کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


تاڵه‌بانی‌ پشتگیری‌ ئه‌سه‌د ده‌كات، گه‌لی‌ كوردیش پشتیوانی‌ گه‌لی‌ سوریا ده‌كات

Wednesday, 06/04/2011, 12:00


له‌م رۆژانه‌ی‌ دواییدا هه‌واڵێكی‌ سایتی‌ هاوڵاتیم خوێنده‌وه‌، به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی‌ پشتیوانی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ به‌شار ئه‌سه‌دی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست و دیكتاتۆری‌ سوریا ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌لای‌ رۆشنبیرانی‌ گه‌نجه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن و سه‌رنجڕاكێشان بێت، به‌لای‌ كه‌سانی‌ وه‌ك منه‌وه‌ ئه‌م پشتیوانییه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ به‌شار ئه‌سه‌د، هه‌ڵوێستێكی‌ نوێ‌ نییه‌ و به‌ ره‌فتارێكی‌ ئاسایی‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌بینم، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌بوو به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ سه‌رۆك كۆماره‌كانی‌ عه‌ره‌ب و جیهانه‌وه‌، پێش دوو مانگ له‌ كاتی‌ شۆڕشی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ گه‌لی‌ میسردا به‌ ته‌نها خۆی‌ پشتیوانی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ لابراوی‌ میسر (حوسنی‌ موباره‌ك)! كرد، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌بوو به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستو‌ور و یاسای‌ كۆماری‌ عێراقه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ویست و ئاره‌زووی‌ گه‌لی‌ كورد و گه‌لانی‌ عێراقه‌وه‌، پێش سێ‌ ساڵ ئیمزای‌ سزای‌ هه‌ڵواسینی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ عێراق، سه‌دام حسێنی‌ نه‌كرد.
ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی نییه‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ شۆڕشی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان كپ ده‌كاته‌وه‌ و له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ نانه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌جادی‌ سه‌رۆكی‌ ئێران ده‌كات و ئه‌حمه‌دی‌ نه‌جاتیش زۆرترین ژماره‌ له‌ رۆڵه‌كانی‌ كورد و گه‌لانی‌ ئێران له‌ سێداره‌ ده‌دات، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌بوو داكۆكی‌ له‌ نزار خه‌زره‌جی‌ كرد و رێگه‌ی‌ نه‌دا دادگای‌ وڵاتی‌ دانیمارك وه‌ك تاوانبارێكی‌ ئه‌نفالی‌ كوردستانی‌ 1988 دادگایی‌ بكات، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌بوو وه‌فیق سامه‌رایی‌ به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ سه‌رده‌می‌ حوكمڕانی‌ حیزبی‌ به‌عسی‌ كرده‌ راوێژكاری‌ سیاسی‌ خۆی‌ و كاتێك دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق بڕیاری‌ ده‌ستگیركردن و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ بۆ وه‌فیق ده‌ركرد، كه‌س نه‌یزانی‌ تاڵه‌بانی‌ چۆن وه‌فیقیی‌ شارده‌وه‌، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌بوو تاریق ره‌مه‌زانی‌ فڕۆكه‌وانی‌ كیمیابار انی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ له‌ زیندان ئازادكرد و ناردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات و تا ئێستا كه‌س شوێنی‌ نازانێـت و نه‌یهێشت دادگایی‌ بكرێـت!
ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌بو‌و كه‌ گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ بوو له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ حیزبی‌ به‌عس و له‌گه‌ڵ بارزانیدا پلانی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عسیان له‌كارخست و جارێكی‌ تر حیزبی‌ به‌عسیان زیندو‌وكرده‌وه‌! ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ نین، چه‌ندان كۆنه‌ به‌عسیی‌ و كۆنه‌ جاش و كۆنه‌ ته‌واریان له‌ ناو حیزب و حكومه‌ته‌كه‌یاندا كۆكردووه‌ته‌وه‌ و رێگه‌ ناده‌ن ئه‌وانه‌ی‌ له‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ داواكراون بچنه‌ به‌رده‌م دادگا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌نفالی‌ 1988ی‌ كوردستان.
كه‌سێك ئه‌وه‌ ره‌فتاری‌ بێت و ئه‌و كردارانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌نجامدابێت، ئیتر چۆن پشتگیری‌ دیكتاتۆرێكی‌ داگیركه‌ری‌ كوردستان ناكات و ئاماده‌یی‌ نیشان نادات چی‌ له‌ توانایدا بێت بۆ پاراستنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌سه‌د بیكات، چۆن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ راپه‌ڕینی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ سوریا ناپارێزێت و دژی‌ به‌رهه‌ڵستكارانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د ناوه‌ستێته‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان تێبگه‌ن ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ و ده‌وروبه‌ری‌ سیاسه‌تێكی‌ سروشتی‌ نییه‌ و لادانێكه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و مرۆڤدۆستی‌ و دیموكراتی‌ و ئه‌خلاقیی‌ سه‌رده‌م، باشتره‌ هه‌ندێ له‌ هۆكاره‌كانی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ لاده‌ره‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بخه‌ینه‌ به‌رچاوی‌ خوێنه‌ران له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا له‌ سورییه‌ چه‌ك به‌ ده‌سته‌كانی‌ رژێمی‌ ئه‌سه‌د به‌ گولله‌ی‌ تفه‌نگه‌كیانیان سه‌دان هاوڵاتی به‌رهه‌ڵستكاریان شه‌هید كرد و هه‌زارانیان بریندار كرد له‌ ماوه‌ی‌ 40 رۆژی‌ رابرد‌وودا چه‌ك به‌ده‌سته‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ و بارزانی ده‌یان هاوڵاتی‌ به‌رهه‌ڵستكاری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمیان شه‌هید كردووه‌ و سه‌دان كه‌سی‌ تریان بریندار كرد، لێره‌دا نه‌ك هه‌ر هه‌رد‌وو ده‌سه‌ڵات له‌ خوێنڕشتنی‌ هاوڵاتیانی‌ خۆیاندا له‌ یه‌ك ده‌چن و تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ ئاواته‌خوازن له‌ كوشتنی‌ هاوڵاتیانی‌ خۆیاندا به‌ ئاستی‌ ئه‌سه‌د بگه‌ن، به‌ڵكو به‌و پشتیوانیه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ ئه‌سه‌د، نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ گه‌لی‌ باشو‌وری‌ كوردستان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌ ناڕه‌زایی‌ و رێپێوان هه‌ڵنه‌گرن، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌سه‌د سه‌دان كه‌ستان لێ‌ شه‌هید ده‌كه‌ین. هه‌زارانتان لێ بریندار ده‌كه‌ین.
تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان، زۆر نیگه‌ران ده‌بن كاتێك خه‌ڵكی‌ كوردستان هه‌رێمی‌ كوردستان و میسر و لیبیا وه‌ك یه‌ك به‌راورد ده‌كه‌ن، نایانه‌وێت شۆڕشی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌ یه‌ك وڵاتی‌ تردا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێـت و ده‌سه‌ڵاتی‌ تێدا بڕوخێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ی‌ راماڵینی‌ حوكمڕانیه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ حیزبییه‌ نادیموكاته‌كه‌ی‌ خۆیان نه‌یه‌ت و تا هه‌تایه‌ هه‌رد‌وو بنه‌ماڵه‌ی‌ حوكمڕان له‌ سه‌ر ته‌ختی‌ پاشایه‌تی‌ باشو‌وری‌ پارچه‌كراوی‌ كوردستان بمێننه‌وه‌.
تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ هێنده‌ خاڵی‌ لاواز و شكستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتیمانیان هه‌یه‌، ناوێرن له‌ به‌رانبه‌ر هیچ به‌رپرسێكی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا سه‌رهه‌ڵبڕن و هه‌ڵوێستێكی‌ دیموكراتی‌ نیشانبده‌ن، نه‌وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ سڕیان هه‌ڵماڵێت و پێوه‌ندییه‌ نهێنییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا ئاشكرا بكه‌ن. به‌هۆی‌ ته‌مه‌ن درێژیی‌ تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ له‌ چه‌واشه‌كردن و دواخستنی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردا، پێوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردا دروستكرد‌ووه‌، ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌ ناچاریان ده‌كات له‌كاتی‌ ته‌نگانه‌دا فریای‌ دوژمنه‌كانی‌ كورد بكه‌ون.
ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ ئایا خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌رانبه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ نانه‌ته‌وه‌یی‌ و نادیموكراتی‌ و نایاسییه‌ لاده‌ره‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ و به‌رزانی‌ چی‌ ده‌كات؟ باشترین وه‌ڵام بۆ هه‌ڵكێشان و بنه‌بڕكردنی‌ ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌تانه‌ی‌ هه‌ردو‌و به‌ دیكتاتۆری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی‌ شۆڕشێكی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ و رۆشنبیریی‌ و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، ره‌گی‌ هزر و سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵكه‌نرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هزر و سیسته‌مه‌ به‌ گوێره‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و بیركردنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ داڕێژراوه‌.
له‌ سایتی هاوڵاتی وه‌رگیراوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە