کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مسعود بارزانى "سەرۆكی ئیدارەی‌ هەرێم لە ئێراق"

Monday, 01/10/2012, 12:00





دواى ئەوەى پارتە ژەهراویەكەى ئۆردوغانى پاشماوەى عوسمانیەكان، داوەتى گەلێك پارت و لایەنى سیاسى كرد لە هەرێمى كوردستان بۆ ئەوەى بەشدارى لە گۆنكرەكەى دا بكەن، خۆش بەختانە هەندێك نەچوون هەندێكیشیان وەك هەموو جارێك ملیان شۆڕكرد و سەریان لەڕێگاناو بەرەو ناو هۆڵێكى كۆنگرە چوون كە پڕبوو لە خوێن مژ و دیكتاتۆرى دژ بە بوون و هەبوونى ناوى كورد.
ئەوەى جێگەى سەیربوو ئۆردوغان كاتێ بەخێرهاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی كرد، ئەردۆگان وشەی "كورد"ی بەكار نەهێنا و وتی :"سەرۆكی ئیدارەی‌ هەرێم لە ئێراق، بەڕێز مەسعود بارزانی". بەڵام لە جیاتى ئەوەى بارزانى هەڵۆیست وەربگرێت و هەر ئەوكات لە هۆڵەكە هاتبا دەر بە پێچەوانەوە چووە سەر سەكۆو لە وتارەى نوسراوەكەى وەك هەموو جارێك پشتیوانى لە كارەكانى ئۆردوغان و پارتەكەى كردو كارەكەى ئەوى بە سیاسەتێكى ڕاست و خەمخۆرانە بۆ گەلى كورد بەناو كرد، كەچى مناڵى سەر لانكیش ئەزانێت كارەكانى ئەم پاشماوەى عوسمانیە پێچەوانەیە بەرامبەر بە كورد.
ئەوەش لە لایەك سەیرتر لەو كۆنگرەیەدا كەوتەر بەرباس، كۆمەلێك پەیج و ئەكاونتى سەر بە پارتى دیموكراتى كوردستان بڵاویان كردۆتەوە كە بارزانى وەكو نوێنەرى هەرچواربەشى كوردستان بەشدارى لە كۆنگرەكەدا كردووە!!!!!، بەڵام دیسان هەمووان ئەزانین كە ئەو نوێنەرى هەموو كورد نیە، بەڵكو سەرۆكى پارتێكى كوردیەو كۆمەلێك كەسیش لە هەڵبژاردنەكانى تەموزى 2009 دەنگیان پێداو كردیان بە سەرۆكى هەرێم، بەڵام سەرۆكێكى دور لە سەرۆكایەتى كردنى هەرێم و سەرۆكایەتى كردنى گەلەكەى لەو پارچە بچوكەدا. بۆیە پێویست نیە چیتر ئەو كەسانە بڵێن بارزانى سەرۆكى هەموو كوردستانە چونكە لە باكور سەركردەو پارتى تایبەت بەخۆیان هەیەو بۆخۆشیان نوێنەرایەتى خۆیان دەكەن و هەرگیز تەسلیمى دەستى دوژمنەكەیان نابن، بەڵكو لە دژى تێ دەكۆشن و دەبێت دووژمن چۆكیان بۆ دابنێت و بە ناچارى بڵێت كورد هەیەو خاوەن مافەو خاوەن پۆست و ئیمتیازاتە... نەوەك بڵێن ئۆردوغانە تاكە كەسە كە كێشەى كورد چارەسەر دەكات و سیاسەتێكى ڕاستى هەیە.....
باشە بارزانى و كۆمەلێك لە سەركردەى ترى باشورى كوردستان ئەگەر خۆیان بە كورد ئەزانن و سیفەتى "كوردبوون" بەخۆیانەوە ئەبێنن بۆ كە ئەچنە توركیا سەرێكیش لە پارت و لایەنە كوردیەكانى باكور نادەن و بچن لە ئامەد و لە شرناخ دیشلەمەیەك لە گەڵ برا كوردەكان بخۆنەوەو هاوخەمى خۆیان بۆ دەرببڕن لە بەرامبەر ئەو نەهامەتى و زۆرداریەیی كە لێیان دەكرێت؟.
بەهیوام بارزانى و هەموو ئەوانەى ملیان لە باشورەوە شۆڕكرد بەرەو توركیا بۆ بەشدارى كردن لە كۆنگرەى پارتى دادو گەشەپێدان، دوای (15) رۆژی تر كۆنگرەی BDP هەیە كە تاكە پارتە لە توركیا نوێنەریاتى كورد بكات و زۆرترین كورسى لەناو پەرلەمان هەبێت وەكو كورد، خوازیارم بچن بەشداربن لە كۆنگرەى ئەو پارتە وەكو هەڵوێستێكى نەتەوەیی و ئەخلاقى و برایەتى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە