ئەو کاتەی دەوڵەت ئەگۆڕێ بە عیلەت
Thursday, 19/01/2012, 12:00
لەوەتی مێژووی مرۆڤایەتی ئاشنا بوە بە دەسەڵات،دوو جۆر دەسەڵات بەدی کراوە کە دواتر ئەو دەسەڵاتە فراوان بوەو خۆی لە سیستمی بەڕیوەبردنی گشتیدا بینوەو وەك حکومەت-ڕۆڵی دەرکەوتوەو ناسراوە. دیارە شێوازی یەکەمیان، خۆی لەسنورێکی جوگرافی بچوکدا دەرکەوتوەو شێوازێکی بنەماڵەیی پیوە دیار بوەو هاوڵاتیانی وەك مناڵ و خێزانی خۆی سەیر کردوەو مامەڵەیەکی تەسکی بنەماڵەییان لەگەڵدا کردوە.. دیارە ئەم شێوازە هەروا نەماوەتەوە دواتر بەپێی گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە چۆنایەتی و چەندایەتیدا ، نەکراوە چی تر کار بەو سیستمە بنەماڵەییە بکرێت و دواجار بەهۆی چەند فشارێکی جۆراو جۆر کۆتایی پێهێنراوەو گۆردراوە بە سیستمێکی نوێی تر کە وەك دەسەڵاتی حکومەتی هەڵبژێردراوی هاوڵاتیاندا دەرکەوتوەو توانیویەتی لەگەڵ داواکارییە هەنووکەییەکاندا هەڵ بکات و لەهەمان کاتیشدا وەك حکومەتی سەردەم دەرکەوتوە.
گەر وەك نمونە باس لە دوو دەوڵەتی دیموکراتی وەك ئەمریکا و سوید بکەین، ئەوا ئەزانین کەوا حکومەت- کاری تەنها چاودێری کردنە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی بەخۆشگوزەرانی ژیانیان بگوزەرێنن، ئەم جۆرە سیستمانە، هەڵبژێردروای هاوڵاتیانەو ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەوانەوە دەنگی مانەوەو لابردنیان کۆتایی پێدێ. بۆیە لەڕاستیدا پێیان ئەوترێ-حکومەتی هاوڵاتی- هاوڵاتیانیان لەئەرك و مافدا یەکسانن ، جیاوازی نیە لەنێوان رەگەزەکان. هەروەها یاسا بەتەواوی سەروەرەو هیچ کەس لەسەروی یاساوە نیە. خۆشبەختانە یەکێ لەسیفاتی ئەم سیستمانە ئەوەیە هیچ جۆرە گۆرانکاریەك لە شێوەی توندو تیژی و بەکارهێنانی هێزی سەربازی و کودەتاو شەڕی پارتیزانی نابینرێ(لەمێژووی ئەم دوو دەوڵەتە هیچ جۆرە شۆڕشێك بەرپانەبوە بۆ گۆڕین). پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حکومەت پەیوەندیەکە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی تاك دروست بوە و هاوڵاتی سەربەخۆیی تەواوی هەیە لە بڕیارەکانیدا.
بەپێچەوانەی ئەو نمونەی سەرەوە، گەر باس لەدوو وڵاتی نادیموکراتی وەك عێراق و ئەفغانستان بکەین ، ئەوا هەموو وڵات کراوە بەدوو بەشی نابەرانبەرەوە، چینێکی زۆری هەژار ، کە ئاواتەخوازی ئەوەن ڕۆژێ زووتر بمرن و چی تر لەگەڵ ئەو حکومەتانەیان ژیان نەگوزەرێنن کە بەزۆری زۆردا خۆیان سەپاندوە بەسەریاندا، وە چینی دووەم کە هی دەسەڵاتدارانن، خۆیان لە سەرۆك و مەسئولەکان و دارو دەستەکانیان ئەبینننەوە کە بونەتە مۆتەکەو لە ملی هاوڵاتیان ئاڵاون و وەك مۆرانە کەوتونەتە کەوڵیان و هەر ڕۆژەی بە بیانویەك خوێنیان ئەمژن.. ئەم جۆرە لە دەسەڵات ، ئەگەر چی شێوازێکی شەرعی هەیەو وەك خۆیان ئەڵێن بەهەڵبژاردن هاتون، لێ لەڕاستیدا وانیەو هەر لەیەکەمین ڕۆژەوە جگە لەوەی بە شێوازی ناشەرعی و تەزویرو کڕینی دەنگی هاوڵاتی و لەزۆرکاتدا بەکارهێنانی شێوازی تەرغیب و تەهدید- توانیویانە بێنە سەر حازری و وەك سەردارێکی دیموکراتی و ئاشتیخوازانە رەفتار ئەکەن.
ئەوڕۆ گەر دەرگای وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا واڵا بکرێ بۆ جیهان، ئەوا بێ یەك و دوو سێ لەسەر یەکی هاوڵاتیانی ئەم گەردوونە ڕوویان تێئەکەن، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتانە جگە لەوەی دۆزەخێکی ئامادە کراو بۆ هاوڵاتیانیان هیچی تریان بۆ فەراهەم نەکردون.. گەر لەهاوڵاتیەکی سۆماڵ، عێراق، ئەفغانستان، تونس، میسر، یەمەن، سوریا، ئێران،،،هتد،بپرسن، ئایا وڵاتی خۆتان خۆش ئەوێ و ئاڵاکەیتان لا پیرۆزە، ئەوا دڵنیاین لەوەی کە وەڵامی هەر هەمویان یەکەو ئەویش ئەوەیە، وڵات بەمن چی،چی لەئاڵایەك بکەم کە دەنگ و ڕەنگی من نەبێ، چ لە وڵاتێکی وەك مەکسیك- بکەم کە هەمو هاوڵاتیانی لەخوایان ئەوێ بەجێی بێڵن و ڕوو بکەنە ئەمریکا بۆ پاروەیەك نان!!
ئەو کاتە دەوڵەت و ئاڵاکەی شیرینە کە بەهی خۆتی بزانی، لەکاتی بێکاریدا پشتت تێنەکاو پەراوێزت نەخا.. ئەو کاتە بەهی خۆتی ئەزانی ، کەلەکاتی ئیمرجێنسیدا بەهاناتەوە بێت و لەمردن ڕزگارت بکا، وەیان خۆت تیایە بەکرێچی نەزانی و وەك میوانێك لێت بڕوانێ.
جا گەر هەنووکە کوردستان ببێ بەو دەوڵەتەی وەك ئەمریکا و سویدا، وەیان گەر تۆزێکیش لەوەو بچێ، ئەوا سەد جار دڵمان پێی خۆش ئەبێ و یەك مانگ ئاهەنگی بۆ ئەگێڕین و ئامادەین ئاڵاکەی وەك پۆشاك لەبەری خۆماندا بدورین، خۆ ئەگەر تەنها دوو بنەماڵەی وەك بارزانی و تاڵەبانی دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرن و ئازادی ژێر پێ بخەن و سەروەت و سامانی بدزن و یاسای تیا بەر قەرار نەبێ و هەر ڕۆژە نا ڕۆژێ خەڵکی بیر لەگۆڕینیان بکەنەوەو خەریکی شۆڕش و خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و شێوازی توندو تیژی بن، ئەوا ئەو حکومەت و دەوڵەتەمان گەر نیەو خوا بیبڕی باشترە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست