بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


ئەم حیزب و بنەماڵە خائینانە بە شەق دەڕۆن، نەک بە دەنگدان

Thursday, 22/05/2014, 12:00


لە ڕۆژەکانی هەڵبژاردندا، کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کری بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى کردە کاندیدی خۆی ، ئیتر مانگێکى تەواو هەردوو کاندیدی گۆڕان و یەکێتیی (ئاسۆ فەرەیدون عەلی ئەمین) له‌گه‌ڵ یەکتردا کەوتنە رکابه‌رى یەکتر و خەڵکێکی زۆریان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کرد، لەوانە کۆمەڵێک نووسەر، کە لەو شەڕەدا زۆریان وەک شانەنووستووەکانی دەرباری دەسەڵات، زیندووبوونەوە و خۆیان ئاشکرا  کرد، شەڕەکە هەر لە سەرەتاوە شەڕێکی ناشرین بوو، شەرێک بوو لە ماوه‌ی ئەو مانگەدا پروپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن لە مێدیاکانی ئەو بەشەدا کە ناوی ناوچەی سەوزە، داگیرکرد. هەڵبەت ئەمە گەمەیەکی دیکەی لە پشتەوە بوو، ئەویش تەنها بۆ ئەو مەبەستە بوو، خەڵک هان بدرێت بۆ بەردەم سندوقی هەڵبژاردنەکان. ئەم دوو کاندیدە چه‌ندین جار له‌ رووبه‌روبوونه‌وه‌کانیاندا ده‌مه‌قاڵێیه‌کى توندیان له‌نێواندا دروست ده‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ک کاندیده‌که‌ى یه‌کێتى تۆمه‌تى به‌عسیبونى ده‌دایه‌ پاڵ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، دواییش هەڤاڵ ئەبوبەکر زیاتر له‌ ٢٥٠ هه‌زار ده‌نگى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگادا هێنا، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە له‌گه‌ڵ ئاسۆ فه‌ره‌یدوندا که‌ تەنها نزیکه‌ى ٢٥ هه‌زار ده‌نگى هێناوه‌، گۆڕان و یەکێتی دەسەڵاتی پاریزگا و پۆستەکانی تر دابەش بکەن، دیارە ئەمە ئەوە دەسلمێنێت وەک گاڵتەکردن، کە دەنگی خەڵکی هەرچەند زۆربێت هیچ نرخێکی نییە، واتە دووسەد و پەنجا هەزار دەنگی هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەبەرامبەر بیست و بێنج هەزار دەنگی ئاسۆ فەرەیدون، تەنها ژمارەیە، ئەمەش زانستی نوێی ماتماتیکی حیزبەکانە کە دەیسەلمێنن ئەو دوو ژمارەیە لە چاو یەکتردا هەرچەند زۆربێت، لێ بەهایان هەر یەکە.

من خۆم وەک ئەندامێکی کوردستانپۆست و لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە سەرەتاوە بڕیارمان دابوو، قسە نەکەین، هەڵوێستی ئێمە لەسەر پرۆسەی دەنگدان روون ئاشکرایە لە مەسەلەی دەنگدان جگە لە گاڵتەکردن و سوکایەتی بە خەڵک هیچ مانایەکی دیکە ناگەنێت، ئەم پارت و حیزبانە بەلایانەوە گرنگ نییە تۆ دەنگ بە کێ دەدەیت، ئەوەی بە لایانەوە گرنگە تەنها ئەوەیە لە ماڵەوە تۆ بچیتە دەرێ بۆ لای سندوقی دەنگدان و قەرەباڵغی دروست بکەیت، ئەگەر ئەو قەرەباڵغیی و ئاپورەی خەڵکە نەبێت، ئەوا ناتوانن بڵێن خەڵکی هاتووە و دەنگیان داوە، کە ئەمەشیان کرد، ئەوا دوایی ساختە دەکەن و فۆڕمەکان وەک لەسەری رێککەوتوون پڕدەکەنەوە، کەسی سادە و ساویلکە لەمە ناگات، لە بەتاڵی شەقامدا، لە بایکۆتکردنی دەنگداندا فێڵ و ساختەچێتی دروست نابێت، گەلی وشیار لەوە دەگات و ناهێڵێت ئەو گەمە و فێڵکردنە بەسەرییدا بڕوات، حیزبەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، زۆر چاک لەوە گەیشتوون، دەزانن چۆن یاری بە هەستی خەڵکی بکەن، هەر بۆیە زوو خەڵکیان بەوەش هان دەدا، ئەگەر تۆ نەچیت ئەوا فۆڕمەکەی تۆ و دەنگەکەت لایەنێکی تر بەکاری دەهێنێت، چاکترە بچیت و بە سپێتییش بووە بیخەیتە ناو سندوقەکانەوە، هەروەها ئێمە لە سەرەتاوە وەک کوردستانپۆست ئەوەمان زانیوە و دەزاشزانین ئەو دەسەڵاتە بەهەموو هێزە سیاسییەکانەوە لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە ناگۆڕێت، فەرمو ئەوانەی پەنجەی مۆرکراویان هێشتا کاڵنەبۆتەوە ئەوە چەند ڕۆژە لەشەقامەکانی شاردا وەربوون و داوای موچە دەکەن. کەواتە هەڵبژاردن لە بێمانایی و خەڵک فریودان زیاتر هیچی تر نییە.
هەفتەی داهاتوو لە ٢٥ی مانگدا هاوڵاتیانی سەر بە بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا دەچنە بەردەم سندوقی دەنگدان، هەر یەکە دەنگی خۆی بۆ کاندیدی پەرلەمانی ئەوروپی دەدات. لێرەدا پێم خۆشە بەراوردێک لە نێوان هەردوو پرۆسەی پرۆپاگەندەی دەنگدان بکەم لە نێوان ئەوروپییەکان و باشووری کوردستاندا. لە کوردستان هەر حیزبەو تەلەفیزیۆن و رادیۆ و راگەیانی خۆی هەیە، لە هەر شوێنکدا بێت، شەقام ، سەرجادە، مزگەوت، کۆمپانیا، ماڵ، دوکان و شۆستە و ... دەتوانن ریکلامی خۆیان بکەن، هێرش بکەنە سەر یەکتر، لە یەکتر هەڵبدەن، هەموو شتێک رێگاپێدراوە، بەڵام لە ئەوروپا حیزبەکان شوێنی تایبەتییان بۆ دیاریی کراوە، لەوێدا نیمچە کوخێک (ژوورێکی بچووک)، یان لە هەندێک گۆڕەبانی وەک فوتبۆڵ و شوێنی تایبەتیی تر، لە تەنیشت یەکترەوە دادەنیشن و وێنەی سەرۆکی حیزب و چەند کەسێکی ناسراوی ئەو حیزبە بە دیواری ژوورەکەیاندا دەکەن، هەر کاندیدێک بیەوێت، لەوێ، یان لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی دەچێت و قسەی خۆی دەکات. لەوە زیاتر بۆیان نییە بچنە شوێنی تر و پرۆپاگەندە بکەن، لە تەلەفیزیۆنەکاندا کاندیدەکان دەتوانن دیالۆگ و قسە بکەن، بەرنامەی کاری خۆیان بۆ خەڵکی روون بکەنەوە، هیچ کەس لەو کاندیدانە بۆی نییە هێرشی شەخسی بکاتە سەر ئەوی تر، ئەوانەی کە کاندیدکراون بە کۆنتڕۆڵی حیزبەکانیاندا رۆیشتوون، واتە کەسی پاشەڵپیس خۆی کاندید ناکات، ئەو کەسەی کە خۆی کاندید کردووە پیش حیزبەکەی، کۆنترۆڵی خۆی کردووە، واتە ئەگەر بزانێت دەچێتە شەڕێکەوە و گومانی لە خۆی هەبێت، ئابڕووی خۆی و حیزبەکەی نابات. کاتی هەڵبژاردن بۆ ئەو جۆرە گفتوگۆ و شتە شەخسیانە بەسەر نابرێت، ئەمە نەشیاوە، برادەرانی ستافی کوردستانپۆست بۆیان گێڕامەوە، کە لە سوید حیزبی مۆدێرات لە شاری ئۆپسالا پێش چەند رۆژ، لەبەر دەم کتێبخانەی گشتی ئەو شارەدا وێنەی کاندیدێکی خۆیان دانابوو، دوور بوو لە یاسای بەڕێوەبردنی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن، بۆیە رەخنەیان لێگرتن کە گوایە ئەو حیزبە دەیەوێت سەرنجی ڕێبوار و ئەوانەی سەردانی کتێبخانەکە دەکەن بۆ لای خۆیان بەرن، بەمە هەر زوو وێنەکەیان لابرد و مەترسی ئەوەش هەیە داوای یاسایی لەسەر ئەو حیزبە تۆماربکرێت. پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن یاسا و رێسای خۆی هەیە، لە عێراق و باشووری کوردستاندا بەڕەڵاییە، نە حیزبەکان، نە خۆکاندیدکەرەکان، کەسانی وشیار و بەمانا قوڵەکەی بەموراڵ نیین و زانیاریی و عەقڵیان بۆ ئەوە ناچێت کە هەڵبژاردن واتە دیارییکردنی نوێنەری گەل و رێزگرتن لە دەنگی هاوڵاتیان، هەموو ئەمانەش بەستراون بە نەبوونی ئازادیی و دیموکراتی کۆمەڵگا و دەسەڵاتەوە. ئەوەی لە کوردستاندا روودەدات، هەمووی گاڵتە و رابواردنە، ئەوەی دەچێت دەنگیش دەدات،  سەرەنجام گاڵتەی پیدەکرێت.

لەو کاتەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک و لە شاشەی تێڤێکاندا باسی بەعسیبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر دەکرا، ئێمە لە کوردستانپۆست دەمان توانی بێینە دەنگ و دەیان مەلەفی ڕاستی بەعسی بوون و ڕەفتار کرداری بەعسئاسایی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان بڵاوبکەینەوە و لەسەریان بنووسین، بێدەنگییمان هەڵبژارد. وەک ئەو پەندە هندییەی کە دەڵێ : "ئاو هەرچەندە گەرم بێت، کە کرا بەئاگردا دەیکوژێنێتەوە".
ئێمە لەو کاتەدا هەر چییەکمان بوتایە دەچووە گیرفانی لایەنێکیانەوە. مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی بۆ تاقی کردوینەتەوە، کە کەس ناکرێت لە شتگەلی ڕزیو و خراپ کەرەسەی چاک بەرهەم بهێنێت. دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی رزیو، بۆگەن و پۆخڵە، نزیکبوونەوە لەو دەسەڵاتە واتە پیسبوون و خۆناشرینکردن، خیانەت و وڵاتفرۆشیی، گۆڕانێک ناتوانێت لەناو دەسەڵاتی کوردییدا بکرێت، ئەوەی دەتوانرێت بکرێت دوورخستنەوەی ئەم بەرپرس و دەسەڵات و بنەماڵانەیە، کە لە دەسەڵات دووریان بخەیتەوە. ئەم سیانزە ساڵە، بگرە پێشتریش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە نزیک بوونەوە لە پارتیی و یەکێتی، واتە نزیکبوونەوە و کەوتنە نێو چاڵێکی پڕ لە پیسایی.

هەڤاڵ ئەبو بەکر تا ئیستا بەخۆی نازانیوە، کە چۆن کردیان بە کەرەستەی یارییەک و بۆ ئەو مەبەستە دایان نا. هەڤاڵ ئەبوبەکر کوڕێکی گەنجە، ئەزمونی نییە، نازانێت چۆن بەکار هێنراوە، ئەوان پێویستیان بە نمونەی وا بوو، بیهێنن و ئەو شەرەقۆچەی پێبکەن، هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ خۆشی حەزی لە دەسەڵاتە،  مرۆڤ ئەگەر بیەوێت لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت خۆی لەو شوێنەدا بگونجێنیت بۆ خزمەتکردن. پارێزگای سلێمانی و هەر پۆستێکی تری دەسەڵات. شوێنی خزمەتکردن نییە، ئەو پۆستانەی کە پارتیی و یەکێتی دایانتاشیوە، یان لە دوای بەعسەوە دەستیان کەوتووە، پۆست و شوێنێکی سروشتیی نییە، شوێنێکی پیسە، من ناخوازم رۆژێک لە رۆژان ببمە پەرلەمەنتار، وەزیر، یان فەرمانبەرێکی ئەو دەسەڵاتەی کە نزیک بێت لە پارتیی و یەکیتیی، وەکو کوردێک پێم شەرمە بچم پەنجەم مۆر بکەم و بەرزی بکەمەوە، بەرزکردنەوەی ئەو پەنجانە، پەنجەی کۆیلەبوونە نەک ئازادیی، کۆیلەی خاکێکی بەستراو بە نیشتیمانێکەوە کە ناوی عێراقە، کەسی وشیار ئەگەر بە تەنگ خۆیەوە نەیەت، نەوەکانی پاش خۆی ناخاتە ناو زیندان و ئاگرەوە، کە هەر لە ئیستاوە نیستیمانەکەی خاڵی دەکرێت لە سەروەت و سامانی نەوەکانی داهاتوو. هەڤاڵ ئەبو بەکر، شەڕی دەسەڵات و شەڕی کەسێکی وەک ئاسۆ فەریدوونی دەکات، بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، لەپاڵ ئەو شەرەدا خەڵکیان پێ دەستەمۆ کرد، خەڵکیان پێ چەواسەکردن لە نێوان بڕیاری دەنگی خەڵکییدا کە بیرنەکاتەوە لە نێوان (دەنگ دەدەم، یان دەنگ نادەم) پرسیارەکان بوون بە (دەنگ دەدەم بەمیان، دەنگ نادەم بەویتریان)، هەڤاڵ ئەبوبەکر ژمارە نەبوو، بەڵکو ئامرازێکی ماتماتیکیی بوو، لە نێوان کۆکردنەوە و دەرکردنی ژمارەکاندا. هەموو کەسێک لە ژیاندا هەڵە دەکات، بەتایبەتیی ئەگەر ئەو کەسە هەرزەکار و گەنج بێت، هەڵەی سیاسیی هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەگەڵ خیانەتی گەورەی سەرانی کورد و سەرۆک جاش و ئەنفالچییەکدا بەراورد ناکرێت، بە مەبەست ئەوەیان زل کرد، هەمیشە دەسەڵات کە خۆی پیسە دەیەوێت لە رێگای ئەم کۆڕ و کۆبوونەوە  و گفتوگۆیانەوە، وا بگەیەنێت کە ئێمە خۆمان پاکین، تەنانەت ئەوانەی دێنە پاڵمان لە بیژنگ دەدرێن، ئەوەتا هەڤاڵ ئەبوبەکر دەبێت بە هەموو تاقیکردنەوە و فلتەرەکاندا بڕوات، ئەگەر خاوێن نەبێت ناتوانیین پۆستێکی بدەینێ و بگاتە لای ئێمە، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئیسلامیش بووە، یەکێک لە فەرزەکانی ئیسلام ئەوەیە، کە دەڵێت ئەگەر تاوان و هەڵەیەکت کردبێت تۆبە بکە، خێربکە، حەج بکە،  تۆبە واتە داوای لێبوردن بکە،  تۆبەکردن تەنها بۆ حەجکردن نییە، دەکرێت کەسێک  ئەگەر تاوانێکی کردبێت داوای لێبوردن بکات، ئازایانە و نەترسانە ددانی پێدا بنێت، ئەگەر ئەوە نەکات، ترسنۆک و درۆزنیش دەردەچیت، مرۆڤ بەوە گەورەتر و راستگۆتر دەبێت، داوایلێبوردن لای ئێمە باو نییە، بۆیە کاتی دەوێت تا دەبێتە کەلتوری نەتەوەیەک و لە درۆ و ترسنۆکی دوور دەکەوینەوە. ئەوەی هەڤاڵ ئەبووبەکر، کردوویەتیی کە لەسەردەمی بەعسدا شیعری بۆ قادسیە نووسیوە، ئەمڕۆ بۆ دەسەلاتی حیزبەکان تاوانێکی گەورە نییە، کوردستان، بە نمونە وەک وڵاتی نەروژ نییە، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دادگایی بچوکترین تاوانبار و خیانەتکارانیان دەکرد، لە کوردستاندا کەسێکم دەوێت بە سەر جادە و شەقامدا بڕوات، لە رۆژێکدا شانی بەر شانی کۆنە جاش و بەعسی و نووسەر و رۆژنامەنووسی خۆفرۆش و دەڵاڵی ئافرەت و دز و خۆفرۆشێک نەکەوێت.

**********************************************
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر له‌په‌یجى تایبه‌تى خۆى له‌فه‌یسبوک ده‌نووسێ:"به‌عس، فه‌رهه‌نگ و فیکرى به‌عسیى و هه‌ندێک ئایدۆلۆژیاى نزیک له‌ به‌عسیزم، مرۆڤیان ڕامده‌کرد بۆ کۆیلایه‌تى و چڵکاوخۆریی، نه‌ک ئازادیى و ئازایه‌تیی" .

پاشان ده‌نووسێت: "ئه‌وه‌ ئێمه‌ نه‌بووین له‌ عه‌یامى به‌عسدا گێلانه‌ دواى سێبه‌رى دارێکى لار بکه‌وین، به‌دیار سێبه‌ر دارێکى بێگه‌ڵا و به‌رى دارێکى زڕه‌وه‌ دابنیشین، کۆیلانه‌ درۆى گه‌وره‌کانمان بڵێینه‌وه‌، مه‌ڕانه‌ پاکانه‌ بۆ گورگ بکه‌ین، یان شه‌ڕى کورتان بکه‌ین..ئێمه‌ نه‌خلیسکاین، نه‌ڕووخاین، وره‌مان به‌ر نه‌دا.

"ئێمه‌ ته‌نها ناومان هه‌ڤاڵ نه‌بوو، نییه‌، نابێت، ئێمه‌ بۆ هه‌میشه‌ هه‌ڤاڵى هه‌مووتانین، له‌ هه‌ر شوێنێک سته‌مکاریی، ناعه‌داله‌تیی، گه‌نده‌ڵیی، ترس و تۆقاندن، هه‌بن، له‌وێین، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ نه‌هێڵن و ئێوه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ بمێنن، سوپاس بۆ ده‌نگده‌رى هۆشیارى کوردستان، بۆ پارێزگاى شکۆمه‌ندى سلێمانی، بۆ دادگاى گه‌ل، بۆ دادگاى ویژدان، بۆ دادگاى نیشتمان، بۆ ئه‌میندارێتیى گشتیى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان، بۆ مێدیاکان، بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، بۆ هه‌موو هه‌مووتان، ئێوه‌و ئه‌وانیش ماڵیان ئاوا".
************************************
ئەوەی هانی منی دا کە لەسەر ئەمە بنووسم، ئەم قسەیەیە، کە هەڤاڵ وەک پەیامێک رایدەگەیەنێت و دەڵێت:
سوپاس بۆ ده‌نگده‌رى هۆشیارى کوردستان، بۆ پارێزگاى شکۆمه‌ندى سلێمانی، بۆ دادگاى گه‌ل، بۆ دادگاى ویژدان، بۆ دادگاى نیشتمان...

بەلای هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە دادگای گەل واتە دەنگدان و سزادانی پارتیی و یەکێتی بەوەی دەنگیان پێ نەدرێت، ئەرکی دادگای گەل وا بچوک ناکرێتەوە، ئەمە پەیامێکی ترسناکە و پەروەردەکردنی خەڵکییە بەوەی کە جگە لە دەنگدان هیچ رێگایەکی تر نییە بۆ سزای پارتیی و یەکێتیی و سەرکردە و بەرپرسەکان جگە لە چوونە بەردەم سندوقی دەنگدان و دەنگیان پێ نەدەیت. ئەمەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە خزمەت حیزبەکاندایە، نەک پێچەوانەکەی، بۆیە ئەو ناونیشانەم بۆ ئەم وتارەش دانا، چونکە بڕوام وایە ئەم حیزب و بنەماڵە خائینانە بە شەق دەڕۆن، نەک بە دەنگدان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە