کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی 25ی حه‌وت

Monday, 25/07/2011, 12:00


یه‌كێتی له‌دوای هه‌ره‌سه‌وه‌ قوله‌ی قاف بوو، هیچ هێزێكی كوردی و نیزامی به‌عیشی له‌به‌رامبه‌ریدا نه‌یتوانیوه‌ ڕوبه‌ڕوو ببێته‌وه‌و له‌شه‌ڕی شاخ و شارو پارتیزانیدا توانیویه‌تی براوه‌و له‌پێشه‌وه‌ بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ دۆڕابێت كه‌ 31 ی ئاب بووه‌و ده‌بابه‌ی به‌عس هاتۆته‌ سه‌ری.
ئه‌م هێزه‌ كه‌به‌گه‌رده‌لول و تۆڵه‌ی به‌زه‌برو بنه‌مای به‌هێزی سۆسیال دیموكرات و هه‌ڵگیرسێنه‌ره‌وه‌ی شۆڕش ناسراوه‌، ئه‌زمونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تداری له‌یه‌ك پارێزگای وه‌ك سلێمانیدا توشی گه‌نده‌ڵی كرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ناوخۆی حزبه‌كه‌یدا و له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی ناڕه‌زایه‌تی زۆر ببێته‌وه‌و له‌هه‌ڵبژاردنی 25.7.2009 دا بیدۆڕێنێ، دۆڕانێك كه‌ شاری كۆیه‌و دوكان و ده‌ربه‌ندیخان و ڕانیه‌و ناو شاری سلێمانی و چه‌ندین قه‌زاو ناحیه‌ی تری له‌ده‌ست بكاته‌وه‌و تێیدا ده‌نگه‌كانی به‌پارتیشه‌وه‌ نه‌گاته‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگه‌كانی گۆڕان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌نگێگی تری زۆریش چووه‌ بۆ چوارحزبه‌كه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی چوارحزبه‌كه‌و گۆڕان به‌رامبه‌ر بكه‌یته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌سنوری سلێمانی ئه‌وا یه‌كێتی و پارتی سلێمانیان به‌هه‌موو قه‌زاو ناحیه‌یه‌كه‌وه‌ دۆڕاند، به‌لام ئه‌وه‌ی یه‌كێتی گرته‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا تاكو بتوانێ بچێته‌وه‌ ناو كایه‌ی ده‌سه‌ڵات، پارتی دیموكرات و ته‌زویراته‌كانی ناوچه‌ی دهۆك و هه‌ولێر بوو، ئه‌و ته‌زویره‌ی كه‌وایكرد ئاراسته‌ی ده‌نگدان له‌و دوو پارێزگایه‌ به‌خزمه‌تی لیستی كوردستانیدا بشكێنێته‌وه‌، لێره‌وه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دان به‌وه‌دا بنێ كه‌شكستێكی بێوێنه‌ی خواردو شایسته‌شی بوو، له‌كاتێكدا هه‌وڵی بێوچانیدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كانیدا سه‌ركه‌وێ به‌لام نه‌یتوانی.
پارتی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شكسته‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌كات؟
جگه‌ له‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی درێژكراوه‌كه‌ی به‌ر مه‌سعود بارزانی و پارته‌كه‌ی كه‌وتووه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر سومعه‌ی بارزانی جێهێشت به‌وه‌ی كه‌به‌ڕكابه‌رێكی تازه‌ی نه‌ناسراو بارزانی له‌ناوچه‌ی سنوری یه‌كێتی شكستی خواردو نه‌یتوانی بیسه‌لمێنێ كه‌سه‌رۆكی خه‌ڵكه‌كه‌ی سلێمانیشه‌، جگه‌ له‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌نگی به‌بارزانی نه‌دا بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكی په‌یوه‌ست بێت به‌ شه‌ڕی ناوخۆو ئه‌وخوێنه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌و پارته‌ له‌سلێمانیدا ڕژێنراوه‌، وه‌ك چۆن به‌شێكی تری په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌خه‌ڵكی سلێمانی ئه‌و سیاسه‌ت و تاكڕه‌وی و دیكتاتۆریه‌ته‌ی پارتی قبوڵ نیه‌، ئه‌وه‌شی له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا هه‌یه‌ ده‌ركه‌وت ڕێكه‌وتنی دوو سه‌ركرده‌یه‌و شۆڕ نه‌بۆته‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حزبه‌، بۆیه‌ ئێسته‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی ستراتیجییه‌و یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر شكستی خۆی و پارتی و سه‌رۆك بارزانی دا ئیحراجه‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ یه‌كێتی ئه‌و باجه‌ بدات ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌وه‌ك پارتی خاوه‌نی جه‌ماوه‌رو ده‌نگی براوه‌ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم نیه‌، واته‌ له‌ڕێكه‌وتنی ستراتیجی دا سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ یه‌كێتیه‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پارتییه‌و سه‌رۆكی هه‌رێمیش بۆ پارتییه‌و بودجه‌ی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ش وه‌ك یه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌د كرده‌وه‌و ده‌ریخست كه‌ یه‌كێتی ئه‌و یه‌كێتییه‌ی جارن نیه‌و پارتی ئاماده‌ نییه‌ وه‌ك یه‌ك داهات و پۆسته‌كانی له‌گه‌ڵ دابه‌ش بكات، بۆیه‌ یه‌كێتی به‌واقیعی له‌به‌رامبه‌ر پارتی دا بچوك بویه‌وه‌و منه‌تی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ كه‌پارتی فریای كه‌وتووه‌.
تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌یانتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ بكڕنه‌وه‌!
هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌ڕی زۆری له‌سه‌ره‌ كه‌ئایا هی كێ بووه‌و ئێسته‌ هی كێیه‌؟ تاڵه‌بانی چووه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و جه‌ماوه‌رێكی زۆری بۆ كۆكرایه‌وه‌و دڵخۆش بوو به‌وه‌ی كه‌هه‌ڵه‌بجه‌یان له‌ده‌ست نه‌چووه‌، ئه‌وانه‌شی به‌رپرسی یه‌كێتی بوون له‌و شاره‌ به‌مامه‌یان وتبوو هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هه‌موو عه‌شیره‌ت و كاكه‌یی و ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كان و به‌بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانه‌وه‌ هی ئێمه‌و برایانی پارتییه‌، كاتێك سه‌ركرده‌ی چوار حزبه‌كه‌ش چونه‌ ئه‌و شاره‌ وتیان ئه‌م شاره‌ ئیسلامدۆسته‌و هه‌ر به‌ئیسلام گۆشكراوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئیسلامین، كاتێك فه‌رهاد سه‌نگاوی و مام ڕۆسته‌م چونه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وتیان خه‌ڵكی زۆر ناڕازییه‌و هه‌موو گۆڕانخوارزه‌، به‌ڵام كه‌سه‌رۆكی هه‌رێم چوو، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌مه‌لی لایه‌نه‌كانی تر بڕا له‌وه‌دا كه‌هه‌ڵه‌بجه‌ له‌چنگی یه‌كێتی و پارتی ده‌ردێنن به‌وه‌ی ساڵانێكه‌ خزمه‌ت نه‌كراون و ته‌نها بۆ 16.3 ئه‌وانیان له‌بیر دێته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو جه‌ماوه‌رێكی زۆر كۆكرایه‌وه‌ بۆ بارزانی و به‌وتنه‌وه‌ی كه‌سه‌رۆكی كورد پارتییه‌، پێشڕه‌ومان بارزانییه‌، جگه‌ له‌وه‌ نزیكه‌ی 4 هه‌زار ده‌نگیش به‌بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دراوه‌ له‌و شاره‌دا كه‌ئه‌مه‌ش نیشان ده‌دات یه‌كێتی و پارتی خاوه‌نی ده‌نگێكی كه‌می خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ن، كاتێك ئه‌نجامه‌كان ده‌رچوو یه‌كێتی و پارتی نه‌یانتوانی به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كانیاندا كه‌گۆڕان و خزمه‌تگوزاری و چاكسازی بوو سه‌ربكه‌ون و به‌چه‌ند هه‌زار ده‌نگێك كوردستانی "یه‌كێتی و پارتی" كه‌وتنه‌ دوواوه‌.
گه‌رمیان له‌ململانێیه‌كی ساردا!
گه‌رمیانیه‌كانی ناڕازی بوون، له‌خۆپیشاندانی داواكردنی ئاوو كاره‌بادا خوێنیانداو هه‌میشه‌ ده‌یانووت هیچ بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوه‌كان نه‌كراوه‌و زۆر ناڕازی بوون ته‌نانه‌ت بۆیه‌كجاریش سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت سه‌ردانی نه‌كردون به‌ڵام تاڵه‌بانی له‌میانی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردندا چووه‌ كه‌لارو ده‌ربه‌ندیخان و خه‌ڵكێكی بێشوماری بۆ كۆكرایه‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌هه‌مان شێوه‌ چوار حزبه‌كه‌و فه‌رهاد سه‌نگاوی لیستی گۆڕانیش چووه‌ گه‌رمیان و هه‌مان كۆبونه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجامدرا.
هه‌رچه‌نده‌ چه‌مچه‌ماڵ فشاری زۆری خرایه‌ سه‌رو سود له‌ڕێژه‌ی زۆری نه‌خوێنده‌واره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بینرا بۆ ده‌نگدان تاكو زۆرینه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردستانی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام گۆڕان له‌ڕكابه‌رێتییه‌كی به‌هێزی كوردستانی و خزمه‌تگوزاری و چاكسازیدا توانی پله‌ی سێیه‌م له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنێ.
ده‌نگدان ئه‌وه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه‌ كه‌گه‌رمیانیه‌كان یه‌كێتی و پارتییان به‌و ڕاده‌یه‌ی جاران قبوڵ نیه‌و ته‌نها له‌قه‌زای ده‌ربه‌ندیخاندا به‌كۆی 4 هه‌زار ده‌نگ لیستی گۆڕان پێشی یه‌كێتی و پارتی كه‌وت، به‌مه‌ش ده‌ربه‌ندیخان به‌نداوی ڕق و ناڕزای بوونی خۆی ته‌قانده‌وه‌ به‌یه‌كێتی و پارتیدا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ له‌ڕقی یه‌كێتی و پارتی زیاد ده‌كات به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ری ده‌ربه‌ندیخان، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌به‌دووا یه‌كێتی و پارتی ده‌ست له‌حوكمی خۆسه‌پاندن له‌و ناوچانه‌دا هه‌ڵبگرن كه‌تێیدا دۆڕاون، پێویسته‌ به‌رپرسیارێتی پۆلیس و ناحیه‌و فه‌رمانگه‌كانی ئه‌و شاره‌ ته‌سلیم به‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌زۆرینه‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌.
ڕانیه‌ له‌كوردستانیی ڕاپه‌ڕی!
ڕانیه‌ وه‌ك چۆن ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین بوو به‌ڕوی به‌عسدا ئاواش مێژوو سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی و پارتی بوو، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌مانه‌وه‌ی چه‌ندین شه‌وو ڕۆژی تاڵه‌بانی له‌ناوچه‌كه‌و به‌خشینه‌وه‌ی لێشاوه‌ پاره‌و ئۆتۆمبیل نه‌یانتوانی گۆڕان له‌و ناوچه‌یه‌ له‌سه‌ركه‌وتن ڕابگرن، له‌كاتێكدا له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 یه‌كێتی و پارتی زۆرینه‌ بوون و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش دووه‌م بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ گۆڕان توانی به‌كۆی 30 هه‌زار ده‌نگ یه‌كه‌م بێت و كوردستانی ببێته‌ دووه‌م و چاكسازی سێیه‌م، واته‌ پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی گۆڕان له‌و ناوچه‌دا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ پاره‌و ده‌سه‌ڵات ناتوانێ خه‌ڵكی له‌ناڕه‌زایه‌تی هێوربكاته‌وه‌ تاكو له‌گه‌نده‌ڵی بێده‌نگ بێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ سۆزی زۆری بۆ یه‌كێتی و پارتی و ئیسلامیه‌كان هه‌یه‌و ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌پێگه‌ی به‌هێزی خۆیانی ده‌زانن به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌به‌رامبه‌ر گۆڕاندا ئه‌و ده‌نگه‌ بهێنن، بۆیه‌ ڕانیه‌ یه‌كێكی تر بوو له‌ڕاپه‌ڕینه‌ نوێیه‌كان دژ به‌گه‌نده‌ڵی و قبوڵ نه‌كردنی یه‌كێتی و پارتی، ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕووان نه‌كراو بوو بۆیان و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ زه‌ڕبه‌ی به‌هێزی یه‌كێتی و پارتی به‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌وێ له‌تۆڵه‌ی سه‌رخستنی لیستی گۆڕاندا، هه‌رچه‌نده‌ قه‌ڵادزه‌ له‌ململانێی گه‌رم و توندی لیستی كوردستانیدایه‌و به‌چه‌ند هه‌زار ده‌نگێك پێشكه‌وتن به‌سه‌ر گۆڕاندا به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ده‌ست كوردستانی و بارزانی بۆته‌وه‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان ته‌واو لاواز بووه‌ له‌بتوێن پشده‌ردا.
كۆیه‌ به‌رگی سه‌وزی دڕی !
كۆیه‌ به‌ناوچه‌ی سه‌وزی دڵی یه‌كێتی ناسراوه‌و به‌شاهیدی هه‌موو لایه‌ك له‌كاتی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ یه‌كێتی خزمه‌تێكی زۆری به‌و شاره‌ كردووه‌و ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌ولێری یه‌كێتی بوو له‌مونافه‌سه‌ی پارتیدا، جگه‌ له‌وه‌ تاڵه‌بانی خۆی به‌كه‌س و خزمی كۆییه‌كان ده‌زانێ و پێگه‌ی به‌هێزی له‌وێ هه‌یه‌و زانكۆی لێكرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ نه‌یكرده‌ ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌و شاره‌ ده‌رنه‌چێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌كۆیه‌ كوردستانی نه‌یتوانی هێنده‌ی گۆڕان و چاكسازی ده‌نك به‌ده‌ست بهێنێ بۆیه‌ تاڵه‌بانی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی لابرد له‌كاتێكدا برازای خۆیه‌تی، گه‌نده‌ڵی سه‌ری خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌خوات وه‌له‌و ماوه‌یه‌كی باش ده‌وڵه‌مه‌ندو قه‌ڵه‌وی ده‌كات به‌ڵام له‌بونی یاساو لێپێچینه‌وه‌دا ڕۆژێك ده‌بێت گه‌نده‌ڵكاران ببرێنه‌ به‌رده‌می دادگا، جارێ له‌كوردستان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بویه‌ سه‌ره‌تایه‌كی خستنی به‌شێك له‌و گه‌نده‌ڵانه‌ به‌وه‌ی كه‌زۆر ناوچه‌یان دۆڕاند، ئه‌وه‌ش به‌و هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ی كه‌ده‌نگی نه‌دا به‌لیستی یه‌كێتی و پارتی، ئه‌و یه‌كێتی و پارتییه‌ی كه‌ده‌یانزانی وه‌زعیان باش نیه‌و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان ڕێكنه‌كه‌ون ئه‌وه‌ ناتوانن حوكمی ئاینده‌ی كوردستان بگرنه‌وه‌ ده‌ست، به‌ڵام ئه‌وه‌ش تاسه‌ر نانیه‌و گۆڕانكاری و ئه‌لته‌رناتیڤی به‌هێز ئه‌توانێ ببێته‌ خاوه‌نی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌زۆرێكی به‌ته‌زویرو دیكتاتۆری ڕاگیراوه‌.
پارتی توشی شكست هات به‌ڵام نه‌یدۆڕان؟!
پارتی دیموكرات هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌كردبویه‌وه‌ كه‌بارزانی وایلێهاتووه‌ له‌سلێمانی به‌مونافیسێكی لاواز و تازه‌ ده‌یدۆڕێنێ، ڕه‌نگه‌ گله‌یی له‌یه‌كێتی نیشتمانی بكات به‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی پابه‌ندی ڕێكه‌وتنی ستراتیجی نه‌بوون، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌مانی متمانه‌ی بارزانی و پارتییه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی و جه‌ماوه‌ری لایه‌نه‌كانی ترو خه‌ڵكی گشتیدا چونكه‌ خه‌ڵك هێنده‌ زاكیره‌ی لاواز نییه‌ 31ی ئاب و ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی بیر بچێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پارتی دیموكرات له‌ناوچه‌كانی خۆیدا به‌و ته‌زویرو نه‌بونی ئازادییه‌ توانیویه‌تی شه‌رعیه‌تی خۆسه‌پاندنی به‌رده‌وام بكات، پارتی دیموكرات هه‌میشه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌متر بڕوای به‌فره‌ده‌نگی و پێكه‌وه‌ ژیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌بوو وایكرد پارتی توشی شكست بێت له‌سلێمانی و ده‌ركه‌وت خه‌ڵكی سلێمانی وابه‌سانایی ته‌سلیم به‌ئیراده‌ی دیكتاتۆری كه‌س نابن و ئاماده‌نین له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێسته‌دا به‌رده‌وام بن، پارتی دیموكرات هێنده‌ توشی هیستریا هاتبوو له‌كاتی دۆڕاندنیشیدا له‌سلێمانی هه‌ڵپه‌ڕكێی ده‌كرد تاكو بڵێ ئه‌وه‌ نیه‌ سه‌ما ده‌كه‌ین گووا دۆڕاوین وه‌ك چۆن له‌هه‌ولێرو دهۆك په‌لاماری باره‌گای گۆڕان و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵیدا، به‌مانایه‌كی تر پارتی له‌ناوچه‌ی نفوزی خۆی ته‌زویری كردو زرینه‌ی هێناو په‌لاماری نه‌یاره‌كانیدا، به‌ڵام له‌ناوچه‌ی دۆڕاندن شایی و ئاهه‌نگی كرد.
پارتی به‌ته‌واوی توشی شكست هات وه‌ك یه‌كێتی به‌ڵام نه‌كه‌وت چونكه‌ هێشتا ناوچه‌ی بادینان و دهۆك و هه‌ولێری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ئه‌توانێ تێیدا ته‌زویر بكات، ئه‌مه‌ش نیشانیدا پارتی به‌ته‌زویر خۆی و یه‌كێتی له‌دۆڕاندنی سه‌رتاسه‌ری قوتار كرد.
گۆڕان به‌چی بردییه‌وه‌؟
گۆڕان به‌و جورئه‌ت و وتنی ڕاستی و ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ بردیه‌وه‌ كه‌لێهاته‌ مه‌یدان و به‌خه‌ڵكی وت ئێمه‌ نوێنه‌ری ئێوه‌ین و دژ به‌گۆڕینی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی نایه‌كسانییه‌ سازش ناكه‌ین، گۆڕان بوو به‌بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و توانی هه‌موو چین و توێژه‌كان كۆبكاته‌وه‌و ئاراسته‌یان بكات بۆ لیسته‌كه‌ی خۆی بۆیه‌ له‌كه‌مترین ماوه‌داو به‌ ته‌نها یه‌ك ڕادیۆو سه‌ته‌لایت و ڕۆژنامه‌و سایت توانی له‌به‌رامبه‌ر 380 ڕۆژنامه‌و گۆڤارو سایت و 101 ڕادیۆو 19 كه‌ناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی یه‌كێتی و پارتی دا سلێمانی به‌رێته‌وه‌و ڕكابه‌ری یه‌كه‌می لیستی كوردستانی بێت له‌و ناوچانه‌ش كه‌ته‌زویراتی زۆری لێكراوه‌، سه‌رۆكی كۆمارو جێگری سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم و چه‌ندین كه‌سی پله‌داری تر بانگه‌شه‌یان بۆ لیستی كوردستان ده‌كرد به‌و هه‌موو به‌ڵێن و پاره‌ به‌خشینه‌وه‌ ، به‌ڵام نه‌یانتوانی وابكه‌ن ژماره‌ 76 كورسییه‌كه‌یان نه‌یه‌ته‌ 56 كورسی، له‌به‌رامبه‌ر بانگه‌شه‌ی لیستی گۆڕاندا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی ساده‌و بێ پۆستی وه‌ك مام ڕۆسته‌م و فه‌رهاد سه‌نگاوی، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ق وایه‌ چیتر سه‌ركرده‌كانیش به‌وه‌ نه‌خه‌ڵه‌تێن كه‌مه‌سوله‌كانیان پێیان وتبوون گۆڕان له‌سلێمانی 2 كورسی دێنێ، به‌ڵام كاتێك بینرا 15 كورسی هێنا توشی شۆك بوون و كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ركردنی ئه‌و به‌رپرسانه‌ له‌ڕۆژنامه‌و مه‌ڵبه‌نده‌كاندا، پێویسته‌ بزانن خه‌ڵكی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و هۆشیارییه‌ی كه‌كێ به‌ڕاستی خزمه‌تی ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌شی هه‌موو ڕابردووی شاخ و شۆڕشه‌ لای ئه‌م به‌های نیه‌ چونكه‌ له‌ئێستادا خه‌بات و ڕابردوو ناتوانێ تاسه‌ی شه‌قامێك پڕبكاته‌وه‌.
بۆیه‌ ده‌ركه‌وت خه‌ڵكی كوردستان تینوی گۆڕینی ئه‌و سیسته‌م و داموده‌زگایه‌ كه‌سه‌پاوه‌ به‌سه‌ریداو له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ی قوربانییه‌.
چاكسازی بۆ كه‌وت؟
زۆركه‌س پێی وابوو كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ناتوانێ ده‌نگه‌كانی پێشووی بهێنێته‌وه‌! به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ گوێیان لێنه‌ده‌گیرا، زۆر له‌ به‌رپرسه‌كانی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌لێدوانه‌كانیاندا به‌جۆرێك قسه‌یان ده‌كردو ئاماژه‌یان به‌بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كرد، كه‌پێیان وابوو ئه‌وانن ڕكابه‌ری سه‌ره‌كی لیستی كوردستانی و ئه‌توانن زۆرینه‌ بهێنن، له‌كاتێكدا 2 كه‌ناڵی ئاسمانی و ئیمكانیاتی زۆری كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیان هه‌بوو، له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كاندا خه‌ڵكییان كۆكرده‌وه‌ له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا هه‌موو شه‌رعیه‌تێك بۆ كاره‌كه‌یان بگێڕنه‌وه‌ به‌وه‌ی ئه‌وانن نوێنه‌رایه‌تی ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌ن و چاكسازی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بونه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن و شه‌قامی كوردییان له‌گه‌ڵه‌، به‌لام خه‌ڵكی بینی له‌مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوردا هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یان كرد كه‌له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ڕێكه‌وتن و نقه‌یان لێنه‌هات له‌تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوردا، ئه‌وه‌شیان به‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كرد، تاكو ئه‌وكاته‌ی ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كه‌ی خۆیان بینی كه‌نزیكه‌ی 13% بوو ئه‌وكاته‌ توشی شۆك هاتن و تێگه‌یشتن كه‌هه‌ڵه‌ی زۆریان كردووه‌و ڕابردوو ناتوانێ زه‌مانه‌تی ئاینده‌و ئێستا بێت، زۆر بوچون كۆكه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دوو كروسیه‌كه‌ی سۆسیالست و كورسیه‌كه‌ی قادر عه‌زیز هی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بوو!
بزوتنه‌وه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی به‌چی هێنا؟
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دوای ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی كه‌وته‌ په‌راوێز له‌سیاسه‌ت و ئابوری و ته‌نانه‌ت لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌، به‌جۆرێك ناوچه‌ی نفوزی پێشوی و زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كانی ڕابردوشی له‌ده‌ستدا، به‌ڵام توانی 2% ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌خه‌ڵكانێك ده‌نگیان به‌ناوو ڕابردوی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی داوه‌و نیگه‌ران بوون له‌وه‌ی هاوپه‌یمانی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نی تری عه‌لمانی ئه‌نجام دراوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ئاماده‌ نه‌بوو ده‌نگ بدات به‌لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی، زۆر له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌و لیسته‌ پێیان وابوو بزوتنه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌و ده‌نگ ناهێنێ هه‌ركه‌سیش ده‌نگ به‌وان بدات ئه‌وا ده‌نگه‌كانی ده‌سوتێ و سودی نابێت بۆ كه‌س، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌م پێوه‌ره‌ش هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی تێدا نه‌بووه‌ بۆیه‌ به‌وجۆره‌ نه‌كه‌وته‌وه‌.
چه‌په‌كان به‌یه‌كجاری دۆڕان!
چه‌په‌كان كه‌پێكهاتبوون له‌زۆرینه‌ی چه‌په‌كانی كوردستان به‌ 5 حزب و دوو حزبیش پشتیوانی ده‌كردن، له‌حزبه‌ ئه‌ساسیه‌كان، حزبی شیوعی و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و حزبی ڕزگاری ..
ئه‌مانه‌ پێیان وابوو به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌توانن ڕه‌وتی چه‌پ له‌كوردستان كۆبكه‌نه‌وه‌ بیانهێننه‌وه‌ مه‌یدانن له‌كاتێكدا حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری وه‌ك یه‌كێك له‌ڕه‌وته‌ چه‌په‌ دیاره‌كان له‌م لیسته‌دا نه‌بوو ته‌نانه‌ت بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیشی كرد، له‌لێدوانه‌كانی ئه‌م لیسته‌دا ئاماژه‌ به‌هێنانی 6-7 كورسی ده‌كرا، بۆیه‌ گومان ده‌كرێ له‌و هه‌موو دروشمه‌ی كه‌له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م لیسته‌ پێی وابوو 6 كورسی به‌ده‌ست دێنێ به‌ڵام له‌واقیدا ده‌ركه‌وت ناتوانێ كورسییه‌ك به‌ده‌ست بهێنێ، ده‌بێ ڕاستگۆیی له‌كوێی ئه‌و بانگه‌شانه‌دا بوبێت.
ئه‌م چه‌ند حزبه‌ چه‌په‌ كه‌به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ دابه‌زی نه‌یانتوانی %1ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵكو %0.85 یان به‌ده‌ستهێنا، له‌كاتێكدا هه‌ڵبژاردنی پێشوودا حزبی زه‌حمه‌تكێشان و حزبی شیوعی خاوه‌نی یه‌كی كورسییه‌كی په‌رله‌مان بوون، بۆیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌ به‌دیاركه‌وت كه‌حزبه‌ بچوكه‌كان ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كان نه‌بن نابنه‌ بۆخۆیان به‌ته‌نها نابنه‌ خاوه‌نی كورسییه‌ك، هه‌روه‌ك چۆن زۆر چاودێری سیاسی پێیوابوو ئه‌گه‌ر قادر عه‌زیز و محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود بۆخۆیان به‌سه‌ربه‌خۆیی به‌شداری په‌رله‌مانیان بكردایه‌ ئه‌وا كوردسیه‌كیانه‌ نه‌ده‌هێنا، به‌ڵام له‌پاڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوودا سۆسیالست 2 كورسی و قادر عه‌زیزیش كورسییه‌كی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ قه‌واره‌ی ڕاستی زۆر كه‌سی وه‌ك خۆی نیشاندا به‌یه‌كێتی و پارتیشه‌وه‌.
ته‌زویرات و خروقاته‌كانی هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت و گشتی له‌ڕاپۆرتی یه‌ك چاودێری نێوده‌وڵه‌تیدا
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاری ستۆكهۆڵم له‌سوید،ڕێبوار حه‌سه‌ن كه‌ وه‌ك چاودێری نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی 25.7.2009ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ڕاپۆرتێكیدا نوسیویه‌تی "من وه‌کو چاودێڕێک ده‌مه‌وێت رۆڵی خۆم وا پێناسه ‌بکه‌م که‌هه‌وڵم داوه‌ پێوه‌رێکم هه‌بێت، که ‌به‌رگری کردن بێت له‌ده‌نگده‌رانی هاونیشتمانیانی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئازادانه ‌ده‌نگ بده‌ن، پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌بێ ساخته‌کاری و پێشێلکاری بڕوات و ده‌ستێوه‌ردان روو نه‌دات له‌کاتی ده‌نگ دان له‌لایه‌ن هیچ لایه‌نێکه‌وه‌، له‌و بنکانه‌ی که‌من چاودێر بووم، هه‌وڵمداوه ‌ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ دیاربکه‌م که‌ڕێگا له‌ده‌نگده‌ری کوردستان ده‌گرێت که‌ به ‌ئازادانه ‌ده‌نگ بده‌ن.
من وه‌کو چاودێر ده‌بێت کاره‌کانمان له‌خزمه‌تی ئازادی ده‌نگده‌ردا بێت، که ‌به‌ئازادی بتوانن ده‌نگ بده‌ن ‌ئه‌و به‌ربه‌ستانه ‌دیاری بکه‌ین که ‌له‌به‌رده‌م ئازادی ده‌نگده‌ردایه ‌له‌کاتی ده‌نگدان دا.
ده‌رباره‌ی به‌ربه‌سته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌نوسێ "هه‌ندێ به‌ربه‌ست هه‌ن به‌گشتی له‌زۆر جێی جیهاندا و ‌له ‌کوردستانیشدا ده‌بینرێن که‌ ئه‌مانه‌ن:
هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دیمۆگرافی: بۆ نمونه‌ گواستنه‌وه‌ی گروپیک ده‌نگده‌ر له‌شوینێکه‌وه ‌بۆ شوێنیکی تر، یاخود هه‌ندی گروپ له‌کاتێک، یاخود شوێنێکی تایبه‌تیدا ده‌نگ بده‌ن وه‌کو به‌ندیخانه ‌و نه‌خۆش ...هتد.
ترساندنی ده‌نگده‌ر له‌ڕیگای هه‌ڕه‌شه‌و فشاری نه‌فسیه‌وه.
فشارکردنه ‌سه‌ر ده‌نگده‌ر له‌ڕێگایی پاره‌و دیارییه‌وه.
به‌هه‌ڵه‌بردنی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار له ‌وڵاتانی دواکه‌وتوودا. له‌نا و زۆربه‌ی بنکه‌کاندا نه‌خوینده‌واره‌کان هاریکاری ده‌کران له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی بنکه‌که‌وه، ‌به‌ڵام ئێمه‌ی چاودێر نه‌مان ده‌زانی چیان پێده‌وترێت، ده‌کرێت گومان بکه‌ین که ‌هانده‌ربن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن به‌لیستیێکی تایبه‌تی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا.
نایه‌کسانی کاندیده‌کان و لایه‌نه‌کان چ له‌ڕووی مادی و ئابوری و به‌کار‌هێنانی داموده‌زگای میدیایه‌وه، ‌بۆ نمونه ‌دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات توانیان ده‌وڵه‌ت و میدیا بخه‌نه ‌خزمه‌تی خۆیان.
ده‌رکردنی هه‌ندێ له‌فه‌رمانبه‌ران له‌کاره‌کانیان به‌هۆی سۆزیان بۆ لا یه‌نێکی سیاسی تر که ‌له‌ده‌ره‌وه‌ی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتن.
بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆ و پڕوپاگه‌نده‌ی نابه‌جێ به‌رانبه‌ر به‌یه‌کتری له‌کاتی هه‌ڵبژاردندا.
بوونی که‌سی حیزبی و کارکردنیان له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگداندا بۆ مه‌به‌ستی کارکردنه ‌سه‌ر ده‌نگده‌ران وه‌کو ده‌بینران له‌هه‌ندێ بنکه‌ی ده‌نگداندا له‌هه‌ولێر.
هه‌ندێ ده‌نگده‌ر توانیویانه ‌چه‌ند جار ده‌نگ بده‌ن.
ئه‌و چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌شداری هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت و گشتی كردووه‌ له‌ 23 و 25ی مانگی ته‌مووزدا له‌كوردستان له‌سه‌ردانی چه‌ند بنكه‌یه‌كدا ئه‌م خروقاتانه‌ی تۆماركردووه‌ :
بنکه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له ‌هه‌ولێر.
له‌م بنکه‌یه‌دا نه‌خۆشه‌کان دڵیان خۆشکردم که ‌ده‌هاتن به‌جلی نه‌خۆشیه‌وه ده‌نگیان د‌ه‌دا. له ‌خه‌وشه ‌خراپه‌کانیش ژماره‌یه‌ک نه‌خۆش به‌نامه‌و ته‌ئیدی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ ده‌هاتن ده‌نگیان ده‌دا.
بنکه‌ی بارزانی نه‌مر.
بوونی که‌سی حیزبی له‌ناو بنکه‌که‌دا، هه‌روه‌ها هه‌ندێ که‌س به‌ وێنه‌ و ریکلامی لیستی کوردستانی ده‌هاتن و ده‌چون له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا. هه‌ندێ که‌س به‌ناسنامه‌ی تایبه‌تی و فۆرمی 111 ده‌نگیان ده‌دا، هه‌ندێ جار لێپرسراوی بنکه‌ نامه‌ی پشتگیری ده‌دا به‌ ده‌نگده‌ر بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ بدات، واته ‌رێسایه‌کی چوونیه‌ک نه‌بوون بۆ هه‌موو بنه‌که‌کان. به‌رپرسی ناسینه‌وه‌ی هاونیشتمانان ده‌یانتوانی بڕیاربده‌ن.
ئاماده‌یی هێمنی کوڕان.
له‌نا و بنه‌که‌که‌دا که‌سێک به‌جلی کوردیه‌وه ‌کاری ده‌کرد بۆ لیستی کوردستانی. و ‌ژماره‌یه‌کی زۆر به‌فۆرمی 111 توانیان ده‌نگ بده‌ن. بوونی که‌سی لێپرسراوی حیزبی و له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگدان و هه‌ندێجار له‌به‌رده‌م بنه‌که‌که‌دا ده‌بینران.
بنکه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی.
بوونی میدیای هه‌ردوو حیزب له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگدان و چاوپێکه‌وتنی ساز ده‌کرد له‌گه‌ڵ لێپرسراوی بنکه‌که‌دا.
قوتابخانه‌ی کوێستانی بنه‌ڕه‌تی.
له‌م بنکه‌یه‌دا نزیکه‌ی 179 که‌س ده‌نگیان داوه ‌به‌ناو زیادکردنیان به‌ده‌ست له‌ناو لیسته‌ی ده‌نگدان دا. من ئه‌مه‌م ئاگاداری لێپرسراوی بنکه‌که ‌کرد و ته‌له‌فۆنم کرد بۆ یه‌کێک له‌ئه‌ندامانی کۆمیسیۆنی باڵا (کاک سه‌رداو عه‌بدولکه‌ریم)، له‌ئه‌نجامدا ئه‌وانی تر که ‌له‌سه‌ره‌دا وه‌ستا بوون بڵاوه‌یان پێکرد...
ژماره‌یه‌کی زۆریش به‌فۆرمی 111 توانیان ده‌نگ بده‌ن، ئه‌مانه ‌هه‌موو نزیکه‌ی سه‌عات 17 روویدا. نامه‌که‌ی من به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه ‌وه‌ریگرتوو منیش کۆپیه‌کیشم بۆ خۆم گلدایه‌وه. که‌سێک ده‌نگی دا که ‌ساڵی 1994 له‌دایک ببوو.
ناوه‌ندی چناری کچان.
كه ‌زیادكردنی سه‌عاتی‌ كۆتایی هیچ پاساوێكی نه‌بوه‌، له‌وه‌ده‌چو پیلانێكی پێشوه‌خت بێت‌ و رێكخرابێت، چونكه ‌ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له‌بنكه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ زۆر نه‌بو، كه‌ پێویست بكات كاته‌كه‌ی بۆ زیاد بكرێت ‌و هیچ جه‌نجاڵی‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ك به‌سه‌ر بنكه‌كانه‌وه ‌نه‌بوه ‌که ‌منی لێ بووم‌. ژماره‌یه‌کی زۆر به‌فۆرمی زه‌رد ده‌نگیان ده‌دا. ‌نزیکه‌ی 26 که‌س ناویان نه‌بوو ناویان زیادکرا.
لێره ‌ژماره‌یه‌کی زۆر به‌فۆرمی 111 ده‌نگیان ده‌دا. ‌له‌کاتژمێری دوایی 17وه ‌ده‌نگده‌رانی لاوان زیادی کرد، ئه‌وه‌بوو به‌ڕێکه‌وت داوای هه‌ویه‌م کرد له‌که‌سێک که‌ ده‌یویست ده‌نگ بدات ‌لێپرسراوی ناسینه‌وه‌ی ناسنامه ‌رێگای پێدا که ‌ئیمزا باکات، بنکه‌که‌یان جیهێشت به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن. هه‌ر له‌هه‌مان بنکه‌دا لێپرسراوی ناوچه ‌زوو زوو ده‌هاته‌بنکه‌که...
بوونی میدیای هه‌ردوو حیزب له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگدان و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ لێپرسراوی بنکه‌که ‌له‌ناو که‌رتی ژماره‌یه‌کدا.
23 مانگی حه‌وت، من له‌سه‌عات، 8وه ‌له‌مه‌ڵبه‌ندی ده‌نگدانی ناو نه‌خۆشخانه ‌بووم، دوایش رووم کرده ‌قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ئه‌حمه‌دی خانی تاکو نزیکه‌ی سه‌عات 15.30 دواییش چوومه‌ مه‌ڵبنه‌دی قوتابخانه‌ی کوێستان.
ڕێبوار حه‌سه‌ن له‌ده‌ره‌نجامدا ده‌نوسێ "سه‌ره‌تا که‌مێک زه‌حمه‌ت بوو بزانرێت که ‌کاری ده‌نگدان چۆن ده‌کرێت، که‌ڕووم کرده ‌بنکه‌ی یه‌که‌م زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ پێشوازی کرام، به‌ڵام هه‌ر زوو پێیان وتم که‌شوێنم ئه‌و کورسییه‌و نابێت بجوڵیم، ئه‌مه‌ش دووباره‌ کرانه‌وه‌بوو بۆ من له‌زۆربه‌ی بنکه‌کاندا. که ‌سه‌یری خۆم و چاودێرانم ده‌کرد خۆم و چاودیره‌کانی تریش وه‌کو قوتابی سه‌ره‌تایی له ‌قوتابخانه‌یه‌کی زۆر کلاسیکی کۆن ده‌هاته‌به‌رچاو، که‌نابێت بجوڵیین و ده‌بێت ئاقڵانه‌ به‌داخوازی مامۆستای وانه ‌بجوڵێینه‌وه‌، ‌کرابوونه‌ ته‌ماشاکه‌رێکی پاسیف و ناچالاک. ئه‌م دیارده‌یه ‌تاکو له‌کاتی ژماردنی ده‌نگه‌کانیش که‌پێمان وترابوو ده‌بێت له‌دووره‌وه ‌ته‌ماشا که‌ین، نابێت نزیک بینه‌وه ‌له ‌وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانیش.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌چاوی خۆی بینیویه‌تی كه‌ كه‌سێك له‌بری ناوێكی تر ده‌نگیداوه‌‌ و مه‌ره‌كه‌بیش به‌په‌نجه‌یه‌وه ‌بوه‌.
من سه‌رسام بووم بۆ چی ده‌بێت که‌سێک به‌ناوێکی تر ده‌نگ بدات له‌یه‌كێك له‌بنكه‌كانی هه‌ولێر، ناوه‌ندی چناری کچان ده‌نگده‌رێك داوای ناسنامه‌مان لێكرد، ناوی (ئارام ئه‌حمه‌د) بو، به‌ڵام له‌شوێنێكی دیكه‌ناوی (ئه‌حمه‌د خزر) بو ئیمزای کرد، ئایا چه‌ند که‌س به‌م شێوه‌یه ‌ده‌نگی داوه‌؟
هه‌روه‌ها له ‌قوتابخانه‌ی كوردستان، نزیكه‌ی (179) كه‌س ناویان به‌ده‌ستنوس زیاد كرابو له‌لیستی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نگ ده‌ده‌ن. ئایا چه‌ند که‌سی تر له‌بنکه‌کانی تر ئه‌مه‌کروه‌؟
ئایا فه‌رمانبه‌ری ناو بنکه‌کان حیزبی بوون؟، کاری ده‌نگدانه‌که ‌مۆری ئه‌ركێکی حیزبی پێوه‌دیاربوو بۆ ده‌نگدان، سه‌ربازه‌کان، ئه‌فسه‌ره‌کانیان وه‌کوو چاودێر له‌به‌رده‌م هۆڵی ده‌نگدان له‌وێ بوون. ‌گروپ گرروپ به‌پاس و سه‌یاره‌ ده‌یانهێنان بۆ ده‌نگدان، هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ گوایه ‌توانای نوسین و خوێندنیان نییه‌، به‌ڕیوه‌به‌ری هۆڵه‌کان یاخود، فه‌رمانبه‌رێکی تر له‌ته‌نیشتیوه‌ ده‌وه‌ستا و پێی ده‌وترا که ‌چۆن ده‌نگ بده‌ن. ئه‌وه ‌جێی سه‌رنجه‌ له‌قوتانخانه‌ی خانی له‌م کاره ‌زۆر ده‌بینران. هه‌روه‌ها له‌نه‌خۆشخانه‌ش به‌وه‌ره‌قه‌یه‌کی به‌ڕیوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه ‌ده‌کرا نه‌خۆش ده‌نگ بده‌ن. ئه‌مه ‌دوو لایه‌ن بوو، یه‌که‌میان دیمه‌نێکی جوان بوو که‌ نه‌خۆش به ‌به‌رگی نه‌خۆشیه‌وه ‌روو ده‌کاته ‌ده‌نگدان و ‌هه‌ر ‌لایه‌نێکی تری، کێ ده‌ڵێت که‌ چۆن به‌ته‌ئیدێکی به‌ڕیوه‌به‌ر بتوانێت ده‌نگ بدات.
له ‌قوتابخانه‌ی کوێستان زیاد له ‌179 که‌س توانیان ده‌نگ بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ناویان له‌ناو لیسته‌ی تۆمارکراودا هه‌بێت و به‌ده‌ست ناوه‌کان زیاد ده‌کران، من لێره ‌ئیستماره‌ی ژماره‌110م پڕکرده‌وه ‌وه‌‌کو سکاڵا، به‌ڵام دوای وتیان تۆ نابێت سکاڵا بکه‌یت، چونکه ‌چاودێری ده‌ره‌وه‌ییت، ده‌بێت ئیستماره‌ی 111 وه‌رگریت، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و ئیستیماره‌یان لا نه‌بوو، وتیان راپۆرت بنوسه‌، منیش راپۆرتی خۆمم نوسی و به‌ڕیوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌نده‌که ‌ئیمزای کرد. ئه‌وه ‌سه‌یره‌ که ‌نوێنه‌ری لیستی کوردستانی داوایه‌کی زۆری لێده‌کردم که ‌من ‌هیچ شکات نه‌که‌م، هه‌ندێ قسه‌ی که‌مێک له‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ناسک ده‌کرا.
لێپرسراوی ریکخراو زوو زوو ده‌هاته ‌ناو بنکه‌که‌وه ‌و ‌چاودێری لیستی کوردستانی بانگده‌کرد و دوایی بڵاوه‌یان ده‌کرد (پیاوێکی قه‌ڵه‌وی بوو)، بانگی چاودێری لیستی کوردستانی ده‌کرد".
ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان :
ژماره‌ی ده‌نگده‌ر: 1859522
دهۆك/
كوردستانی: 338000
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 44000
گۆڕان: 18000
هه‌ولێر/
كوردستانی: 400916
گۆڕان: 112000
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 42000
سلێمانی/
گۆڕان: 286664
كوردستانی: 253759
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 133527
ناوشاری سلێمانی :
وڵوبه‌/
گۆڕان: 1064 ده‌نگ
كوردستانی: 650 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی 1191 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 724 ده‌نگ
ناوه‌ندی ئازادی كوڕان:
لیستی گۆڕان: 1273 ده‌نگ
لیستی كوردستان: 808 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاریی و چاكسازی: 540 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 1445 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 892 ده‌نگ
ئاماده‌یی بازرگانی سلێمانی:
گۆڕان: 594 ده‌نگ
كوردستان: 376 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاریی و چاكسازی: 149 ده‌نگ
ئاماده‌یی سه‌ركارێز:
گۆڕان: 740 دنگ
كوردستانی: 330 ده‌نگ
ئاماده‌یی شێخ مه‌حمود
گۆڕان 683 ده‌نگ
كوردستانی: 440 ده‌نگ
دكتۆر كه‌مال میراودلی: 576 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 494 ده‌نگ
ناوه‌ندی بادینان له‌راپه‌رین
گۆڕان: 1096 ده‌نگ
كوردستانی 804 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 1076 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی 985 ده‌نگ
قوتابخانه‌ی به‌رده‌قاره‌مانی سه‌ره‌تایی له‌به‌كره‌جۆ
گۆڕان: 1178 ده‌نگ
كوردستانی: 880 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 256 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 1132 ده‌نگ
مسعود بارزانی: 928 ده‌نگ
قه‌زاو ناحیه‌كان :
پێنجوێن/
كوردستانی: 6488 ده‌نگ
گۆڕان: 5806 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 4018 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 8933 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 7408 ده‌نگ
هه‌ریر/
لیستی كوردستانی: 10974 ده‌نگ
لیستی گۆڕان: 1542 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانیك 12305 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی 1115 ده‌نگ
گه‌رمیان/
گۆڕان: 39603 ده‌نگ
كوردستانی: 36443 ده‌نگ
شه‌قڵاوه‌/
لیستی كوردستانی: 8731 ده‌نگ
لیستی گۆڕان: 1754 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 1122 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 10017 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 1236 ده‌نگ
ناحیه‌ی سیروان/
كوردستان: 1622 ده‌ن
خزمه‌تگوزاریی و چاكسازی: 1077 ده‌نگ
گۆڕان: 737 ده‌نگ
بزوتنه‌وه‌: 661 ده‌نگ
بارزانی: 1666 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 1653 ده‌نگ
ته‌وێڵه‌/
كوردستانی: 913 ده‌نگ
گۆڕان: 294 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسزی: 281
مه‌سعود بارزانی: 967 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 423 ده‌نگ
بیاره‌/
كوردستن: 683 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 271 ده‌نگ
گۆڕان: 223 ده‌نگ
عه‌ربه‌ت/
گۆڕان: 4424 ده‌نگ
كوردستانی: 4209 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 2249 ده‌نگ
زه‌ڕایه‌ن و قه‌ره‌گۆل/
كوردستانی: 3643
گۆڕان: 2930
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 1630
مه‌سعود بارزانی: 4341 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لك 3214 ده‌نگ
سه‌ید سادق/
كوردستانی: 9137 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاریی و چاكسازی: 8323 ده‌نگ
گۆڕان: 7925 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی 11894 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 10096 ده‌نگ
هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌/
كوردستانی: 5599 ده‌نگ
گۆڕان: 4931 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاریی و چاكسازی: 4496 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لیك 7895 ده‌نگ
مه‌سعود بارزنی: 6758 ده‌نگ
هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید/
كوردستانی: 14822 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 13232 ده‌نگ
گۆڕان: 8221 ده‌نگ
رانیه‌/
گۆڕان: 13370 ده‌نگ
كوردستانی: 13220 ده‌نگ
سۆران و ره‌واندز و مێرگه‌سور:
كوردستانی: 83920 ده‌نگ
گۆڕان: 10169 ده‌نگ
خزمه‌تگوزاری و چاكسازی: 4911 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 69375 ده‌نگ
د. میراوده‌لی: 4891 ده‌نگ
چۆمان/
كوردستانی: 6616
گۆڕان: 3325 ده‌نگ
مه‌سعود بارزانی: 8930 ده‌نگ
د. كه‌مال میراوده‌لی: 3303

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە