ڕێکخراوى کارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى گیانى ئەندامانى رێکخراوەکەمان لە مەترسیدایە
Sunday, 08/12/2013, 12:00
1060 بینراوە
لەسەرەتاى کارکردنمان لەدژى گەندەڵى و ئاشکراکردنى بەڵگەنامەکان لە سنورى گەرمیان بەتایبەتى تیمەکانمان گیانیان لە مەترسیدابوە ، ئەوکات ئێمە هاوارمان دەکرد بى ئێمى ڕەش بەدواى تیمەکانمانەوەن بەتایبەتى ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى رێکخراوەکەمان عدنان قوربانى ، جگە لە راگەیاندنە ئەهلیەکان کەس گرنگى بە داخوازیەکانمان نەدا تاوەکو کار گەیشتە جێهیشتنى ماڵ و خێزانەکانمان.
لەدواى شەهیدکردنى رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانى کە گەنجێکى بوێر و ئازاى گەرمیان بوو لەدژى گەندەڵى و ئاشکرا کردنى گەندەڵکاران ، لەشارى کەلار چاودێر خراوەتە سەر ئەندامان و تیمەکانى رێکخراوەکەمان کە لە رابردوو ئێشیان لەسەر مەلەفى گەندەڵى کردووە و رێکخراوەکەمان لە کتێبێکدا بڵاوى کردۆتەوە .
تەنها 3 رۆژ لەدواى شەهیدبوونى کاوە گەرمیانى لەشارى کەلار لە رێگەى ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان کرێ (دەبڵ کابینە) چاودێرى خراوەتە سەر ماڵى عدنان قوربانى ئەندامى دەستەى دامەزێنەرى رێکخراوەکەمان ، هەرچەندە ئێمە جۆرى ئۆتۆمبیلەکەمان داوە بە هێزەکانى ئاسایش بەڵام گیانى ئەندامانى رێکخراوەکەمان لە مەترسیدایە، لەبەر ئەوەى ئێمە کار لەسەر مەلەفى گەندەڵى دەکەین .
ئێمە دەزانین لە کوردستان بەئاسانى ناتوانرێت بکوژان بدۆزێنرێتەوە وەکو چۆن بکوژانى سۆرانى مامە حەمە و زەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیش وەکو ئەوانى لێدێت.
بۆیە لەم بەیانەدا حکومەت و دەزگاکانى ئاسایش و پۆلیس دەخەینە بەربەرپرسیارێتى بۆ پاراستنى گیانى ئەندامانمان . ئەوەش دەزانین بەهۆى بۆشایى ئەمنى لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى لە سنورى سلێمانى و گەرمیان کوشتن بۆ بەدیاردە و تۆڵەسەندە لەجیاتى دادگا و قەڵەم بۆ بە کوشتن.
رێکخراوى کارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى
8-12-2013
بۆ پەیوەندى کردن:
جەلال هۆرێنى سەرۆکى رێکخراوى کارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى
07701920334