کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرکەسێ بەشداری پرسەکەی حەمایلی کرد،سەلامەتە

Sunday, 31/07/2011, 12:00






بەبڕوای من هیچ کات نەبوە بەقەد سەرکردەکانی باشوور لەکاتی لێقەومان و کارەساتدا پشت بکەنە گەلەکەیان و شەرمەزاریان بکەن. هەر بۆ نمونە ، لەکاتی پشت تێکردنی ئێران ، مەلا مستەفا ئاش بەتاڵی کرد. لەکاتی کیمیا باران کردنی دێ و شارەکانی کوردستان، تاڵەبانی نەیهشت خەڵکەکە خۆی قوتار بکاو دواتر ئەنفال کران و خۆی تێی قۆچاند بەرەو هاندەران. وەیان دوای ڕاپەڕینی ١٧/٢ ی سلێمانی کە پارتی قەتڵ و عامی خەڵکی کرد، کاك نەوشیروان دەستی ئەدهەم بارزانی توند گوشی و ئاری هەرسینی بەجامانەکەیکی سوورەوە هێنایە سەر کەناڵەکەی.

موحەمەد لە دوای ئەوەی هاتەوە شاری مەکە ، ووتی (من دخل الکعبە فهو ێمن، ومن دخل بیت ێل سفیان فهو ێمن) واتە ئەوەی بچێتە کەعبەو ماڵی ئەبو سفیان ئامن و سەلامەتە. وە کەس دەست درێژی ناکاتە سەر. ئەمە لەکاتێکدا ئەبو سفیان تا ئەوکاتەش باوەڕی بە ئایینەکەی موحەمەد نەهێنابوو، وە وەك ئەگێڕنەوە کە ئەم پیاوە تا مردیش هەر نکۆڵی لە ئیسلام کردوەو هەر بە بت پەرستی خۆی مابۆوە ،وە لەئەنجامدا و کەدواتر معاویەی کوڕی ئیسلامی شەق کردو کەوتە کوتلە دروست کردن و قوڕی کرد بەسەر ئیسلامدا .

دوای هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفا لەئێرانەوە بەرەو گوندەکەی خۆی، تاڵەبانی یەکەم کەس بوو لەمەرزی پێنجوینەوە پێشوازی لێکردوو، زۆرترین خۆئامادەباشی بۆ کرد. وە دەستی کرد بەڕیکلام کردن بۆ ئەو کارەو سەری خۆی و دنیای پێیوە جنجاڵ کردو خۆی خستە ژێر دارە مەیتەکەی(کەکەس نازانێ ئیسك و پروسکی کێی تیابوو).وە لە تەك نێچیری برازایەوە کوڵم کۆڵم فرمێسکی بۆ ئەڕشت. بەم کارەی چەندین شەقاو خۆی لەبنەمەڵەی بارزانی نزیك کردوەو جارێکی دی سەلماندی کە خۆی بەخەمخۆری ئەو بنەمەڵەیە ئەزانێ و هیچ کێشەیەکی لەگەڵیاندا نیە. ئەمە لەکاتێکدا بەهەموو پێوەرێك ئەبوو بنەماڵەی بارزانی هەموو کاتێ دوژمنایەتی ئەم کابرایەیان بکردایە ، لەبەرئەوەی پارتی تووشی شەق کردن کردبوو. کەچی لە ٣١ ئابدا، هێزەکانی مەسعود کاتێ هێرۆ و فواد مەعسومیان گرت لەگوڵ کاڵتریان پێ نەووتن و ڕەوانەی سلێمانیان کردنەوە.

پێش ئەوەش و ساڵێك لەوەو بەر، واتە ساڵی کۆڕەوەکە ، تاڵەبانی ڕوەو بەغدای پایتەخت ڕۆیشت و کەوتە لێسانەوەو ماچ وموچ کردنی دیکتاتۆری لەناوچوو، بەم کارەی نەك هەر کورد و لێقەوماوان و دەربەرانی شەرمەزار کرد، لێ دۆست و ئەوانەی کوردیان وەك میلەتێکی زۆڵم لێکراو ئەبینی، ووردە ووردە هەڵوەستەیەکیان کرد و جۆرێ لە نیگەرانیان نیشان دا. ئاخر لەو کاتەدا کەمیلەت لەدوو کارەساتی جەرگبڕ هاتبوە دەرێ، گەلێ زەحمەت بوو ئەم کارەی تاڵەبانی هەرس بکرێ.. لەوەش زیاتر ، ئەم کارەی تاڵەبانی تا ئیستاش زیاترین ڕەخنەی لێ ئەگیرێ و لەلایەن کەسانی نزیك خۆی و لەوانەش کاك نەوشیروان. کەئەڵێ، نەئەبوو تاڵەبانی بەو شێوەیە ماچی دیکتاتۆر بکاو بەحەکەم لێ بڕوانێ.

کەچی مەخابن، هەنووکە کاك نەوشیروان هەموو سنورەکانی بەزاند و دەستی یەکێ لەو تیرۆریستانەی گوشت کە هەردەم پەلەپیتکەی ئامادەیە بۆ کۆشتن و تیرۆرکردنی ڕۆڵەکانی ئەم ووڵاتە. ئاخر چۆن کاك نەوشیروان ئەوەندە کورت بینانە ئەم کارەی کرد. بۆیە ئێستا هیچ خەمی نەبێ و بێ پاسەوان و بەبیجامەوە چاو لێکنێ، کەس دوژمنت نیەو گەلێ سەلامەتی. دیارە باوکی شەهید سەردەشت و ڕێژوان و ١٠ شەهیدەکەی تر شایەنی ئەوە نەبوون کەبچیتە پرسەکانیان ، وەیان دڵنەواییان بکەیت، گەر ئەوانیش جامانەی سووریان لەسەر بوایە ، ئەوسا نەختێ ڕێزیان لێ ئەگیرا.

بەڵام ئەمە بەرکوڵە بۆ ئەو داینشتین و کۆبونەوانەی داهاتوتان لەگەڵ بنەمەڵەی بارزانی و چونتان بۆ پەرلەمان و دانیشتن لەژێر وێنەکەی مەلا مستەفا. ئەمە سەرەتای ئەو داوای لێبووردن و دەست ماچکردنتانە کە لەمێژە تاڵەبانی پێش ئێوەی دایەو، خوا یار بێ تۆش پێی ئەگەی. هەر وەك چۆن تاڵەبانی ووتی ، کاتێ مەلا مستەفام لە ڕوسیا بینی لە خۆشیدا لەهۆش خۆم چووم، ئەبێ تۆ چیت بۆ ئامادە کردبین کاتێ مەسعودی کوڕی ئەبینی.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە