کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


17ی شوبات

Wednesday, 02/03/2011, 12:00


 
ئێمه‌ی لاوانی ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاکان،له‌سه‌روتاوه‌، نه‌ک هه‌ر شێوه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندن وجۆری وانه‌ وتنه‌وه‌مان هه‌ڵه‌بوو،به‌ڵکو به‌ سه‌قه‌تیش ئه‌و شه‌پۆله‌ مه‌عریفیه‌ مارکسیزمه‌مان پێ گه‌یشت ، که‌ له‌ جیهاندا به‌رپا بوبو، ته‌رجه‌مه‌ کراو به‌ عه‌ره‌بی وبه‌ ویستی ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌ناو سۆسیالیزم، ڕونتر ئه‌و مارکسیزمه‌ی که‌ سۆڤیه‌ت به‌دڵی بوو، ئه‌گه‌یشته‌ لای ئێمه‌، ووڵاتانیش له‌م بۆ چونه‌وه‌ دابه‌ش کرابون به‌سه‌ر ووڵاتانی به‌ناو سۆسیالیزم وئه‌وانی دی به‌ناو شۆڕشگێڕوه‌ ،که‌ هاوپه‌یمانی یه‌کتر بوون. دژ به‌ووڵاتانی ئیمپریالیزم وکۆنه‌ په‌رستان. لاوه‌ خوێن گه‌رم وجه‌ربه‌زه‌کانیش، زیاتر نو‌سراوه‌کانی: ستالین،لینین، ماوتسیتۆنگ، گیڤارا، لۆمۆبا..هتد ،ئه‌خوێنده‌وه‌، زۆربه‌مان له‌ گروپ وکۆمه‌ڵه‌ به‌ناو مارکسیه‌کاندا،رێکخراوبوین، له‌ شانه‌سه‌ره‌ تاییه‌کانماندا، زۆر گرینگیمان به‌ نوسراوه‌کانی ماوتسیتۆنگ ئه‌دا. له‌ گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی ناڕه‌زاییه‌ چه‌کداریه‌کانیشماندا، وولاتانی وه‌ک : سوریا، یه‌مه‌ن، لیبیا..ناومان نابوون ووڵاتانی پێشکوتنخوازو دۆستی کورد!، ..به‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵمان به‌و ووڵاتانه‌وه‌ هه‌بوو. ئێمه‌ی لاوان به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌فه‌رێ ووڵاتێکی ترمان کردبێت،به‌بێ ئه‌وه‌ی زمانێکی زیندوی جیهانی بزانین ،هه‌ر وه‌کو سوخته‌و فه‌قێکانی جاران، زۆر به‌ توند ڕه‌ویه‌وه‌ بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگ،ستالین..مان گه‌ڵرتبوو،بۆ چونه‌کانی گیڤارا، رۆژیه‌ گارۆدی مان..کردوه‌ ویردی سه‌ر زمان و ئه‌مانویست پراکتیزه‌ی بکه‌ین. بیروباوه‌ڕی ڕاست ته‌نهاوته‌نها لای ئێمه‌ بوو، بیروڕای جیاواز ڕه‌ت ئه‌کرایه‌وه‌.ئه‌م جیهانه‌ لامان ته‌نها یا ڕه‌ش بو یا سپی بۆچون وڕای جیاواز بڤه‌ بو. له‌دێکانی کوردستاندا،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باریک بوین به‌سه‌ریانه‌وه‌،بژیویمان له‌سه‌ریان بوو،ژیانیانمان خستبوه‌ خه‌ته‌ره‌وه‌ له‌ناو کوله‌مه‌رگی ئه‌واندا،که‌ هێشتا مزگه‌وت ئاوده‌ستخانه‌ی هه‌بوو، له‌ ته‌شت دا خۆمان ئه‌شۆرد،ئه‌ویش چه‌ند مانگ جاری،ئا ئه‌مه‌ بو ڕاده‌ی شارستانیه‌ت..که‌چی ئه‌مانویست سۆشیالیزم به‌و جۆره‌ی تێیگه‌یشتبوین دابمه‌زرێنین. که‌سێک ناوی ئاغا بوایه‌ دوژمنمان بو، هه‌ر که‌سێکیش که‌مێک حاڵی باش بوایه‌ ئه‌وه‌ بۆرجوازی بو.ته‌نها ئێمه‌ له‌به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخوازدا بوین، چه‌کداری حیزبه‌کانی تر له‌ به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رست وئیمپریالیزمدا بون، ئا ئه‌مه‌ بو تێگه‌یشتنی شۆڕشگێڕه‌کانی شاخ. هیوای زۆرمان ئه‌وه‌بو ..ئاخ بکرایه‌و ڕێکه‌و‌ت یار بوایه‌ سه‌ردانی ووڵاته‌ سۆشیالیزماکانمان!!بکردایه‌، ..سه‌ردانی-لیبیا- ی سۆشیالیزمی مه‌زن و- سوریا- ی خۆڕاگر به‌رامبه‌ر ئیمپریالیزمی جیهانی وکۆنه‌په‌رستانو زاێۆنیزم!! بکردایه‌. زۆری نه‌برد ئاواته‌که‌م هاته‌دی، ساڵی 1986 به‌شداری- کۆنفراسی مه‌سابه‌-م کرد له‌ لیبیا، که‌ گردبونه‌وه‌ی به‌ناو چه‌په‌کانی جیهان بوو بۆ پشتگیری- ڕابه‌ری شۆڕشی.فاتیح. ی مه‌زن!! موعه‌مه‌ر قه‌زافی، هه‌ر له‌وێ له‌ نزیکه‌وه‌- مه‌سعود بارزانی وسامی عه‌بدولڕه‌حمان م ناسیو به‌و پانزه‌ ڕۆژه‌ی پێکه‌وه‌ بووین، زانیم چی له‌ هه‌بگه‌که‌یاندا هه‌س!.. گوێم له‌ قسه‌ هه‌له‌ق ومه‌له‌قه‌کانی قه‌زافی-گرت، گوێم له‌ووتارو هوتافی ده‌روازه‌که‌رانی دۆلار گرت، که‌ چۆن به‌ شان و باهوی-عه‌قید-دا هه‌ڵیان ئه‌دا، هه‌رله‌و ده‌ور به‌ره‌دا هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریکا هێرشی کرده‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کی-قه‌زافی-و به‌ڵام خۆی به‌سه‌لامه‌ت ده‌رچوو، له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵکی ناڕازی وبێزاری لیبیا،(که‌ ئێمه‌ وا تێگه‌یاندرابووین هه‌موویان خواجه‌و غوڵامی عه‌قید-ن!!) ،گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دابو،زۆریان به‌ره‌و ته‌رابلس-ی پایته‌خت که و‌تبونه‌ ڕێگا ، هیزه‌ پاسه‌وانه‌کانی قه‌زافی-به‌ئاگرو ئاسن، به‌ -کۆپته‌ر- زۆری لێ بریندارو شه‌هید کردبون.. ئێمه‌ش نه‌بامان دیبو نه‌باران، له‌ گویێ گادا نوستبوین، خه‌ریکی چه‌پڵه‌ ڕێزان وبژی..بژی بوین بۆ-عه‌قید-، ئه‌وی ڕۆژێ بۆ ئێمه‌ حه‌ڵاڵ بوو، پیاهه‌ڵدان وپشتگیری و پاره‌ وه‌ر گرتن له‌ -عه‌قید-،به‌ڵام بۆ فه‌لستینیه‌کان حه‌رام بوو که‌ یارمه‌تیان له‌ -سه‌دام- وه‌ر ئه‌گرت.. ئێسته‌ که‌ سه‌یری ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی لیبیا ئه‌که‌م،چۆن خه‌ڵک به‌ ئاشتیانه‌ داوای مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیان ئه‌که‌ن، وه‌چۆنیش که‌تیبه‌کانی برای سه‌رکرده‌-!! به‌ وه‌حشیترین شێوه‌ وه‌ڵامیان ئه‌داته‌وه‌، وه‌ڵامی به‌رد به‌ -ڕ.پ.ج- و وه‌ڵامی دار به‌ فڕۆکه‌ی سیخۆی-، بێز له‌ خۆم ئه‌که‌مه‌وه‌، نه‌فره‌ت له‌ خۆم ئه‌که‌م، ئاره‌قی شه‌رمه‌زاری ئه‌که‌م ، ته‌ریق ئه‌بمه‌وه‌ .که‌چی سه‌ر کرده‌کانی کورد ئێستا له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رونامه‌کانیانه‌وه‌، داوه‌تی قازافی- و خانه‌واده‌که‌ی ئه‌که‌ن بۆ هه‌ولێر،خه‌ڵکی لیبیا نایانه‌ویت، که‌چی سه‌رکرده‌ کورده‌کان ئامێزی بۆ ئه‌که‌نه‌وه‌..-عه‌قید-ی شۆڕشگێڕی دۆست وپه‌نای کورد ته‌نها 131 بلیۆن دۆلاری له‌ قوتی خه‌ڵکی لیبیا دزیوه‌!! ،که‌ ئه‌کرێت به‌و پاره‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ خواردنی هه‌موو میلله‌ته‌کانی ووڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کان دابین بکرێت ، ئائه‌مه‌یه‌ سۆشیا لیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی، دۆستی کورد. ئێمه‌ی په‌روه‌رده‌ی حیزبه‌کانی شاخ، سه‌رکرده‌مان هه‌بوو، له‌ کۆبنه‌وه‌ فیکریه‌کاندا! ئه‌یوت: حه‌ز ئه‌که‌م لاقه‌ی خێزانه‌که‌م بکه‌ن ،به‌ڵام مه‌ڵێن ڕوسیا- سۆشیالیزم نییه‌!!،که‌سانی تیشیان هه‌بو، دوای گرتنی جه‌نازه‌یه‌کی حیزبێکی تر ،ئه‌م هێشتا گولله‌ی پێوه‌ ئه‌نا ، هه‌شیان بو سوتاندنی ماڵ ومه‌قه‌ڕه‌کانی حیزبێکی تر،ئه‌تک کردنی ئه‌ندامه‌کانیان، به‌شیاوی عه‌شایه‌ری ئه‌زانی!!،بۆمان هه‌یه‌ بپرسین ئایا به‌و که‌سانه‌ وبه‌و که‌ره‌سه‌یه‌..به‌و بیره‌ چه‌وتانه‌ی شاخ ،ئه‌کرێت گۆڕانکاری بکرێت؟؟. من به‌ ڕۆشنی وبه‌ده‌نگێکی به‌رز، به‌لاوانی دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌که‌م ئه‌ڵێم ..به‌ گه‌نجانی سایته‌ ئیلکترۆنیه‌کان وفه‌یسبووک وتویته‌ر..ئه‌ڵێم :ئازیزان ووریا بن ووشیار بن..گۆڕانکاری به‌ په‌روه‌رده‌کراوانی حیزبه‌کانی شاخ ناکرێت..شۆڕشگێڕانی دوێنێ ..شه‌ره‌فی سه‌رکردایه‌تی وبۆ دوا مه‌نزڵگا به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م شۆڕشه‌ نوێیه‌یان پێناکرێت..ئه‌مانه‌ ده‌ره‌قه‌تی جۆش وخرۆشی ئه‌م شه‌پۆله‌ مه‌زنه‌یان نییه‌، ئه‌مانه‌ جاڵجاڵۆکه‌ی تێگه‌یشتنه‌ سه‌قه‌ته‌کان وخۆ به‌زاناو داناو ته‌نها ڕاست..مێشکی ته‌نیون. شێخی سۆشیالیزم ئه‌ڵێت: ئه‌و داب و نه‌رێت وچه‌مکه‌ مه‌عریفیه‌ کۆنانه‌ی جیلی ڕابودو..هه‌ر وه‌ک مێرده‌ زمه‌ به‌سه‌ر مێشکی زیندووه‌کانه‌وه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌. .لاوانی ووڵاته‌که‌م: به‌ڕوکه‌شی شۆڕشگێڕه‌ سیکرابه‌کان مه‌خه‌ڵه‌تێن..مه‌هێڵن چه‌واشه‌کاری بکه‌ن، هه‌رخۆتانن سه‌رکرده‌و به‌دی هێنه‌ری ڕۆژی نوێ.
 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە