کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەون یان مۆتەکە بە قەڵەمی "نەوشیروان مستەفا " "بەشی دووه‌م "

Saturday, 16/03/2013, 12:00


ئەو خاڵ و بەندانەی لەکۆبونەوەکانی "پاریس" دانران و نوسرانەوە ئایا سەرەتایەک بوو بۆ ئازادیی ڕاستە قینە ؟ هەر بۆ یە مادام میتران لەنامەکەیدا کە لە نەخۆشخانەوە بۆ وەفدەکەی کوردی نووسیوە و ڕوویان تێدەکات دەڵێ بەشەکانی تری کوردستان وەک تورکیا و ئێران چاوەڕێ دەستی ئێوەیە. دەمەوێت بەبابەتێکی سەربەخۆ باسی ئەو نامەیەبکەم. شەڕ دەست پێدەکات پارتی بارەگاکانی یەکێتی لە چاوتروکانێکدا لە بادینان دەگرێت، یەکێتیش لقی چواری پارتی بە ئاسانی دەگرێت لەسلێمانی، ئێران دەیەوێت لەسنورەکانێ وە شەڕ نەبێت، چونکە شەڕ ڕێگە لەئارامی ووڵاتەکەیان دەگرێت و بازرگانیش دەخاتە مەترسییه‌وە، داوا لە وەفدی پارتی و یەکێتی دەکات کە بچنە ئێران و لەوێ لە سایەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەربەست بگەن و ڕێک بکەون، وەک چۆن لە باوەشی ئیسلامی ئێراندا بەرەی کوردستانیان دروست کرد بە مردوویی، یان چاکتر بڵێین شەقی ئەنفال کۆیکردنەوە. گەشتێک بەناو ئەم کتێبە بچکۆلەیەدا هەزاران پرسیار لەلای خوێنەر دروست دەکات.
کاتێک د.سادقی شەرەفکەندی لە بەرلین تیرۆر دەکرێت لە بەرواری ١٢ی ٩ی ١٩٩٢ بەم بۆنەیەوە یەکێتی بەیانی دەرکرد و پرسەی بۆ دانا لە سلەیمانی. تاڵەبانی ڕاستەوخۆ دەستی تاوانی کوشتنەکە بۆ ئێران درێژ دەکات د. سادقی شەرەفکەندی لە بەرلین تیرۆر دەکرێت لەبەرواری ١٢ی ٩ی ١٩٩٢ ڕێگەشی بەحیزبی دیمکرات دا پرسەیەکی گەورەی بۆدابنێن، بەکر فەتاح کە نوێنەری یەکێتی بوو لە تاران، بانگ دەکەن داوای ڕوونکردنەوەی لێ دەکەن، لەسەر قسەکەی تاڵەبانی ئەویش دێتەوە کوردستان ببڕای ببڕای ناچێتەوە ئێران، بۆچی تاڵەبانی ئەمەی کرد ؟ چونکە لە کاتی تیرۆرکردنی قاسملۆدا گومان هەبوو، کە لە پلانەکەدا تاڵەبانی ئاگادار بووە. گەرچی ئیستگه‌ی دەنگی کوردستان لە سەقز بوو بەیانێکی حەماسی بۆ تیرۆری قاسملۆ چڕی بەڵام نەیان توانی ئەو گومانە بڕەوێنەوە کە لایەنگرانی دیموکرات هەیان بوو لەناو ئەم یاداشتەدا زوو زوو تاڵەبانی ووشەیەکی سیاسی نوێ فڕێ دەدایه‌ ناو زمانی کوردییه‌وە ئەویش دۆستایەتی گەرم بوو لەگەڵ ئەمەریکییه‌کان.
تاران بڕیاری دا میوانداری بارزانی و تاڵەبانی بکات بۆپێکهێنان و ئاشتکردنەوەیان، سەیر لەوەدایە "تاڵەبانی ئامادەی پیشان دا، بەڵام بارزانی ڕازی نابێت".
نەوشیروان ئاماژە دەدات بەوەی کە یەکێتی پێویستی بەدامەزراندنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئێران، چونکە پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵا لە هەموو سنورەکانەوە هێرش دەکەنە سەر یەکێتی، بەڵام سنورەکانی پارتی ؟ ئێران و تورکیاو سوریا هەمووی هێمن و ئەمینە. نەهێزی یەکێتی لێیە نە شەڕ هەیە.
کاتێک وه‌فدەکەی یەکێتی دەگاتە کرماشان و دەچنە قەرارگای ڕەمەزان دۆستانە پێیان دەڵێن "بەخێربێن بۆ ماڵێ خۆتان" کاتێک دەچنە تاران و کۆبونەوەکان دەست پێدەکات، ئێران دەیەوێت خۆی بێلایەن پیشان بدات، ڕۆژانەش هەواڵی کۆبونەوەکان دەگاتە ڕەهبەری ئینقلان "عەلی خامنەیی" کاتێک یەکێتی سەرگەرمی کۆبونەوەیە لەگەڵ تاراندا پارتی لە هێرۆوە بۆ قەڵادزێ و لەشارەزوورەوە بۆ هەڵەبجە لە پێشڕەویدا بووە، کەچی لەهەردوو میحۆرەکە دەشکێن، هێزەکانی پارتی خەریکی سنور بەزاندن دەبن بەرەو ئێران کەچی ئێران سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ یەکێتیدا لەگفتوگۆدایە دەکەونە بۆردومان کردنی دانیشتوانی ناوچەکە و لەوێدا بوون بەپاڵپشتی پارتی.
هەر لە گەرمەی کۆبوونەوەکاندا لەوێندەر لە تاران لە کاربەدەستێکی ئێرانی دەپرسن" بۆچی ئێران هەمیشە پەیوەندیەکی باشی هەبووە لەگەڵ پارتی و کەچی لەگەڵ یەکێتی هەمیشە لە زیگزاکدا بووە؟" لە وەڵامدا بەزەردەخەنەوە بەرپرسەکە دەڵێ "پارتی هەرچەندە تینی بۆبەرین سنورێکی بۆخۆی دیاریکردوە لێی تێ ناپەڕێت، بەڵام یەکێتی کە زۆری بۆ بێنی سنوری نییە" پاشان دەڵێ "پارتی لە پێوەندییه‌کانیدا لەگەڵ ئێران نەگۆڕاوە، لە زەمانی شاوە تا ئێستا یەک خەت هێناوێتی، بەڵام یەکێتی زوو زوو ئەگۆڕێ. یەکێتی لەزەمانی جەنگدا واتە جەنگی ئێران و عێراق : لەگەڵ هێزەکانی عێراق زۆرتان شەرتان کردوە، ئازایەتی زۆرتان نواندوە، پارتی لەشەڕدا دژی عێراق کارێکی ئەو تۆیان نەکردووە، بەڵام لە شەڕی دژی ئینقلابدا ٦٠٠کوژراویان بۆ داوین، لەکاتێکدا ئێوە یارمەتی دژی ئیقلاب دەدەن.
نێچیروانیش بەدەمی خۆی ووتی تورکان هەر باوەڕمان پێناکەن کە ئێمە لەشەڕی پەکەکەدا ٣٠٠٠ کوژراومان دا لە پێناو تورکیادا
دیارە ئەم پارتە کوژراوەکانیان هەمیشە بۆ خاتری دوژمن و داگیرکەران بووە.
گەرچی لەم گفتوگۆیەی وەفدەکەی یەکێتی و ئێران باسی زۆر شت دەکەن هەر لە فەلەستینەوە وە تا دەگات بە خەوی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی. نەوشیروان دەڵێ "هەلومەرجی جیهانیی دەوڵەتانی گەورەی دنیا ڕێگەمان نادەن دەوڵەتی کوردی دروست بکەین" کاتێک وەفدەکەی یەکێتی لە دۆزینەوەی کەناڵێکدان ئەو ئابڵوقەیەی لەسەر سنوری یەکێتییە بشکێنن و مەکتەبی پەیوەندی یەکێتی دروست بکەن لەگەڵ ئێران، نێچیر بەخۆی هێزێکەوە بەناو ئێراندا هێزێک دەبات بۆ ئەوسنوری سلێمانییەی، کە زوو زوو پێمان دەڵێ من نیوەم خەڵکی سلێمانییە.
بۆیە ئەو فشارە دەخەنە سەر یەکێتی تا بەحیزبی دیموکرات بڵێن واز لەشەڕی چەکداری بێن و پەخشی ڕادوێکەشیان ڕابگرن، ئیرانێکان دەڵێن سەیری فەلەستینییه‌کان بکەن ئەوان ئەو هەمووپشتوانییە جیهانیەیان هەیە کەچی هیچ ووڵاتێکی عەرەبی ڕێگە نادات لە سنورەکەیانەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل ئێوەش دەبێ وابن و ڕێگری بکەن لە دژی ئینقلابی.
بەکورتی ئێرانییه‌کان دەڵێن سنورەکانمان ئاسایشی تێدا بەرقەرار نەبێت ئێوەش ئاسایشتان نابێت. ئەمە لەبەرگی هەڕەشەدایە بۆیە مقاشی دەستی داگیرکەران کوردە وشەڕی براکانە.
کاتێک وه‌فدی ئێران دێت تا تاڵەبانی و بارزانی بەرەو ئێران بنێرێت، ئەمەریکییه‌کان توڕە دەبن و لایان ناخۆشە کە یەکێتی و پارتی گوێ لە ئێران بگرن و نایانەوێت ئێرانییه‌کان ببنە ناوبژیوانی ئەم ماڵوێرانییە.
نەوشیروان دەڵێ "دیمەنی سیاسی ئەم ڕۆژانەی کوردستان لە تابلۆیەکی سوریالی دەچێ " کۆسرەت لە بەرەکانی شەڕەوە سەرکردایەتی خۆی نامەباران دەکات و دەڵێ تکایە بە تاڵەبانی بڵێن با بە حیزبی دیمکرات بڵێن ئیستگه‌کەیان کڵۆم بکەن.
تاڵەبانی لە نامەیەکدا بۆکۆسرەت دەنوسێت دیارە وەڵامی نامەیەکی کۆسرەت دەداتەوە "تۆ هەر بەرلووتت دەبینی" کۆسرەت دەڵێ ئەگەر عاملی تورکیا و ئێران نەبێت پارتی ئەوە نییە شەڕی ئێمە بکات.
ئەم قسەیەی تاڵەبانی ئەوە دەسەلمێنێ کە تاڵەبانی لە خەوی نزیک بوونەوەدایە لەگەڵ ئه‌مه‌ریکا، تاڵەبانی بیری چۆتەوە لە ڕێبازی نوێدا چ نامەیەکی بۆ میخایل گورباشۆف نوسیبوو ؟ چۆن هێرشی کردبۆ سەر ئیمپریالی ئەمەریکا، یان کاتێک بە فڕۆکە لە ماڵی قەزافیان دا چۆن هەڵوێستی پێدەفرۆشتینەوە، کەچی ئێستا دەیەوێت لە گەشتەکەشیدا ئه‌مه‌ریکا ئاگاداربکاتەوە.
نەوشیروان دەڵێ : "تەجروبە سەلماندوێتی کە ڕێکەوتنی کوردی، کوردی ئەگەر هێزێکی دەرەکی لە پشت نەبێ، یاچاودێری جێبەجێ کردنی نەکا سەرناگرێت.
مەسعود بارزانی لە ٢٠ی ٣ی ١٩٩٥ ڕۆژێک پێش نەورۆز دەچێتە سلۆپی لەگەڵ هەندێک جەنەراڵی تورکدا کۆدەبێتەوە کە ٣٥٠٠٠سەربازی تەیاریان لەگەڵ دایە بۆ ڕاوەدونانی بنکەکانی پەکەکە لە سنوری باشور. ئەم ڕۆژژمێرە کە لای من بە ڕۆژژمێری هێرشەکان دەژمێرێت لە زۆر لاوە پارتی دژی یەکێتی و پەکەکە پێشڕەوی دەکات، ئیتر شەڕ لە بێ مانایی خۆیدا نوقم دەبێت. وەفدەکە لەلایەن پارتی و یەکیتیوە دەچنەوە ئێران پارتی ئامادە نییە ڕاستەو خۆ لەگەڵ یەکێتی دابنیشێت، بۆیە ئێرانییه‌کان لەبەینیاندا دەبن. دوای ئەوەی گفتوگۆ بەهیچ ناگات. لە ئیرلەندیش گفتوگۆ بەهیچ ناگات گەرچی ئه‌مه‌ریکایش سەرپەرشتیان کردبوو. دوای ئەوە هەردوولا بانگی تاران دەکرێنەوە، دوای مانگێک لە تاران چەند خاڵ وبەندێک دیسان بەزمانی دایکیان واتە "عەرەبی" دەنووسن و ئەویش خۆی لە پارەی گومرگ و کردنەوەی بارەکاکان دەبینێتەوە.
رادیۆی حیزبی دیمکرات داخرا ڕادیۆی حیزب کرایەوە کێ دای خست کێ کردییه‌وە؟ ئەوە وەک مەتەڵێکە لەوێدا هەست دەکەیت کۆسرەت ڕەسوڵ چەندە لە سیاسەتکردندا داماوە، شەڕ دەستی پێکردەوە تاڵەبانی لە گەشتی ئەوروپادایە، ئەم کابرایە هەمیشە کە دەچووە دەرەوە شەڕ و ماڵوێرانی ڕووی دەکردە کوردستان، لە ئەنفالەکاندا بەر لەوەی ئەنفال دەست پێبکات بەرەو ئەورپا سەفەری کرد، لە شەڕی براکانیشدا، سەیر لەوەدایە تا ئه‌مڕۆش پریشکی شەڕ نینۆکێکی تاڵەبانی و بارزانییەی داخ نەکرد وە، تاڵەبانی دەچیتە لەندەن و بەنیازی گەشتێکە بەدنیادا، نەوشیروان مستەفاش دەبات، نەوشیروان دەڵی: من پێی ووتم لەم گەشتەدا لەگەڵم بە با خەڵک بزانێت ئێمە تەباین. و ئەرکێکی پێدەسپێرت کە دەبێت تاڵەبانی باسی وەزعی سیاسی بکات و نەوشیروانیش خۆی ووتەنی"دەرۆزە بکات" بۆ نیشتمان.
کاتێک شەڕ دەست پێدەکات وەک دەزانین لە قەڵادزێوە دەست پێدەکات، ئیتر ڕۆژانە دەیان فاکس و تەلەفۆن بۆ تاڵەبانی دەکرێ و داوای لێدەکەن بگەڕێتەوە، ئەویش نامەیەک بۆ مەسعود دەنووسێت دەڵێ "زۆر بەداخەوە خەبەرە ناخۆش و دڵتەزێنەکانی شەڕی نێوان نەفامان و نامەسیولەکانی پارتی و یەکێتیمان بیست، من و کاکە نەوە دەست بەجێ بروسکەمان کردوە بۆ" م س" کە پەیڕەوی ئامۆژگاری جەبات بکەن. لای من لەم نامەیەوەیە کە ئیتر مەسعود هەستی کرد شتە و دەستی ئاواڵابوو کە بەزۆری زۆرداری خۆی بکاتە سەرۆک و کەڵەگای ئەو بەشە داگیرکراوەی نیشتامانمان.
مەسعود بانگەوازێک دەردەکات و دەڵێ : " هەرچەندە زوڵمێکی زۆر لە پارتی کراوە لەم ڕووداوانەی دووسێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی قەڵادزێ و ڕانیە و سلێمانی دا بۆ خاتری گەلی کورد دیسان واز لەمافی خۆمان دەهێنین". سەیر لەوەدایە کاتێک مەسعود ئەم بروسکەیە لێدەدات لەهەوڵی خۆ ئامادەکردندایە و وه‌فدی پارتی لە بەغدادی تاوانە و لەنامەمێژووەکەیدا کە بۆ سەدام دەنووسێت و دەڵی وەرە هەولێر پاکەرەوە لە وانەی دەیانەوێت عێراق پارچە پارچە بکەن.
دوای ئەوەی پارتی ناتوانێ ڕاستەو خۆ خۆی شەڕ بکات لەگەڵ یەکێتی نامەیەک فاکس دەکات بۆ تاڵەبانی و تێیدا دەنوسێت.
" زۆر بەداخەوە ڕووداوی زۆر ناخۆش و دڵتەزێن ڕوویان دا لەم ڕۆژانەدا بەخەیاڵمدا نەدەهات شتی وا لە ناو پارتی و یەکێتیدا ڕووبدات، خەڵکی نەفام و نەزانیش هەندێ خائینیش بەداخەوە مەیدانیان بۆ خۆش بووە یاری بە چارەنوسمان بکەن، لیجانمان دروست کردوە، نێچیرو ئەحمەدی ناردوە بۆ ماڵی تاڵەبانی لە هەولێر بۆلای هێرۆخان تا خەڵک بزانێت ماڵی تاڵەبانی وەک ماڵی مەسعودە.
مەسعود دەڵێ : پێشمەرگە و کادێری پارتی بەساغی گیراوە و ئیعدام کراون برینداریان لەخەستەخانە دەرهێناوە شەهیدیان کردوون. داوای ئەوە دەکات کە تاڵەبانی گەڕایەوە لەبنەڕەتەوە بنبڕی کێشەکان بکەن. دوای دەنووسێت "باشترە هەردووکمان بۆخۆمان بڕۆین و با ڕوو زەرد نەبین".
ئەو کاتەی مەسعود هاتە سلێمانی و لەگەڵ تاڵەبانیدا خۆیان نمایش کرد دوای ڕێکەوتن نامەکەی واشنتۆن، ووتیان گەر دادگای شەڕی ناخۆ بکەین ئێمە بە پاکی دەر دەچین. بەڕاستی سەیرە کەسانێک ئەمڕۆ خۆیان کردۆتە سەرکردە کە بۆ چرکەیەکیش خاوەنی قسەی خۆیان نین، هیچ شەرمیش لەو هەموو ڕووداوو تراژیدیایەش ناکەن کە بەسەر ئەو میللەتەین هێناوە، بۆ یە دوێنی نەخۆشێکی وەک شوان پەروەری ترسنۆک باسی قارەمانی مەسعودی دەکرد کە مرۆڤێکە دەیەوێت یارمەتی هەموو بەشەکانی تری کوردستان بدات.
تاڵەبانی و هاوڕێکانی کاتێک دەیانەوێت بگەڕێنەوە و گەشتەکەی ئەورپایان ڕاگرن فاکسێک بۆ بەرهەم دەکات دەڵێ بەخزمان ڕابگەیەنە کە دەگەڕێتەوە بەرەو شام، بەڕێ دەکەون ولەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو نامە عاشقانەیەی لە مەسعودەوە پێگەیشتوە و تاڵەبانیش نامەپرژێنی کردوە کەچی هەر ئازایەتی ئەوەی تێدا نییە لەڕێگەی زاخۆوە بگەڕێتەوە ووڵات، چونکە باوەڕی بە پارتی نییە. ئەم جارەیان دوای ئەوەی شەڕ گەرم دەبێت وەفدی یەکێتی و پارتی ڕوو لە تورکیا دەکەن بۆ ناوبژیوانیان لەباخەڵی جەنەڕاڵە فاشیەکانی تورکدا کۆبوونەوە دەست پێدەکاتەوە کەچی کۆبونەوەکەش هەر بێ ئەنجام بوو سەیر لەوەدابوو تورکەکان ئەیان وویست ڕاستەو خۆ تاڵەبانی و مەسعود بەشداری ئەم کۆبونەوەیە ببن.
تاڵەبانی ئامادەیی دەر بڕیوە بۆ چوونی بۆ تورکیا بەڵام مەسعود ئامادە نەبووە بچێت، کەچی نامەکانی شتگەلی تر دەڵێن، جارێکی تر لەسایەی جەنەڕاڵەکانەوە وەفدەکە ی یەکێتی و پارتی ڕوو لە تورکیا دەکەن ئەم جارەش مەسعود ئامادە نییە ڕاستەو خۆ لەگەڵ تاڵەبانی وەفدەکەی یەکێتیدا دانیشێت، گەرچی تورکەکان لایان وابووە ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی پارتی کرێکاران و ئیسلامییه‌کانە، بۆیە وویستویانە بەهەر نرخێک بێت ڕایگرن.
مرۆڤ کاتێک خەون یان مۆتە دەخوێنێتەوە هەست دەکات، مێژووی میللەتەکەی لەسەدساڵ بەر لەئێستاوە هەمان ڕێچکەی گرتووە و بە مسقاڵ خۆی لانەداوە، سەرانی کورد ئامادەی ئەوەن پێڵاوی داگیرکەران ڕاموسن و سوکایەتی ئەوان بەداوێنیان هەڵگرن بەڵام ئامادەنین لەگەڵ یەکدا بۆ مەبەستی گشتی و بۆخاتری نیشتمان خەڵک لەگەڵ یەکدا دانیشن و بەگفتوگۆ بگەنە بەربەست و ڕێز لە ئیرادەی گەلێک بنێن.
کاتێک سمکۆی شکاک لە ووتارێکیدا بەر لە٩٠ساڵ ڕوو لەگەلەکەی دەکات و دەڵێ :

"ئێمەی کورد جگە لە یەکگرتن و یەک دەنگی هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە بۆڕزگاری لە دەست دوژمنان، هیچ ئامڕازێکی تر بۆ ئەم گەلە بێبەش و بێپشتیوانە نییە، جگە لەوە دەست لەناو دەستی یەک بنێین، ڕێگەی ڕزگاری هەر ئەوەیە و هیچی تر".
خەون یان مۆتەکە پێمان دەڵێت سەرانی کورد چەندە ئازان بۆ گەلەکەیان و چەندە بچکۆلەن لەبەردەم جەنەراڵێک، لومپێکی داگیرکەراندا، بۆیە ڕۆژمان بەم ڕۆژانە دەگات و خۆری ئازادیی لێمانەوە تا بێت دور دەکەوێتەوە، ٢٢ساڵە بەشێک لە نیشتمان لای خۆی ئازادە بزانن چەندە کۆیلەیان دروست کردووە. لەنمونەی ئەو شفان پەروەرانەی دەیان ووت "کینە ما"؟
هەر لەسایەی ئەو شەڕە نەگلیسەوە بوو باشوری ووڵات بۆتە جێگەی سەدان تۆڕی سیخوڕی ووڵاتانی داگیرکەرو سەربازخانەی تورکە کەڵبە سورەکان، کەچی یاساغە گەریلایەک ئازادانە ڕوولە خەستەخانەیەک بکات، یان کوردێکی تری بەشە داگیرکراوەکانمان بێن و لە نیشتمانی خۆیاندا ئارام بگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە