بەڕێز وەزیرى ناوخۆ و جەنابى بریكار
Sunday, 01/11/2009, 12:00
بەڕێزان ئێمە كۆمەڵێك ئەفسەرى سەربازین كە دەرچووى كۆلێژى سەربازى و خولەكانى فەرماندەیى هێزە چەكدارەكانین .. بۆ ماوەى چەند ساڵێك لەناو دەزگاى پۆلیسى سلێمانیدا خزمەتمان كردووە ، ئیستا بەفەرمانێكى وەزارەتى ناوخۆ گوازراوینەتەوە بۆ فەرماندەیى گشتى هێزە چەكدارەكان ، ئێمە لاریمان نیە لەگواستنەوەكەمان چونكە ئێمە دەرچووى كۆلێژ و خوولە سەربازییەكانین و لەبارودۆخێكى نائاسایدا كاتى خۆى هاتبوینە ناو دەزگاى پۆلیسەوە ، بەڵام داخ و كەسەرەكە لەوەدایە كە فەرمانەكەى وەزارەتى ناوخۆ تەنها چەند ئەفسەرێكى گرتۆتەوە بەدەیان ئەفسەرى سەربازى تر هێشتا لەناو دەزگا جیاوەزەكانى وەزارەتى ناوخۆدا هێشتا ماونەتەوە وەك : پۆلیسى رەگەزنامە ، پۆلیسى هاتوچۆ ، پۆلیسى فریاكەوتن و خودى كوڕەكەى بەڕێز بریكارى وەزارەتى ناوخۆ ، فەوجەكان و چەندین بەڕێوبەرایەتى تر .
ئێمە نازانین بۆچى فەرمانێكى لەوجۆرە هەموومانى وەك یەك نەگرتەوە و بەیەك چاو و رەنگ تەماشاى نەكردین ، گوایا ئێمە كەمتەرخەم یان گەندەڵین ؟! ئەگەر وایە بیانداینایە بەدادگا ، دەنا با فەرمانەكانى وەزارەتى ناوخۆى بەڕێز بێ فەرق و جیاوازى هەمووان بگرێتەوە و چیتر بەدەر و مەحسوبیەت پێوەرى كاركردن نەبێت .
ئێمە داواكارین لەبەڕێزان وەزیرى ناوخۆ و جەنابى بریكارەكەى كە بەویژدانەوە بڕیارەكانیان بۆ خوارەوە دابەزێنن و كەس تیایدا بەهۆى خزمێنە و لەبەر خاترى خاتران بەدەر نەكرێت ، لەگەڵ رێزماندا بۆ هەموو لایەك . تكایە با نەبێتە بانێك و چوار هەوا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست