کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستانپۆست ده‌یه‌وێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانییدا سازبکات!

Sunday, 30/05/2010, 12:00


ئه‌و گفتوگۆیه‌ی خواره‌وه‌، که‌ گۆڤاری گۆڵان له‌گه‌ڵ بەرپرسی ئاژانسی پاراستن (مه‌سرور بارزانی) کردوویه‌تی، ده‌یخه‌ینه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌رانی کوردستانپۆست، له‌هه‌مانکاتدا‌ لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین، که‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ سه‌ر کێشه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان به‌ رێگای ته‌له‌فون گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بده‌ین و چه‌ند پرسیارێکی ئاڕاسته‌ بکه‌ین، هیوادارین  ئه‌م سه‌رنجه‌مان  بخوێنێته‌وه‌ و ئاماده‌یی خۆی پیشان بدات بۆ ئه‌و گفتوگۆیه‌ی که‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامی بده‌ین.
 ئیستاش بفه‌رمون له‌گه‌ڵ گفتوگۆکه‌ی رۆژنامه‌ی گوڵان که‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانییدا ئه‌نجامیان داوه‌، هیوادارین هه‌ر که‌سێک سه‌رنج و تێبینی، یان ره‌خنه‌یه‌کی هه‌یه‌ بۆمان بنێرێت
 *******************************
 مسرور بارزانی بۆ گوڵان: شۆڕشی گوڵان تروسكایی خەباتی بەزیندوویی هێشتەوەو ئومێدی سەركەوتنی بۆ گەلەكەمان گەڕاندەوە
 مسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ئاژانسی پاراستنی كوردستان، ئەو سەركردە لاوەیە كە هەموو كات بە شێوەیەكی واقیعبینانە سەیری بارودۆخی سیاسیی كوردستان دەكات و هاوكێشە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان دەخوێنێتەوە، لای مسرور بارزانی پارتایەتی یەك مانای هەیە، ئەویش كوردایەتییە، بۆیە كاتێك سەبارەت بە پارتی و ئایندەی پارتی پرسیاری لێدەكەیت هەست دەكەیت ئەو پارتی لە بازنەیەكی گەوەرتردا سەیر دەكات و پێیوایە ئەركی سەرەكی پارتی كوردایەتییە نەك حزبایەتی، كاتێك سەبارەت بە پارتی رەخنەی ئاراستە دەكەیت، زۆر بەهێمنی و واقیعیانە وەڵامی رەخنەكان دەداتەوە و ئەگەر رەخنەكەش رووی پارتی بگرێتەوە راشكاوانە رەخنەكان قبوڵ دەكات.ئەم دیمانە تایبەتەی گوڵان لەگەڵ بەڕێز مسرور بارزانی، سەرەتا وابڕیاربوو كە تایبەت بێت بە خوێندنەوەی شۆڕشی گوڵان بۆ ئێستا و هەنگاو هەڵگرتن بۆ ئایندە، بەڵام لەكاتی ئەنجامدانی ئەم دیمانەیە چەندین پرسیاری دیكەی تایبەت بە بارودۆخی ئێستا و كۆنگرەی داهاتووی پارتی هاتنە ئاراوە، بۆیە ئەم دیمانە تایبەتەی بەڕێزیی لەگەڵ گوڵان چەندین لایەنی هەمەجۆری گرتۆتەوەو زۆر پرسی گرنگی تاوتوێكردووە. ئەمەش دەقی دیمانەكەی بەڕێز مسرور بارزانی- یە.
  
  
بارودۆخی ئێستای كوردستان
گوڵان: پێش ئەوەی پرسیارەكانمان سەبارەت بە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان ئاراستەی جەنابت بكەین، بارودۆخی ئەمڕۆ وا پێویست دەكات هەڵوەستەیەك لەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستان بكەین، بە تایبەتی دوای تیرۆركردنی قوتابی لاو سەردەشت عوسمان، بێگومان تیرۆركردنی لاوێك جێگەی داخ و نیگەرانی هەموو لایەكمانە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لە جەنابت بپرسم بۆچی ئەمكارە تیرۆریستییە لەلایەن لایەنێكەوە كرایە مەسەلەیەكی سیاسی و پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ تۆمەتبار كرا؟ ئایا بەڕێزت چۆن ئەم مەسەلەیە دەخوێنیتەوە؟
مسرور بارزانی: سەرەتا بەخێرهاتنی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بۆ ساڵیادی شۆڕشی گوڵان هاتوونەتە ئێرە، سەبارەت بەم پرسیارەشتان دەربارەی تیرۆركردنی قوتابی لاو كاكە سەردەشت، دەمەوێت ئەوە بڵێم ئێمە هەموومان وەك هاووڵاتییەكی ئەم وڵاتە نیگەرانین بە روودانی ئەمكارە تیرۆریستییە و بكەرانی تیرۆركردنی كاك سەردەشتیش مەحكوم و ریسوا دەكەین، ئەمە لایەنێكی مەسەلەكەیە، لایەنێكی دیكەی مەسەلەكە ئەوەیە كە دەڵێم چ وەكو تاك، چ وەكو حزب، چ وەكو داموودەزگای ئەم هەرێمە، بۆ بەدواداچوونی ئەمكارە تیرۆریستیە درێغیمان نەكردووە و درێغیش ناكەین. بۆیە لێرەدا دەمەوێت دوو مەسەلەی گرنگ لە یەكتری جیابكرێتەوە:
یەكەم: كاتێك كاك سەردەشت یان هەر تاكێكی دیكەی كۆمەڵگەكەمان بە ناهەق خوێنی دەڕژێت و دەستی تیرۆ دەیگاتێ، ئەمە داخێكی گران بۆ هەموومان بەجێدەهێڵێت.
دووەم: تێكەڵاوكردنی ئەمكارە تیرۆریستیە وەك مەسەلەیەكی سیاسی، بەڕاستی گۆڕینی تاوانێكی لەوجۆرە بە مەسەلەیەكی سیاسی و راكێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمەیان مەسەلەیەكی دیكەیە، ئێمە دەمانەوێت ئەم دوو مەسەلەیە تێكەڵ نەكرێت، خەڵكانێك بیانەوێت تێكەڵیشی بكەن، رێگەیان پێنادەین ئەو تێكەڵكردنە بەردەوام بێت.
پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە بۆچی رێگە بە دەزگا یاساییەكان و دەزگا فەرمییەكانی حكومەت نەدرا بۆ ئەوەی بەدواداچوون لەسەر ئەم مەسەلەیە بكەن بە شێوەیەكی یاسایی؟ هەر زوو ئەم مەسەلەیەیان بۆ مەبەستێكی سیاسی قۆستەوەو دژی لایەنێكی سیاسیی بەكاریان هێنا، خوێنی ئەم لاوەیان كردە كەرەستەیەك بۆ دژایەتیكردنی لایەنێكی سیاسی كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لە پێناوی مەرامە تایبەتییەكانی خۆیان ویستیان سوكایەتیان بە خوێنی لاوێكی وەك كاك سەردەشت بكەن. بەڕاستی ئەمە جێگەی داخە، ئەگینا پارتی هەرگیز لەوە دڵگران نەبووە كە خۆپیشاندان دەكرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو تیرۆریستانەی بە ناهەق كاك سەردەشتیان تیرۆر كردووە، پارتی لەوە دڵگران نەبووە كە هەستی خەڵك جوڵاوە بەرامبەر لەدەستدانی گەنجێكی ئەم وڵاتە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئاسایشی هەرێمی كوردستان چەند سەقامگیر بووە، لەبەر ئەوەی بە روودانی كارێكی لەو شێوەیە هەموو كەس لە كوردستان هەستی پێكردووەو كاریگەری لەسەر هەموو كەسێك هەبووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەمجۆرە رووداوانە لە هەرێمی كوردستان شازن و ئەوانەشی ئەو كارانە ئەنجامدەدەن نامۆن بە كۆمەڵگەی كوردستان، بۆیە ئەم حاڵەتە خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەیەكی تایبەتی دەوێت، بەڵام كاتێك دەبینن هەر لەسەرەتاوە كەسێك یان لایەنێك تاوانبار دەكرێت، ئەمە لەرووی تەكنیكەوە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم ئەو لیژنانەی كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ مەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بۆ ئەو تاوانە پێكهێنراون، لەلایەكی دیكە بە سیاسیكردنی ئەم رووداوە دیارە دۆسیەكی دیكە دەخاتە بەردەم خەڵكی كوردستان، ئەمەش لە خزمەتی بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئەو تیرۆریستانە نییە كە بەو كارە هەڵستاون، ئەمە بێڕێزیكردنە بەرامبەر بە هەست و سۆزی بنەماڵەی كاك سەردەشتیش.
ئینجا ئەوانەی خۆپیشاندان دەكەن بۆ دۆزینەوەی بكەرانی ئەم تاوانە و ئەو تیرۆریستانەی ئەمكارەیان ئەنجامداوە، ئێمەش هەموومان پشتیوانی ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیە دەكەین، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە تێكەڵكردنی دۆسییەكان و راكێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنێكی سیاسی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمە پارتی نیگەران كردووە. لەبەر ئەوەی پارتی لە هەموو لایەنێك زیاتر خۆی بە خاوەنی سەروەریی و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە دادەنێت، پارتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر پاراستنی كەرامەتی هەرتاكێك و پاراستنی ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان، بۆیە كاتێك نابەپرسیارانە پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی رادەكێشرێت، پارتی ئەمە قبوڵناكات، هەروەها هەرگیز پارتی ئەوە لە هیچ لایەنێك قبوڵ ناكات بۆ مەرامی سیاسیی و بێ بەڵگە پەنجەی تۆمەتی بۆ رابكێشرێت، هەموو لایەكیش دەزانێت و بینیشمان مەسەلەی تیرۆركردنی كاكە سەردەشتیان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەكارهێنا، ئەمەش قبوڵ ناكرێت. بۆیە پارتی زۆر بە لۆژیكانە و دووربینانە وەڵامی داوەتەوە و كەسیشی تاوانبار نەكردووە، بەڵكو لایەنی دیكەی بە تاوانباركردنی خودی خۆی تاوانبار كردووە، پارتی بەلایەنی بەرامبەری گووتووە، تۆ ناتوانی من تۆمەت بار بكەیت و ئەگەر نەتوانیت تۆمەتەكانی خۆت لە دادگا بسەلمێنیت، ئەوا دەبێت خۆت وەڵامی دادگا بدەیتەوە.
 ئەو لەهجەیەی لە بەیاننامەكەی پارتیدا بەكار هاتووە، وەڵامی ئەو لەهجەیە بووە كە پارتی پێ تۆمەتبار كراوە

 گوڵان: بەڵام ئەو بەیاننامەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەو تۆمەتانەی پێداوەتەوە، ئێستا دەڵێن توند بووەو دەبوایە نەرمتر بووایە، من پرسیار لەبەڕێزیت دەكەم ئایا ئەم بەیاننامەیە كاردانەوەی هەڵچوونێك بوو، یان دەبوو پارتی لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانە بەو جۆرە بێتە وەڵام؟
مسرور بارزانی: بێگومان پارتی بەرگری لەخۆی كردووە، بۆیە ئەو لەهجەیەی لە بەیاننامەكەی پارتیدا بەكار هاتووە، وەڵامی ئەو لەهجەیە بووە كە پارتی پێ تۆمەتبار كراوە، بۆیە كاتێك تۆ بڕوات بەخۆت هەبێت، بێگومان قبوڵ ناكەیت بەرامبەرەكەت هەموو شێوەیەكی توند بەكار بهێنێت و تومەتبارت بكات و چاوەڕێی ئەوەش نەكات وەڵامبدرێتەوە، پارتی وەڵامی ئەم تۆمەتانەی داوەتەوە، بۆیە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ پارتی زۆر لەو وشە و شێوازانە توندتر و قورستر بووە كە لە بەیاننامەكەی پارتیدا هاتوون.
 ئەو تۆمەتانە دەدەنە پاڵ من یان هەرتاكێكی ئەم وڵاتە، ئەوا دەبێت بچێت لەبەردەمی دادگا وەڵامی خۆی بداتەوە

گوڵان: هەروەها هەوڵیاندا ئەم مەسەلەیە گرێبدەنەوە بۆ كۆڕێكی بەڕێزیتان كە لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین گرێدرابوو، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆچی بەم شێوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە جەنابتان بوون بە ئامانجی ئەو لایەنە؟
مسرور بارزانی: تا دوای تیرۆركردنی كاك سەردەشت من هەر ئەوم نەناسیوە و نەمزانیوە كێ بووە، كە من چوومەتە زانكۆی سەلاحەددین بۆ ئەو كۆڕە، چەند سەد قوتابیەك بۆ ئەو كۆڕە هاتبوون و كۆڕەكەش هەمووی بە كامیرای ڤیدیۆ وێنەی گیراوە و ماوە، هەروەها مامۆستاكان لەوێ بوون، دوای ئەو تۆمەتە پرسیوومە، دەڵێن ئەو ئەسڵەن لەو كۆڕە هەر ئامادە نەبووە، لەلایەكی دیكە لەو كۆڕەدا نەكەسێك بێڕێزی كردووە، نەكەس رەخنەی توندی گرتووە، ئامادەبووان پرسیاریان كردووەو من وەڵامم داوەنەتەوە و ئەمانەش هەمووی بە ڤیدیۆی تۆماركراو هەیە، ئینجا نازانم یەكێك بیەوێت تۆمەتێكی ناڕەوا دروست بكات، ئەوا دەبێت ئەو كەسەی ئەو تۆمەتانە دروست دەكات بزانێت، كە مەسەلەی دروستكردنی تۆمەت هێندەی تاوان گرانە، ئەگەر ئەو كەسە بەڵگەی لایە فەرموو با بەڵگەی خۆی بخاتە روو، خۆ من هاووڵاتیەكی ئەم وڵاتەم و ئامادەم بچمە بەردەمی دادگا، ئەگەر ئەوانەی ئەو تۆمەتانە دەدەنە پاڵ من یان هەرتاكێكی ئەم وڵاتە، ئەوا دەبێت بچێت لەبەردەمی دادگا وەڵامی خۆی بداتەوە بۆچی ئەو تۆمەتانە دەدەنە پاڵ كەسێك ئەوجا ئەو كەسە من بم یان هەركەسێكی دیكەی ئەم كۆمەڵگەیە بێت.
 
 هەڵمەتە دژی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خزمەتی چی ئەجێندایەكی بێگانە دەكات؟

گوڵان: لەم مەسەلەیەدا جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كرایە ئامانج، پرسیاری من ئەوەیە لەم بارودۆخەدا كە هەموو كورد چاوەڕێی ئەوەیە كورد بە یەكڕیزی و یەك مەرجەعی بچێتە بەغدا، ئایا ئەم هەڵمەتە دژی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆچی؟

مسرور بارزانی: تەنیا لەم مەسەلەیەدا هەڵمەت دژی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەكراوە، پێشتریش ئەم هەڵمەتە دژی جەنابی دەستی پێكرابوو، پێشتریش هەوڵیانداوە لە شكۆی جەنابی سەرۆك وەك سیمبول و وەك ئەوەی زۆرینەی زۆری خەڵكی كوردستان متمانەی پێداوەو ئەو دەسكەوتانەی لەم وڵاتە بەدەستهاتوون كەمبكەنەوە، بۆیە ئەمە دوو تەفسیری هەیە:
1- ئەگەر ئەم هەڵمەتەی دژی جەنابی سەرۆك و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان دەستێكی ناوخۆیی لە پشتەوەیەوە، ئەوا بەداخەوە ئەو خەڵكانە زۆر سەركێشانە یاری بە چارەنووسی میللەتێك دەكەن. لەبەر ئەوەی لێدانی پێگەی ئەزموونی هەر سیمبولێك لێدانی تەواوی دەسكەوتەكانی ئەم وڵاتەیە.
 2- ئەگەر ئەو دەستە ناوخۆییانە لەلایەن خەڵكی دیكەشەوە پێیان دەكرێت، دیسان دەڵێم بەداخەوە ئەوەندە بێ هەڵوێست و بێ ئیرادەن كە نازانن بەرژەوەندی گەل و نەتەوەكەیان لە چیدایە و بە نەزانی خزمەتی ئەجیندایەكی بێگانە دەكەن.
 بۆیە لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەمكارەی دەیكەن دژی ئەم ئەزموونەیە، دژی پێشڤەچوونی ئەم هەرێمەیە كە چەندین ساڵە لە سایەی سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی دا ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتن و پەرەپێدانی ئابووری و پێگەیشتنی سیاسیی باڵی بەسەر ئەم هەرێمەدا كێشاوە. ئەمەش بۆتە جێگەی فەخر و شانازی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە، بۆیە ئەگەر گروپێك بێن و بیانەوێت بە درۆ و دەلەسە ئەم هەموو دەسكەوتانە بسڕنەوە، من ئەوەندەیان پێدەڵێم پەتی درۆ كورتە. هەروەها پێیان دەڵێم ئەگەر ئێمە جیاوازیشمان هەبێت، دەتوانین بە زمانی دیالۆگ جیاوازییەكانی خۆمان دەرببڕین، بەڵام نەگاتە ئەو ئاستەی هەموو دەسكەوتەكان بكەونە مەترسیەوە.
 
رێگە نادەین ئاسایش و ئارامی ئەم هەرێمە بشێوێنرێت

 گوڵان: پێش ئەوەی بچینە سەر تەوەری شۆڕشی گوڵان، دەخوازم ئەگەر بەڕێزیت شتێكت مابێت ئاراستەی گەلی كوردستانی بكەیت، حەزدەكەین پێمان بڵێیت؟
مسرور بارزانی: تەنیا ئومێدی من ئەوەیە كە گەلی كوردستان سەركەتوو بێت، هەروەها دڵنیایان دەكەینەوە كە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە هەر بەردەوام دەبێت و رێگەش نادەین ئاسایش و ئارامی ئەم هەرێمە بۆ مەرامی تایبەتی بشێوێنرێت، دووبارەی دەكەمەوە ئێمە بۆ ئەوە بەرپرسیارتیمان خستۆتە سەرشانمان بۆ ئەوەی خزمەتی وڵات و هاووڵاتیانی خۆمان بكەین و دەبێت هاووڵاتیان دڵنیابن ئێمە خزمەتكاری ئەوانین و بەردەوامیش دەبین لە خزمەت كردنیان.

خوێندنەوەیەك بۆ شۆڕشی گوڵان

  گوڵان: شۆڕشی گوڵان یەكێكە لە وێستگە سەختەكانی كاروانی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان و هەروەها وێستگەیەكە لەو قۆناغە سەختانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێیدا تێپەڕیووە، ئەگەر بە دیدی ئەمڕۆ دەسپێكی شۆڕشی گوڵان بخوێنینەوە، ئایا چۆن دەتوانین سوود لە شۆڕشی گوڵان وەربگرین بۆ ئێستامان؟
مسرور بارزانی: وەڵامی ئەم پرسیارە بە فەرموودەیەكی جەنابی بارزانی نەمر دەست پێدەكەم كە فەرموویەتی (لە شكست نائومێد نەبن و لە سەركەوتنیشدا لە خۆبایی نەبن).
  دوای نسكۆی شۆڕشی گەورەی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان وەڵامێك بوو بۆ ناحەزانی گەلەكەمان تروسكایی خەباتی بە زیندوویی هێشتەوە و ئومێدی سەركەوتنی بە دەستپێكردنی شۆڕشێكی نوێ، كە درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلول بوو بۆ گەلەكەمان گەڕاندەوە، ئەم وانەیە هەمیشە ئەوەمان بیر دێنیتەوە كە ئیرادەی گەل و بڕوابەخۆبوون، بە هێزترین چەك و هێزە بەرامبەر بە پیلانی دوژمنانمان.

گوڵان: ئەگەر شۆڕشی گوڵان ئەو ئەلقەیە بێت لە زنجیرەی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیمان، لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول، لەو زنجیرە مێژووییەدا ئەلقەیەكی تێكهەڵكێشراوبوون، ئایا شۆڕشی گوڵان چۆن سوودی لە مێژووی ئەیلوول وەرگرت و چۆن مێژوویەكی تازەی دەست پێكرد؟
مسرور بارزانی: هەڵسانەوە لە نسكۆیەكی گەورە، كە بە پیلانێكی نێودەوڵەتی رێكخرابوو، ئاسان نەبوو. سەركردایەتی شۆڕشی گوڵان ئەو راستیەی بۆ ئاشكرا بوو كە پشت بەستن بە خوای گەورە و هێزی گەل و دوورنەكەوتن لە خاكی وڵات، مەرجی سەرەكین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان. هەروەها هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بە شۆڕش و نەهێشتنی ئاسەواری ناتەبایی، لە پەنای رووبەڕوونەوەی هێرشە دڕندانە یەك لە دوا یەكەكانی رژێم، سەختترین قۆناغی شۆڕش بوو. دەبوایە هەوڵێكی جیددی بدرێت بۆ ئەوەی مێژووی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول دووبارە نەبێتەوە. شۆڕشی گوڵان بەشێوەیەكی مودێرنتر لەسەر بناغەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی سنووردار و پشت بەستن بە رێكخستنە نهێنییەكان، ئومێدی سەركەوتنی مسۆگەرتر دەكرد و لەسەر بنەمای خەباتی مەیدانی و ناساندنی كێشەی گەلی كورد بە جیهان درێژەی بە شۆڕشی دا.
 
پارتی لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان ئومێدی بو گەلی كورد بونیاد نایەوە

گوڵان: پارتی كە شەرەفی هەڵگیرساندنی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی لە مێژووی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا پێبڕاوە، لە هەر دوو شۆڕشەكەدا لە ناو نائومێدییەكی قووڵەوە سەرلە نوێ ئومێدی بۆ میللەتی كورد بونیادنایەوە، ئەگەر ئێستای خۆمان، وەك ئەڵقەیەكی دیكەی هەمان مێژووی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بخوێنینەوە، ئایا دەتوانین بەو ئاستە گەشبین بین كە پارتی ئومێدی نەوەكانی ئایندەیە؟
مسرور بارزانی: بێگومان پارتی لە قۆناغی خەباتی سەردەمی گەلەكەمان پێشڕەو بووە. پارتی نەك تەنیا لە هەردوو شۆڕشدا ئومێدی بو گەلی كورد بونیاد نایەوە، زۆر باش لە پێكهاتەی سیاسی و جڤاكی و جوگرافی كوردستانیش تێگەیشبوو و خاڵی جیاكەرەوەی تریش لە حزبەكانی تری كوردستان، تێگەیشتنی سەركردایەتی پارتی هەرلە زەمانی بارزانی نەمرەوە تا سەرۆك مسعود بارزانی لە واقیعی كوردستان بووە. بۆ ئێستا و ئایندەش پارتی لەوە تێدەگات كە دەبێ لەگەڵ و لە ئاست تێگەیشتن و حەقیقەتی گەلەكەیدا بژیت.
پارتی بەدوای شیعارات و بۆ وروژاندنی سۆزی كەمینەیەك كاری نەكردووە و كاریش ناكات، بەڵكو هەمیشە هەڵگری سیاسەت و دروشمی وا بووە، كە بتوانێ بەدییان بێنێ و سەركەوتن مسۆگەر بكات. هەر لەو روانگەیەشەوە پارتی هەمیشە خۆی لەگەڵ واقیعی وڵات و گەلی كوردستان گونجاندووە و بە باوەشێكی كراوە نوێخوازی و پێشكەوتنخوازی قبوڵ دەكات و رێـگە بۆ نەوەكانی ئێستا و ئایندە خوش دەكات، تاكو جێـگەی خۆیان لە ناو پارتیدا ببیننەوە و سەركردایەتی پارتی بو قۆناغە نوێیەكان بگرنە دەست. ئەمجۆرە سیاسەتە وایكردووە پارتی سەقامگیرتربێت و جێـگەی بڕوا و متمانەی خەڵك بێت و ئایندەیەكی رووناكیش چاوەڕوانی پارتی بكات.

 پشت بەستن بە لاوان و نەوەی نوێ هۆی بەردەوامبوون و سەركەوتنی پارتییە

گوڵان: شۆڕشی گوڵان فێری دوو خاڵی گرنگی كردین، یەكەمیان بەخۆداچوونەوە و هەستانەوەی دوای شكست، دووەمیان سپاردنی سەركردایەتی ئەم ئەركە سەختە بە سەركردایەتیەكی گەنج. ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئێستا و سوود وەرگرتن لە شۆڕشی گوڵان بۆ داهاتوومان فێرمان دەكات دەبێت بۆ هەستانەوە و خۆئامادەكرن بۆ قۆناغە سەختەكان بو دیدێـكی رەخنەیی خۆمان بخوێنینەوە و هەروەها فێرمان دەكات پشت بە نەوەی نۆی ببەستین، پرسیاری من ئەوەیە ئایا تا چەند بڕوامان بەوە بێت كەپێویستە بـەدیدی رەخنەیی خۆمان بخوێنینەوە و تا چەند پشت بە لاوان و نەوەی نوێ ببەستین؟
مسرور بارزانی: پارتی هەمیشە بە سینگێـكی فراوانەوە رەخنەكانی قبوڵ كردووە و ئامادەبووە بەخۆداچوونەوە بكات و خوێندنەوەیەكی واقیعبینانەی مێژوو و رابردووی خۆی بكات بۆ ئەوەی هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبنەوە و وانە وەربگرێت بۆ باشتركردنی ئایندەی خۆی، خوێندنەوەی پارتی لە رووداوەكانی رابردوو بە شێوەیەكی زانستیانە و بۆ بەهێزكردنی پێـگەی خۆی لە ئایندە بووە، پشت بەستن بە لاوان و نەوەی نوێ هۆی بەردەوامبوون و سەركەوتنی پارتییە، راستە كە پارتی هەمیشە بەهۆی ئەو كولتوورە ئەخلاقیەی كە هەیەتی رێزێـكی بێ پایانی لە خەباتكەر و شۆڕشگێر و سیاسەتمەدارەكانی بەساڵاداچوو دەگرێت و سوودی لە ئەزموون تێـگەیشتنیان وەردەگرێت، بەڵام هەمیشە رێـگەی بۆ نەوەیەكی نوێش كردووەتەوە بۆ ئەوەی بێتە پێشەوە، واتە دەستاودەستكردنی سەركردایەتی پارتی بۆ لێدانی جیلی كۆن نەبووە، بەڵكو بەشێوەیەكی سیستەماتیكی و لەسەرەخۆ، هێنانی نەوەی نوێ داهاتووی پارتی مسۆگەرتر كردووە.

 سەركردایەتی شۆڕشی گوڵان لایەنە خەباتكەرەكانی تری كوردستانی قبوڵ كردووەو هەمیشە هەوڵی پێـكەوە كاركردنی داوە

گوڵان: لەگەڵ دەسپێـكی شۆڕشی گوڵان دیاردەی فرە لایەنی سیاسی لەكوردستان هاتە ئاراوە، پارتی لەم قۆناغە زۆر زوو لەگەڵ ئەم دیاردەیە راهات و توانی لە چەند بەرەیەكدا گیانی ئەم فرەییە بپارێزێت، پرسیاری من ئەوەیە ئایا چۆن ئەم گۆڕانكاریە هاتە ئاراوە؟
مسرور بارزانی: سەركردایەتی شۆڕشی گوڵان وەكو خۆی رووداوەكانی دەخوێندەوە و لەو گوڕانكاریانەی بەسەر واقیعی كوردستاندا هاتبوو تێگەیشتن و مامەڵەیەكی واقیعیانەی لەگەڵ دەكرد و سەركردایەتی پارتی لە هیچ كاتێـكدا تووشی ئەو خەیاڵە نەبووە كە لایەنە خەباتكەرەكانی تری كوردستان قبوڵ نەكات و هەمیشە هەوڵی پێـكەوە كاركردنی داوە، بەڵام ئەوە خودی پارتی بووەو كە دژایەتی دەكرا و دەكەوتە ژێر هەڕەشەی لەناوبردن، پارتی لەو كاتانەدا بەرگری لە خۆی و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەی كردووە و هەر كاتێ بوار رەخسابێت، پارتی دەستی دۆستایەتی و هاوپەیمانی درێژ كردووە و شان بە شانی حزبە هاوپەیمانەكانی تر، درێژەی بە خەبات داوە، پارتی لە هیچ كات و ساتێـكدا، ترسی لە بەرهەڵستكەری دیكە نەبووە و ئەوەندە بڕوای بەخۆ بووە كە فرەلایەنی سیاسی تێكوشانی گەلەكەمان دەوڵەمەندتر دەكات و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئامادەبووە لەگەڵ ئەو لایەن و هێزانە لە یەك سەنگەردا خەبات بكات كە لە پێناو كورد و كوردستان خەباتیان كردووە.

بەداخەوە لەبەر هەر هۆیەك بێت پارتی نەیتوانیووە وەكو پێویست ئافرەتانی بە توانا بەرێژەیەكی بەرچاو بگەیەنێتە ئاستی سەركردایەتی

  گوڵان: ئێستا پارتی خۆی بۆ كۆنگرەیەكی تازە ئامادە دەكات، خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرە واتە خۆئامادەكردن بۆ خوێندنەوەی پارتی بە دیدێكی رەخنەییانە و ئامادەكردنی بەرنامەیەكی تازە كە لەگەڵ قۆناغی ئایندە بگونجێت، ئەگەر بە گیانی شۆڕشی گوڵان و بەدیدێكی رەخنەیی بوێرانە پارتی بخوێنینەوە ئایا هەست ناكەن پارتی ماوەی زیاتر لە (50) ساڵە نەیتوانیووە ئاستی بەشداری ئافرەت لە سەركردایەتی پارتی فراوان بكات؟ بۆ نموونە لە ساڵی(1959) پارتی تەنیا پارت بووە كە توانی جێـگەی ئافرەت لەسەركردایەتی بكاتەوە، بەڵام ئێستا (2010) ئەو رێژەیە زیادی نەكردووە، ئایا بە رای بەڕێزت ئەمە رەخنەیەك نییە بەسەر پارتیەوە؟ ئایا بیرتان لەوە كردۆتەوە كە ئاستی بەشداری ئافرەت لە ناو پارتیدا وەك پێویست نییە؟ ئایا چۆن وەڵامی ئافرەتانی كوردستان دەدەنەوە ئەگەر لەم بوارە رەخنەتان لێبگرن؟
مسرور بارزانی: لە كۆنگرەی داهاتووی پارتیدا پێموایە دەتوانین رێز و پێـگەی پارتی لە هەموو روویەكەوە بەهێزتر بكەین، پارتی بەرنامەی باش و نوێی هەیە بۆ خۆ گونجاندن و پێشكەوتن و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەكی رووناكتر و پڕ لە سەروەری بۆگەل و نیشتمانەكەمان، بێگومان نەبوونی رێژەیەكی بەرچاوی ئافرەت لە هەموو رێكخراو و دامەزراوەكانی سیاسی و كومەڵایەتی و. هتد دڵخۆشكەر نییە، بەڵام ئەگەر لۆجیكیانە بڕوانینە پێـكهاتەی وڵاتەكەمان، لەبەر هۆی مێژوویی و كولتووری و ئایینی، ئافرەت وەكو پێویست رێـگەی پێنەدراوە بێتە پێشەوە، هەر خودی ئەم تەسك بینیە وایكردووە كە ئافرەتانیش وەكو پێویست هەوڵی خۆ ئامادەكردن و بەشداربوون لە كۆمەڵگە نەدەن، پارتی بۆ ئەوەی گەشە بە یەكسانی و ئەكتیڤكردنی بەشداری ئافرەت بدات، هەر زوو یەكێتی ئافرەتانی دامەزراند و هیوا و ئومێدیشی ئەوە بووە ئافرەتی بە توانا و پێگەیشتوو لە ریزەكانی پێشەوەی سەركردایەتی بن. بەڵام بەداخەوە لەبەر هەر هۆیەك بێت پارتی نەیتوانیووە وەكو پێویست ئەو ئەركە جێبەجێ بكات و ئافرەتانی بە توانا بەرێژەیەكی بەرچاو بگەیەنێتە ئاستی سەركردایەتی، هیوادارم پارتی لە مەودوا دەرگای واڵاتر بێت و ئافرەتان بتوانن دەورێـكی باڵاتر و كاریگەرتر ببینن، بەڵام نەك تەنیا لەبەر ئەوەی ئافرەتن، بەڵكو لە بەر ئەوەی كەسانی بە توانا و تێـگەیشتوو و پێـگەیشتوون.

بوونی یەكێتی قوتابیان و یەكێتی لاوان، نیشانەی بایەخدانە بەتوێژی قوتابی و لاوان

گوڵان: لایەنێـكی دیكەی دیدی رەخنەییمان لە پارتی ئەوەیە كە ئێستا هەست دەكەین بایەخدانی پارتی بە لاوان و قوتابیانی كوردستان لە ئاستی بایەخدانی مێژووی پارتی نییە بۆ ئەم دوو توێژە گرنگە، ئایا تا چەند لە بەرنامەتاندایە كە بایەخی زیاتر بە قوتابیان و لاوان بدەن؟
مسرور بارزانی: لەوانەیە ئەم خوێندنەوەیە زۆر دروست نەبێت. چونكە بوونی یەكێتی قوتابیان و یەكێتی لاوان، نیشانەی بایەخدانە بەتوێژی قوتابی و لاوان، لەوانەیە لەبەر دواكەوتنی بەستنی كۆنگرە، لە سەركردایەتی پارتی بە گشتی گۆڕانكاری نەبووە (كە ئەمەش چەند هۆیەكی دیاریكراوی هەیە) و وا هەست كرابێت كە بایەخدانی پارتی بە لاوان و قوتابیان كەمتر بووە لە جاران، هەر چەندە هیچ پێوەرێك نییە كە بزانێت تا چەند پێویستە قوتابی و لاو دەوری خۆیان ببینن، پێموایە تا زیاتر بایەخ بە نەوەی نوێ و هێز و توانای نوێ و بیر و زانستی نوێ بدەین، تەمەنی پڕ سەروەریی پارتەكەمان درێژ دەكەین و سەركەوتنی زیاتر مسۆگەر دەكەین، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت زۆرم هەوڵداوە كە ئەو گەنج و قوتابیانەی كە هەستم بە توانایان كردووە، بێنمە پێشەوە و دەوری كاریگەریشمان پێداون و زۆریش سەركەوتوو بوونە لە راپەڕاندنی ئەركەكانی خۆیان، ئەوەی راست بێت پارتی ئەوندە قوتابی و لاوی پێگەیشتوو و بە توانای هەیە كە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ لە ئایندەی پارتی دڵنیامان دەكەنەوە.

ئەو بیروباوەڕەی پارتی لە پێناویدا خەبات دەكات، سنوورەكانی بەزاندووە و زۆرینەی گەلی كوردستان هاوبیر و لایەنگیری پارتی و دروشمەكانمانیەتی

گوڵان: لایەنێكی دیكەكە لە بۆنەی شۆڕشی گوڵاندا دەخوازم ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە جەماوەری پارتی لە رێكخستنەكانی پارتی زیاترن و جەماوەری پارتیش تەنیا هاووڵاتیانی كوردستانی عێراق نین، بەڵكو لە سەرجەم كوردستانی گەورە، كوردستانییەكان پارتی بە حزبی خۆیان دەزانن، ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا رەخنەیەك لە پارتی بگرین ئایا پێتوانیە پارتی لەم چوارچێوەیەدا كەمتەرخەم بووە و پێویستە لە ئایندەدا چاوێك بەم لایەندا بخشێنێتەوە؟
مسرور بارزانی: ئامانجی سەرەكی پارتی بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان بووە، لەوانەیە زۆر كەس لایەنگیر و پشتیوانی پارتی بووبن و ئەندام نەبن لە رێكخستنەكانی پارتی، ئەو بیروباوەڕەی پارتی لە پێناوی خەبات دەیكات، بێگومان سنوورەكانی بەزاندووە و زۆرینەی گەلی كوردستان هاوبیر و لایەنگیری پارتی و دروشمەكانمانن.
لەلایەكی ترەوە پارتی لە هیچ كاتـێكدا یاری بە هەست و سۆزی گەلەكەی نەكردووە و هەمیشە خۆی لە پێناو گەلەكەیدا كردۆتە قوربانی كە پێچەوانەی زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی ترە كەلە ساحەی كوردستان خەباتیان كردووە.
پارتی نەیویستووە كە تەنیا بە وروژاندنی سۆزی نەتەوەیی گەلەكەمان تووشی نەهامەتی و هێرشی هەمەلایەنە بكات. لەوەش تێگەیشتووە كە چارەسەری كۆتایی كێشەی كورد تەنیا بە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە دەكرێت. سیاسەتی پارتی ئەوە بووە كە بەرگری و پشتیوانی لە مافە رەواكانی گەلی كورد بكات لە هەر شوێنێكی دنیا بن، بەڵام لە واقیعی سیاسی و جوگرافی ئیمڕۆی ناوچەكە تێدەگات و نایەوێت دەستوەردان لە كاروباری پارچەكانی تری كوردستاندا بكات و بە جوڵاندنی سۆزی نەتەوەیی سەرانسەری، هێرش و دوژمنكارییەكی سەراسەری دژی كورد پێكبهێنرێت. كەواتە پارتی نەك كەمتەرخەم نەبووە، بەڵكو سیاسەتی راستگۆیانەی پارتی بە دوای چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كوردی، وایكردووە كە پارتی لەسەر ئاستی ساحەی نێودەوڵەتی هەڵسوكەوتێكی لۆجیكیانە بكات.

بۆ ئەوە پارتی بەردەوام خەبات دەكات كە هەموو مافە رەواكانی گەلەكەمان بێنێتەدی

گوڵان: پارتی هەموو كات رەشماڵێكی گەورەی بیری نەتەوەیی و رۆشنگەری و رەسەنایەتی كوردستانی بووە، بۆیە خەڵك كەوتۆتە ژێر ئەو رەشماڵە وەك بیری خۆی هاتووە و لە ناو پارتیشدا ئەو بیرەی گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، راشكاوانەتر پارتی وەك پاسەوانی بەرەیەكی نەتەوەیی كوردستان، پاسەوانی رۆشنگەری و رەسانەیەتی كۆمەڵگەی كردووە، پرسیاری من ئەوەیە چۆن ئەم پەیامەی پارتی جارێكی دیكە بۆ رۆشنبیرانی كوردستان دووپات بكەینەوە؟
مسرور بارزانی: پارتی دروست بوو بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافی رەواكانی گەلی كورد بكات و بەرگری لە هەبوونی كوردستانیان و خاكی كوردستان بكات. بۆ ئەوە دروست بوو كە هەستی بڕوابەخۆبوون و خۆبەكەم نەزانین لای هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە بەهێز بكات.
 بۆ ئەوە بووە كە هاووڵاتیانی كوردستان خۆیان بە یەكسان لەگەڵ هەموو نەتەوەكانی تر بزانن، بۆ ئەوەی كە بارێكی وا بڕەخسێنێت هزری سیاسی و رۆشنبیری و تواناكانی هەمەلایەنانەی نەتەوەكەمان بەرەو پێش بچن. دەستكەوتنی زیاتر بە دەست بێنین، ئاسۆیەكی رووناكتر دەستەبەر بكەین و ئەركی پاراستنی هەموو دەستكەوتنەكانیشی لە هەموو قۆناغەك گرتۆتە ئەستۆ. بۆ ئەوە پارتی بەردەوام خەبات دەكات كە هەموو مافە رەواكانی گەلەكەمان بێنێتەدی. ئەمە ناوەرۆكی پەیام و خەباتی پارتیە و ئەوانەی رۆشنبیرن و دەتوانن رووداوەكان وەكو خۆیان بخوێننەوە، لە پارتی تێگەیشتوون.
 
گوڵان: هـــــەندێك خەڵك دەڵێن پارتی حزبێكی ئــــایدۆلۆژی نییە و شوێنی هەموو بیروبۆچــــــــــوونەكـــانی تێدا دەبێتەوە، ئـــایا ئێوە پشتــــگیری ئەم بۆچــــوونە دەكەن؟ ئەگەر پشتــگیری دەكەن ئایا ئەم تــــایبەتمەندییەی پارتی مانای چییە؟
 مسرور بارزانی: بە كورتی پـــارتاییەتی كوردایەتییە، پارتی لە ســــــــەردەمی دروستبـــــوونی بۆ ئەوە بووە كە خزمەتی كورد و كوردستان بكات، بۆیە پابەند نەبووە بە هیچ جۆرە بیرۆبۆچوونێكی تــــەسك، كە تەنیــــا نەتـــەوەیەك یا جۆرە چین و توێژەك لەخۆ بگرێت.
  فراوانبـــوونی مەیدانی فیــكری و تێكۆشان لــــــەناو پــــــارتی ئەوەندە بەرینە كە هەموو كەسێك بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و رەگەزی و ئایینی و هزری، جێگەی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، بەهیوای سەركەوتنی گەلەكەمان بەهیوای سەركەوتنی پارتی و بارزانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە