مرۆڤ و ژینگە لە جەنگی یەكتردا
Monday, 23/05/2011, 12:00
(ئەنجامەكانی تەقینەوەی ریژەی دانیشتوانی زەوی ودروست بوونی قەیرانەكان)
چاوچنۆكی مرۆڤ بێگوێدانە باری ژینگە
لە 200 سالی ئەم دواییەی مێژودا مرۆڤایەتی زەوی و ژینگەی بەقەد ئەو چەند ملیۆن سالەی پێشووی خۆی وێران كردوە كە لەسەری ژیاوەو جەنگێكی وێریانكەرانە و بێبەزەیی بەرامبەری هەلگیرساندوە. مرۆڤایەتی بەجۆرێك لەگەل زەوی و ژینگە رەفتار دەكات هەروەك ئیتر ئەم دوا نەوەی ئەم سەر زەویە بێت. سەرجەم مێژووی مرڤایەتی شەرو تێكۆشان بوە لەپێناوی ژیان و مانەوەی لەسەر ژیان. چارلس داروین لێكۆلینەوە زانستیەكەی (خەبات لەپێناوی مانەوە) وەك بوونی پرەنسیپێكی سروشت دۆزیەوەو ئەنجامدا. مرۆڤیش بەقەناعەتی من لەم پرەنسیپە بەدەر نیە. مرۆڤ هەمیشە لەبارودۆخی جەنگدا بوە. پێشەكی جەنگێك بوە دژ بەمەترسیە سروشتیەكانی بیئە وەك دوژمنێكی سروشت بەرامبەر مرۆڤ (لافاو، ئاگر، بوركان، باران نەبارین و بێ ئاوی و وشكانی..)، بەلام ئەمەیان جەنگێك بوە لە هەلوێستی لاوازیەوە بۆ مانەوەی مرۆڤ خۆی و بۆ پاراستنی ئاسایش. بەلام دواتر بۆتە جەنگی مرۆڤ دژ بەیەكتر لە پێناوی داگیركردنی زەوی و كەرەسەی خاو، كەلەكەكردنی سەرمایەو تێر نەخواردن بێ گوێدانە وێرانكردنی ژینگە وەك سەرچاوەی سەرەكی ژیانی مرۆڤایەتی خۆی.
ئەنجامی شۆرشی پیشەسازی و تەكنەلۆژیا
لە ئەنجامی شۆرشی پیشەسازی، بەتایبەت لەسالی 1945بەدواوە لەگەل پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا جەنگێكی سەرانسەریی مرۆڤ هەیە دژ بەروتاندنەوەی زەوی و ژینگە. ئەم شتە هەناسەیەكی دا بەمرۆڤ، بەلام هەناسەیەكی گەورەی لەزەوی دایك بری. ئەمەیان بێدەنگترین جەنگە، چونكە دژەكە نە دەتوانێت بەدەنگی بەرز هاوار بكات، و نە بەرگری راستەوخۆ لە خۆی بكات، نەدەتوانێت پارێزەر بۆخۆی داوا بكات بەلام كاردانەوەكانی دواتری زۆر بەگران لەسەر مرۆڤایەتی دەكەوێت و كەوتوە. لەبەر ئەوە ئەمە بەخەتەرناكترین جەنگ دەبینم چونكە كەزەوی و ژینگە وێران بوو بەواتا بنچینەو سەرەتاكانی ژیانی مرۆڤ خۆیشی وێران بوو. لە پێناوی بەرهەمی زیاترو كەلەكەكردنی سەرمایەو داگیركردن و لەئەنجامی بەرپاكردنی دەیان جەنگی وێرانكەرانە، هەروەها بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خێرای دانیشتوانی سەر زەوی كەمرۆڤ دەكرێ بەتەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان ناوی بنێت، و زیاد بوونی پێویستیە ژیانیەكانی مرۆڤ بەم هۆیانەوە جەنگێكی بێبەزەیی دژ بەژینگە بەرپا كراوە، بەواتا ژینگە زۆر بە قورسی لەژێر ئەم بارودۆخانەدا توشی چەوساندنەوەو روتاندنەوەو لەناوبردنی لەسەرخۆبوە.
وێرانكردنی ژینگە، دیاردەیەكی خەتەرناك
پیس بوونی ژینگە بەستەلەكەكان بەردەوام لەتواندنەوەو بچووك بونەوەدان، ئاو لە چەندین ناوچەی جیهاندا لەهەستان و فەیەزان دروستكردندایە. پلەی ئاووهەوا لەبەرز بونەوەدایەو گۆراوەو سالانە رێژەیەك لەزەویش دەبێتە دورگەو لەزۆی جێگای تریش سالانە ریژەیەكی دەچێتە ژێر ئاوەوە. دروستبونی ئوزۆن لەئاسماندا بەهۆی پیسی رێژەی زۆری كارگەكانی ولاتە پیشەسازیە گەورەكان كەئەنجامی خراپی لێكەوتۆتەوە. هەربۆیە تێمای ژینگە لەم ولاتانە تێمایەكی سەرەكیەو دروستبونی پارت و ریكخراو و ململانێی قورس و بریاری یاسایی لێكەوتۆتەوە هەرچەندە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەولەتی هەتا ئێستە نەتوانراوە وەك پێویست هەنگاوی جدی بۆ بنرێت.
بێبەزەیی مرۆڤ بەرامبەر بە ژینگە
مرۆڤ لەم ماوەی كاتی ژیانیدا ئەستێرەی زەوی بەشێوەیەك تێكداوە كە برواناكەم مرۆڤایەتی بتوانێت خۆی جارێكی تر لەبارودۆخێكی وادا ببینێتەوە كە ئەم ئەستێرە شینە دوبارە بهێنێتەوە سەرباری ئاسایی خۆی. كاتێك ئەم سەرلێتێكدانەی زەوی هەندێ لەشوێنی خۆی دەوەستێت ئەگەر مرۆڤ دەست لەروتاندنەوەو ژیانی لوكسوسی ئابوری هەلبگرێ ئیتر بەناوی هەر جۆرە ئابوریەكەوە بێت و هەروەها هەنگاونان بۆ گەشەپێدان و پاراستنی ژینگە. بەلام ئایا چاوچنۆكی مرۆڤ تا چەند رێگا بەم شتە ئەدات؟ كاتی ئەوە بۆ مرۆڤ هاتوە كە خۆی لەنوێوە هەلبسەنگێنێت.
(ژمارەی دانیشتوان لەزیاد بوندایەو ناوچەی كشتوكالی لەكەمبونەوەدایە)
وەك لە نوسینەكەدا ئاماژەم پێداوە ژمارەی دانیشتوانی زەوی بە خێرایی لەزیادبوندایە، بەلام ناوچەی كشتوكالی لەكەمبونەوەدایەو چارەنوسیشی بەندە بە چەندین فاكتەرەوە كە ژینگە گرنگترینیانە. لە ولاتی چین یشدا دەكرێ برسیەتی گەورە دروست ببێت ئەگەر باران نەبارێت.
چین ولاتێكە كە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی جیهان لێرە دەژی. 25% ی دانیشتوانی جیهانی پێك هێناوە، 7%ی زەوی جیهانی داگیركردوە،بەواتا 7%ی زەوی دنیا دەبێت لە25%ی دانیشتوانی دنیا بژێنێت. ی دانیشتوانی چین لەسەر ی روبەری چین دەژی كە دەكەوێتە رۆژئاوای ولاتەكە چونكە تەنیا لەبەشێكی كەمی چین زەوی گونجاوە بۆ كشتوكال و بۆ ژیان. چین ناوچەی سەحراوی گەورەی هەیە، هەروەها ناوچەی شاخاوی و سەهۆلاوی هەیە كە ژیان تێیاندا ئاسان نیە. لەبەر ئەم هۆیە كۆنترۆل كردنی ژمارەی دانیشتوان پێویستە لە ولاتێكی وەك چین یش. بەمیتۆدی كۆنترۆل كردنی تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان مرۆڤ دەیەوێ لەدوارۆژدا رێگا لەبرسیەتی بەكۆمەل بگرێت چونكە برسیەتی پێكهاتەی كۆمەلایەتی كۆمەلگا بە ئاراستەیەكی خراپدا دەگۆرێت و كاریگەری لەسەر ئاسایشی جیهان و ژینگەش دەبێت هەروەك لە بەنگلادیش و هندستان و سۆدان و ئەسیوبیاو هەندێ ولاتانی تری كیشوەری ئەفریقیا سالانە تێبینی دەكرێن.
ئاسایشی نێودەولەتی لە سایەی ژینگەوە
ئاسایشی نێودەولەتی تەنیا لە رێگای تیرۆری نێودەولەتی وجەنگ و چەكی ئەتۆمیەوە نەكەوتۆتە بەر مەترسی بەلكو تێكچوونی باری ژینگە بەو ئەنجامانەی كە لەم نوسینە ئاماژەم پێداوە مەترسی و هەرەشەی بۆ سەر ئاسایشی نێودەولەتی دروستكردوە. ئەگەر كاریسەی برسێتی و نەخۆشی بەكۆمەلی چاوەرواننەكراو نەبێتە رێگر ئەوا بەپێی بۆچونەكان لەسالی 2025 دا (9) ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی دەژی. ئەمە لەكاتێكدا كە ژمارەی دانیشتوان لە ئەوروپای رۆژئاوا بەرەو كەمبونەوە دەروات وخێزان بچووك بۆتەوە. بەواتا تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان بەپلەی سەرەكی ولاتانی "جیهانی سێی" گرتۆتەوە، لەزیاد بوون وتەقینەوەدایە. ئەم تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوانە لە ولاتە نامیەكان هۆی خۆی هەیە. جگە لە فاكتەری ئاین بەلام هۆ سەرەكیەكان هۆی ئابورین بەوەی كە خەلكی، كەخیزان زەمانی كۆمەلایەتی دوارۆژیان نیەو بەم هۆیەوە مندال زۆربوون سەرچاوەی كاروكاسپیە، بەتایبەت كوڕ كە بە زەمانی دوارۆژی خێزان دەبینرێت. بەهۆی هەژاری زۆربەی زۆری ئەم ولاتانەوە گەورەترین سەرچاوەی وزە، كە مرۆڤ پێویستیەتی لە سروشت وەریدەگرێ بۆنمونە سوتاندنی ژمارەیەكی زۆی لەدارودرەخت وەك سەرچاوەی وزە بۆ سوتاندن و هەروەها برینەوەی دارودرەخت بۆ دروست كردنی خانوبەرە، بەلام بێئەوەی بایەخ بەوە بدریت كەباری ژینگە بەدوایدا وەك پێشتری خۆی گەشە بكاتەوە. ژمارەی دارستانەكان لەجیهاندا بەروونی بەرەو كەمبوونەوەو پیس بوون دەرۆن، بۆ نمونە دارستانی ئەمەزۆنا لە بەرازیل. ئەم ولاتانە هەژاریەكی بێسنور بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم دیاردانە هەمووی دەبنە هۆی پەلاماردان و خەبات لەپێناوی ژیاندا، مرۆڤ ئامادە دەبێت ئەوی تر بكاتە قوربانی بۆ ئەوەی خۆی بژی. بەم هۆیەوە شەر و جەنگ دروست دەبن و میللەتانی بێهێزو مرۆڤە هەژارەكان دەكەونە ژێر پالەپەستۆو وێرانبوون و لەگەلیشیدا نەتوانینی توانای بایەخدان بەژینگە. ئەم دیاردانەو دیاردەی كەمبونەوەی ئاو وادەكات كە لەدوارۆژدا بەتایبەت لەپێناوی ئاودا ئاوی خواردنەوە بەتایبەت ژمارەیەكی زۆر لە جەنگ دروست ببن، بەتایبەت لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست. لەم ناوچەیەدا كە بەدەریای سپی ناوەراست ناسراوە لەلایەن پسپۆرانەوە بە تەنەكەی خۆل ناو دەبرێت. بەلی مرۆڤ بە هوشیاری خۆی ژینگەی دەوروپشتی خۆی بەدەستی خۆی وێران دەكات. لەسالی (سفر) ژمارەی دانیشتوان بەپێی پسپۆرانی ئەم بوارە نزیكەی 250 ملیۆن كەس بوە. لەسالی 1650 گەشەی كردوە بۆ 500 ملیۆن مرۆڤ. 200 سال دواتر بەواتا لەسالی 1850 بۆتە یەك ملیارد. لە سالی 1985 بریتی بوە لە 5 (پینج) ملیارد كەس .
خشتەی ژمارە 1 (یەك)
سەرچاوە: گۆڤاری شپیگل، ژمارە 31، 2009
بەپێی خشتەی ژمارە (1) لێكۆلینەوەیەكی تری زانستی ژمارەی دانیشتوان لەسالی 1950، 2.5 ملیارد مرۆڤ بوە كە هەر مرۆڤێك 5600 مەتردوجا زەوی بەركەوتوە. لەسالی 2000 ژمارەی دانیشتوان گەیشتۆتە 6.1 ملیار، هەر مرۆڤێك 2300 مەتردوجا زەوی بەركەوتوە. بەپێی ئامارەكان لەسالی 2050 ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی دەگاتە 9,1 ملیارد مرۆڤ كە هەر مرۆڤێك 1500 مەتردوجا زەوی بەردەكەوێت. بەواتا لەچل سالی ئایندەدا زەوی دەبێت نزیكەی 3 ملیار كەس زیاتر بگرێتە خۆی وەك لەوەی ئەمرۆ هەیە. لە 20 سالی ئایندە پێویستی خواردن بۆ جیهان بەرێژەی 50% بەرز دەبێتەوە .
تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان ولاتانی "جیهانی سێ" ی گرتۆتەوە
تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان ولاتانی "جیهانی سێ" ی گرتۆتەوەو دیاردەكەش بێهۆ نیە. جگە لە فاكتەری ئاین كە مندال دیاری خودایە، بەلام هۆ سەرەكیەكان هۆی ئابورین بەوەی كە خەلكیی، كەخێزان زەمانی كۆمەلایەتی دوارۆژیان نیە، بەم هۆیەوە مندال زۆربوون سەرچاوەی كاروكاسپیە، بەتایبەت كوڕ كە بەزەمانی دوارۆژی خێزان دەبینرێت و سەرۆكایەتی مالیش بگرێتە ئەستۆ. لێرەدا ئاسایشی دانیشتوان و ئاسایشی خۆراك و ژینگەش دەبنە بەشێك لەئاسایشی نەتەوەیی. لە ولاتێكی وەك چین كەدانیشتوانەكەی زیاتر لە یەك ملیار مرۆڤە دەبێت ی دانیشتوانەكەی لەسەر ی روبەری چین بژی چونكە تەنیا ئەم ناوچەیە گونجاوە بۆ كشتوكال و كێلاندن و بەكشتوكال كردنی زەوی. بەبارین نەبارینێكی دوو سالە دەكرێ برسیەتی لەم دەولەتە گەورەیەدا روو بدات. هەموو ئەمانە بۆ ئاسایشی نێوخۆو نیودەولەتیش قەیران دروست دەكات و بێئەنجام نابێت.
زەوی كشتوكال بەتایبەت لە ئەوروپاو ئەمریكا لەكەمبونەوەدایە
زەوی كشتوكال بەتایبەت لە ئەوروپاو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەكەمبونەوەدایەو هەروەها نرخیشی گرانترە. لەبەر ئەوە ولاتە دەولەمەندەكان لە ولاتە هەژارەكان زەویەكی زۆر بەنرخی هەرزان دەكرن وخواردنی لەسەر بەرهەم دەهێنن ودەینێرنەوە ولاتەكانی خۆیان ئەمە لەكاتیكدا كە ئەو ولاتە هەژارانە خۆیان بەدەست هەژاری وكەم خواردنیەوە دەنالێنن. حكومەتی سۆدان بۆ ماوەی 99 سال، ملیۆن و نیوێك دۆنم لەباشترین زەوی كشتوكالی فرۆشتوە بەدەولەتەكانی كەنداو بەلام ئەوەی ناكۆكە بەخۆی لێرەدا ئەوەیە سۆدان گەورەترین وەرگری یارمەتی دەرەكیە. ژیانی 5.6 ملیۆن مرۆڤ بەندە بەیارمەتی خۆراكی دەرەكیەوە . لەولاتە هەژارەكان وەك هندو بەنگلادیش دیاردەی كۆچ و ڕەو هەیە لەگوندەوە بۆ شار. دیاردەیەك كە بێئەنجام نیە بۆ سەر ژیانی دانیشتوان. هەموو ئەمانە كاریگەریی خراپی خۆی هەیە لەسەر ئاسایشی خۆراكیش.
بارودۆخی ژینگە لەباشوری كوردستان
هەموو ئەمانە دەبێت رونكردنەوەو ئەزمون بن بۆ باشوری كوردستانیش. بەش كاریگەری هەیە لەسەر گشت. ئەمانە هەمووی پێویستی بەبەرنامەرێژی ودامودەزگا هەیە لەهەرێمی كوردستانیش كە بەر لەهەموو شت كاروئەركی دەسەلاتی سیاسیە. هیچ ئامارێكی فەرمی و زانستیم لەبەردەستدا نیە بۆ ئاماژە پێكردن بە بارودۆخی ژینگە لە باشوری كوردستان و برواش نەكەم بە فەرمی وەك پێویست هەبێت. بەهیوای ئەوەی پسیۆرانی ئەم بوارە لەهەرێمی كوردستان رای گشتی بۆ بجولێنن چونكە ئەم دیاردە ژیانیە بەلام مەترسیدارەش هیچی كەمتر نیە لە بوارەكانی تری ژیانی ئینسان. كاردانەوەی تەنیا دوو سال باران نەبارینمان بینی لەم ولاتە. كاردانەوەكانی لەسەر كەمبونەوەی بەرهەمی كشتوكالی، لەسەر خواردن و ئاو وەك گرنگترین سەرچاوەی ژیان. نەبوونی دارستان و سەوزایی ئەنجامی خراپی ژینەگەی لێدەكەوێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی جوراوجۆرو بەرزبونەوەی پلەی ئاووهەواو پیس بوونی ژینگە. لە زۆر شوێنی كوردستانیش كەمی ئاو لەگوندەكاندا هەرەشە لە كۆچی دانیشتوانەكەی دەكات. بە دەیان هەزار كەس لە نێو كوردستاندا كۆچ و رەویان كردوە، نەك هەر لەبەر كەمی ئاو بەلكو لەبەر دروستنەكردنەوەو ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكان و بەم هۆیەوە نەك هەر بەرهەمی كشتوكالی خۆمالی لەكەمبونەوەدایەو خواردن لە ولاتەكانی دراوسێوە بە نرخی گرانتر دەهێنرێن و بازارەكانی هەرێم داگیر دەكات بەلكو بۆتە هۆی كۆچی دانیشتوانەكەشی بۆ شارەكان دیاردەیەك كە بۆتە هۆی گۆرینی باری دیمۆگرافی و كۆمەلایەتی شارو لادێكان، ئەوەی كە رژێمی بەعس بەنەخشە ئەنجامیداو دەسەلاتی سیاسی هەرێمی كوردستانیش بە بێبەرنامەیی و پشتگوێ خستن وەلامی داوەتەوە. ئەنجامی مەترسیداری بارودۆخی خراپی ژینگە لە باشوری كوردستان ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستەی بمێنێتەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا رونتر دەبینرێن. بوونی وەزارەتێكی ژینگەی كارا پێویستیەكی ژیانیە.
1) مۆزەخانەی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن، 2010.
2) Der Spiegel, 31.12.2009, p. 86.
3) گۆڤاری شپیگلی ئەلمانی، ژمارە 31، 2009، ل.87.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست