وەچەیەکی پڕ لە قوربانی و خەبات
Sunday, 20/04/2014, 12:00
1939 بینراوە
زۆرن قوربانیان و گومناوانی ڕێی کوردایەتی، ڕەنگاوڕەنگن مەیدانەکانی خەباتی تاکی کورد لە پێناو ڕزگاریی نیشتمان و ئازادیی مرۆڤی کورد! من لێرەدا باسی چەند نمونەیەکی بەرگریی پاڵەوانانە دەکەم لە کەسانێکەوە وەشاوەتەوە ئەندامی پابەندی هیچ حیزبێک نەبون، پێشمەرگەی نهێنی ناوشار نەبون، گوێڕایەڵی فەرمانی هیچ سەرکردەیەک نەبون، ڕوت و قوت بەدەستی بەتاڵ لە سەردەمی حوکمی سەددام دا بە شێوازی مەدەنیانەی جۆراوجۆر بەرەنگاری بەعسیە جەللادەکان بونەتەوە. هەڵوێستەکانیان هەڵقوڵاوی بیروباوەڕی کوردایەتی و مرۆڤدۆستیان بوە و هیچیتر، ئەگەری ئەوە زۆر بەهێزبوە لەسەر هەڵوێستەکانیان بیانگرن یا بیانکوژن. لە سلەیمانی دوکتۆرێکی دڵسۆز و تینوی زانست، دەبێت دواپلەی بڕونامەی دوکتۆراکەی لە لەندەن تەواوبکات،بەرپرسە بەعسیەکە بۆ ڕێگەدانی کە بچێت بۆ لەندەن مەرجی بون بە بەعسی دەخاتەبەردەم و داوای لێدەکات تەنیا یەک واژو (ئیمزا) بکات و هیچی تر. دوکتۆرەکە ویژدانی زیندوی ناهێڵێت ئیمزاکە بکات و بەمە بڕوانامەی خوێندنی باڵا و ماندوبونی سێ ساڵی لە کیس دەچێت. مامۆستایەکی ئامادەیی بە هۆی هەڵوێستی نیشتمانی و دژەبەعسیی ، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە برایەکی پێشمەرگەی دوکتۆری ناو یەکێتی نیشتمانی کوردوستان دەبێت، لە لایەن بەرپرسی شوعبەی (حگین) ی حیزبی بەعس لە سلەیمانی قسەی زۆری پێدەوترێ و هەڕەشەی کۆتایی لێدەکات کە ئیتر نابێ بە هیچ جۆری دژی بەعس قسە بۆ قوتابیەکانی بکات. ئینجا تفێک دەکاتە دەم و چاوی ، کاتێک مامۆستاکە دەسەسڕەکەی دەردێنێ تفەکەی بسڕێ، ئەو جانەوەرە لولەی دەمانچەکەی دەخاتە سەر لاجانگی و پێیدەڵێت بیسڕیت دەتکوژم، سوکایەتی پێدەکات و دەیکاتە دەرەوە، لە دەرەوە تفەکەی دەسڕێ، دواتر ئەو بەعسیە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ دا لە سلەیمانی دەکوژرێ. پیاوەکانی ڕژێم لە ڕانیە دوکتۆرەکان کۆدەکەنەوە و دەیانەوێ بیانکەنە بەعسی، کە کەس ئامادەیی نیشان نادات، دەکەونە گەڤ و هەڕەشە و پێیان دەڵێن دەیانگوازنەوە بۆ ناوچەی (ئەهوار) لە خواروی عێراق، دوکتۆرێکی قەڵادزەیی دەڵێت ئینجا قەیدی چیە با لە (ئەهوار) کاری پزیشکی خۆی بکات، کاری دوکتۆر کارێکی مرۆڤدۆستیی بێلایەنە، جیاوازی ناکات لە نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان. خوێندکارانی دواقۆناغی (کۆلیجی ئیدارە و ئیقتیساد) ی ١٩٨٣/ ١٩٨٤ ی زانکۆی سەلاحەدین کۆدەکرێنەوە و داوایان لێدەکرێت ببنە بەعسی دەنا ناهێڵن بچنە تاقیکردنەوەی کۆتاییەوە و بەمە ئایندەیان دەفەوتێ، کە کەس ئامادەیی نیشاننادات، لێپرسراوە بەعسیەکە بە زۆر کچێک بانگ دەکات هەتا واژوی پێبکات، ئەمیش دەڵێت نەک بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەڵکو بۆ دوکتۆراش ئیمزای ناکەم، بەعسیەکە لە توڕەییدا پەلی دەگرێت و بە توندی دەیدات بە دیواری هۆڵەکەدا. هەڵوێستی ئەم گومناوانە جۆرێکن لە پێشمەرگایەتی و لە چالاکی پێشمەرگانە. پێشنیازدەکەم (ئارشیفی نیشتمانی بۆ بەرگریی سیڤیل و ناتوندوتیژ) لە شێوەی بانکی زانیاری (daten bank) دابمەزرێت بۆ کۆکردنەوە و بە دۆکومێنتکردنی هەزاران هەڵوێستی جوامێرانەی کەسانی تری گەلەکەمان بێ ناوهێنانیان، وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوان و جۆراوجۆر بۆ گێڕانەوەی ڕێز و شکۆ و بەها و ئومێد بۆ خەباتی ڕەوای تێکۆشەرانی گەلەکەمان. ئارشیفێکی ئاوا دەبێتە گەنجینەی زانیاری بۆ کەرەسەی سەدان ڕۆمان و فلیم و کاری ئەدەبی و هونەری تر لەسەر مێژوی خەباتی گەلەکەمان. ئای چەند ناڕەوا و ناڕاست و غەدرێکی گەورەیە کاتێک هەندێک لە نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردوستان بەزۆر کاریزما و قودسیەت بۆ سەرکردەکانیان دەتاشن و بۆ نمونە دەڵێن فڵانە سەرۆک کوردی بە جیهان ناساند! ئاخر ئەگەر خەباتی سەدانهەزار تاکی گومناوی ئەم نەتەوە بەخشندەیە نەدەبو سەرکردە هەر دروستنەدەبو.