وە ڵامێك بۆ ڕێكخراوى بیناسازى بەشى دووەم
Saturday, 17/11/2012, 12:00
بەڕێزانى سەندیكاكانى كرێكاران و ڕێكخراوى بیناسازى كوردستان بەبۆچوونى بەندە لەم كاتەدا هیچ یەكێك لەئێوە نەبوونەتە جێگە متمانەى كریكاران لەبەر ئەم خاڵانە:-
أ- ڕێكخراوى بیناسازى :
1- ئەم ڕێكخراوە هەرچەندە ڕەگوڕیشەى میژوویى هەیە بەڵام لەهەرێمى كوردستان تاكو ئێستاش ڕەنگە بەوجۆرە نەناسرابن كەخۆیان تێى گەیشتوون بۆیە هەرگیز كارى خەیاڵاوى نابیتە واقیع .
2- كادرانى ئەم ڕێكخراوە بەو ئەندازەیە ناسراو نین لەناو چەقى كارە كرێكارییەكاندا بۆیە بێویستیان بەتێكەڵبوونى كرێكاران هەیە .
3- ئەم ڕێكخراوە هەرچەندە هەڵگرى ڕێبازێكى ئایدۆلۆژیی داخراوە بۆیە بەم جۆرە كاركردنانە ناتوانن نوێنەرایەتى سەرجەم كرێكارانى بیناسازى بكەن هەربۆیە پێویستە خزمەت بەسەرجەم كرێكاران بكەن بێگوێدانە ڕەنگ و زمان و بیرو بۆچوون .
4- ئەم ڕێكخراوە لەڕوى پەیوەندییەوە پەیوەندى بەهێزى لەگەڵ ڕێكخراوە نێو نەتەوەییەكاندا نیە تاكو لەم ڕێگایەشەوە بتوانن كریكار لەیاساو ڕێسا نێو دەوڵەتییەكان و بەتایبەتى ڕێكخراوى كارى نێو دەوڵەتى ئاشنا بكەن .
5- كەموكوڕى ئەم ڕێكخراوەلەوەدایە ئەوەندەى بەربەرەكانى حكومەت دەكەن لەتوانجى سیاسیەوە ئەوەندە پێداگرى لەسەر مافەكانى كرێكاران ناكەن .
6- هەڵەى گەورەى ئەم ڕێكخراوە ئەوەیە ئەوەندەى بیر لەسەرنگونكردنى دەسەڵات دەكەنەوە بۆگرتنە دەستى دەسەڵاتێكى پڕۆلیتارى ئەوەندە بیر لەبەشدارى یان هەماهەنگى دەسەڵات ناكەنەوە, كەسروشتى ڕێكخراوى كۆمەڵگەى مەدەنییە .بەجۆرێكیتر ئەوەندەى ڕادیكاڵە ئەوەندە ریفۆرمخواز نیە .
7- ئەم رێكخراوە نەیتوانیوە لەكارگەیەكدا بۆجارێكیش سودلەناڕەزایى كرێكاران وەربگرێت و كرێكاران بڕژێنێتە سەر شەقام یاخود لەشوێن كارەكانیاندا كارگەیەك لەكار بخەن . بەجۆرێكیتر نەبونەتە ڕێكخراوێك تەنانەت گروپێكى فشاریش بۆسەر دەسەڵات .
8- كادرەكانى ئەم ڕێكخراوە ئەوەندەى تیۆرین و پشت بەنەزەرییات دەبەستن ئەوەندە پاڵەوانى حەرەكى یان كارەكتەرى كردارەكى نین .
ب - بەدەر لەمانە یەكێتى سەندیكاكانى كرێكارانیش كەموو كورتى زۆر بەدى دەكەین كەئەوانیش پێویستە هەنگاوى جدى بنێن تاكو سەندیكاكانى كرێكاران لە قەیران ڕزگار بكەن :
1- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە بەرنامەى كار یان پەیڕەوى ناوخۆى هەبێت .
2- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە چاو بەئەزموونى ساڵانى ڕابردوودا بخشێنێتەوەو سود لەكارەكانى پێشوو وەربگرێت چونكە ئیستا سەندیكاكانى كرێكاران بەخراپترین دۆخدا تێپەڕدەبێت .
3- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە جارێكیتر هەنگاو بەرەو زیندووكردنەوەى پەیوەندیەكانیدا بخشێنێتەوە هەر لەڕێكخراوە هاوشێوەكانى چ لەناوەوە یالەدەرەوە بەمەبەستى كرانەوەى زیاتر, هەروەها پێویستە پەیوەندییەكانى لەگەڵ وەزارەتى كارو بەڕێوەبەرایەتیەكانى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى دا باشتر بكات.
4- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە گرنگى بەكادرى بەتواناو شارەزا بدات كەبەداخەوە لەم ڕوەوە زۆر هەژارە .
5- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە گرنگى زیاتر بە سەرۆكى سەندیكاى بیناسازى عوسمان حمە سعید بدات بەهۆى شارەزایى لەیاساكانى كارى ئێراقى و یاساى كارى نێو دەوڵەتى و ئامادەبوونى لەهەموو رووداوو بەرگریكارێكى سەرسەختە لەمافەكانى كرێكاران .
6- بەهۆى هەڵسوڕانى سەرۆكى سەندیكاى كارگوزارییەوە پێویستە هاوكارى زیاترى ئەم سەندیكایە بكرێت .
7- پێویستەسود لەئەزموونى ڕۆژنامەنوسى بەتوانا سەید عەتا وەربگیرێت و شوینى شیاوى پێبدرێت .
8- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە چیتر بەهەر بیانوو پاساوێكە گۆنگرە پشت گوێ نەخات بەزووترین كات هەنگاوى بۆ بنێت .
9- سەندیكاكانى كرێكاران داماڵراوە لە بوونى لیژنەى سەندیكایى لەسەرجەم پیشەكاندا زۆرێك لەلیژنەكان نەماون یاخود لەپێنچ ساڵ زیاترە هیچ هەڵبژاردنێكیان بۆ نەكراوە,بەواتا هیچ ڕایەڵەیەكى پەیوەندى لەنیوان سەندیكاو كرێكاراندا نیە.
10- سەندیكاكانى كرێكاران دەبێت لەڕێگاى خزمەتكردنەوە سەرنجى كرێكار كێش بكەن بەجۆرێك كەئارەزوومەندانە كرێكاران و پیشەوەران پەیوەندى بەسەندیكاكانەوە بكەن نەك بەهۆى هەرگوشاروفشارێكەوە , یان ڕێكەوتنێكى نایاسایى نێوان فەرمانگەیەكى حكومى و سەندیكاى كرێكاران , بەشێوازێكیتر خۆدورگرتن لە خزمەتكردنى كرێكاران لەبەرانبەر دەسكەوتى مادى .
بەڕێزانى هەردوو ڕێكخراوى كرێكاران و سەندیكاكانى كرێكاران ئومێد دەكەین ئەوەندەى بەتەنگ چارەسەرى كێشەكانى كرێكارانەوە بن بەشێوەیەك كەهەوڵیزیاترو بەبڕشتتر بدەن تاكو لەڕێگاى خەباتى سەندیكاییتانەوە پڕدەسكەوتتر بن و بەهەوڵ و فشارى هەردوولا دەتوانن پێداگرى زیاتر لەسەر بەپەلە هەمواركردنەوەى یاساى كارو یاساى ڕێكخستنى سەندیكایىو چارەسەرى ئەوكەمووكوڕتیانەى كەلەیاساى خانەنشینیدا دواى هەمواركردنەوەى بەشێوەیەكى كرچ و كاڵ هەرماوە بەتایبەت لە بوارى بیناسازیدایە هەوڵتان بنەخشێنن .
بەندە كارى دوو ڕێكخراوو بەشێوەیەكى تەندروست دەزانم بەومەرجەى لەئاست باشتركردنى ژیان و گوزەرانى كرێكاراندا هەولى هاوتەریب و پێشبڕكێى خزمەتكردن بگرنەبەر..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست