كۆتاییە تراژیدییەكەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان
Thursday, 08/07/2010, 12:00
تایبهت به کوردستانپۆست:دیمەنەكانی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە كۆمیدیایەك بەولاوە چیتر نەبوو، بەڵام دیارە ئێمە تەنێ لە رووكەشدا هەستمان بەو كۆمیدیایە دەكرد، بەڵام ناواخنی ئەوەی لە میانەی ئەو كۆنگرەیەدا گوزەرا، كۆتاییەكی تراژیدیی یەكێتی بوو. دیارە كۆتاییهاتن مەبەست لە سڕانەوەی فیزیكیی نییە، هێندەی مەبەستمان لە كۆتایی رەوایی و ئەو پرنسیپ و دروشمانەیە كە یەكێتی لە سی و پێنج ساڵ پێش ئێستاوە لەسەر دامەزرا، كۆتایی ئەو خەونەیە كە بەیەكێتییەوە بەسترابووەوە، كۆتایی ئەو كولتوورە شۆڕشگێڕیی و یاخیبوونەوەیە كە مۆركی سەرەكیی یەكێـتی بووە لە سەرەتای دامەزاندنییەوە. چوونكە یەكێتی لە شەوەزەنگی دوای هەرەسی ساڵی 1975 بۆ نەوەی نوێی ئەوسا و چەندین نەوەی دواتریش، چرای رووناكی خەبات و هەستانەوەیەكی سیاسیی و نەتەوەیی و پێشكەوتنخوازیی بوو، كەچی دوای سی و پێنج ساڵ لە تەمەن، لە لەبارترین هەل و ساتەوەختەكانی خۆیدا، لە هەموو ئەو كولتوور و دروشمانە پەشیمان دەبێتەوە و لەرووی سیاسییەوە خۆكوژیی ئەنجام دەدات.
یەكێتی لە سەختترین قۆتاغەكانی خەباتی شاخ و شەڕی ناوخۆی شارەكاندا، نەك نەبۆتە حزبی ژەنەراڵ و پیاوە ئەمنیی و موخابەراتییەكان، بەڵكوو هەمیشە جڵەوی سەركردایەتی لە دەستی دەستەبژێرێكی سیاسیی و رۆشنبیری وردە بۆرجوازیی شارییدا بووە، لەهەموو ساتەوەختەكاندا ئەوەی یەكێتی ئاڕاستە و تەیار كردووە، كۆمەڵێك سەركردەی نا چەكدار و خاوەن بیروڕای جیاواز بووە، كەچی سەد و هەشتا پلە بەپێچەوانەوە لە قۆناغێكی هەستیاری وەك ئەمڕۆدا، لا بۆ سەركردە و كادری سەربازیی و ئەمنیی شل دەكرێت بە ئاسانیی بێنە ناو هەڕەمی دەسەڵاتی ئەو حزبە و ئایندە و سیاسەتی نوێی ئەم حزبە بە عەقڵێتی سەربازیی و ئەمنیی ئاڕاستە بكەن، ئەمە تەنیا بە پاشەكشەیەكی كاتی لێكنادرێتەوە، بەڵكو بە هەرەسێكی گەورە و كۆتاییەكی حەزین بە حساب دەهێنرێت، چوون ئیدی یەكێتی چیتر نییە جگە لە هێزێكی كۆنسەرڤەتیڤی كۆمەڵگەی كوردستان كە بە موو لە حزبەكانی تری كوردستان لاینەداوە.
ئەگەر بڕوانین بۆ كەسایەتی جەلال تاڵەبانی، تێدەگەین ئەم مرۆڤە سەرەتا، رووت و قووت بوو لە هێزی خێڵەكیی و خوێن و پلەو پایەی كۆمەڵایەتی بەپێوەرەكانی ئەوسای كۆمەڵی كوردەواریی، بەپێچەوانەوە وەك گەنجێكی رادیكاڵ و خوێندەوار، بە پاڵپشتی خەڵكی زەحمەتكێش و چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵ و دەستەیەك گەنجی تەیار بە بیری چەپ و سۆسیالیستی، دەبێتە ئەم جەلال تاڵەبانییەی ئێمە ئێستا دەیناسین، كە ناوبانگی هەموو جیهانی گرتۆتەوە و كاریزمایەكی گەورەی بۆ دروستبووە لە تەواوی كوردستاندا. بەڵام كارەساتەكە لێرەوە دەستپێدەكات هەمان جەلال تاڵەبانی پشت لە مێژووی خۆی و خەبات و دروشم و پاڵپشتییە لەبن نەهاتووەكەی دەكات، لە قوربانییەوە دەبێتە جەلاد، هەمان ئەزموونی پێشووی خۆی دووبارە دەكاتەوە و یەكێتی لە حزبێكی چەپ و رادیكاڵەوە وەردەچەرخێنێت بەرەو حزبێكی بنەماڵەیی كە لەسەر بنەمای خوێن دامەزرابێت، یەكێتی دەكاتە هێزێكی كۆنەپارێز كە نەك بە گژ تەوژمە نوێ و ناباوەكاندا دەچێتەوە، بەڵكو هەزارەها تف لە رابردووی خودی خۆیشی دەكات.
لەو بڕوایەدام، كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی، كۆنگرەیەك بوو بۆ تەسفیەی نەوەی خوێندەوار و خاوەن رای جیاوازی ناو یەكێتی، كۆنگرەیەك بوو بۆ داڕنینی هەموو بەرگێكی پێشكەوتنخوازیی و چەپگەرایی ئەو حزبە، كۆنگرەیەك بوو بۆ رەواییدان بە دەسەڵاتی بنەماڵە و وەرچەرخاندنی ئەو حزبە بۆ حزبێكی خێڵەكیی دواكەوتوو، كۆنگرەیەك بوو بۆ دووبارەكردنەوەی ئەزموونی پێشووی پارتی، كۆنگرەیەك بوو بۆ تێكشكاندنی هەموو ئەو دەنگ و سەدایانەی دەیانوویست، ئەو حزبە بگەڕێننەوە بۆ رابردووی خۆی و بیكەنەوە بە خاوەنی ئەو دروشمانەی لە قۆناغی خەباتی شاخدا هەڵیگرتبوون، كۆنگرەیەك بوو بۆ رادەستكردنی جڵەوی یەكێتی بە سەركردە سەربازیی و ئەمنییەكان، ئەوانەی بە چاوی گوومان و رق و دوودڵییەوە سەیری هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی تری گۆڕەپانی كوردستان دەكەن.
بەهەرحاڵ، هەنووكە لە قۆناغێكداین، لە نزیكەوە هەرەسی یەكێتیمان لە رووی سیاسیی و جەماوەرییەوە بینی، لە قۆناغێكداین، ئێمەی نەوەی نوێی دوای راپەڕین كە ئومێدمان لەسەر شێوەی خەبات و رادیكاڵیزمی یەكێتی هەڵچنیبوو، خەونەكانمان بوونە سەراب و هەموو بەچاوی خۆمان ئەو هەرەسە سەیر و تراژیدییەی یەكێتی دەبینین. هەر لەم سۆنگەیەوە پێموایە ئیدی شتێك نەماوە بەناوی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، چوونكە ئەوەی ئێستا لەژێر ئەو ناوەدا خۆی پێناسە دەكات، جگە لە كۆمپانیایەكی رووتی بنەماڵەی تاڵەبانی و هێرۆخان هیچی تر نییە، چوون بەهەموو پێوانەیەك كۆنگرەی سێیەم كۆنگرەی بەقوربانیكردنی یەكێتی بوو بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی و دەست و پێوەندەكانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست