چرکە ساتێک لەگەڵ بەڕێز لەیلا زانا
Monday, 02/12/2013, 12:00
1900 بینراوە
سیاسەت بۆ تاکی کورد وکۆمەڵگای کوردەواری وەک ئەو دەچێ ، مرۆو پیادە بێ وڕزقی سوار !؟ کە قەت نایگاتێ . کەم نەتەوە هەن لە سەت ساڵی رابوردوودا وێنەی نەتەوەی کورد خوێنی ڕژابێ کە چی زۆریان گەیشتونە ئاواتی سەربەخۆیی بۆ خۆیان یانژی بە شێوەگەلی سیستمی خودگەردانی یا فیدڕاڵی یا کۆنفیدڕاڵی یا .....وڵاتەکەی خۆیان بەڕێوە دەبەن . هەر چەند گەیشتن بە ئاواتەکان لە کۆمەڵگای کوردوستاندا هەنگاوێکی مەزنە بەڵام دوا هەنگاو نییە . ئەوی کە بڕیاری سەرەکی دەدا چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆماڵگایە (نمونەی هەرە زیندوو بەشێک لە باشوری وڵاتە کە چۆن بەڕێوە دەچێ) . بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا یا جوغڕافیای وڵاتێک پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دامودەزگاو کەسانێک هەیە کە لەبواری سیاسەتو فەرهەنگو ئەخلاقی دوور لە درۆو دزیو گەندەڵی هەناگاو باوێن و بۆ پەروەردەکردنی تاکەکان کەڵک لە ئەزمونی دەرەکی و ناوخۆیی وەرگرن .
تەنیا هەڵویستی شۆڕشگێڕی وخۆ گرێدان بە ویستو خواستی کۆمەڵگا نابێتە مەرجی سەرەکی بۆ ئەوەی کەسێکی خاوەن هەست بتوانێ خۆی لە قەرەی کاروانی ئەو ڕێگایە نزیک بکاتەوە وبە پێی هێندێک داخوازی سەپێندراو هەنگاو بنێ وبڕیار بدا .بەداخەوە زۆر جار سیاسەت لای ئێمەی کورد وێنەی سەرداوی دەزووی دەرزی یا سوژنە کە داییم بە دوایدا دەگەڕێ وقەت ناچێتە شوێنی خۆی !؟
لە مەیدانی سیاسەتدا بەرانبەر بە چارەسەر کردنی کێشەی کورد ،، خاتوو لەیلازانا ،، یەکێک لەو کەسایەتیانەیە کە هەر کات لەسەر شاشەی مێدیاکانەوە دەیبینم شانازی بە خۆم دەکەم وسەرم پێی بڵیندە کە شێرە ژنێکی ئاوا لەسەر دەمی دڕەندەترین دوژمنی کورد لە پارڵمان بە رەنگی ، کەسکو، سورو، زەرد ،سوێندی پێکەوە ژیانی گەلانی هێنایەسەر زمان بۆ ئەو چەند وشەیەش شاباشی خۆی داو قیت هەڵدەپەڕێ .لە حاند ئەو بوێریە و بەرخۆدانی لە زیندانەکانی قزڵباشی ئۆغوز تەبار کە لەخۆی نیشان دا بۆتە کەسایەتیەکی نادار لە مەیدانی سیاسەتدا .
ئەو ڕێزدارە بە هەڵسوکەوتی کوردانەی خۆی وای لەمن کردووە کە لە هۆدەی ژیانی غەریبیدا وێنەیەکی لسەر دیواری هەڵاواسم بە بێ ئەوەی دەستی قەستم هەبێ شەوو رۆژ ناڕاستەوخۆ بەدەیان جار دێتە بەر چاوم هەموو جارێکیش ئەو دێڕە شێعرەی هێمنی ناودارم دێتەوە یاد ، ئەو هێمنەی کە لە سەرسەری ژیانیدا بەدەست دیکتاتۆڕەکانی بیانیو خۆماڵیدا ناڵاندی چرکەساتێک نەحەسیا . هێمن دەڵێ :
بڕۆ مەجنون بە لەیلای خۆت مەنازە ،،،،،،،،،کە ناو بانگی پتر دەرکرد ئەوی من .
هەر چەند ئەو دێڕە بۆ شەهید لەیلا قاسم گوتراوە ، بەڵام گرینگ ئەو ناوەرٶکەیە کە لیلازانا و زاناکانی دیکە دەگرێتەوە . ماوەیەکە دەنگۆی ئەوەهەیە کە رێکخستنێک لەسەر ناوی کا مەسعود بارزانیوبنە ماڵەکەی لە رێگای لەیلا زاناو وکەسانی جودا لە حەڕەکەتی رزگاری خواز ئاکنج بکرێ وبۆ چارەسەری دۆزی کورد گۆیا نابێ ، نەشیش بسوتێ و نەکەباب ، هەم کاربەدەستو نەوەو نەبیرەی پاشماوەکانی عوسمانی رازی بن وهەمیش نەفتی ژێرچەنگی شاغوڵامەکانی باشور بگاتە بازاڕی جیهانی و گیرفانی خۆماڵی !
من وەک خۆم زوو بڕیار نادەم وچاوەڕوان دەمێنم کە ئەو دەنگۆیە هەتا کوێ دەچێ چەندی وەڕاست دەگەڕێ ، چون لە لای مەمانان کە لەکۆمەڵگایەکی نەخۆشدا ژیاوین ودەژین زوو بڕیار دان وەک فرێزوو ریشە رادەکێشێ مرۆوی پێ کڵۆڵ دەبێ . بەڵام تاکی خاوەن ڕا دەبێ ئەو پرسیارە ی بۆ دروست ببێ ؟ کەهەرکەسو حیزبێک پێویستی بەوەیە کە بە گەزو ڕبەی خۆی بپێورێ، بەوواتایە ئەگەر حیزبەکان منەتی ئەوەمان لەسەر بکەن کە ئێمە خاوەنی هەزاران شەهیدین و بابو باپیرمان حەماسەی خوڵقاندووە بۆمانهەیە چارەنوسی هەمووکەس بخوڵقێنین ، سیاسەتێکی چەوەتە .
دوژمنانی نەتەوەکەمان ، گوێزێکمان لێ دەکەنە گومبەزێک ، داوای سەرەتایی ترین مافی خۆت بکەی ،داوای کوردوستانی گەورەبکەی ، هەر وەکو یەک چاوت لێ دەکەن !ئەو فیشەکەی کە سنگی کوردی پێ هەڵدەدڕن قەت لێی نەنوسراوە ،فیشەکی خودموختاری یان فیدڕالی یا،،،،،،، بە رێزدار لەیلازانا دەڵێم : لەشارەکانی رۆژئاوای باکوری وڵات پڕە لەسەرۆک عەشیرە و کەسانی کوردکوژی دیکە ئەگەر قەرار بێ حیزب دروست کەی با لەوانی دروست کەی با خۆت رەنجەڕۆ نەکەی و نەکەویە بەر هورووژمی ناجەوان مەردانی کەس وناکەسان و لەسەر حیسابی خوێنی رۆڵەی کورد مامەڵەت لەسەر بەڕێوە نەچێ . لەتەختی دڵەوە خۆشم دەوێی ناخوازم بیر لەو رۆژە بکەمەوە کە وێنەکەت لەسەر دیواری دڵم بێنمە خوارێ .
جەعفەر کەریمی ، ٢/١٢/٢٠١٣
ت/ فەنلاند