چارەسەرى كارەساتى پیس بوونى ژینگەى ڕانیە بكەن واز لەلافیتەى حزبى و درۆى زل بێنن ؟ داواكارى گشتى و وەزیرى تەندروستى لەكوێن ؟
Tuesday, 12/06/2012, 12:00
ئەم وێنەیەیى دەیبینن وێنەى كۆڕەوەكە مەزنەكەى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 نیە وێنەى گواستنەوەى ماڵ و دوكانیش نیە پاشماوەى كەلوپەلى زیادەى سوپەرماڕكێت و كۆگاكانیش نیە تاڵانى و فەرهوودی بارەگا حزبیەكانیش نیە وێنەى گواستنەوەى ماڵە كۆچەرى و ڕەوەندەكانیش نیە وێنەى كەلوپەلى تازە كڕدڕاوى بەڕێوبەرایەتى ئیدارەى نوێیى ڕاپەڕینیش نیە دیزاین و ماستەرپلانى نەخۆشخانە 200 قەرەوێڵەكەى ڕانیەش نیە دیمەنى گواستنەوەى بەڵگەو دیكۆمێنتەكانى ڕاپەڕینیش نیە بۆ مۆنۆمێنتى 5 / 3 ئەمانەو ئەوەى ئێوەش بەخەیاڵتاندا دێت بۆ ڕانیە هیچیان نیە .
ئەمە نوێترین شێوازى فڕێدانى زبڵ و خاشاك و كەلوپەلى تەندروستى بەكارهاتووى نەخۆشخانەى ڕانیەیە لەساڵى 2012دا لەكاتێكدا بەپێیى گرێ بەستى نێوان بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەو كۆمپانیاى پاككردنەوە دەبێت بەئۆتۆمبێلى كەپس و تایبەت فڕێدانى پاشەڕۆ ئەنجام بدرێت كەچى ئەوەتا دەبینن بەتراكتۆرو بەناشیرینترین شێوە پاشەڕۆى ئەم نەخۆشخانەیەو نەخۆشخانەكانى ترى سنوورەكە فڕێ دەدرێ وەك هەموو لایەك دەزانن لەناو ئەو كەلوپەل و پاشەڕۆیە پیسەدا سەدان میكڕۆب و ڤایرۆسى كوشندە هەیە بەربوونەوەى تەنها سرنجێك لەم تراكتۆرە یان ڕەشەباو بایەكى بەهێز بەسە بۆ بڵاوبوونەوەى سەدان ڤایرۆسى كوشندە بەناو هەواو ژینگەى ڕانیەو سنوورەكەدا .
هەروەها نابێت پاشەڕۆى نەخۆشخانەكان تێكەڵ بەزبڵ و خاشاكى ماڵان و شوێنە گشتیەكان بكرێت دەبێت لەدوورى دەیان كیلۆمەتر لەدەرەوەى شار چاڵى بۆ هەڵكەنرێت و بسوتێنرێت بەداخەوە تائێستا بەڕێوبەرایەتیەكى گشتى زل و زەبەلاح هیچ پیلان و بەرنامەیەكی نیە بۆ فڕێدانى پاشەڕۆى نەخۆشخانەكانى سنوورەكە تەنها كاریان چاووسووركردنەوەیە لەكارمەندو شوفێرى گرێ بەست و ڕایى كردنى كاروبارى حزبى لەسەر حسابى تەندروستى شارەكەو ئامادەن هەڕەشە لەكارمەندى داماو بكەن و بیدەن بەبەشى یاساو بازاڕى بڵێن فڵان حوكم بدەن فڵان زیندانى بكەن فڵان دەبێ داواى لێ بوردن بكات فڵان نەقڵ بكەن فڵان دەرماڵەى ببڕن دۆسیەیى دزى وگەندەڵى بۆ فڵان دروست بكەن ، چونكە ڕاپۆرتى نهێنى ئاسایش هاتووە بۆ بەڕێوبەرایەتى لەناو عیادەى فڵان دكتۆرى سۆنەر جنێوى بەبەڕێز مام جەلال داوە .
بەڕێوبەرایەتیەك بەو هەموو بەش و خەبیرو یاسایە نۆ سەنتیانەوە بەو هەموو پسپۆڕو سەندیكا حزبیەوە زەڕەیەك لەخەمى بەرژەوەندى شارەكەو خەڵكەكەى دانەبێت و چەندین جارە لەچەندین لاوە ئاگادار بكرێنەوە كەچى ئامادەنین چارەسەرێك بۆ فڕێدانى پاشەڕۆ بدۆزنەوە لەهەموو دونیا بگەڕێ شتى وا نەبووە لایەنى تەندروستى خۆى ژینگەى شارەكەو خەڵكەكە پیس بكات و لەولاشەوە بێت بەئاشكرا بانگەشەى حزبى لەناو بەڕێوبەرایەتى و نەخۆشخانەكاندا بكات و زووڕنا لەناو حەڕەمى پیرۆزى نەخۆشخانە بۆ حزب بژەنێت و بەئاشكرا دروشمى درۆى چاكسازى بۆ بنووسى ، تۆ نەتوانى چاكسازى لەپاشەڕۆى نەخۆشخانەكەى خۆتدا بكەى لەكۆمەڵگاى دەكەى ؟ ئەوەتا لەجیاتى هەڵواسینى پۆستەرى ڕێنمایى و خۆپاراستن و پاك و خاوێنى ژینگە فەرموون سەیركەن لەناو حەوشەى نەخۆشخانەى ڕانیە چیان نووسیوە ؟ .
((لافیتەى جوانى حزبى بۆ ناو نەخۆشخانە بهڵام پیسى و بۆگەنكردنى ژینگەى شارەكەش لەلایەن نەخۆشخانەوە بۆ میللەت)) .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست