دەبا دژى دزییەكەى پەڕلەمان خۆپیشاندن ساز بكەین!!
Monday, 31/05/2010, 12:00
لە كاتێكدا دەزگاكانى ڕاگەیاندن لە هەرێمى باشوورى كوردستان، بە راگەیاندنە حیزبیەكانیشەوە هەواڵێكى دڵتەزێنیان بڵاوكردەوە و بە پیشاندانى دیمەنى خێزانێكى هەژار چاوى زۆربەى خەڵكى ئەم بەشەى كوردستان (جگەلە پەرلەمانتارانى هەردوو حیزبە دزەكە و لێپرسراوانیان) پڕ لە فرمێسكى حەسرەت و خەفەت كرد.
ئەو دزانەى بەناوى پەڕلەمنتارییەوە شەرعیەت بە دزى و گەندەڵى دەدەن بڕیاریاندا بۆ هەر ئەندامێكى پەڕلەمان كە ژمارەیان (111) كەسە هەر یەكەیان بەڵێ بۆ هەر یەكەیان (48) ملیۆن دینارى ئێستاى عێراقى خەرج بكرێت! تەنها بۆ كڕینى سەیارە! بەڵێ ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بە سەر خێزانە هەژارەكاندا دابەش بكرێت، بەشى چەند خێزان دەكات؟! من لە كارى ژمێریارى نازانم ئێوە ئەزییەتێ بكێشن و هەر خێزانە و یەك ملیۆنى پێبدەن... بەڵام لە بیرتان نەچێت (21)پەڕلەمانتارى (گۆڕان) ئەو بڕە پارەیە وەرناگرن و ئامادەنین بەشدارى ئەم دزییە گەورەیە بكەن.
ئەم دزییە لە كاتێكدایە موچەى هەر پەڕلەمانتارێك مانگانە نزیكە (70) وەرەقەیە واتە (7000) هەزار دولارى ئەمریكى و (8500,000) دینارى عێراقى، كەچى (48) ملیۆنیان بۆ سەرف دەكرێت بۆ كڕینى سەیارەى دوا مۆدیل، بەڵام ئەو خێزانە هەژارەى كە ڕاگەیاندنەكان باسیان دەكرد و ناوى (بەهادین قادر عومەر)ە و باوكى (3) مناڵە موچەكەى تەنیا (37) هەزار دینارە، بەڵێ تەنیا سى و حەوت هەزارى بریمەر و بەس!!!! كەچى ئەو كۆمەڵە دزەى ناویان لەخۆیان ناوە پەڕلەمانتار سەرەڕاى ئەو موچە زۆرەى هەیانە و سەرەڕاى ئەوەى هەندێك لەو دزانە بۆ جارى دووەمە دەبنەوە ئەندامى پەڕلەمان (48) ملیۆن دینار بۆ كڕینى ئۆتۆمبیل بۆ خۆیان سەرف دەكەن!!!
بەڕاستى ئەو وتە عەرەبیەى دەڵێ (حامیها حرامیها) رێك بۆ ئەم دزانەى ناو پەڕلەمان ڕاستە، لە هەموو وڵاتێك پەڕلەمان چاودێرى كاروبارى حكومەت دەكات و هەر وەزیرێك لە كارەكەیدا كەمتەرخەمى بكات، یاخود گەندەڵییەك ئەنجام بدات پەڕلەمان لێپێچینەوەى لەگەلأ دەكات، بەڵام لەم وڵاتە بێخاوەنەى خۆمان پەڕلەمان خۆى دزى لە میللەت دەكات!! بۆیە تا ئێستاش كەس لەم دونیایە نازانێ موچەى سەرۆكى حكومەت و جامانە سورى سەرۆكى هەرێم و ورگە زل (جەلال تاڵەبانى) و دەست پێوەندەكانیشیان چەندە!!!
ئەم دزییە لە كاتێكدایە بە پێى بەرنامەى حكومەتى هەرێمیش بودجەى پێشنیار كراوى حكومەتى هەرێم نەقسى هەیە و زیادەى نییە، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بودجەى هەرێمى كوردستان كە نزیكەى (10) ملیارد دولارە، لە بودجەى وڵاتانى وەك (ئوردن و سوریا و چەندین وڵاتى تر زیاترە) بەڵام بەداخەوە دزى و گەندەڵى پشتى ئەم وڵاتەى شكاندووە و ئەوانەى ماوەى (19) ساڵە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە تەنیا خەریكى خۆ دەوڵەمەند كردن و دزى و پارە كۆكردنەوەن، بۆیە ئەوانەى دەسەڵاتدارن ملیاردێرن و هەزاران خێزانیش نەك تەنیا هەژارن بەڵكو لە ژێر هێڵى هەژاریشدان، دەنا كەى ڕەوایە بودجەى سێ پارێزگا (سلێمانى و هەولێر و دهۆك) (10) ملیارد دولار بێت و خەڵكانێك هەبن نانیان نەبێت بخۆن.
لە كۆتایدا دەڵێم : ئافەرین بۆ ئەو پەڕلەمنتارانەى دژى وەرگرتنى (48) ملیۆن دینارن و شەرمەزارى بۆ ئەو دزانەى بەناوى پیرۆزى پەرلەمانەوە پارەى میللەت دە دزن... دە با ئیتر لە هیچ هەڵبژاردنێك دەنگ بە دز و گەندەڵكاران نەدەین و ئەگەر ئەمجارەش ئەم دزییە بكەن با هەموومان بچینە سەر شەقامەكان و بە خۆپیشاندان نەهێڵین قووتى میللەت بدزن..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست