با ئەو دەستانە ببڕین بەدەستێك تەوقەمان لەگەڵ دەكەن بەوی تر گوندەكانمان دەسووتێنن
Thursday, 25/08/2011, 12:00
ئێستاكە ئێمەین و شاخێكى وەك كەچەڵ
باهەربەین بەسەرا قوڕى خەست بەتۆپەڵ!
(گۆران)
پشدەرو باڵەكایەتى ئەگەرچى لەنێو شۆڕش و بزاڤى رزگارى نیشتمانیدا دوو ناوو شوێنى دیارن، بەڵام لەگەڵیشیدا دوو قوربانى گەورەى دەستى رژێمى بەعسن و وەك چۆن تائێستا ئاسەوارەكانى ئەنفال بە كەسوكارى ئەنفالكراوانەوە دیارە، ئاواش تا ئەم ساتەوەختە نائۆقرەیى و ئاوارەیى و دەربەدەرى و بێكەسى بەسیماى خەڵكە نەحەساوەكەیى و ئەم دوو ناوچەیەوە دیارە، لەكۆتایى حەفتاكان بەهۆى پاڵپشتى گوندەكان لەشۆڕش و پێشمەرگە هەرچى گوند هەبوو خاپوورى كردو بۆ ناو سەنتەرى قەزاى چۆمان و قەڵادزێ رایگواستن. لەهەشتاكانیش بوونە سوتماكى شەڕى ناڕەواى بەعس و ئاخوندەكانى ئێران و بەهۆیەوە لە 1983دا تەواوى باڵەكایەتى و لە1989دا قەڵادزێى وێرانكردوو خەڵكەكەى لە كۆمەڵگە زۆرەملێكان نیشتەجێكرد. ئێستاكە دواى بیست ساڵ لەگەڕانەوەى خەڵكەكە خەریكە جارێكى دیكە ئاوارەیى و ماڵسوتان یەخەى ناوچەكە بگرێتەوە، دوێنێ تۆپەكانى بەعس و ئەمڕۆش تۆپەكانى ئێران و فڕۆكەكانى توركیا ئاگرلەماڵ و حاڵى جوتیاران و گوندنشینانى ناوچەكە بەردەدەن، تادوێنێ لەسەر پێشمەرگەو هیوابوون بە هەڵاتنى خۆرى ئازادى و پسانى پەتى زۆردارى خەڵكەكەى بەرگەى هەموو ناخۆشیەكیان گرت، بەڵام ئەمڕۆ لەسەرچى تۆپباران و بۆمباباران دەكرێن؟ ئەمڕۆ لەژێر پەرچەمى ئاڵاى كوردستان و نەمانى بەعسدا خەڵكە ماندووبووەكەى بەچ ئومێدو بەكام بڕواو متمانەوە بەرگەى كوشتن و گوندسوتان و دەربەدەربوون بگرن؟ ئەو دارگوێزو رەزو بێستان و باخچەیەى بیست ساڵە شەونخونى بەدیارەوە دەكەن كێ لەسوتاندنیان بەرپرسیارە؟ توركیاو ئێران یان خۆ بەساحێب نەكردنى بەرپرسانى هەرێم؟ ئەم تۆپباران و هێرشە ئاسمانیانەى توركیا كەتەنها خەڵكى مەدەنى كراوەتە ئامانج تەنها سوتاندنى گوندەكانى ئەم سنوورەیە یان سوتاندنى سەرجەم گوندەكانى كوردستانە؟ ئەم هێرشانە بەئامانجگرتنى مۆڵگەكانى پەكەكەیە یان سەرەتاى دەستپێكى داڕشتنى پیلان و سیاسەتى لێدانە لەئامانجەكان و دەستكەوتەكانى ئەزموونى حكومڕانى كوردستان؟ ئاماژەو مەترسییەكان دیارن و پشدەرو باڵەكایەتى تەنها ئامانج نین و بێدەنگبوونى حكومەتى هەرێمى كوردستان دوور نییە لەئایندەیەكى نزیكدا تۆپبارانكردن و سوتاندنى كوردستانى لێبكەوێتەوە. بێدەنگى حكومەتى عێراقیش لەهەمبەر تۆپباران و بۆمبابارانى دووقۆڵى ئێران و توركیا دیسان جێى پرسیارو گومان و ترسە وەك هەر ترسێكى دیكەى كورد لەرابردوودا بەرامبەر بەنییەتپاكى حكومەتەكانى عێراق. ئەوەتا هەرگوندەو دەسوتێت و هەرخەڵكەو ئاوارە دەبێت و هەروا ژمارەى كەمپى ئاوارەكان زیاد دەكات، كەچى كاردانەوەى كردارى نابینرێت، ناڕەزایەتى رۆشنبیران و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى بەچى كەنەتوانرێت كۆتایى بە ژیانى ئاوارەیى و تۆپباران و بۆردوومانكردن بهێنێت؟! دەركردنى بەیاننامەى ناڕەزایەتى لەلایەن حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە بەچى كەهێشتا بەیاننامەكەیان چاپنەكراوە بەرەتڵ بۆمب و تۆپ بەسەر پشدەرو باڵەكایەتى و ئامێدیدا بەردەدرێتەوە؟! ئەم تۆپباران و هێرشى فڕۆكەكان هەموو ساڵێك بووبەچى؟ بۆچى حكومەتى هەرێم نەیتوانیوە ئەم پەلاماردانە بوەستێنێت؟ بۆتەنها بەیاننامە دەركردن؟ كوا فشارەكانى دیكەى هێرشڕاگرتن و گوندسوتان؟ كوا بەدەنگەوەهاتنى داواى رۆشنبیران بۆبایكۆتكردنى كاڵاكانى ئەم دوو وڵاتە؟ چى دەبێت گەر كەلوپەلەكانیان نەكڕین؟ تۆبڵیى لەبرسان بمرین؟! چى دەبێت گەر ئەوسەدان كۆمپانیا توركى و ئێرانییە دەربكەین؟ پردو خانوومان بۆناكرێت؟ تۆبڵێى بەرژەوەندییەكانى هەرێم لە كڕینى كاڵاكانى ئەوان و پڕۆژە بەناو وەبەرهێنانەكانیاندا بێت یان بەپێچەوانەوە بەرژەوەندى ئەوان لە خێروبێرو پڕۆژەكان و دۆلارە رژاوەكانى ئێمەدایە؟ تازووە باتۆپ و فڕۆكەكان راگرین،ئەم بێدەنگییە چییە باڵى بەسەر خەڵكدا كێشاوە؟ باچیدیكە خەڵكى ئاوارەبووى دەستى بەعس ئاوارە نەبێتەوە، بالادێكانمان تەخت نەكرێنەوە، باپشدەرو باڵەكایەتییەكى دیكەى بەسەریەكدا رووخاو دروست نەبێتەوە، بائیدى ئەو دەستانە ببڕین لەلایەك تەوقەمان لەگەڵدەكەن و لەلایەكیش گوندەكانمان وێران دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست