کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مێژوو قەوزە پۆش ناکرێ

Sunday, 06/10/2013, 12:00





لە لای مرۆوی ئایینی ولە ئایینی ئیسلامدا بە کەسێک دەگوترێ / کافر / یان / کفر گۆ / کە خاوەنی عەرزو ئاسمانی قەبوڵ نەبێ وخۆی لە بەرێوە بردنی ئەرکە کانی ئایینی بە دوور ڕابگرێ وئەنجامیان نەدا. (من نازانم لە لەی ئایینە کانی دیکە چۆن بیر دەکەنەوە) هەر وەها زۆرن ئەو کەسانەی کە ئەرکی ئایینی بە جێ ناهێنن بەڵام لەتەختی دڵەوە باوەڕمەندن بە یاساو شەڕعی ئایین باوەڕمەندن بە هەبونی بەهەشت و دۆزەخ .بەو واتایە مرۆو دەتوانێ لە کۆمەڵگادا بە پێی پێوەری ئەخلاق ژیانێکی ئارام وراستەقینەی هەبێ ونرخ بۆ مرۆوایەتی دابنێ .لە لایەکی دیکەوە مرۆوی باوەڕمەندیش زۆرن کە ئەرکی ئایینی وئەخلاقی خۆیان ئەنجام دەدەن ورێز وحورمەتیان بۆ تاک وکۆماڵ فرەیە .
ئەو کورتە باسە لەسەر کافرو کوفرو هەڵسو کەوتی ئایین نییەو نابێتە مەبەستی سەرەکی ،دەمهەوێ ئاماژە بە مێژوویەک بکەم وبە چاوێکی رەخنەگەرانە قسەی دڵی خۆم باوێمە سەر رووپەڕی بابەیەکە ،بەشی هەرە مەزنی ئەو مێژوویە شاراوەو دزراوە وبەشێکی دیکەشی بە دەستی لێکۆلێلەری بیانی تۆمار کراوە .ئەوەشی کە دەکەوێتە سەر شانی کورد، گوناحی خامەخراپانە نوسەری سەقەت وگوێ لە مستی کوردە کە بە ناتەواوی نوسراوە جێگای متمانە نیە.لە کۆمەڵگای مل بەکۆتی کوردەواریدا رێگوزەری هەرە پڕ لە پرسیار ئەوەیە کە ئەو حیزبانەن کە شورەیەکی بڵیندیان لەدەوری خۆیاندا کێشاوە و کەج رەفتارانە وبە زۆرە ملی پێمان دەڵێن: ئەو ئێمەین مێژووتان بۆ دەنوسێینەوەودەبێ وەریبگرن ؟
ماوەی تەمەنی کۆماری مهاباد نەگەیشتە ساڵێک ئەو ماوە کورتە رووداوی خۆش وناخۆشی لە پاش خۆی بە جێ هێشت .ئێستەشی لەگەڵ بێ پاش ٦٨ساڵ لەو رێککەوتە نەکەس نوسی نە کەس رەخنەگەرانە بە کوردی گوت کۆمەڵەی ژێ ، کاف ،چۆن کرا بە / حیزبی دێمۆکڕات ؟ /و تراویلکەی پێکوتەی بیابانی خودموختاری بەدەستی کێ راخرایە سەر سنگی ئەو بەشە لە نیشتمانی لە رۆژهەڵاتی وڵات .
دروست کردنی کۆتەڵی کاریزمای سەرکردە لای کۆمەڵگای کورد وەکو ئاو خواردنەوەی پەرداخێک ئاو دەچێ کە لێمان دەبێتە قیلی کەوای سپی وبەرۆکمان بەر نادا .من گومانم لەوەدانییە کەسایەتی نەمر قازی موحەممەد جیاوازی زۆری لە گەڵ ئەو کەسانە هەیە کە پاش کۆنگرەی ٢ی ئەو حیزبە خۆیان بە میرات گری کۆمار دەزانن پێشەوا گیانی خۆی فیدا کرد وخۆی بەدەستەوەدابەڵام بەرێوەبەرانی پاش خۆی تای تەرازوی شکستەکانیان لە سەرکەوتنەکانیان قورسترە بەڵگەی هەرە زیندوو ئەوەیەکە نیوەی تەمەنی ئەو حیزبە رێک لە ژیانی کەمپ نشینی و شارۆچکەی کۆی سەنجەقدا تێپەڕیوە .لەسەر ئەسپی گەڕو لاوازی / دۆن کیشۆت / سوارن وخۆیان بە یەکەتازی گۆڕەپانی خودموختاری دادەنێن .
باسی کۆماری ئازەربایجان وفیرقەی دێمۆکڕاتی پیشەوەری ناکەم کە وێنەی پشیلەی رەجەبەشێتی ئێمەشیان بە خۆیانوە سوتاند بۆ دوارۆژی کورد چییان بەسەر هێناین .شوڕەوی ئەوکات شەکەت وماندووی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە بەرامبەر بەرژەوەندی ماددی ونەفت کارەساتێکی پێک هێنا کە دەبیری ئەو کاتی حیزبی کومونیست بە ناوی / باقر ئۆف/ لە ئازەر بایجان بە بێ پەردەو بە راشکاوی بە بەرپرسانی / ژ، ک / گوت سەربەخۆیی کوردوستان بە ئێمە جێ بەجێ ناکرێ بڕۆن / حیزبی دێمۆکڕات دامەزرێنن وەدوای خودموختاری کەون ؟ / لەوکاتەوە ناکوجا ئابادی خودموختاری یەخەی گرتوین بەرمان نادا .
ئەو حیزبەی کە هەتا ئەو سەردەمەش بۆ خاڵی ١٥ یاسای بنەڕەتی کۆماری قزڵباشەکان ئاویلکەی دێ لەکاتی دەسپێکی کۆنفڕانسی نەتەوەییدا لە ماوەیەک لەوەی پێش داوای ٢٠٠ کورسی دەکرد؟ بۆ هەر ٦ ساڵ تەمەنی کەمپنشینی دەکاتە ٦ کورسی! ێۆن دەتوانێ کێشەی ١٠تا١٢ میلیون کوردلە رۆژهەڵاتی وڵات چارەسەر بکا ؟ گومان لەوەدا نییە لەسێدارە دانی پێشەواو هاوڕێیانی لەدار دانی کۆماری مهاباد بوو، هەڵپەساردنی ویستو ئاواتی کورد بوو ،بەکام پاساو ؟
کاتێک روسەکان لەئێران چونەدەرێ / ئاندرێ گرۆمیکۆ / نوێنەری شوڕەوی بوو لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە جوابی ئەو پرسیارەدا کە چارەنوسی کورد چی بەسەر دێ ؟گوتی :ئەوە کێشەیەکی ناو خۆۆییە!ئێمە نابێ ئەو حەقە بە خۆمان بدەین دەست لەکاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە بدەین ؟؟!! (و: مێژوی مهاباد ، جەنابی موحەممەد سەمەدی) لە هەمان بابەتدا وهەمان هەڵوێست دا ئەو پرسیارە لە /جۆرج وی ئالێن /سەفیری مەزنی ئامریکا کرا وجوابێکە سرنج راکێشی دایەوە وگوتی : پرسیار ، دەوڵەتی ئێران چۆن هەڵسوکەوت لە گەڵ بەر پرسانی کۆمار دەکا ؟ ئایا ئێعدامەکان بەو شێوەیە پێوەست بوو؟ بەڵێ بۆ گەڕانەوی ئاسایش وئارامی ناوچەکە پێویست بوو !!
٦٨ ساڵی رەبەقە لە دروست بونی حیزبی دێمۆکڕات لە لایان روسەکانەوە تێپەڕ دەبێ !نیوەی تەمەنی ئەو حیزبە بە فیڕۆ چووە ودەستی دیکتاتۆڕی خۆمالیش لە پێکهێنانی ئەو بارودۆخە سورو ئاشکرایە تۆ بڵێی کێشەی جوغڕافیایەکی سیاسی ئاوا گرینگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆلکە مەلاو پیری پەککەوتوی سەردەمی ئەو حیزبە بێتە چارەسەر کردن ؟
ئەگەر بۆم بە کفر بە حیسێب نەیە دەگەڕێمەوە سەر مەبەستی سەرەکی رستەکانم ، لە ساڵی ١٣٢٠ هەتاوی (١٩٤١ ز) نوێنەرانی کورد لە کوردوستانی ئێران (رۆژهەڵات) چونە شوڕەوی تا خودای نەخواستە باسی کێشەی کورد بکەن و بەگیرفانی پڕ بگەڕێنەوە وڵات ! بە هاوکاری / ژنڕاڵ سەلیم ئاتا کشێوف /روویان لە / بادکوبە یان باکو کرد،سناریویەک کە لە پێشدا دامەزرابوو پیلانی بۆ دانرابوو.دەستەی داواکاری دۆزی کورد پێک هاتبون لە زەویداری گەورەو سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەو کات ،مێزیکی گەورەو بەرپرسی حیزبی کومونیست بە ناوی / باقر ئۆف / پرسیار لە داواکاران کە ئێوە چیتان لە ئێمە دەوێ ؟
قا زی موعەممەد : داوا لە دەوڵەتی شوڕەوی دەکەین سەر بە خۆیی کوردمان بۆ بڕەخسێنێ چەکو چۆڵمان داتێ !
قەرەنی ئاغا ی ئەمیر عەشایری و عەلی خانی نەوزەڕی بایزئاغا وچەند کەسی دیکە (هەموویان سەرۆک عەشیرە بون) داوای قەندو چای و پارەیان کرد بۆ ئەوەی کوردی پێ رزگار کەن !
موحەممەد وسو‌ق ئاغا قاسملو (دەڵین بابی دوکتور قاسملویە)،داوای ساغی و سڵامەتی بۆ گەورەبەرپرسانی حیزبی کومونیست کرد !
لە ناو ئەو گروپەدا تەنا کەسێک بەناوی / عەلی ئاغا / گوتی : من کوردم رزگاری کوردم دەوێ لە گڕانەوەمدا لە گەڵ هاوڕێیانم لەم بارەوە وتووێژ دەکەین . بەداخەوە لە گەڕانەوەدا ئەو بەڕێزە کەوتە بەر غەزەبی کوردی گوێ لەمست و بزر کرا !؟
ئەوەیە مێژووی شاراوەو سەردەرگوم ،مێژووی تراویلکەو خۆ بەزل زانی ، مێژووی بێ پرسیارو بێ وڵام ،لەوانەیە ئەو قسانە بۆ من وەکی کفر بێتە ئەژمار ودرۆزنی چاوسوریش لەوەزیاتر تەپپو تۆزی لێ هەستێ بەڵام بۆمن شوێنی پیرۆز خاکی وڵاتە ئەرکی شەهید خاکی سەر گڵکۆی شەهید کلی چاوان .با بەچاوی ڕەخنەگەرانی بە شێوەیەکی شیاو چاو لە خۆمان و کۆمەڵگاو مێژوومان بکەین .

جەعفەر کەریمی
ت/ فەنلاند / ٦/ ١٠/ ٢٠١٣



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە