کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دە بێت ئەردۆغان کۆتری ئاشتیبێت؟

Tuesday, 19/03/2013, 12:00






ئەردۆغان نە کۆتری ئاشتیە، نە(لوێد جۆرجە) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای گەورە ،لە بەڕواری 5/١/١٩١٨لەکۆنگرەی یەکێتی کرێکاراندا،داوای چارەسەرکردنی گەلانی ژێردەستەی کرد،کە مافی چارەنووسیان بەڕەزامەندی خۆیان دەستنیشان بکرێ. ، .سەلمان ڕوشدی لە ڕۆمانی ئایەتە شەیتانیەکان دەلێت(بۆ ئەوەی زیندوو ببینەوە ،پێویستە بمرین).جارێک ئەنشتاین داوا لە فرۆید دەکات کە هەولی دروستکردنی جیهانێکی بێ جەنگ بدرێت،بەڵام فرۆید لە وەڵامدا دەڵێت مەحاڵە ،چونکە ئەوانەی شەیداو وێڵی ئاشتین ڕێگەی جەنگ هەلدەبژێرن. خۆم وەکوو مرۆڤ لە هەموو ژیانم ئەوەی زۆر زۆر ڕقم لێیبێت شەڕە، نامەوێش یەک دلۆپە خوێنی هیج بوونەوەرێک برژێت لە پێناوی شەڕ.بەڵام هیوا و ئاوات شتێکە و ڕووداوەکانی سەر ئەرزی واقیع شتێکیترە.
.ئێمەی کورد ئەزموونێکی کۆنو دوور و درێژ و تاڵ و تفتمان هەیە لەگەڵ داگیر کەرانی کوردستان، سەبارەت بەوەی پەیوەستە بە دانوستان ،دوژمنانی نەتەوەی کورد هەرکاتێک نەیانتوانی بێت کێشەکەیان یەکلابکەنەوە بەشەڕو داپلۆسین و تۆپ و تەیارە،پەنایان بردۆتەبەر گەمەی گفتوگۆ ،هەردەم خەریکی فرتوفێل و هەڵخەلەتاندنی کورد بوونە،پاشان کە لە بەرژەوەندییان نەبووە ،بە نوکەقەلەمێ هەڵیانوەشاندۆتەوە، کوردیشیان بە باندیت ودەستەی دزان و خائین و لادەر لە قانون وە بە تیرۆریستیشیان لە قەلەم داوە.

پێش ئەوەی لایەنی کورد لە باکوور بڕیار لە سەردانووستان بدات ،دەبوایە ئەم تێبینیە گرنگانە لەبەر چاوبگرێت، کێ داوای دانووستان دەکات؟ بۆ داوا دەکات؟ کەی گفتوگۆ بکەین ؟.یان هەر نەیکەین؟ ئەگەر بیکەین لە پێناو چ ئامانجێک بیکەین؟ ئایا ج قازانج یان زیانێک بە ستراتیژە دوور مەوداکەمان دەگەینێت ؟ شێوەی گفتوگۆکە چۆن بێت ؟ لەسەر چ ئاستێک بێت ؟ وە زۆریش گرنگە دانووستان بەڕابەرایەتی ووڵاتێکی بێلایەن و دێموکراسی بێت، نابێت گفتوگۆ لە شوێنێکی ژێر کۆنترۆلی دەوڵەتی داگیرکەردابێت،بۆ نموونە دانووستانی نێوان شۆڕشی جەزائیر و فەڕەنسا لە سالی ١٩٦٢ لە سویسرا کرا،گفتوگۆی نێوان گەلی ئەریتیریا و حکومەتی ئەسیوبی لە لەندەن کرا نەک لە ئەدیس ئەبابا. لەکاتی خۆی ڤێتنامیەکان دانووستانی خۆیان لەگەڵ ئەمریکیەکان کرد بە مەرجی پێش وەخت، لەناو بینای یوئێن دانوستانەکە دەکەین ! لەهەمان دەرگا ناچینە ژوورەوە ! ئەم ژوورەی لێی دادەنیشین دەبێت دوو دەرگای هەبێت،هەر وەفدێک بە دەرگای تایبەت بە خۆی بچێتە ژوورێ ! مێزەکەی بەردەممان دەبێت بازنەیی بێت، لاکێش و چوارگۆشە نەبێت!!!! ئەم مەرجانە هەمووی بۆ شکاندنی نەفسیەت و غروریەتی ئەمریکیەکان بوو پێش ئەوەی دانوستان دەست پێبکات .

دانووستان بەدەستهێنانی دەسکەوت و قازانجی سیاسیە دژ بە یەکتر،بەڵام بە رێگای دیپلۆماتی و وتووێژ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەسکەوت و باشترین ئەنجام بە کورتترین کات و بچووکترین سازش.! ئێستا ئەردۆغان بەقسەی خۆی لە هەوڵی پێکهاتندایە لەگەل کورد،بەڵام لە جیاتی ئەوەی زەمینەو فەزایەکی سیاسی گونجاو دروست بکات ئێستاشی لەگەڵ دابێت ڕۆژانە قەندیل بۆردومان دەکات،بەندیخانەکان لە تورکیا جمەیان دێت لە زیندانیە کوردەکان،هەڵمەتی گرتن و راودونانی سیاسەتمەداران و ڕ ۆژنامەنوسان و رۆشەنبیران و سەرۆک شارەوانان بەردەوامە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی گووتی بەردانی ئۆجەلان بۆ ئێمە هێلی سوورە !!!ئەردۆغان وادەزانێت کوردستان مولکی باوک و باپیریەتی دەیەوێت پەکەکە چەک دابنێت و بەرەو هەندەران بەڕێبکەون،وە خۆی بڕیار بدات کێ بۆی هەیە لە کوردستان بژیت. سولتان رەجەب لەهەوڵی ئەوەدایە هەمووپارەو پولی دۆستان و لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە لە بانکەکان بلۆک بکات!!! لەلایەکیتر تورکیا دەیەوێت مفاوەزات لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بکات،ئەم ڕابەرە ١٤ساڵی ڕەبەقە لەزیندانی ئیمرالی لەناو دەریای مەڕمەڕە بەتەنها لەژوورێکی زۆر بچووکو نامرۆڤانە گۆشەگیرو بەند کراوە، لە بارودۆخێکی سایکۆلۆجی خراپدایە، چۆنئەبێت دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان بکرێت،سەرەڕای ئەمەش سەرۆک وەزیرانی تورکیاخۆی دەستنیشانی ئەو کەسانە دەکات کە سەرۆکی پەکەکە ببینن و گفتوگۆی دەگەڵ بکەن،ئایا ئەمەیە نیازپاکی ؟کوشتاری بە کۆمەڵی پاریس، ئایا ئەمە پرسیارێکی گەورە نیە ؟ ئایا ئەم حکومەتە بەڕاستی دەیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات لە تورکیا؟ سەرانی تورک دەبێت دانوستان لەگەڵ قەندیل و بەدەپە بکەن ، ئەمان لە هەلومەرجێکی باشتردان بۆ وتووێژی سیاسی،بەڵام ئەم داواکاریەو داواکاریتریش وەک ئازاد کردنی عبداللە ئۆجەڵان ئینجا لابردن وسڕینەوەی ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر لەسەر ئاستی ئەمەریکاو ئەوروپا،وە ئازاد کردنی زیندانیە سیاسیەکانی کورد وڕاگرتنی بۆردومانی دەڤەری قەندیل وەکوو مەرجی پێش وەخت دەبوایە بەدەپە و پەکەکە تاوتوێیان کردبایە پێش دەستپێکردنی ‌‌هیچ دانیشتنێک وە
بۆ ئەوەی تورکیا بیسەلمێنێ نیاز پاکی خۆی . دانوستان هونەرێکی تایبەتە بەخودی خۆی،خەلکی شارەزاو لێهاتو و بەئەزمون و دیبلۆماتی ئەوێت،بەڵام جێگای داخە کورد تاوەکوو ئێستا، تیایدا سەرکەوتوو نەبوە! بۆ نموونە گفتوگۆکانی سەرکردەی شۆڕشی دەرسیم،دواجارگرتیان و لەسێدارەیاندا،دانووستانەکانی سمکۆی شکاک لەگەڵ شاهی ئێران لەدوا گفتوگۆدا لە شاری شنۆ زەفەریان پێبرد و کوشتیان.
قازی محەمەد لەسالی ١٩٤٦/١٩٤٧لەگەل ڕەزا شا تەنیا تەڵەکەبازی و کات بەسەربردن بوو،د.عەبدولڕەحمانی قاسملو١٩٨٨ لە ڤییەنا،خۆی و هەڤاڵەکانی کوژران.
گفتوگۆکانی شێخ مەحمودی نەمرو شۆڕشەکانی بارزان و پاشتریش شۆڕشی ئەیلول،مەلا مستەفای بارزانی١٩٧١/١٩٧٢ بە میراکیل لە کوشتن رزگاری بوو.ئەمریکیەکان دەڵێن ئەوەی کورد بە ١٤ساڵ لەشەڕی شاخ بە دەست دەهێنێ بە ١٠ خولەک دەیدۆڕێنن لە سەر مێزی مفاوەزات.
ئەردۆغانی سەرۆک حکومەتی تورکیا،دانوستان وەک مانۆرێکی سیاسی بە کاری دەهێنێ بۆکزکردن و لاوازکردن و پوچەلکردنی دۆزی کورد،ئەردۆغان دەیەوێت لەرێگای پیلانی دانوستان، ناکۆکی بخاتە نێوان ئیمراڵ و قەندیل،دووبەرەکی درووست بکات لە نێوان بەدەپە و پەکەکە، وە لەسەر ئاستی سیاسەتمەداران و لایەنگیران و دۆست وهەوادارانیان، لە هەمانکاتدا دووبەرەکی دروستکردن لە نێوان کوردانی باشوور و باکوور.
سیاسەتی ئەردۆغان زۆر پیس و گڵاوتروخوێناویترە لە سیاسەتی خودی کەمال ئەتاتۆرک،ململانێ و شەڕ وپێکدادان لە نێوان نەتەوەی کوردو داگیرکەران درێژەی دەبێت و کوردستان ئازاد و سەربەست نیە ئەگەر تەنیا یەک تاکە پۆستالی سەربازێکی داگیر کەری لەسەر جیا مابێت.
تورکیا تا ئەم ساتەش ٦ بنکەی سەربازی هەیە لە کوردستانی باشور ، ئەمەش مانای داگیرکردن دەبەخشێت ، حکومەتی تورکیا یارمەتی جبهەت ئەلنەسرەی ئیرهابی ئەدات بە دژی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانی رۆژئاوا، وە بۆ تێکدانی هەر ئەزموونێک لە کوردستانی ڕۆژئاوا، وە دروستکردنی لەمپەرو کێشە بۆ کوردانی رۆژئاوا.
ئایا بۆچی ئەردۆغان ١٨٠پلە سیاسەتی خۆی گۆڕیوە بەرامبەر کوردی باکوور؟ ئایا بە قودرەتی قادر بووە بە ماف بەخش و ماف پەروەری کورد ؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گەورە دەڕووژێنێ،وە ئەگەر ئۆجەلان و بەدەپە و پەکەکە یان گەلی کورد بەتەمای ئۆردوغان بن مافیان بداتێ، نەک هەر هیچیان دەست ناکەوێ، بەڵکوو ئەوەی هەشیانە لە دەستیان دەچێ.
ئایا بەڕێز ئەردۆغان بەدەم دێموکراسیە و بەکردەوەش دیکتاتۆرە؟؟؟چونکە ئەردۆغان باش دەزانێت بە مێتود و مەتریالی عەسکەرتاریەت کێشەی کوردی مێژوویی بۆ یەکلا نابێتەوە،بەسەدان هێرشی برد لەکات و کەژ و شوێنی جیاجیادا،بە دەیەها جۆر فڕۆکەی جەنگی وهێلیکۆپتەرو زرێپۆش و چەکی کیمیایی و بۆمبی حەراری و فەراغی وموشەکی کورت هاوێژ و دوور هاوێژی بەکارهێنا، بەڵام نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ئیرادەو عەزیمە و بەرخودان و گیانی سەربەخۆیی و فیداکاری بەچکە شێرانی کوردو کوردستان.
هەلو مەرجی ناوەخۆیی وئەقلیمی و نێو دەولەتی و فشاری یەکێتی ئەوروپاو نزیکبوونەوەی بەهاری کوردی لەتورکیا،هەر هەمووی ئەوانە بە دەستە جەمعی بوونە فاکتەری پرۆسۆکەی دانووستان لە گەڵ کورد. بەڵام سەرۆک حکومەتی تورکیا جێگای شک و گومانە،تەنیا دەیەوێ خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات و کۆمەڵ گەی نێودەولەتی هەڵخەلەتێنێ و بڵێ، ئەوانیە حکومەتی تورکیا وگەلی تورک و سەرکردایەتیەکەی داوای ئاشتی دەکەن و ئاشتی خوازن! تورک هەتا ئێستاش دەلێن یەک خاک،یەک نەتەوە،یەک ئاڵا.دەبێت لە بیرمان نەچێت لە (٩٠)ەکان مەحمود ئەسعەد وەزیری دادی تورک گوتوویەتی با دۆست و دوژمن و شاخاوییەکان بزانن کە سەرداری ئە م ووڵاتە تورکە، وەئەوەی لەخوێنی پاکی تورک نەبێ لە نیشتمانی تورکدا، تەنیا یەک مافی هەیە، ئەوەش بەخزمەتکار و کۆیلەبوونە.
جا ئێمە چۆن پێش مەرجی خۆمان نەبێت بۆ هەر گفتو گۆیەک.هونەری بردنەوە لە دانوستان زۆر سەختترە لە هونەری بردنەوەی شەڕ! وا بەچاوی خۆمان و بە ڕۆژی ڕووناک دەبینین ئەمە ١٠سالە سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان لە دانووستانە لەگەڵ برا عەرەبە هاودینەکانمان وەپاش ئەو هەموو نوکات و داوەت و خوانە چەورو شیرنانە هیچ شتێکیان بەدەست نەهێناوە جگە لە بودجەی ١٧%،ئەمیش قسە هەیە نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لێمان زیز بووە و نیازی هەیە بیکاتە ١٢%!
هۆی سەر نەکەوتنی کورد لە دانووستان، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ لە دەستدانی هەڵی مێژوویی گرنگ و بۆ دڵپاکی و سافیلکەیی و بەخشەندە و لێبوردن و خۆشبڕوایی و باوەڕکردن بە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان،بەڵام نابێت هەرگیز لە نرخی بردنەوەی شەڕ کەم بکەینەوە.
لەکاتی خۆی لەشەڕی جیهانی دووەم ژاپۆن لە هەموو جەنگەکان سەرکەوتوبوو ،بەڵام چونکە دووا شەڕیان دۆڕاند لەگەڵ ئەمریکادا ،لە ساڵی ١٩٤٥ ئاڵای سپییان هەڵکرد و تەواوی شەڕەکەیان دۆڕاند،بەهەمان شێوەش ئەڵمانیەکان لە جەنگی دووەمی جیهانیدا نزیکەی هەموو ئەوڕوپایان داگیر کرد، بەڵام لە بەر ئەوەی دووا شەڕیان دۆڕاند لەگەڵ ڕووسەکان، هەموو سەرکەوتنەکانیان پێ هەڵهێنانەوە و جەنگەکەشیان دۆڕاند بەتەواوەتی ، وە ئەڵمانیاش بوو بە دوو لەتەوە.بەڵام ئە مجارە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان هەر یەکەیان ئەبێت بە چوار لەتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە