پێشنیارێک بۆ لایەنە کوردستانییەکانى کەرکوک
Wednesday, 18/12/2013, 12:00
1517 بینراوە
وەک ئاشکرایە دیدو و تێڕوانینى هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان بۆ شارى کەرکوک و ئایندەى شارەکە,دیدێکى نیشتمانى و نەتەوایەتییە.پرنسیپی ناسنامەى کوردى شارەکە و کوردستانیبوونى کەرکوک,ئەو خاڵە هاوبەشن کە هەموو پارت و لایەن و هاونیشتمانیان کۆدەکاتەوە.
ئەوەى بینیمان لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو لە بارەى پێکهێنانى لیستێکى هاوبەش و ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەو یەک لیستیە,واى کردوە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەنگدەرى کوردى ئەم شارە,توشى ترس و نائارامى و توڕەیى ببن.
ئەمڕۆ هاونیشتمانیانى کەرکوک گومانیان لەلا دروست بووە و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان وڵامى ئەو پرسیارە بدەنەوە,کە بووتە مایەى ئەوەى لیکترازانى کۆمەڵایەتى و ڕق و کینە و گومان لە پارتە کوردییەکان لەلاى هەموو کوردستانییان بە گشتى و دنگدەرى کوردانى شارى کەرکوک دروست ببێت.
ئێستاش کات ماوە و نەچوە بچێ,پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر مێزى گفتووکۆکردن ئەو لێک ترازان و پرش و بڵاوییەى کە دروست بووە لە نیوانیان چارەسەر بکەن, ئەجینداى نیشتمانى و بەرژەوەندى گشتى بکەنە,ئەو خاڵە هاوبەشەى کە یەک ڕیزى کوردانى کەرکوک بپاڕیزێت.
هەڵبەتە هەمووان ئەوە دەزانین کە کاتى هاوپەیمانێتى نەماوە,بەلام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ڕێگاى چارەسەرکردنى ئەم لێکترازانە نامابێت.ئەو بژاردەیەى کە برایانى تورکمانى کۆکردەوە,هەمان ئەو ئۆپشنەیە کە لایەنە کوردستانییەکان دەبێت هەڵیبژێرن و بیکەنە خاڵى چارەسەرکردن.
بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان بەرژەوەندى حزبى وەلاوە بنێن و بەرژەوەندى نیشتمانى بخەنە سەر هەموو بەرژەوەندییەکان وئەم ڕێگایانەى چارەسەرکردن بگرنە بەر.
١- یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەسبەردارى ئەو داوایەى بێت بۆ دەسنیشانکردنى ئەو بەڕێزەى کە پێشنیارى کردووە ببێتە سەرۆکى لیست و لەبرى ئەو کەسێکى تر هەڵبژێرێت.وەهەر حزبێک بە حەجم و قەبارەى خۆى کاندید دەسنیشان بکات لە یەک لیستدا.
٢-لەکاتى دەسبەردار نەبوونى یەکیتى لەو داوایەى,هەموو لایەنەکان لەیەک لیستى تر کۆبنەوە.(پارتى,گۆڕان,یەکگرتوو,کۆمەل,هاوپەیمانێتى سێ لایەنەکە شوعى و زەحمەتکێشان و سوسیالیست),وەهەر حزبێک کاندید دەسنیشان بکات بە پێى حەجم و قەبارەى خۆى لەو لیستەدا.
٣-لە کاتى ڕێکنەکەوتن لەسەر دوو خاڵەکەى سەرەوە,پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەل هەر سێ لایەنەکەى ئوپوزسیون بە هاوبەشى کاندیدەکانیان لەیەک لیستدا کۆبکەنەوە.
٤-لەکاتى ڕێنەکەوتن لەسەر هیچ بژاردەیەک لەمانەى سەرەوە هەر سێ لایەنەکەى ئۆپۆزسیون بە هاوبەشى کاندیدەکانیان لەیەک لیستە دەسنیشان بکەن.
پێویستە هەموومان بە دیدێکى نیشتمانى بڕوانینە ئەم مەسەلەیە و هەمووان لە خەمى شارەکەمان و نیشتمانمان بین.ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان بەرپرسیارن لە یەک دەنگى نێوماڵى کوردى و شەقام و هاونیشتمانیان چاوەڕوانى هەڵوێستن.