پۆلیس ناتوانێت خۆی بپارێزێت
Saturday, 21/12/2013, 12:00
1419 بینراوە
ئەمە یەکەم جار نییە مەفرەزەکانی پۆلیسیش ڕووبەڕووی کاری تیرۆرستی دەبنەوە وچەندەها قوربانییان داوە. ئەی ئەگەر پۆلیس نەتوانێت خۆی بپارێزێت چۆن دەتوانێت ئێمە، ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە بپارێزێت؟
کار وکردەوەی وا زیاتر نائارامی دەبەخشێت ودەبێتە مایەی ترس ودڵەڕاوکێ لای دانشتوانی ناوچەکە یان لە هەموو کوردستان.
ئەوە دوێنێش جارێکیتر مەفرەزەیەک لە پۆلیسەکانمان بوونە قوربانی بۆمبێک وکارێکی تیرۆرستی لە سەرچنار وبەداخەوە چەند بریندارێکی لێ کەوتەوە. ئەرێ لە سلێمانی ولەژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی بێ سەرکردە چی دەگوزەرێت؟ سەرچنارە جوانەکەمان بۆتە سێگۆشە پەرمۆدا ومەرگ، خەتەرناک وترسێنەر، گوماناوی وتەماوی. چەندەها کەس وکەسایەتی لەناوبران چەند بەرپرسێکی یەکێتیش هەر لەوێ هەوڵی تیرۆریان درا. ئەگەر چی کارێکی وا لە هەرێمی وەکوو دەڵێن، ئارامی کوردستاندا چەندەها پرسیار لەخۆ دەگرێت ودێتە ئاراوە ومایەی تێڕامان وسەرسووڕمانن، بەڵام جەنابی پارێزەری سلێمانی کارەکە بە ئاسایی ،چونکە جەنابی بەرپرسە ، لە قەڵەم دەدات وبە پریشکی شەڕ ونائارامی عیراقی دەزانێت، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەولا داعش تۆمەتبار دەکەن وئەمەش بەسەرەتای کردەوەی گەورەتر دەزانن.
تێکچوونی نێوان پۆلیس وڕووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ ئاسایشدا کاتی گەیشتنیان وتەقەکردنیان لەیەک بارەکە ئاڵۆزتر ونائارامتر وتەمومژاویتر دەکات.
تیرۆرستان وجێبەجێکەرانی ئەم کردەوە چەپەڵانە کێن؟ ئەی بۆچی پۆلیس وئاسایش لەم کاتەدا بەشەڕ هاتن ودەستەیەخەی یەک بوونەوە؟ تۆ بڵێی تەنها ترس ونائارامی وتێکچوون وتووڕەبوون هۆکار بێت؟
ئەوەی سەرنجڕاکێشە هەر کاتێ کردەوەیەکی تیرۆرستی بە ئەنجام دەگەیەنرێت وهاوڵاتییەک دەبێتە قوربانی دەستی چەپەڵی تیرۆر وهەموو لایەنەکان تەنها یەک لایەن بە بەرپرسیار دەزانن وئاماژەی بۆدەکەن ئەوەش یەکێتی نیشتمانییە، مافیاکانی یەکێتی تۆمەتبار دەکرێت، یان بە شەڕی ناوخۆی باڵەکانی یەکێتی لە قەڵەم دەدرێت، گرووپێکی تیرۆرستیتر هێڕش دەکاتە سەر هێزەکانی زێرەڤانی یان پۆلیس بۆ ئەوەی بارەکە، بارە گرانەکە کەمێ لە سەر یەکێتی سووک بکەنەوە. تۆ بڵێی داعش لە خزمەت وبەرژەوەندی یەکێتی کار دەکات؟ بەتایبەت ئێستاش تیرۆری جوانەمەرگ وشەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە ئەوروپاش دەنگی داوەتەوە وگەورەتر دەبێت ویەکێتیش گرژ وبچووکتر، وچەند کادرێکی بەرزی یەکێتی وئاسایش بەبەرپرس دەزانرێن، کردەوە تیرۆرستییەکانی پێشووش زۆربەی دەستی ئاسایشی تێدا بە ئاشکرا بینراوە ودووپات بۆتەوە، لە وانەشە هێزی ١٠٤ی پۆلیسیش هەر ئاسایش بە بەرپرسیار دەزانن لەم کردەوە قێزەونە، چونکە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوون وئەمەش بۆتە هۆی ئەو گرژی ونامتمانەیی وتەقە لەیەک کردنە.