کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامێك بۆ قوتابیانی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان

Tuesday, 22/05/2012, 12:00


لەبیرمە منداڵ بووم و بۆ یەکەم جار خرامە قوتابخانە، ئەوکات باوکم پێشمەرگە بوو ماڵمان لە کانی سارد بوو، هەستم بە تەنهای دەکردوو دەگریام، ماوەیەك بوو دواکەوتبووم کە مامۆستا دەیوت پشوو دەن، وریا بن، من نەمدەزانی چ بکەم، دەیگوت بنون هەمووی دەنو من بە تەنها سەیرم دەکردن، چەند ڕۆژی سەرەتایی کە دەگەڕامەوە لەماڵەوە دەگریام کە چیتر نەچم بۆ قوتابخانە، باوك و دایکیشم پێیان دەوتم مامۆستا وەك دایك و باوكت وایە، ئیتر ئەو ووشە هەر لەو کاتەوە لە مێشکمدا چەسپی و ڕێزێکی تایبەتیم بۆ مامۆستاکانم دادەنا، تا ئەو کاتەی خۆم بووم بە مامۆستا، هەمان ووتەی سەرەتایم بەبیر هاتەوە کە مامۆستا لە جێگەی باوك و دایکە، ئەو هەستەی کە لە پێشتر لە خوێندندا هەمبوو کە مامۆستا باوك و دایکمە ئێستەش ئەو هەستەم تیایە کە من لە جێگەی باوکی قوتابیەکاندام، هەر لەسەر ئەو بنەماش بوو کە لە یەکێك لە وانەکانی ئیدارەدا ووتم مامۆستا لە جێگەی باوکدایەو نابێت مامۆستا قوتابی خۆی بهێنێت. چۆن دەکرێت ئەگەر تۆ بەو هەستەوە سەیری قوتابیان بکەیت و دواتر تەماحت بۆیان هەبێت، هیچ باوکێك هەیە تەماع بکاتە کچەکەی خۆی! یان بیر لە هێنانی کچەکەی خۆی بکاتەوە.
هەربۆیە شانازی بەوەوە دەکەم بەردەوام توانیوومە ئامانجەکان لەگەڵ قوتابیاندا بپێکم و بەینیشم لەگەڵیادا خۆش بێت، ئێستەش لە بەریتانیا لەو جێگەی ئیشی لێ دەکەم جگە لە کارەکانی خۆم ئیش و کاری قوتابیانیان بە دەستی من داوە چونکە دەزانن بەرانبەریان دڵسۆزم و سەرکەوتووم لەگەڵیاندا. چونکە وەك چۆن دڵم لای محەمەدی کوڕم و مەروەی کچمەو هەستی بەرپرسیاریەتیم بەرانبەریان هەیە، بە هەمان شێوەش دڵم بۆ قوتابیەکانم ئێش دەکات! ناتوانم هیچکات پشتگوێیان بخەم، ناتوانم وانەکانیان گرنگی پێ نەدەم، ناتوانم گوێ لە کێشەکانیان نەگرم، ناتوانم خەمی زانست و کەسایەتیان نەخۆم، ناتوانم بەسەریاندا توڕە بم و بنەڕێنم، ناتوانم سوکایەتیان پێ بکەم، ناتوانم بەزۆر سەرکوتیان بکەم...ناتوانم...ناتوانم...
هەمووتان شاهیدن وە لە کۆتا وانەشدا بە شاهیدم گرتن کە من ویستم خزمەت بکەم و ئەوان نەیان هێشت، بەو پەڕی توانامەوە هەوڵم دا، بگرە گریانم بۆ ئەو دەستەڵاتەش دەهات کە زۆرجار قوتابیەکان هەوڵی دامەزراندنی منیان دەدا، ئەمە بەڵگەیە لەسەر گەندەڵی و ناکارای ئەو دەستەڵاتە کە قوتابیەکی قوتابیان و خوێندکاران دەستیان بڕوات بۆ دامەزراندنی مامۆستا!!! گریانم بەوە دەهات وەزارەت تەلەفۆنی من هەڵ نەگرێت تەلەفۆنی قوتابیەکی پارتی هەڵبگریت، هەروەك چۆن بەڵگەشە لە دڵسۆزی و سەرکەوتووی من لەگەڵ قوتابیاندا کە ئەوەندەیان بەلاوە مەبەستە بەهەر شێوەیەك بێت منیان لەگەڵ بێت و وازیان لێ نەهێنم، کۆمەڵێك ووتە بەردەوام بیرم دەکەوێتەوەو وەك زەنگ مێشکم لێی دەداتەوە ئەویش ئەم ووتانەن.
قوتابیەك هاتە لام و ووتی مامۆستا عومەر واللەی ئەمە یەکەم وانەیە بیخوێنم و وا هەست بکەم کە من بۆ زانست دەخوێنم.
قوتابیەکی تر ووتی مامۆستا واللە تۆ یەکەم مامۆستای کە هەست دەکەم عەسکەر نیم لە وانەکەتدا.
ڕاستی ئەو دوو ووتەش بە فعلی بینیم کە زۆر لە وانەکان گرنگی زانستی پێ نادریت، هەتا لەلایەن سەرۆك بەشەکانیشەوە، جارێکیان ووتم ئەم وانانە زۆرە بە منتان داوەو ئیختیساسی خۆم نی یە هەندێکیان، ووتیان کورە هەر تەمشیەی بکە، ئیتر تێگەشتم زانست لەو پەیمانگادا تەمشیە کردنە، بەڵام ئێوە هەمووتان شاهیدن کە من چەند گرنگی زانستیم بە وانەکان دەداو تەمشیەم نەدەکرد!!!
وە عەسکەریشم بەچاوی خۆم بینی کە ڕۆژی خۆپیشاندانەکە چۆن هەریەکەو بەلایەکدا تێتان کەوتبوون باجتان لێ دەسەنراو بەسەرتاندا تووڕە دەبوون، چۆن هەڕەشەی سفرو فەسڵیان لێ دەکردن، چۆن بە زۆری شەق ئیمتیحانیان پێ کردن، هەربۆیە ئەو ئیمتیحانە هیچ ئەرزش و شەرعیەتێکی لای من نەبوو وە نەشم توانی سەحی بکەم و وەك خۆی تەسلیمم کردەوە، چونکە هیچ عەدالەتێکم تێیدا نەدەبینی، هەربۆیە نەمویست ببم بە بەشێك لەو ناعەدالەتیە، بە مامۆستا ڕزگاریشم ووت بەداخەوە نەدەبوو واتان بکردایە بەرانبەر قوتابیەکان، چونکە ئەوان داوایەکی ڕەوای خۆیان دەکەن هەقی خۆیانە منیان بووێت کە هەر لە سەرەتای ساڵەوە لەگەڵیان بووم هەقی خۆشیانە ڕەخنەیان لەو مادە هەبێت کە لە ئاستی قوتابیاندا نی یە، خۆتان چاك دەزانن کە من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ووتنەوەی وانەکەدا نەبوو، بەڵام ئاستی ئێوە زۆر لە خواری ئەو مادەوە بوو، بڕوام وابوو یان دەبێت کۆرسی ئینگلیزتان بۆ بکرێتەوە وەك زمان و ئاستی زمانەکەتانی پێ بەرز بکەنەوە، وەیان مادەکە بکرێت بە کوردی، بەڵام ئەوە هیچیان نەکرا، هەرچەند ئەگەر من بمایەمەوە هەوڵی جیدم لەگەڵ ئەوەدا دەداو دەشم کرد، خۆ ئەگەر هەر قبوڵیشیان نەکردایە دەمتوانی کۆرسی زمانتان بە خۆ بەخشی بۆ بکەمەوە لە دەرەوەی کاتی پەیمانگاندا، بەهەرحاڵ من هەقی خۆ بوو نەتوانم لەوە زیاتر تەحامولی گەندەڵیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو بێ دەستەڵاتی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان بکەم، بەڵام کێشەکە ئەوە نەبوو بەڵکو کێشەکان بەڵێنی ناڕاست و بێ ئەزموونی ئەوان بوو، هیوادارم دوو پەیامەکەی تریشم بخوێننەوە بۆ ئەوەی بەچاکی لە کێشەکان تێ بگەن، کە یەکێکیان بۆ ڕاگری پەیمانگام نووسیووەو ئەوی تریشیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.
ئامۆژگاری من لە کۆتایدا بۆتان ئەوەیە تا دەتوانن گرنگی بە خوێندن بدەن، شەوو ڕۆژ بخەنە سەر یەك و بخویننەوە، کوردستان تا سەر لەژێر دەستی نەخوێندەواردا نابێت، مامۆستایەك ئاستی نزمەو دەزانن سودتان پێ ناگەیەنێت قبوڵی مەکەن، لە خۆپیشاندان مەترسن و بە جورئەتەوە بەرانبەری کامیرا بوەستن، فەسڵ کردن لە زەلیلی و سەرکوت کردن سەربەرزانەترە، بێ شەهادەیەی لە شەهادەداری بێ زانست باشترە.
عومەر عەلی
کۆلێژی پەرەپێدان بەریتانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە