کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوو بیرکردنەوەی چەوت لە نێو قەڵەمی کوردی دا

Tuesday, 07/02/2012, 12:00




لەگەڵ ئەوە ئەم بابەتە، یەکەم قەڵەمی حزبی و غەیرە حزبی و دوومیش پاک و پیس کردنی قەڵەم بەدەستان، واقعیەتی هەیە و کەس ناتوانی نکوڵی لێ بکات، ؛. چۆنیەتی بیرکردنەوە و شێوازی هەڵوێست وەرگرتن لەسەری زیاد لە سنوری خۆی تێپەڕاندووە کە نەک هەر چەوتی بە قەڵەمەکان و هزرەکان داوە، بگرە هەندێ جار دەگاتە ئاستێکی ترسناک لە بیرکردنەوە و هەڵوێست وەرگرتن کە تەواوی بونیادی مرۆیی کەسەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. سەرباری ئەوەی ئەم بیرکردنەوە رەهایە، رەش یان سپی.. پاک یان پیس.. حزبی یان ئەهلی، تایبەتمەندیەکی رۆژهەڵاتیە و ،کوردیش بەشێکە لەو رۆژهەڵاتە، زۆرتر لە بنە سیاسیە حزبیەکانەوە چینە لەسەر بابەتەکان دەکات؛ بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئەمە لە نێوەندێکی رۆشنبیریدا بەرجەستە بووە و لە پرۆسەی بە چەمک بوون دایە و نزیکەی یەک دەیەی تەواوە لە سوڕی خۆیدا دێت و دەچێ.
دەورانی سیاسی و حکومی و شێوازی دەسەڵات لە ساڵانی پێش نەوەدەکان لە ناوچەکە و بەشێکی زۆری جیهاندا نەک هەر نەبووە بە وانەیەک بۆ نێوەندی قەڵەمی کوردی تاکو لێوەی فێربن، بەڵکو بۆتە مۆرکێک بە نێوچەوانی نێوەندەکەوە و پێناسە و ناسینی یەکتر لەم دیدەوە بۆ یەکدی دەکرێت. گەر لە میدیا و راگەیاندنی غەیرە حزبیدا، بە تایبەت ئەوانەی راستەوخۆ رەخنە و قسە بە دەسەڵات دەڵێن،شت بڵاوبکەیتەوە ئەوا لە حزبیەکاندا ناتوانیت شت بڵاوبکەیتەوە، هەروەها پێچەوانەکەشی راستە.
لە ئاستی بیرکردنەوەدا هەندێ جار دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، بە وشە و دەستەواژەی هەشتاکان یەکدی پێ تۆمەتبار دەکرێت. لە ئێستەشدا بە لایەنگیری و چوونە پاڵ دەسەڵات دەڕواتە پێشەوە. هەروەها، تەرفی بەرامبەر کە قەڵەمی حزبیە، هەندێک لەوانەش کە لە سێبەر و دەوربەری حزبیدا قەڵەم بەدەستن، چەندان کەرەستە و ناو و وشەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن کە دوان لە نەرمترین شێوازی تۆمەت دەستەواژەی "زمانی زبر" یان "پیس بوون" بەکاردەهێرێت گوایە مادامەکی تۆ رەخنەت لە دەسەلات هەیە و بە راستەوخۆ دەیڵێی ئەوا تۆ وشەی زبر بەکاردەهێنیت یان امدامەکی تۆ لە فڵان وێبسایتدا بابەت بڵاودەکەیتەوە ئەوا تۆ ناوی خۆت پیس کرد. خۆ ئەگەر قسە بێتە سەر ئاستی ئازادی رادەربڕێن وئەخلاق و کارایی لە میدیادا ئەوا هیچ رۆژنامە و وێبسایت و میدیایەک لە کوردستان، چ ئەوانەی لەدەرەوەن و چ ئەوانەی لە ناوەوەن، ناتوانێ فەزڵی خۆی بدا بەسەر ئەوی تردا.
ئەم دوو بیرکردنەوە چەوتە هەر لێرەدا تەواو نابێت، بگرە بە دوای خۆیدا هەڵوێستی کۆمەلایەتیت لێ وەردەگیرێت تا رادەین ئەوەی بوونی مرۆییت دەخەنە ژێر پرسیارەوە یان دەسڕێیتەوە لە ئەلبومی ناسین و پەیوەندیەکاندا. ئەمە مەیلێکی ئێجگار ترسناکە لە نێوەندی قەڵەم بەدەستانی ئێمەدا. گەر لە ئاستە سیاسیەکەیدا لە بەرەی رەخنە و قسە پێگوتن بە دەسەلاتدا دەسەتەویەخە بیت ئەوا بیر و هەڵوێستی هاوقەڵەمانی نێوەندەکەت بەرەیەکی تری ناحەزەت بۆ دەکەنەوە کە خراپتر لە دەسەلاتەکە بێزار و ئازارت دەدەنێ.
ناکرێ پرسیارت لە سامانی وڵات و دیموکراسی دەسەڵات هەبێت کەچی قەڵەم خۆی زیز و زویر بکا لێت؛ یاخود، گەر بتەوێ لە ئاستێکی هۆشیارانەتردا دەریببڕی بڵێن ئەوە ختوکەی دەسەلاتە. نابێ چیدی پرسیاری سەروەت و سامانی سەرۆک و سەرکردەکان حەرام بێت. دەکرێ بپرسین ئایا دیموکراسی هەر ئەوەیە دوو لایەن یان هەر یەک کەس لە نێو قەوارەیەکدا سەرۆک و سەرۆک وەزیران بێت؟ بێ شک، قەڵەمی حزبی و پرۆ حزبی تاسەر ئێسقان هەلەن گەر بێتوو هەمان هەڵوێستی قەوارە سیاسیەکانیان هەبێت کە بەداخەوە زۆرتر هەر ئەوەیان کردووە. هەروەها قەڵەمی بەرەی رەخنەگر دەبێ رەخنەکانیان لە چوارچیوەیەکی هێند ماقوڵ دابێت کە خوێنەر و بینەر بتوانێ متمانە بە دید و زانیاریەکانی ناوی بکات و هەروەها خوێنەر لەسەر رەوتێکی تر لە شێوازی بیرکردنەوە و هۆشیارگیری پەرەوەردە بکات... بە هەرحاڵ با لێرەدا بەم چەند نوکە قەلەمە واز لەم مەسەلەیە بهێنین و گەر کرا بۆ کاتێکی تر زۆرتری لەسەر بڵێین .
وەک پێشتر گوتم ئەو پۆلێنە، قەڵەمی حزبی و غەیرە حزبی، راستە و لە دنیای ئێمەدا زۆر بە تووندی پێی بوونی خۆی لە زوی دەدات، و دەشتوانرێ ئەم جیاوازیە لە ئاستە رۆشنبیرەیە سیاسیەکەیدا لە لە ئاستێکی هاونێوەندی و هاوقەڵەمیدا بچێتە پێشەوە و دوور بێت لە هاوشەڕی سیاسی و حزبی قەوارەیی نەک ئەوەی هەموو پەڕەکان بدەن بە سەر و چاوی یەکتریدا و دەرگاکان بە رویی یەکدیدا داخەن. بڕیار بوو دەورەی دوای راپەڕێن بریتی بێت لە پێکەوە هەڵکردن و قبوڵ کردنی یەکتر بە هەر جیاوازیەکی بیر و هەڵویستەوە نەک چوونە سەنگەری یەکتریەوە لە هەموو ئاستێکی حزبی و سیاسی و کۆمەلایەتی و رۆشنبیریەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە