دە پێشنیار بۆ كاندیدەكانى پەرلەمان
Wednesday, 31/07/2013, 12:00
1456 بینراوە
مووچەیەكى باش و دابینكردنى پاسەوان و وەرگرتنى زەوى و شوقەو دەرفەتى دامەزراندنى خزم و كەس و كارە نزیكەكان و كۆمەڵێ ئیمتیازاتى تر كە نایەنە ژماردن.. دواى ئەویش خانەنشینكردن بەموچەیەكى بەرز، هەموو ئەوانەو چەندان هۆكارى تر بازاڕى بوون بەپەرلەمانتاریان گەرم كردووە، بەڵام ئەوەى تێبینى دەكرێت رێژەى دەنگدەر ساڵ بەساڵ كەمتر دەبێتەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر نەمانى متمانەى زۆرینەى خەڵك بەپەلەمانتار بەهۆى ئەوەى زۆرینەى پەرلەمانتار لەماوەكانى رابردوودا هێندە لەخزمەت بەرژەوەندى خۆیان هەوڵیان داوە هێندە بەرژەوەندى خەڵك و بەرژەوەندییە نیشتمانى و نەتەوەییەكانیان لەبەر چاو نەگرتووە.
بۆیە لێرەدا پێشنیارێك بۆ كاندیدەكانى پەرلەمانى كوردستان دەخەمە روو ئەگەر دەیانەوێ ببنە پەرلەمانتارو متمانەى خەڵكى كوردستان بەدەست بێنن، با ئەم هەنگاوانە بهاوێژن بۆ ئەوەى بیسەلمێنن لەبوونیان بەپەرلەمانتار چ بەرژەوەندییەكى خۆیان لەبەر چاو نیە، بەڵكو مەبەست لێى خزمەتكردنى خەڵكى هەژارو كەمدەرامەت و نیشتمانەكەیانە، ئەوكات پەیڕەوى ئەم خاڵانە بكەن بۆ ئەوەى لەساڵانى داهاتوودا ژمارەى كاندید كەمتر ببێتەوەو رێژەى دەنگدەریش زیاتر دەبێت.
هەر كاندیدێك لەدادنووس بەڵێننامەیەك پڕ بكاتەوەو تێیایدا ئەم خاڵانە بنووسێت و لەراگەیاندنەكاندا یا لەرێكلامەكانیدا بڵاوى بكاتەوە:
1- هەر كەسێك خۆى كاندید كردووە مووچەیەكى هەیە پێى بژیت، بۆیە بەڵێن بدات ئەگەر بەپەرلەمانتار دەرچوو، ئەوا ئەو مووچەیەى پێى دەدرێت كە نزیكەى هەشت ملیۆن دینارە، ناوى (40) هەژارو كەمدەرامەتى بێ مووچەو لێقەوماوى باشوورى كوردستان لاى خۆى تۆمار بكات، بۆ ئەوەى مانگانە (200,000) هەزار دیناریان بۆ ببڕێنێتەوە لەو چوارساڵەى كە پەرلەمانتارە.
2- لەبڕى چوار پاسەوانى تایبەت، چوار گەنجى دەرچووى كولێژو پەمانگاكانى ئەم وڵاتە كە تەزكیەیان نیە دابمەزرێن، دایانبمەزرێنن، لەبەر ئەوەى پەرلەمانتار كە دەنگى 10.000 كەسى بەدەستهێناو لەلایكى تریش رەوشى ئاسایشى كوردستانیش ئارامە، پێویستى بە پاسەوان نابێ.
3- بێگومان كەسى كاندیدكراو هەژار نیەو خانووى خۆى هەیە بۆیە ئەگەر شوققە یان زەوى وەرگرت بیدات بە گەنجێكى هەژار كە تازە هاوسەرگیرى ئەنجامداوەو لەخانووى كرێ نیشتە جێیە.
4- لەپەرلەمان نەخەوێ..!، بەڵكو پێویستیەكانى خەڵك بخاتە روو لەخزمەتى خەڵكى كوردستاندا بەچاوێكى ئەبڵەق كەموكوڕییەكان بخاتە روو.
5- بۆ هەموو پڕۆژە بڕیارێك دەست بەرز نەكاتەوەو لەهەموو كاتێكیشدا لەمێز نەدات، بەڵكو بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى و خەڵك بەگشتى لەبەرچاو بگرێت.
6- ژمارەى تەلەفۆنەكەى نەگۆڕێت یا داینەخاتەوە بەڕووى خەڵكدا دواى بوون بەپەرلەمانتار.
7- بچێتە ناو خەڵك و ئێش و ئازارەكانیان بگەیەنێ بەلایەنى پەیوەندیدارو چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
8- ساختەكارى نەكات بۆ بەدەست هێنانى دەنگ و مافى دەنگدەرى ترو كاندیدى تر نەخوات، چونكە ئەگەر وایكرد ئەوا خۆى بەگەندەڵى و فێڵكردن دەستى پێكرد چۆن دەتوانێ كار بۆ بنەبڕى ئەو دوو كلتوورە بكات.
9- دادپەروەرى و یەكسانى بكاتە ئامانج لەكاركردنداو تەنیا لەخەمى بەرژەوەندى و خۆى و كەس و كارى نەبێت.
10- ئەو ئوتومبێلەى بۆى دابیندەكرێت تەنیا لەكارى پەرلەمانتارى بەكارى بێنێ و دواى تەواو بوونى ماوەى پەلەمانتارى كە چوار ساڵە لەئەستۆى خۆى بكاتەوەو بیداتەوە پەرلەمان بۆ ئەوەى پەرلەمانتارێكى ترى دواى ئەو سوودى لێ ببینێ.
خاڵى تر زۆرن بەڵام من دڵنیام ئەگەر پەرلەمانتار ئەو دە خاڵە جێبەجێ بكات بازاڕى بوون بە پەرلەمانتار ساردتر دەبێتەوەو كاندیەكانیش بێگومان سەردەكەون و دەبنە پەرلەمانتار، با بزانین كام لەكاندیدەكانى ئەو جارە ئەم پێشنیارە جێبەجێ دەكەن.