كورد و هیوەندای
Thursday, 12/03/2009, 12:00
1800 بینراوە
لە ساڵی (1985) لە كۆمپانیایەكی كۆری كارم دەكرد كە ناوی هیوەندای بوو.كە ئەو كات نوێژنكردنەوەی شەقامی حەیفای بەغداد و دروست كردنی نەخۆشخانەكانی ئێراقی گرتبوە ئەستۆ بەرێوەبەری كۆمپانیاكە زۆری خۆشدەویستم چونكە دەیزانی بێجگە لە كاری كۆمپانیاكە لە كۆلێژی هونەرەجوانەكانی بەغداد قوتابیم بە بۆنەی كاری هونەریەوە فرە تێكەڵ بوبووین . ڕۆژیكیان دیاریەكی بۆ هێنام هەرچەند لە كاغەزی ئاڵاندبوو منیش بەس بە تەنها سوپاسێكەوە لێم وەرگرت ئێوارە گەیشتمە ژوورەكەی خۆم لە كاغەزەكەی دەرمهێنا بینیم پەیكەری كابرایەكی كۆری بوو رەشمەی مانگایەكی بە دەستەوەیە و مانگاكەش دوای كابرای گرتووە و لە بن پەیكەرەكە نووسراوە (مانگا دزە) زۆرم لە لا سەیر بوو شەو تا بەیان خەوم لێ نەكەوت هەر خۆم بە خۆم دەووت مەگەر بۆچی ئەم پەیكەرەم بە دیاری بۆ دەهێنێ تۆ بلێ شتێكی لیم بینیبێ دەیەوێ بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پێم بلێ . بەیانی لە پاش دەوامی كۆلێژ رووم كردە كۆمپانیا هەر چۆنی بوو خۆم گەیاندە ژووری بەرێوەبەرەكە لیم پرسی كە بۆچی ئەو پەیكەرەی بە دیاری بۆ من هێناوە .. پێكەنینێكی بۆ كرد ووتی هەڵیگرە بەكارت دێ رۆژێك دەبێ بەدیاریەوە دابنیشی ئەم گەلەو واتا كۆریا و گەلی كوردی خۆت بەراورد بكەی.. زۆرم لێ كرد كە شتیكم لە بارەی ئەم پەیكەرەوە بۆ باس بكا ئەویش بەم جۆرە هاتە گۆ.. ((ئەی تۆ نابێ شتی لە بارەی ئەو كۆمپانیاوە بزانی كە كاری تێدا دەكەی . كە خاوەنەكەی كێیە و چۆن ئەم سەروەت و سامانەی پێكەوە ناوە.؟؟ ئەمە پەیكەری خاوەن كۆمپانیاكەیە كە نانی ئێمەو تۆش دەدات.. بەڵێ لات سەیرو سەمەر نەبێ.. خاوەنە سەرەكیەكەی لە دزینی مانگایەكەوە ئەم سەروەت و سامانەی پێكەوە ناوە سەر گوزەشتەكەش بەم جۆرەیە: كاتی كۆریا لە جەنگی جیهانی دووەم بە دەس ژاپۆنەوە دەناڵێنی ئەوە بوو هەردوو جەمسەری زلهێزی ئەو كاتە كە سەرمایەداری و ئیشتراكی بوو و دوای زاڵ بوون بەسەر ژاپۆنا ئەم دوورگەی كۆریای ئێمە كرایە دوولەتەوە كۆریای باكورو كۆریای باشور هەرچی كۆریای باكور بوو بەر كەمپی سوور كەوت و ئەوەی تریا بەر كەمپی سەرمایەداری .. لە كەمپی سوور تا دەهات بژێوی مرۆڤایەتی بەرو شكستی دەرۆیشت چونكە لە چەك و تەقەمەنی بەو لاوە بیری لە هیچی تر نەدەكردەوە بۆیە خەڵكەكەی فێری شتی نالەبارتر بوون یەكی لەوانە دزی. جەردەیی .پیاو كوشتن . زۆربەی خەڵكی ئاواتە خۆازی ئەوە بوون كە ئەو كۆریا بە جێ بهێڵێ بێتە ئەم كۆریای ترەوە ئەمیش مەبەستم لە خاوەنی كۆمپانیاكەمانە دەس دەبا لە دێیەك مانگایەك دەدزی و سنوور دەبڕێ دیتە كۆریای باكورەوە ئەو كاتەش مانگا بە قیمەت دەبێ دەیفرۆشێ بە پارەكەی دەس دەكاتە بازرگانی و ئەم سەروەت و سامانە پێكەوە دەنێ بەڵام كاتێ سەروەت و سامان پێكەوە دەنی و دبیًتە خاوەن گەورەترین كۆمپانیا.. نەوەكانی كۆ دەكاتەوە و راستی كارەكەیان بۆ بەیان دەكا . هەر لە پارەی ئەو كۆمپانیایە بڕیار دەدا كە لە سەدا یەكی قازانجی ئەو كۆمپانیایە بۆ هەتاهەتایی بدرێتە ئەو شارەی كە ئەو دییە دەكەوێتە سنووریەوە و هەموو دێكەش برووخێنرێ و لە سەر شێوازی تازە بنیات بنرێتەوە و ساڵی سێ هەزار ئۆتۆمۆبیل لەم كۆمپانیایە ببخشرێتە ئەو شارەی كە دێیەكەی لە سنوردایە ئەمەو بێجگە لە زۆر شتی تری هونەری و تەندروستی كە بۆ ئەو شارو دێیە ئەنجامی داوە.. ئەمە سەر گووزەشتەی كابرای مانگا دزە)). بە داخەوە ئەو پەیكەرە لە تاڵانی نەوت و یەكا . برا . شكا . نازنم چی بەسەر هات بەڵام وەكو كابرای كۆری ووتنی ئەمڕۆ رۆژی بەراووردەكەیە ئەو وەفاداری بە ئەمەك و بەینت زانینەی ئەو كابراكۆریە بەرامبەر ئەو شارو دێیە دەیداتەوە. خۆزگایە بەرپرسانی كوردیش سێیەكی ئەو وەفادارییان بەرمبەر كورد دەدایەوە چەند لە باوشی دیهاتەكانا خۆتان گیرساندەوە و چەند لە ماڵەكانا پشووتان دا و لە سێبەری خانوو و باخەكانیانا راكشان و چەند خەڵكی ئەو دێهاتانە خۆیان كردە قوربانی بەس لە بەر ئەوەی تۆی بەرپرس لە ماڵكەیا نانت خۆارد.ئەی كیمیا باران ؟ ئەی ئەنفال؟ ئەی كۆچ ڕەوی بەكۆومەڵ نەبوو تاجی بوون و سەروەریان لە سەر تۆ نا؟؟ كەچی ئەمڕۆ بێزتان نایە ئاوریانش لێبدەنەوە ئەی ئەو كابرا كۆریە بۆچی بوێرانە دانی بە هەموو شتیكا نا . خۆ گەر بێتو وەكو ئێوە گوێ خۆی لێكەڕ بكردایە و چاوی خۆی سواغ بدایە وەكو ئێوەمانان خۆ كەس نەیدەزانی و دەیتوانی بۆ هەتا هەتا بیشارێتەوە بەڵام لە خەێڵەتی ئەوان كاری وا نەفرەتی لێ دەكرێ بۆیە ڕۆژ بە رۆژ پێشدەكەون .. ئەی بۆچی بەر پرسانی ئێمە ناوێرن شتی وا دەربڕن .. من لە بەرتی ئەوان دەڵێم دەریمەبڕە با لەكەدار نەبی با كەس بە چاوی ترەوە تەماشات نەكا بەڵام خۆ دەكرێ خزمەتی گوندو شارەكەی بكەی ..مەگەر كەم لە ماڵی جوتیاری بێ درامەتا نانت خۆارد؟؟ مەگەر كەم بە شەوی تاریك لە ماڵ دەرتدەكرد كە گوایە كاری شۆرشت بۆ بكا كەچی خۆت بۆ مەبەستە بۆگەنەكانت ئەو كردەوانەت دەكرد ؟؟ ئەی ئەمڕۆ رۆژی ئەوە نییە كە ئاوڕیان لێ بدیتەوە بە خۆتانا بچنەوە تاوەكو نمك حەرام نەبن. بۆیە خۆزگای كورد بەرامبەر ئێوە ئەوەیە كە بە قەد مانگا دزە كۆریەكەتان لە دەس بهاتبایە .. بەس ئەوەندە دەڵێم بە پەنجا وەرقەی دولار لادی ئاوەدان دەكرێتەوە ؟؟ مەگەر پێش ئەوەی لە پێناوی تۆی بەرپرسا وێران بكرێ لادێ نەبوو گوند نەبوو؟؟خۆ لەو كاتەوە بە دوخێ خۆیەوە بمابایە ئێستاكە شانی لە شانی شار دەدا و چی پیویستی بە ئاوەدان كردنەوەی تۆ نەبوو؟؟.. نەكارەبا .نە نەخۆشخانە. نە خزمەت گوزاری . ئەمەیە ئاوەدان كردنەوەتان ؟؟ ..ئەمەیە ئەو ئۆتۆمۆبیلانەی كە وەك كابرای كۆری بۆ لادیكان ڕەوانەی دەكەن ؟؟ ئەمەیە بڕی ئەو پارەیەیی كەلە سەدا ئەوەندە وەك كابرای كۆری بۆ شارو دێیەكان تەرخانی دەكەن خۆ كابرای كۆری بەس بە تەنها یەك مانگای دزی ئەو هەموو كارەی كرد ئەی دەبێ ئێوە چەند جاری ئەو بكەن تا مافی هەموو ئەو كەس و شوێنانە بدەنەوە؟؟ دەزانم خۆتان لە ئێمەو خوێنەری باشتر دەزانن
ئیستا زانیت خوێنەری بەرێز بۆچی ناونیشانەكە بە كورد و هیوەندای نووسراوەتەوە