کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حاجى رێباز من كەوەك تۆ بیر ناكەمەوە مانى وانییە بێ ئینسافم،ببورە!!

Sunday, 17/10/2010, 12:00


لەدواى ئەوەى من وتارێكم لەسەر (زانكۆى گەشەپێدانى مرۆیى) نووسى لەڕۆژنامەى دەستوور، لەم سایتە بەڕێزەوە وەڵام دراومەتەوە، من هەرگیز حەزناكەم وەڵامى ئەوجۆرە شتانە بدەمەوە، بەڵام مادام لەو شوێنەى كەوتارەكەم دانەبەزاندووە بڵاوبۆتەوە بۆیە وەڵام دەدەمەوە. وەڵامى وتارەكەى من لەلایەن حاجى رێباز، ناوێكەوە دراوەتەوە، حەزدەكەم بەكورتى چەند سەرە داوێك بخەمەڕوو لەسەر ئەو باسە.

ئەوەى گرفتە ئەو بەڕێزە دێت لەمەنتیقى تەكفیرەوەو بەبیرى ناوچەگەرێتى دێت من موحاكەمە دەكات، لەكاتێكدا ئەگەر ئەو حەجى كردبێت و ماڵى خواى دیبێت نەدەبوو بنیشێتە سەربابەتێك و حوكمى ناهەق بدات، چونكە لەناو ئەو شتەى كە لەوانەیە خۆى پێى بڵێت نووسین چەندین تۆمەتى ناڕەواى داوەتە پاڵ نووسینەكەى من و خوێندكارانى زانكۆكە كە داوادەكەم لەخوا بەگوناه بۆى حساب بكات.

ئەو برادەرە دەڵێت گوایەى من رقم لەدڵدایە بەرامبەر ئەو زانكۆیە، حاجى گیان، من تۆم نەدیوە یان ناتناسم، لەوانەیە تۆ من بناسیت، بەڵام نازانم تۆ چۆن ئەو حوكمە دەدەیت بەسەرمندا لەكاتێكدا بەڕێزت خوێندەواریت هەیەو دەتوانى لیستى ناوى (دە) یەكەمەكەى هەردوو ساڵى رابردوو ببینیت، بزانى منى تێدام یان نا، ئیتر من كەخوێندكارێكى تەمبەڵ نەبم چ رقێكم لەو زانكۆیە یە، جا دواى ئەوە جەنابت وەك وتەبێژى زانكۆكە قسە دەكەیت، من مانعم نییە چۆن قسەدەكەى، بەڵام ئەو مەنتقەى تۆ قسەى پێدەكەیت هەر سەرچاوەكەى ئەوەیە كە من وتۆ وەكو یەك بیرناكەینەوە، كە ئەوە بۆ من شانازییە، وە جەنابت دەڵێى (ئەم زانكۆیە قازانج نەویستە بۆ مەبەستى بازرگانى نییە) من ئا لەمەوە تێگەیشتم كەتۆ لەخۆوە ویستوتە وەڵام بدەیتەوە، چونكە من باسى لایەنى بازرگانیم نەكردوە، دواى ئەوە تۆ دەڵێى (لەسایتێكى ئینتەرنێت بابەتێكم خوێندەوە) ئەسڵەن من لەڕۆژنامەدا ئەو وتارەم بڵاو بۆتەوەو جگەلەوەش تۆ دەڵێى بابەتەكە بەناوى (زانكۆى گەشەپێدانى مرۆیى)یە، بەڵام وانییە ناوى وتارەكە ئەمەیە، زانكۆى (گەشەپێدانى مرۆیى) پڕۆژەیەك نزیكتر لەشكست و دوورتر لەوەى دەخوازرا) بۆیە حەزدەكەم جارێكى تر بیخوێنیتەوە. دواى ئەوە تۆ دەڵێى بێئینسافیت، لەمەشدا دەڵێم تۆ كە لەخۆتەوە حوكم دەدەیت زۆر بێئینسافیت، نەك من، چونكە من (بەمەنتقى جەنابت رەخنە رووخێنەرم) گرتووە، بەڕێز حاجى رێباز، رەخنە یان رەخنەیە بۆ دروستكردن و دەرخستنى شتە خراپەكان یان شتێك نییە بەناوى رەخنەى رووخێنەرەوە مەگەر لاى تۆو ئەمسالەكانت.

هەروەها تۆ باس لەوە دەكەیت كە كەم كەس هەیە بتوانێت كارى وابكات بەڵام ئێمە لەكوردستان (6) زانكۆى ئەهلیمان هەیە. نەك تەنها ئەم زانكۆ. حاجى رێباز ، تۆ خۆت وادەردەخەیت كە زۆر دڵسۆزى زانكۆكە بیت و ئێمە ناحەزى بین، بەڵام لەوانەیە باش بزانیت من و ژمارەیەكى تر لەهاوڕێكانم تەنیا كەسین لەو زانكۆیە كە رۆژنامەیكى خوێندكاریمان هەیەو لەهەمو كوردستاندا بڵاو دەبێتەوەو تائێستا بەردەوامین، كە لەبنەڕتدا هى زانكۆ نییە بەشێوەیەكى رەسمیى و مامۆستا بەڕێزەكانى ئەوێش بەسەرۆكى زانكۆوە رۆڵ و عەقڵى ئێمە باش دەناسن و دەزانن من كەئەم وتارەم نووسیوە لەوپەڕى ئازایى و دڵسۆزیمەوەیە و خۆم ناشارمەوە لەژێرناوى خوازراودا شتى ترسنۆكانە بنوسم، وەك هەندێك.

لەبەشێكى ترى ئەوەى كە تۆ ناوى دەنێى نوسین، باسى ئەوە دەكەى كەدەڵێى ئەو برادەرە واتە (من)، وتبێتم ئەو زانكۆیە هەر زانكۆ نییە، حاجى گیان، ئەگەر لەهەمو نووسینەكەى مندا شتێكى تێدابوو لەم شێوەیەى قسەكەى تۆ ئەوا گوایە منیش وەك تۆ وام، چونكە من لەنوسینەكەمدا وتومە(ئەم زانكۆیە هەموو لایەنەكانى خراپ نیە) بۆیە من بێئینساف نیم !!حاجى.

تۆ دەڵێى ئەو زانكۆیە لەقەرەداغ كراوەتەوە لەبەرامبەر ئەو قوربانیدانەى ئەو سنوورەدا، بەڵام حاجى رێباز، ئەم مەنتقەى تۆ بیرى پێدەكەیتەوە(كەباوەڕت پێى نییە لەناختدا) مەنتیقى (قوربانى بەرامبەر پڕۆژەیە) كەجێگەى پێكەنینەو تائێستا لەكوردستان ئەم مەنتقە سەركەوتو نەبووە، چونكە خزمەتى قەرەداغ بەپێى بەرنامە دەكرێت، ئەم كارە ناچێتە خانەى خزمەت بەقەرەداغ چونكە:

1.ئاوەدانكردنەوەو خزمەتى قەرەداغ كارى حكومەتە نەك وەك تۆ دەڵێى پڕۆژەیەكى (خێرخوازى). چونكە پڕۆژەى خێرخوازى ناتوانێت ئەو كارە بكات.

2.ئەو زانكۆیە كە لەقەرەداغە بیناى كتێبخانەى گەنجان و خوێندكارانى قەرەداغى داگیركردووە نەك خزمەت.

3.تۆ دەڵێى ئەو برادەرە یانى من، رقى لەقەرەداغەو قەرەداغ چێتى بەمن دەفرۆشى، من بۆ خۆم دایكم خەڵكى قەراغەو ئێستاش ماڵى خزمەكانمان هەرلەوێن. ماناى وانییە ئەوەى تۆ نەیناسیت قەراغى نییە، حاجى.

4.لەلایەكیترەوە تۆ دەڵێى بەحساب من وتبێتم خوێندكارى قەرەداغى(10) دانەى تێدایە، حاجى گیان من نازانم تۆ چۆن زاتدەكەى، ماڵى خوات دیوەو شت هەڵدەگێڕیتەوە. من دەڵێم : ئەوانەى لەو زانكۆیە خوێندكارن و دانیشتوى قەرەداغن لە(10) خوێندكار تێناپەڕن، ئەگینا قوربان ئەزانین تۆ قەراغییت.

5. دواتر تۆ دەڵێى چەندین پۆلیس و .... دامەزراون بەهۆى ئەو زانكۆیە، بەڕێز ئەو پۆلیسانە خۆیان هەر دەمێكە دامەزراون و لە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى قەرەداغ دەوام دەكەن و خەڵكیان تێدایە (10) ساڵ زیاتر خزمەتى هەیە ئەگەر حەزدەكەى ناوەكانیانت بۆ دەهێنم و سەبارەت بەكارگوزارەكانیش قابیلە لەسلێمانییەوە كارگوزارى قوڕبەسەر بهێنن، هەتا بەكرى خزمى من و براكەى و ئەو دووژنە داماوە هەبێت، كەئەمە هیچ ئازایەتییەكى تێدا نییە.

6.دواتر تۆ دێیت خوێندكار تۆمەتبار دەكەیت بەوەى كەبیریان بەلاى شتى تردا دەڕوات، وەك وتم تۆ ماڵى خوات دیوە چۆن حوكم بەسەر دڵى هەموو خەڵكدا دەدەیت حاجى...!! ئەى ناپرسى ئەو مامۆستایانەى ئیزن دران لەزانكۆ لەبەر ئاستى كوالێتیان چییان بەسەر هات و خوێندكاریش هەیە لەوانەكەى ئەواندا كەوتوە.

7.لەدواییدا تۆ دێیت قسە لەسەر بڕگەیەكى ترى وتارەكەى من دەكەیت كەمن خۆم دەزانم تۆ باش نەتبینیووە، یان سەرەو خوار شت دەخوێنیتەوە! چونكە من لەو شوێنەى وتارەكەمدا باسى یاساى رێككارى زانكۆكان دەكەم كەوەزارەتى خوێندنى باڵا دەریكردووە نەك زانكۆ، قوربان دەتوانى بچیت بیخوێنیتەوە. ئەگەر نەتبینووە، من لەناو گروپەكەى خۆشمان قسەم لەسەر كردووە من بێدەنگ نابم لەسەر ئەوشتانەو كاتى خۆیشى لەناو رۆژنامەكەى خۆمان راپۆرتە هەواڵێكمان لەسەر دابەزاند كەهیچ حسابێك بۆ خوێندكار ناكرێت لەو یاسایەدا.

لەكۆتاییدا دەڵێم حاجى گیان، من لەڕوانگەى سیاسیەوە رەخنە ناگرم ئەگەر لەو روانگەوەش بیگرم زۆر بەڕاشكاوى دەیڵێم و دەینووسم، من بەشێكى ئەم قسانەم لەزۆرێك لەنوسینەكانى خۆمدا نووسیوە، دواتر تۆ دەڵێى زەوى نەدراوە بە زانكۆكەو شوێن نەدراوە بۆ ئەوەى بێتە ناوشار، ئەى بۆ زانكۆكە قبوڵى دەكات، خۆ ئەمە نایاساییە، باشە وەرە با مانبگرین من، یەكەم كەس دەبم لەپێشەوە لافیتە هەڵدەگرم، وەك كاتى خۆى لەیەكەم ژمارەى رۆژنامەكەمان (گەشەپێدان) راپۆرتمان لەسەركردو بێ هیچ ترسێك من دەكەومە پێش خۆ پیشاندەران دژى ئەوانەى كە زەوى نادەن بەزانكۆ لەناوشار، من دڵنیام تۆ ئەوكاتە ناوێرى بێیت بۆ خۆپیشاندان و دەڵێى ئەمەش حەرامە.

لەكۆتاییدا هیوادارم تەنگەنەفەس نەبى بەم وەڵامەو حەزیشم نەدەكرد خۆم بهێنمە ئاستى تۆو وەڵامەكەت، حازریشم رووبەڕوو قسەبكەین بۆ ئەوەى بەمەنتقى حوجرە شت نەنووسى.

خوێندكارى قۆناغى سێیەمى زانكۆى گەشەپێدانى مرۆیى بەشى زانستە رامیاریەكان
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە