوون.
له‌م به‌شه‌دا که‌به به‌شی دووهه‌می فه‌لسه‌فه‌کانی ده‌ست پێده‌کات زه‌رده‌شت ده‌ڵێت:'لهمهوپێش له کاتی ته‌نگانه‌و ناچاریدا هاوارمان له خودا ده‌کرد، ئێستا له‌جیاتی خوا ئه‌بێ په‌نا به‌رینه به‌ر سوپه‌رمان، چونکه ناتوانین ده‌ستی یارمه‌تی و هاوار زیاتر له‌سنوری توانای مرۆڤی ئاسایی درێژکه‌ین، چونکه توانای دروستکردنی خوایه‌کمان نی یه‌و ناتوانین له سنوری توانای خۆمان تێپه‌ڕین، به‌ڵام هه‌رچه‌نده ڕاسته‌و خۆ نه‌توانین سوپه‌رمان دروستکه‌ین، بێ گومان له داهاتودا گونجاو ده‌بێت، چونکه له چوارچێوه‌ی بوون و توانای خۆماندا دروست ده‌بێت، به‌مه‌رجێک له‌شێوه‌ی بیروڕای ته‌قلیدی و ئاینی وازبهێنین بۆ نموونه، لێبوردن و به‌زه‌یی! ئه‌وانه‌ی که پێویستیان به به‌زه‌یی و یارمه‌تی خه‌لکی هه‌یه بێ شه‌رمن، زه‌رده‌شت هاوه‌ڵی خه‌ڵکی شه‌رمه‌زارو لاوازی نه‌کردووه، له‌سه‌ره‌تاوه له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ لاواز‌و نه‌زان بووه و خۆشی له ژیان نه‌بینیوه، ئه‌م بێ ئاگایی و نه‌زانیه وه‌ک تاوانێک وایه. کاتێک مرۆ ڤ لێقه‌وماوێک ئهبینیێت و دڵی پێ ی ده‌سوتێ، مرۆڤ هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌کات که‌ده‌ستی یارمه‌تی بۆ درێژ ده‌که‌یت وه‌ک شه‌رمه‌زاری بکه‌یت وایه، قه‌رزاری ئه‌وانه‌ی که یارمه‌تیان ئه‌ده‌ن هه‌ستی بچوکی وشه‌رمه‌زاری دروست ده‌کات، نه‌ک گه‌وره‌یی؛ هه‌رچه‌ند ڕاده‌ی یارمه‌تیدان که‌میش بێت، وه‌ک ترسی ڕزینه یارمه‌تیدراو لهنێودهبا.
زه‌رده‌شت ده‌ڵێت : ' به‌خشیش بده‌ن به‌یه‌کتری ته‌نها له بواری په‌یوه‌ندی هاوه‌ڵیدا، نه‌ک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری تایبه‌ت، هه‌تا بۆت ده‌گونجێ یارمه‌تی وه‌رمه‌گره و یارمه‌تی بهکهسیتر مه‌ده. ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵێکی هه‌ژارت هه‌یه ڕه‌ق به له‌گه‌ڵیدا، نه‌ک ببیت به دۆشه‌کێکی نه‌رم بۆی، ئاوا زیاتر که‌ڵکی پێ ده‌گه‌یه‌نیت.' زه‌رده‌شت داوای هه‌ڵوه‌شاندنی هه‌موو جۆره بیروڕایه‌کی ئاینی کۆن ده‌کات، به‌تایبه‌ت بیروڕای گوناهباری که له‌سه‌ر بۆچونێکی نه‌فامی کۆنه‌وه هاتووه که به‌سه‌ر په‌رشتیکردنی پێشه‌واو خه‌ڵکی ئاینیه‌وه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، که وایانکردوه له خه‌ڵک که چۆک داده‌ن، وایان تۆقاندوون که چیتر بیر له دروستکردنی سه‌رکرده‌ی زیره‌ک و ئازا‌و جه‌ربه‌زه نه‌که‌نه‌وه وه‌ک سوپه‌رمان، زه‌رده‌شت هه‌ردووجۆر له پیاوی مه‌زن و بچوک وه یه‌ک ئه‌بینێ، چونکه جیاوازی ته‌واو ڕوون له نێوان ڕواڵه‌تی سروشتیاندا نییه. هه‌تا زه‌رده‌شتی مه‌زن خۆی زۆر مرۆڤێکی (به‌واتای گشتی) ئاسایی بوو، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وانه‌ی زۆر زه‌حمه‌تکێشن چاوه‌ڕوانی به‌رو بوم و خه‌ڵاتن. ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت ژیانی سه‌رزه‌ویان بکه‌نه به‌هه‌شت بۆ هه‌میشه. له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: ده‌بێ ڕه‌نج بده‌ین به‌بێ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵات و به‌رو بووم. لێره‌دا دژایه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی سوکراتی یۆنانی ده‌کات که ده‌ڵێت: زیره‌کی و به‌هره خۆیان له خۆیاندا خه‌ڵاتن. زه‌رده‌شت وه‌ڵام ده‌داته‌وه: به‌داخه‌وه به‌خشیش و سزا له‌سه‌ر بناغه‌ی کاڵا ده‌پێورێ به شێوه‌یه‌ک که خۆی له‌ناو گیاندا چه‌سپاندوه، مرۆڤ ده‌بێت شوێن به‌هره‌و زیره‌کی بکه‌وێت، وه‌ک په‌یوه‌ندی گیانی نێوان دایک و باوک و منداڵ، به‌ڵام ئایا هه‌رگیز دایک چاو‌ڕێی جهزاو به‌خشیشی منداڵه‌که‌ی ده‌کات به‌رامبه‌ر خۆشه‌یستی منداڵه‌که‌ی؟
زه‌رده‌شت هه‌وڵی داوه هێڵێکی جیاوازی له نێوان زانا‌و نه‌زاندا دابنێت. نه‌زانه‌کان به خه‌ڵکی ئاسایی و بێ ئاگا داده‌نێ و باوه‌ڕ به هه‌وڵدان و کاری نه‌زانه‌کان ناکات. ئاوی ئه‌و کانی و بیرانه ناخواته‌وه که ئه‌وانی لسه‌ر ده‌ژین، ئه‌و نوسراوانه سهیرناکا که نه‌زانه‌کان ئه‌یان نوسن، ئه‌و داموده‌زگایانه به کارامه و ڕێک‌و پێک ناناسێ که زانیاریانه نه‌بن، وه که‌یفی به خۆشی و شادی ئه‌و نه‌زانانه نایه‌ت. زه‌رده‌شت سه‌رده‌که‌وێت به‌ره‌و ئه‌و مه‌زنیه که هیچ نه‌زانێ ناتوانێ بیگاتێ و ئاوی ڕونی فێنک له‌سه‌رچاوه‌ی مه‌زنی وزانیاری ده‌خواته‌وه و به‌شی نه‌زانی لێ نادات، لێره‌دا زه‌رده‌شت بۆمان ده‌رده‌خات که یه‌کتایی (ئیکواڵیتی) گونجاو نیه، ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێت وا نیه درۆزنه ئه‌م جۆره بۆچونه بۆ ئه‌وانه‌یه که خۆیان یه‌کتا /چون یه‌ک نین. ئه‌وانه‌ی که باسی یه‌کسانی میلله‌ت ده‌که‌ن ڕاستگۆ نین و ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتیان له دهستابێت زاڵم و چه‌وسێنه‌ر ده‌بن. یه‌کێک له ڕاستیه‌کانی ژیان ئه‌وه‌یه که مرۆڤ هه‌رگیز چون یه‌ک نین، به‌ڵام تۆماس هۆبز فه‌یله‌سوفی ناسراوی ئینگلیزی سه‌ده‌ی نۆزده باوه‌ڕی به یه‌کسانی مرۆڤ هه‌یه‌و یه‌کسانی به پێویستی سروشتی مرۆڤایه‌تی ده‌زانێت. به‌لای تۆماس هۆبزه‌وه ده‌ڵێ بێ گومان هه‌ندێ هه‌ن له توانای فیزیکال و به‌ده‌نی و لێکدانه‌وه‌دا له خه‌ڵکیتر به‌توانا ترن، به‌لام جیاوزیه‌کان ئه‌وه‌نده زۆرنین که شایانی باس بن. هه‌روه‌ها هۆبز ده‌ڵێت لاوازترین مرۆڤ ئه‌وه‌نده توانای هه‌یه که مرۆڤێکیتر بکوژێت ئه‌گه‌ر به‌ده‌سته‌و یه‌خه نه‌توانێ کۆمه‌کی په‌یدا بکات. نیتشه باوه‌ڕی به فه‌لسه‌فه‌ی هۆبز نه‌بووه، سه‌یری فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی کردووه له باسی خواستی وه‌ده‌ست هێنانی توانادا
A Will to Power
وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سته‌لات وه‌ده‌ستدێ به توانای زاڵ بوون به‌سه‌ر مرۆڤ خۆیدا پێش هه‌موو کهسیتر. مه‌به‌ست لێره‌دا کارکردنه به گیانی له‌خۆ بووردنه‌وه وه‌ک ئه‌و شتانه‌ی له ژیانا بهلامانهره به‌نرختره ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که نیشانده‌ری ویسته، ئه‌م ویسته گه‌ر له کرده‌وه‌دا نه‌بێ قسه‌ی بێ سه‌رو شوێن و پڕوپوچن، بۆ نموونه له باره‌ی چاکه‌و خراپه‌وه، زه‌رده‌شت به‌و لاوازانه پێ ده‌که‌نێ که له بێ ده‌سته‌ڵاتیدا خۆیان به پیاو چاک داده‌نێن و داواکاری چاکه له‌وانه ده‌که‌ن که به‌ده‌سته‌ڵاتن.
به‌شی سێ یه‌م :-
له‌م به‌شه‌دا زه‌رده‌شت باسی پێشه‌وا ئاینی وپێغه‌مبه‌ره‌کانی کۆن ده‌کات، هه‌میشه باسی نه‌رمی وبه‌زه‌یی و چاکهکردنیان ده‌کات. باسی ژیانی پاش مردن وبهههشتێک که ڕووباری هه‌نگوین و شیری تیایه. ئه‌مانه وه‌ک زه‌رده‌شت باسی ده‌کات بوونه‌ته هۆی لاوازی مرۆڤ ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مای ئه‌و به‌هه‌شته‌ن خه‌ڵکێکی لاواز ونه‌خۆشن. زه‌رده‌شت ئامۆژگاری خه‌ڵک ده‌کات که کاربکه‌ن وڕه‌نج بده‌ن و فێری ژیانی پڕ له ناڕه‌حه‌تی و هه‌وڵدان بن، ئه‌و جۆره ژیانه یه‌کێک له پێداویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی خه‌ڵکی ناو شاخه‌کانه، میلله‌تێک که فێری ژیانی ئاسان وتهمهڵی بێت به میلله‌تی زه‌رده‌شتی ناناسرێت
میلله‌تی زه‌رده‌شتی ئه‌بێ فێری ژیانی پڕمه‌ترسی بن، فه‌لسه‌فه‌ی زانایان وپێغه‌مبه‌رانی کۆن هه‌زاره‌ها ساڵ باسی ژیانی چاکه‌و نه‌رمی وخۆشگوزه‌رانی میلله‌تانیان کردووه، چونکه هه‌میشه ترسیان له ئاژاوه‌و سه‌رلێشێوان بووه. له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: مرۆڤ پێویستی به توانایه‌کی به‌هێزتر له‌خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و توانا مه‌زنه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی مرۆڤدا بوونی نیه و له‌مه هیچ په‌یدا نابێت، به‌ڵام مه‌ترسی هه‌ره س هێنان هه‌میشه هه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی جارێکی‌تر ده‌ڵێت: هه‌وڵدان و نه‌ترسان هه‌ستی ترسنۆکی سه‌رلێشێوان له‌ناوده‌با. نه‌ک ته‌نها زه‌رده‌شت، به‌ڵکو چه‌ندین فه‌یله‌سوفی تر نرخی ژیانیان هه‌میشه له مردن به‌رزتر داناوه، بێگومان هه‌موو ژیان و خۆشی و ته‌ندروستی به مردن ته‌واو ده‌بن. ویلیا‌م جه‌یمس فه‌یله‌سوفی پراگماتیستی ئه‌مریکی ده‌ڵێت: ڕاستیه‌کی ژیان ئه‌و ڕاستی یه‌یه که هه‌رگیز نامانه‌وێ نه‌خۆش که‌وین، له کاتێکدا که ده‌ژین و تهندهروستین بیر له نه‌خۆشی و مردن ناکه‌ینه‌وه، ژیانێکمان ده‌وێت که په‌یوه‌ندی به مردنه‌وه نه‌بێت، هه‌روه‌ها تهندروستیهکمان ده‌وێت به‌بێ نه‌خۆشی، بابه‌تێک شتومه‌کمان ده‌وێت که هه‌رگیز تێک نه‌چێت، بابه‌تێک که له شتومه‌کی سروشتی چاکترو به‌نرخ تربێت، هه‌تا له کاتی ڕوداوه کاندا مرۆڤ له‌کاتی ته‌نگانه‌و نه‌خۆشیدا هاوار ده‌کات بۆیارمه‌تی، بێ گومان ئه‌م هاوارکردن و گریانه شێوه‌یه‌که له هه‌وڵدان و دژایه‌تی مردن. له ڕاستیدا مرند هه‌میشه به‌لایه‌نی خراپه ناسراوه. هه‌رچه‌ند مرۆڤ ته‌نها گیانله‌به‌رێکی بهئاگاو ئاینیه، به‌ڵام ملنه‌دان و به‌ره‌و ڕوو بوونه‌وه‌ی مردن هه‌وڵێکی ئاسایی یه، وه‌ک شاعیرێکی ئینگلیزی دیلان تۆماس له‌باره‌ی مردنی باوکیه‌وه له شیعرێکدا ده‌ڵێت: به‌ئاسانی به‌ره‌و ڕووی مردن مهڕۆو به توڕه‌یی یه‌وه دژایه‌تی بکه، به توڕه‌یی یه‌وه دژایه‌تی کزبوونی ڕۆشنایی ژیان بکه! زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: ئازایه‌تی هه‌تا به‌سه‌ر مردنیشدا زاڵ ده‌بێت. زه‌رده‌شت ترسی له مردن نیه، چونکه خۆی به پێشه‌وای ژیانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌زانێت.
به‌لای زه‌رده‌شته‌وه هه‌میشه بوون هه‌یه بۆ هه‌موو که‌سێک و شتێک. ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات له‌وه‌پێش ڕوویداوه‌و له داهاتودا ڕووده‌دا، له‌به‌رئه‌وه هه‌میشه بوون (ئه‌به‌دیت) بۆ هه‌مووه، لێره‌دا ئه‌ڵێت: لێره‌وه له‌م کاته‌وه، به درێژایی ئه‌م ڕێگه‌یه دووباره بوونه‌وه هه‌یه. له‌پاش هه‌موو که‌سێک یان ڕووداوێک ئه‌به‌دیه‌ت هه‌یه، ئه‌وه‌ی به‌م ڕێگه‌دا تێپه‌ڕیوه دوورنیه جارێکی‌تریش پیایدا تێپه‌ڕێ، ئه‌وه‌ی لهمهوپێش ڕوویداوه دوور نیه جارێکی‌تر ڕووبدا. ئه‌م ىۆچوونهی سه‌ره‌وه‌ی زه‌رده‌شت به‌ڕاستی جێی ڕه‌خنه‌یه، ئه‌گه‌ر وه‌ک زه‌رده‌شت ده‌ڵێت ڕوداوه‌کان جارێکی تر به هه‌مان شێوه ڕووبده‌نه‌وه و ڕووبدات، چۆن ده‌بێت له داهاتوو بیربکه‌ینه‌وه؟ ئه‌گه‌ر وابێت دوور نیهڕووداوهکان هه‌موو پێکه‌وه به‌سترابن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه گونجاوبێت ئیتر که‌ڵکی هه‌وڵدان بۆ گۆڕان چی یه؟ به‌ڵام دووباره بوونه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به شێوه‌یه‌کی ڕێک‌و پێک نین وسیسته‌مێکی تایبه‌تی خۆیان نیه، چونکه ڕووداوه‌کان چاوه‌ڕوانکراو نین و به‌شێوه‌یه‌کی ئاڵۆزه‌و به ڕێکه‌وت ڕووده‌ده‌ن. لێره‌دا بۆ نموونه ڕاده‌ی پهلهلێکردنی گۆڕانه‌کان به پێی ویستی مرۆڤ ده‌گۆڕێت، وه‌ک هه‌وڵدان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی، پێش زۆر له پێداویستیه‌کانی تر، به‌لام ئه‌میش ناگونجی بخرێته پێش دابینکردنی هه‌موو ویسته‌کانی تر بۆ هه‌میشه. له لایه‌کی تره‌وه زه‌رده‌شت خۆی له دژایه‌تی و ویستی ئه‌به‌دیه‌تدا به‌ره‌نگاری فه‌لسه‌فه‌کانی سوکراتی یۆنانی ده‌بینێته‌وه و ده‌ڵێت: یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که هه‌میشه‌یی نیه، عه‌قڵانیه‌ته
Reason له سنورێکی جیهانی مهعقولیهتدا نیه Rationality
چونکه چه‌سپاندنی ئه‌م ویسته پێویستی به وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سته‌لات هه‌یه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، مرۆڤ پێویسته مه‌زن و به‌هێزو به غیره‌ت بێت. زه‌رده‌شت ده‌ڵێت ئا ئێستا هه‌موو به بچوکی نیشان دراوه‌و به‌ره‌و بچوک بوونه‌وه بوون، چونکه له شێوه‌ی ته‌قلیدی (کۆنفۆرمیزم) 'خۆبه‌ستنه‌وه به هه‌ڵسوکه‌وتی که‌کلتوری ڕابووردووه‌وه' نرخاندنی کۆتای هه‌موو شت به بچووک بێ نرخ ده‌بینرێت. هه‌تا مرۆڤیش ئه‌بێت بچوک بێت، چونکه ئه‌و جۆره ده‌زگایه ته‌نها خه‌لکی بچوکی به‌لاوه په‌سه‌نده، خه‌ڵکیش له نه‌زانیدا ڕازین (سابیرن) به‌و جۆره بچوکیه. هه‌تا زۆربه‌ی دهستهلاتدارهکانیش خۆیان به بچوک نیشان ده‌ده‌ن، به‌لام له ڕاستیدا ئه‌وان درۆزنن. زه‌رده‌شت ئه‌و که‌سه بچوکانه به گیروگرفت داده‌نێ له ڕێگای ئه‌وانه‌دا که ده‌یانه‌وێ و هه‌وڵ بده‌ن و مه‌زن بن. زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: ئه‌و دهستهلاتدارانهی که خۆیان وه‌ک پیاوچاک وڕاستگۆ و دادپه‌روه‌ر نیشان ده‌ده‌ن، ده‌یانه‌وێت دڵی خه‌ڵک خۆشکه‌ن و خه‌ڵکیان لێڕازی بێت، له ڕاستیدا ئه‌وانه ترسنۆکن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن که که‌س ئازاریان نه‌دات ولێیان تێک نه‌دا. مرۆڤ ده‌بێت خۆی لایه‌نه‌کانی چاکه‌و خراپه تێ بگات و ویسته ده رونیهکانی بناسێت و بێ‌ترس ده‌ریانبڕێ وبه ئاشکرا ده‌ستنیشانی چاکه‌و خراپه بکات و له‌یه‌کیان جیابکاته‌وه. به‌م جۆره ده‌توانێت پێداویسته ڕاسته گونجاوه‌کان بدۆزێته‌وه‌و به‌ره‌و لوتکه‌ی به‌رزی سه‌رکه‌وتن بڕوات. لێره‌دا ئه‌م جۆره بۆچونه‌ی زه‌رده‌شت که له‌باره‌ی وه‌ده‌ستهێنانی ویسته ده‌رونیه‌کانه، به‌بێ گرنگیدان به لایه‌نه‌کانی چاکه‌و خراپه جێی ڕه‌خنه‌ن، چونکه ویسته ده‌رونیه‌کان دوو جۆرن: یه‌که‌میان بۆ کاری چاکه‌کردن ودووهه‌میان ویستی ته‌ماح و نه‌وسنی، له کاتی به‌ره‌ڵڵاکردنی ویستی دوهه‌مدا، جۆرێک له ئاڵۆزی پێکدێت که بێ هاوتاو به‌ره‌و سه‌ر لێشێوانه. له‌وه‌لامی ئه‌وانه‌ی که پرسیاریان له زه‌رده‌شت ده‌کرد له باره‌ی لایه‌نه‌کانی چاکه‌و خراپه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای ڕاستیان نیشاندا زه‌رده‌شت ووتی: شتی وا نیه و ڕێگه‌ی وانیه، چونکه ئه‌و جیگاو ڕێگا کۆنه که تا ئێستا بووه ده‌بێ بگۆڕدرێت، ڕێگای چاک و خراپ بۆ هه‌موو که‌س وه‌ک یه‌ک نیه. له به‌ئاگایی و پێزانینی هه‌ردوولای چاکه‌و خراپه، مرۆڤ خۆی دروستکه‌ری چاکه‌و خراپه‌یه به پێی ویست و ئاره‌زووه‌کانی خۆی، ویستی هه‌میشه وه‌ک پێشتر ووتمان گه‌ردونیه 'یۆنیفێڕساڵه' جمووجوڵ و گۆڕان له‌سه‌ر ڕێککه‌وت و ڕوداوه چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کان وه‌ستاون، به‌لام ته‌نها مرۆڤ ئه‌توانێت کاربکاته سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌م گۆڕانانه و ویسته‌کانی خۆی، مرۆڤ ده‌توانێ ویست و ئه‌نجام دیاری بکات و هه‌وڵی سه‌رکه‌وتن بدات، مرۆڤ ده‌توانێ زه‌وی پڕمانا بکات و داهات وداهاتووی بۆ ده‌ستنیشان بکات. ئاوا ئه‌گه‌ر گوێ له ئامۆژگاریه‌کانی زه‌رده‌شت بگرین ئه‌توانین وه‌ک سوپه‌رمان پردی سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و مه‌زنی و پیرۆزی سه‌رکه‌وتن دروستکه‌ین.
له‌م لێکدانه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که ئازادی ویستێکی دروونییه (که‌ویستی دایۆنیزیهکان بوو) و به‌ره‌نگاری و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سوکراتی لهناوبابهتهکهدایه. ئه‌گه‌ر که‌ون له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕێکه‌وت دروست بووبێت ئیتر فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵانیه‌ت (ڕاشنالیتی) جێی نابێته‌وه و ئه‌بێته چیرۆکێکی خه‌یاڵی. له دژایه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی سوکراتی و ئه‌فلاتوون تیۆری فۆرمدا که مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێت دووجار ههنگاوبنێته نێو ڕووبارێکه‌وه له هه‌مان جێ‌دا، چونکه فۆرم هه‌میشه له گۆڕاندایه. فه‌یله‌سوفی یۆنانی هیراکلیتهس
Heraclitus
ئه‌ڵێت: هه‌موو که‌ون وه‌ک ڕووبارێک هه‌میشه له گۆڕانکاریدایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شته‌کانی هه‌میشه له‌یه‌ک ده‌قدا نامێنێننهوه هه‌تا چاکه‌و خراپه‌و جوانیش. بۆ نموونه سوکرات ئه‌ڵێت: خواکان چاکه‌یان به‌لاوه په‌سه‌نده چونکهچاکن. لێره‌دا گه‌شتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که چاکه‌و جوانی و فۆرمی چاک وبه‌رز و ڕاستی نیشان دهن، به‌لام زه‌رده‌شت له‌م لایه‌نانه سه‌رنج ده‌داو لێ یان ئه‌کۆڵێته‌وه و به‌لایه‌وه ئه‌و بۆچوونانه په‌سه‌ند نین، به‌لای زه‌رده‌شته‌وه هیچ شتێک بۆ هه‌میشه ڕاوه‌ستاو نیه، نه‌ک ڕووبار به‌ڵکو پردی سه‌ر ڕووباره‌که‌ش له ئه‌نجامدا ده‌ڕوخێنرێ و ده‌گۆردرێ. لهبهرئهوهههڵسهنگاندن و نرخاندنی هیچ شتێک بۆ هه‌میشه نیه. زه‌رده‌شت له‌باره‌ی بۆچوون و ئامۆژگاری کۆنه‌وه ده‌دوێ: ئامۆژگاری و فه‌لسه‌فه کۆنه‌کان که وتوویانه، دراوسێکه‌ت خۆش بووێت قسه‌ی به‌تاڵه، ' ده‌بێت له پێش ههمووکهسێکیتر خۆتت خۆشبوێت'، هه‌ڵبژاردنی ڕێگای جیاوازله ژیاندا له‌سه‌ر ویست وئاره‌زووی خه‌ڵک وه‌ستاوه، خه‌ڵک خۆی په‌سه‌ندکاری له‌به‌رده‌ستدایه‌و ئازادی بۆچوونیان به‌پێی ئاره‌زووی خۆیانه. به‌لای زه‌رده‌شته‌وه تیۆری فه‌لسه‌فه‌ی وه‌ها ڕاست نیه، چونکه هیچ شتێک ڕاستیه‌کانی له سه‌دا سه‌د نیه، هه‌روه‌ک پێشتر باسی فه‌لسه‌فه‌کانی سوکراتی وپلاتۆ /ئه‌فلاتون و هۆبز مان کرد باسی ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌مان ئه‌نجامی هه‌یه.
زه‌رده‌شت له باره‌ی ووتهکۆنهکانهوه که ده‌ڵێن: 'نابی که‌س بکوژیت، نابێت و ره‌وانیه ماڵی که‌س تاڵان بکه‌یت' ده‌ڵێت: ئه‌م وته کۆنانه له خۆیاندا کوشنده‌ن، له ڕاستیدا ژیان له خۆیدا له کوشتن وتاڵانکردن پێک هاتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جیهان جیهانی شه‌ڕبێت مرۆڤ ئه‌بێت دۆژمنی خۆی بناسێت و خۆی چهکدارکا بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی. شه‌ڕ بۆ داموده‌زگای ته‌قلیدی کۆن بێ که‌ڵکه، شه‌ڕ ده‌بێ له سه‌ره‌تاوه، له منداڵیه‌وه، له گه‌نجییه‌وه ده‌ست پێبکا، پێویسته پێشه‌واو سه‌رکرده‌ی کۆن و دۆڕاو و ئه‌وانه‌ی که هه‌تا ئێستا به‌زیوو وخۆفرۆشن و دۆڕاوبوون خانه نشینیان بکه‌ین و بگه‌ڕێین و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و دروستکردنی پێشه‌وای ئازا‌و زانا‌و تێکۆشه‌ر بده‌ین، به هیواداریهوه به‌ره‌و ژیانێکی تازه‌و سه‌رکه‌وتن و مه‌زنی. بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ویستی ده رونیمان که ئازادی وڕزگاریه لهتهوق و زنجیری کۆنی کۆیله‌یی وژێرده‌سته‌یی ونه‌زانی ودواکه‌وتن. گه‌یشتن به‌و ویسته ده‌روونیانه وه‌ک ژیانێکی هه‌میشه‌ییه له‌سه‌رکه‌وتندا که ده‌ستکه‌وتی مرۆڤی نه‌ترس وکۆڵنهدهره.....
به‌شی چواره‌م:-
له به‌شی چوارهه‌مدا، زه‌رده‌شت ستایشی جوتیارو ڕه‌نجده‌ر ده‌کات، له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه که به‌رهه‌م له‌زه‌وی ده‌رده‌هێنن ده‌ڵێت: ئه‌و مرۆڤانه ته‌ندروستن، به‌توانان، که‌ل له‌ڕه‌ق و کۆڵنه‌ده‌رن، به‌لام هێشتا پیاوی مه‌زنم نه‌بینیوه، ئه‌وه‌ی که له خه‌ڵکیتر جیاوازه به زیره‌کی و نه‌ترسی به‌توانایی. له‌م جیهانه‌دا که جیهانی کۆمه‌ڵی لاواز ونه‌فام وبێ به‌رهه‌مه، مۆرڤی مه‌زن جێی نابێته‌وه‌و جیاناکرێته‌وه، چونکه ئه‌مانه میلله‌تی ده‌ست بڕو درۆزن و سیحربازن که دوای ئاینی کۆن وکه‌لتوری کۆن و ته‌قلیدی که‌وتوون له گۆڕان ده‌ترسن. زه‌رده‌شت ڕێکه‌وتی پیاوێکی درێژی زهعیقی ڕه‌ش پۆش ده‌کاو ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ش درۆزنێک و تهڵهکهبازێکی دیکه، له‌وانه‌ن که ده‌ڵێن له جیهانی غه‌یبه‌وه هاتووین وخه‌ڵات و به‌ره‌که‌تی خوامان پێیه، به‌لام هێشتا که‌س شوناسنامه‌ی ئه‌م پیاوه نازانێ، که دێته پێشه‌وه‌و ده‌ڵێت: 'تازه له جه‌نگه‌ڵه‌وه دێم و ئاگاداری دهنگوباسی نوێ نیم' له وه‌ڵامدا زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: 'ئه‌و خوایه که تا ئێستا خه‌ڵک باوه‌ڕی پێ‌بوو نه‌ماو مرد.' پیاوه‌که ده‌ڵێت: ' من ئاخر قه‌شه‌م و وازم هێناوه له ئاینم، به شوێن ڕێگه‌ی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێم، بۆ ئه‌وانه ده‌گه‌ڕێم که باوه‌ڕیان به‌و خوا کۆنانه‌ی پێشوو نیه، و به‌دوای زه‌رده‌شتدا ده‌گه‌ڕێم.' له شوێنێکی دیکه‌دا زه‌رده‌شت لێقه‌وماوێک ده‌بینیێ، به‌زه‌یی نایه‌ته‌وه به لێقهوماوهکهدا، چونکه به‌لای زه‌رده‌شته‌وه یارمه‌تی نه‌دان چاکتره له یارمه‌تیدان.
ڕه‌خنه گرانی نیتشه‌و زه‌رده‌شت ده‌ڵێن: 'ئه‌گه‌ر خوای خه‌یاڵی مردووه و چاکه‌و خراپه شتێکی تایبه‌ت و ڕێژه‌یی یه‌و ڕاست ودرۆ بۆهه‌موو که‌س وه‌ک یه‌ک نییه، ئایا هه‌ستان به هه‌ر جۆرێک کاری چاک یان خراپ نابێت له ڕاده‌یه‌کدا سنوری بۆ دابنرێت؟ ' له‌وه‌ڵامدا زه‌رده‌شت له فهلسهفهکانیا ویست و هیواداری و کۆڵ نه‌دان دروست ده‌کات. ئه‌وانه‌ی که دێن بۆلای په‌سه‌ندی بیروڕاو ئامۆژگاریه‌کانی ده‌که‌ن، پێیان ده‌ڵێت: 'من به‌ته‌نیا ناتوانم هیچتان بۆ بکه‌م، ده‌بێت خۆتان هه‌وڵبده‌ن بۆ خۆبه‌هێزکردن شان و بازوتان به هێزبکه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر گوێتان له ته‌پلی شه‌ڕ بوو نابێت له‌ترسا بله‌رزن. زه‌رده‌شت هه‌رگیز له شاخه‌کان چاوه‌ڕێی میوانداری خه‌ڵکی لاوازی نه‌ده‌کرد. ئاوا زه‌رده‌شت ڕابه‌رایه‌تی میلله‌تی ده‌کرد. له فهلسهفهکانیا شه‌وقی ڕووناکی و هیواداری و توانا وکۆڵنه‌دان هه‌یه، چونکه ئه‌مانه له پێویستیه گرنگه‌کانی مرۆڤی به‌رزو به‌هێز وشادن، به‌م شێوه‌یه میلله‌تێکی سه‌رکه‌وتوو خۆش گوزه‌رانمان ده‌بێت، له‌باره‌ی سنوردانان بۆ ویسته ده‌رونیه‌کان، هۆشیاری و زیرهکری مرۆڤ خۆی چاک و خراپ له یه‌ک ده‌کاته‌وه و خۆی پهسهندکاردهبێ بۆ هه‌ر کامیان. زه‌رده‌شت که له سه‌ره‌تاوه هاته مه‌یدانی بازاڕه‌وه بۆ وتوێژکردن له گه‌ڵ خه‌ڵکدا، ده‌بوو چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ساویلکانه‌ی ئه‌و خه‌لکه بێ، چونکه ئه‌وانه خه‌ڵکێکی گوێگر‌و تێگه‌شتوو نه‌بوون. زه‌رده‌شت بۆی ده‌رکه‌وت که ئه‌و خه‌ڵکه ئاژاوه‌چی وبهرهڵڵایه پێویستی به پێشه‌وای مه‌زن هه‌یه، مه‌زنی له‌وه‌دایه که بتوانێ ئه‌و میلله‌ته به‌ره‌ڵڵایه یه‌ک بخات و زانیار‌و هۆشیاریان بکات.
لێره دا نیتشه دێته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی که مه‌یدانی بازاڕ شوێنی پیاوی به‌رزه بۆ وتوێژی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا. نیتشه له ئهگۆرای یۆنانی یه‌وه فێربوو که له‌گه‌ڵ میلله‌تی یۆنانی دا له شاری ئه‌سینا باسی ڕامیاریان ده‌کرد له بازاڕدا، ئه‌م شێوه بازاڕیه نه‌ک ته‌نها له شارستانیه‌تی کۆنی یۆنانیدا به‌ڵکو له نێو میله‌تانی ئیسرائیلی کۆنیشدا بووه، بۆ نموونه پیاوه ئاینیه‌کان باسی ڕامیاری و باسی ده‌رکردنی سه‌رکرده‌ی زاڵم و خراپیان ده‌کرد. له پاش چه‌ندین ساڵ ڕه‌نجدان و کارکردن و کۆڵنه‌دان. زه‌رده‌شت هه‌ستیکرد به‌به‌رهه‌می ڕه‌نجدانی، به‌یانیه‌کیان که له‌گه‌ڵ گیان لهبهرهکانیدا بوو، چه‌ند پیاوێکی عاقڵ و زانا میوانی بوون له ئه‌شکه‌وتێکدا، سه‌رسام بوون به بیده‌نگ بوون و کڕو کپی هه‌موو گیان له‌به‌ره‌کان، که چووه ژووره‌وه سه‌یریکرد ئه‌و پیاوه ماقوڵانه‌ی بینی خه‌ریکی نوێژکردن بوون حاڵیان لێهاتبوو له‌به‌رده‌م گوێدرێژێکدا که به خوایان دانابوو. ته‌واو سه‌ری سوڕما. له‌پڕێکدا که‌ره‌که ده‌ستیکرد به زه‌ڕین وه‌ک وه‌ڵامی نوێژکه‌ره‌کان بداته‌وه. زه‌رده‌شت پرسی ئه‌وه چی ڕوویداوه؟ له‌وه‌ڵامدا خه‌لکه‌که ووتیان: 'گه‌ر که‌رێک به‌خودا دابنێین باشتره له‌وه‌ی که خودامان نه‌بێت.' به‌ڵام زه‌رده‌شت لێیان تووره‌بوو ئه‌و کردارهیانی به منداڵانه‌و گه‌وجانه ده‌بینی.
لێره‌دا بۆی ده‌رکه‌وت که‌ئه‌وانه هێشتا ئاماده‌ی گۆڕان نین و ئه‌و خه‌ڵکه نین که ئه‌و ده‌یه‌وێن، له پاش ئه‌م ڕووداوه زه‌رده‌شت له ناوشاخه‌کان مایه‌وه‌و چاوه‌ڕوانی ڕۆژی نوێی کرد. که ڕۆژ هه‌ڵات سه‌یری کرد ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ی زه‌رده‌شت خۆشی ده‌ویستن ده‌وره‌یان داوه. کۆمه‌ڵێکی زۆر باڵنده به‌سه‌ریانه‌وه ئه‌فڕین و ئه‌سوڕانه‌وه. له پڕێکدا شتێکی سه‌رسوڕهینه‌ر ڕویدا، ده‌ستی درێژکرد، ده‌ستی گه‌شته سه‌ر ملی ماینه‌که‌ی، ده‌ستی به مووی ملی ماینه‌که داپۆشرا، له هه‌مان کاتدا گوێی له نه‌ڕه‌ی شێرێک بوو، وه‌ک ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی سه‌ری له ئه‌ژنۆی زه‌رده‌شته‌وه ئه‌سو. زه‌رده‌شت به‌م ڕووداوه شاد‌و به‌هره‌دار وبه‌خته‌وه‌ر بوو، ووتی: ئه‌مه به‌ره‌به‌یانی منه‌و ڕۆژی ڕووناکی منه، له‌به‌رئه‌وه په‌یمانی تازه کرده‌وه که به‌رده‌وم بێت له‌سه‌ر په‌یامه‌که‌ی. زه‌رده شت شاد‌و به‌هێز له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی ڕووناکی وه‌ک ڕۆژی به‌ره‌به‌یان له‌پشت تارمایی شاخه‌کانه‌وه سه‌ری ده‌رهێنا، ئیتر ئه‌شکه‌وته‌که‌ی به جیهێشت.
سه‌رچاوه‌کان: ئه‌ی. ڤی، ویلیامز: ' زه‌رده‌شت په‌یامبه‌ری ئێرانی کۆن' نیویۆرک 1952
پۆڵ کیگان، ئه‌زمونی ئاینه جیاوازه‌کان، له‌نده‌ن 1941
واڵته‌ر کۆفمان، ده‌ست نووسه‌کانی نیتشه، نیۆیۆرک 1959
مهیری بۆیس، زه‌رده‌ست، له‌نده‌ن 1979
ئیرڤین، ئێن، زێتڵین، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر نیتسه، پۆلیتی پرێس له‌نده‌ن 1994
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست