کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆمەڵەى خوێندكاران لەترسی خۆپیشاندان فێرخوازانی بەشە ناوخۆییەكانی كەلار ناردووەتەوە ماڵەوە

Friday, 04/03/2011, 12:00




كۆمەڵەى خوێندكارانی كوردستان كە یەكێكە لەرێكخراوەكانی یەكێتی لەرۆژی 26/2وە فێرخوازانی بەشە ناوخۆییەكانی كۆلێژی پەروەردەى كەلارى ناردووەتەوە ماڵەوەو فێرخوازانیش نیگەرانن لەو كارەو دەڵێن لەترسی پەرەسەندنی خۆپیشاندان ئەو كارەیان كردووە، راگری كۆلێژى پەروەردەش دەڵێت "ئێمە كەسمان تاوەكوو 1/4 نەناردووەتەوە ماڵەوەو تەنها شەممەو یەكشەمی پێشوو كە دۆخی كەلار ئارام نەبوو یارمەتیماندان بۆ ماڵەوە".
فێرخوازێكی كۆڵێژی پەروەردەى كەلار نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتى "نوێنەرێكی خوێندكاران شەوی شەممە فێرخوازەكانی لەكتێبخانەى بەشە ناوخۆییەكە كۆكردووەتەوەو لەبەردەمیاندا تەلەفۆنی بۆ راگری كۆلێژی پەروەردە دكتۆر رەمەزان كردووەو ئەویش بە ئەندامەكەى خوێندكارانی وتووە تاقیكردنەوەكانیان بۆ دەكەین بە مۆڵەت و تاكاتێكی نادیار بە نەهاتوو حساب ناكرێن، بەڵام هانیشیان نادەم بڕۆنەوە".
ئەو فێرخوازە وتیشی ئەو وتەیەی راگرەكە جۆرە فێڵێكە بە ناڕاستەوخۆ بە رێگەدانی كۆمەڵەى خوێنداكاران بۆ ناردنەوەى فێرخوازان.
دانا رزگار فێرخوازی بەشی پەروەردەو دەرونناسی لەكۆلێژی پەروەردەى كەلار لەلێدوانێكدا بۆ سایتی ئاوێنە وتى "رۆژی شەممە بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی كەلارەوە سەرۆك بەشەكان بە فێرخوازەكانیان وت دەتوانن دوو رۆژ بڕۆنەوە ماڵەوە، بەڵام دوای ئەو دوو رۆژە فێرخوازەكان خۆیان نەڕۆشتوونەتەوە بۆ دەوام و بڕیارمانداوە تاوەكوو 1/4 نەڕۆینەوە بۆ دەوام و ئێستا هەموومان لەماڵەوەین و دەوام ناكەین كە تەنها فێرخوازانی كفری نزیكەى 300 فێرخواز دەبێت نەڕۆشتوونەتەوە بۆ دەوام".
دانا وتیشی ئەوەی من بزانم فێرخوازانی هەموو بەشە ناوخۆییەكانی كۆلێژى پەروەردەی كەلار رۆشتوونەتەوە بۆ ماڵەوە.
راگری كۆلێژی پەروەردەى كەلار دكتۆر رەمەزان لەلێدوانێكدا بۆ سایتی ئاوێنە هەواڵەكەى پشتڕاستكردەوەو وتی "بەڵێ زۆربەى فێرخوازان دەوام ناكەن و بە ئارەزووى خۆیان رۆشتوونەتەوەو ئەمڕۆ ئەوانەى نەهاتوونەتەوە بۆ داوام بە نەهاتوو لەقەڵەم دراون،بەڵام دیارە فێخرخوازەكان خۆیان ترسیان هەبووە رۆشتوونەتەوە".
ئەو راگرە وتیشی "هیچ كەس و رێكخراوێك بۆی نییە فێرخواز بنێڕێتەوە ماڵەوە بە بێ پرسی ئێمەو دەستوەربداتە كاری ئیدارە، ئێمە تەنها شەممەو یەك شەممە بەهۆی ئاڵۆزی دۆخی كەلارەوە فێرخوازەكان داوایان كرد دوو رۆژ مۆڵەت بدرێت و مۆڵەتمان پێدان، بەڵام نەمانوتووە تاوەكوو 1/4 مەگەڕێنەوە".
راگرەكەى پەروەردەى كەلار باسی لەوەشكرد كە ئێستا چەندین فێرخواز دەوامی خۆیان دەكەن و لەبەشە ناوخۆییەكاندان، بەڵام ئەو فێرخوازاكانەی نەگەڕاونەتەوە بۆ دەوام من خۆم داوا لەسەرۆك بەشەكان دەكەم وەكوو یارمەتی تەنها تاقیكردنەوەكانیان بۆ دووبارە بكاتەوە".
تێبینی/ ئەم هەواڵە ئەمڕۆ 4/2 لەسایتی ئاوێنە بڵاو بووەوە بەهۆی گرنگیەكەیەوە بە باشمان زانی لەماڵپەڕەكەمان كوردستان پۆستیش بڵاوی بكەینەوە..
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە