سۆسیال ئەنتەر ناسیونالیش بو بەگاڵتە بازاڕ
Saturday, 15/09/2012, 12:00
ئەم سیاسەتە نەعلەتیە زۆر عەجیب وسەمەرەیە ،كاتێك بەخۆت ئەزانیت لەختو خۆڕایى وهیچى نەبوو و ئەتگەیەنێیتە كەشكەلانى فەلەك،جارى واش هەیە سەرت ئەكات بەقوڕداو ئەتبات بەناخى عەرزا.
وتەیەك هەیە ئەلێت لەهەموو دەور وشۆڕشێكدا زانا ئەیكات،وئازا ئەكوژرێت و نەزان ئەیخوات.جا رێك ورەوان ئەوە ئێستا بەسەر سیاسەكانى كوردستانى خۆماندا سەپاوە،ئەوەتا كەسێكى وەكو مەلا بەختیار وەكو قارچك هەڵتۆقیوە و لەبرى ئەو هەموو سوكایەتى و بێ رێزییەى بەسەریاندا هێنا لە ساڵانى ئاڵاى شۆڕش، ئێستا تەعویزى دەدەنەوە و كردویانە بەئەندام مەكتەبى سیاسى بەوەشەوە نەوەستاون كردویانە بەخەزورى كوڕەكەى تاڵەبانى.
ئەم ماستەش نەك مویەك بگرە تۆپەڵە موشى تێدایە و مەلا ش بۆخۆى لەمن وتۆش باشتر ئەو راستیە دەزانێت،یەكێتیش بۆ دەسكەوتنى كەسى ئاوها عەرزو عاسمان تەى دەكات ،كەسَیك ئەو هەموو سوكایەتى و بێ رێزى و بێ ئەدەبیى و شورەییەى بەرامبەر بكرێت دوایش هەر باداتەوە لاى و ببێتە خادیم و عەبدى گوێڕایەلى یەكێتى و لەزەلكاو و چڵپاوى یەكێتیدا تەڕاتێن بكات و رابردوى خۆى لەبیر بكات و پۆز و لاف و گەزاف بەسەرماندا لێبدات دەبێت چى بێت؟
پیاوێك ئەوەندە سپڵەو بێ وەفابێت بەرامبەر بە خێزانى خۆى كە لەوسەردەمەدا تاكە پشتو پەناو هاوكارى بێت و بەشدارى هەموو نەهامەتیەكانى ژیانى بكات بە نەبوونى و هەژارى و بێ جێگەو رێگەو ترس و لەرز بۆساتێكیش فەرامۆشى نەكات،كەچى ئەو مەلا ساویلكەو كۆلكە خوێندەوارە لەبرى هەموو پاداشت و رێز و پێزانینێك دواى هەوەسى ئاژەڵیانەى خۆى كەوت هەرتۆزێك كوتەكى لەسەر نەماو و هەنێك گەدەى خوسایەوە و بڕێك پارە هاتە گیرفانى ،یەكەم شت ئەوەبوو لە خێزانى جیابۆوە و كچێكى منداڵ و هەرزەكارى مارەكرد، جا دەلێم ئەگەر كەسێك وەفاو سۆزى ئەوها بێت و نەتوانێت لەناو خێزانەكەى خۆیدا هاوسەنگى رابگرێت و ئەو هەموو هەوڵ و زۆر زەحمەتیەى نزیكترین كەسى لەبیر بكات ،دەبێت بۆ میللەت و حیزبەكەى چ خێرێ بداتەوە ،بێجگە لە درۆ و فڕو فیشاڵ و هەڵخەڵەتاندنى تاڵەبانى و یەكێتى كە گوایە لەسایەى فەزڵى مەلا بەختیارەوە هەموو كوردستان بون بەیەكێتى و لەرێكخراوە بەناو جەماوەریەكەیدائەندامن.یەكێتیش زۆر خۆشباوەڕانە متمانەى بەدرۆكانى كرد لاى وابو ئیدى لەسایەى مەلاوە وڵات دەبێتە شامى شەریف و سەر لەبەرى كوردستان سەوز دەچێتەوە، تا ئەوەبوو بەهۆش خۆیان هاتنەوە لە هەڵبژاردندا بینیان بەهۆى خەیاڵ پڵاوى مەلاوە چ گورزێكیان بەركەوت.
مەلا ئیدى بو بەلات پاڵەوانى خوا و زانى كە یەكێتى و خەڵكى سلێمانى ئەزانن سەنگ وقورسایى چەندە،بۆیە ئێستا بێ شەرمانە و رویكردۆتە مەنیقەكەى خۆى و بەدرۆ و دەلەسە و قسە زلەكانى ئەخوازێت جارێكى تر بێتەوە مەیدان و خەڵكانى خانەقین دەوربەرى تەفرەبدات و بە بەڵین و وەعدە درۆكانى بۆساتێك مەستیان بكات و واش لەیەكێتى بگەیەنێت كە ئەوەتا خەڵكانى ئەو گەرمیانە لەسایەى فەزڵى مەلاوە هەرهەمویان رۆحیان بەسەر یەكێتیەوە دەر ئەچێت و ، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك شەق وەشێن وچاوسوركەرەوەى بەرداوەتە ئەو خەڵكەو بەناوى ئەوەوە جۆرەها بێ ناموسى ئەكەن وموڵك وماڵى خەڵك داگیر ئەكەن،خەڵك دەفڕێنن،خەڵك زیندانى ئەكەن،بەزۆى زۆردارى سەرانە وپارە لەخەڵك دەستێنن، هەرچى یاساو رێسایەكە دەیخەنە بن پێیان ئەوەتا بەعالەمى ئاشكراو بە بێ هیچ ترس و دوو دڵییەك پەلامارى یاساو پۆلیس دەدەن و زۆربێ باكانەش دەڵێن ئێمە عایدى مەلا بەختیارین، من تەنها هەر ئەوەندە دەڵێم خۆزگە ئەو قارەمانە لەگەڵ ئەو كۆمەڵە چەكدارە بەجەرگانەیدا بچونایە سەرێكیان لەجەلەولا و مونزریە وسەعدیە وناوچەكانى دیكە بدایە نەك شەڕیان بكردایە، ئەوەیان ئەزانم هینى ئەو بارە نین ،بەڵكو سووكە هەڕەشەیەكیان لەوعەرەب و تیرۆریست و كەسانە بكردایە كە بەنوێژى نیوەڕۆ ماڵى كورد دەتەقێننەوە و تاڵانى دەكەن و ناچارى باركردنیان دەكەن،ئەوجا بهاتنایە دونیاشیان بخواردایە هەقیان بوو، سەیرە بۆ راوى ئاسك و سویسكە وپۆڕى داماو یەك قواتى كامل بەتەواى ئەسلیحەو جبەخانە وە خۆیان ئامادە كردوە زەلام كەدەیان بینێت دەڵیت حەتمەن تا جەبەل حەمرین رادەماڵن ،بەڵام لەئاست تیرۆریستێكى دیشداشە لەبەر زەندەقیان ئەچێت وبەغیرەتێكیان تیا نیە جورئەتى هەبێت تا خۆرئاوابوون لە جەلەولاو سەعدیەو دەوروبەرى بمێنێتەوە. ئەورۆش یەكێتى كردویەتیە دەمڕاست و وتە بێژى خۆى و دەیكات بەنوێنەرى یەكێتى بۆ كۆنگرەى سوسیال ئەنتەرناسیونال، من گومانم لەسوسیال ئەنتەرناسیونالیش پەیداكردوە ئەڵێم تۆبڵێت ئەوانیش هاوشێوەى حزبەكانى لاى خۆمان نەبن و پڕبن لەكەسانى نەزان و نەخوێندەوار ونابەڵەدو گەندەڵ،ئەگەر وانیە چۆن وبۆچى جارێكى تر كەسێكى نەخۆش و لێكەوتو و خلەفاوى وەكو یارۆى خۆمان كاندیددەكاتەوە بۆ جێگرى ئەو رێكخراوە جیهانیە؟؟
نەرمین عوسمانى ژنى دارۆى شێخ نورى ،ئەو دارۆیەى كە هێندە بێزراو ناقۆڵابوو لەكۆنگرەى گشتى یەكێتیدا تاكە یەك كەس دەنگى پێنەدا ، لەبەر خاترى ئەوەى لێپرسراوى دارایى یەكێتى بوو تاڵەبانى بە مەجبورى كردیەوە بە ئەندامى سەركردایەتى،نەرمینى ژنیشى هەموو بەهرەو لێهاتووى و شارەزاییەكى تەنها ئەوەیە كە خوشكەزاى شەهید جعفر عبدالواحیدە و هیچى تر دەنا وەكو تر فڕى بەسەر سیاسەت وشتەوە نیە و تا ئێستاش لە ئەلف و باى سیاسەت نازانیت و هەرزەو كاڵ فامە،كاتى خۆى هەربۆئەوەى پۆستى هەبێت هەبێت كردیان بەمەسئولى سەنتەرى گەنجانى سلێمانى،ئەو سەنتەرەى لە كارى خراپ و ئابڕوبەرانە زیاتر هیچ بەرهەمێكى نەبوو،بەڵام هەردواى وەفاتى مێردەكەى فڕی َیان دایە ناو گۆمى سیاسەتەوە ئەویش بە نەزانى وبێ ئەزمونى ملى نایە بەر، زانى كە سیاسەتى ئەورۆى یەكێتى هیچ پێویستى بەزانایى و لێهاتویى و كارامەیى نیە ومەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى یەكێتى بۆتە مەكۆى نەفام و ساویلكەو هەرزە بیرەكانى وەكو سەنگاوى و حامیدى حاجى و وشێخ جەعفەر وجوندیانى و دەرزەنێك كەسى ماستاو چى و نەخوێنەوار ئەویش هیچى واى لەوان كەمتر نیە بۆیە لەو حوجرەیەدا جێیەكیان بۆ ئەویش دانا.
هەرچى تایبەتیشە بەكوڕەكەى كۆسرەت رەسول،ئەوا پێویست ناكات باسى بكەم چونكە هیچى نیەو هیچیشى نەكردوە وتازە یە وفیڕنەگولە و باڕە لەسیاسەتدا ،من تێناگەم بون ونەبوونى ئەو كەسانە چ زەرورەتێك و قازانجێكى هەیە بۆكورد و یەكێتى،ئەوەتا بە سەدانى وەكو ئەرسەلان و قالەى حەمەجان و جەمیل هەورامى و كێ وكێ ئەگەر بەساڵیش لە یەكێتى و كوردستان بەدوربن یان لەوێ بن وەكو یەكە،هیچ فەرق ناكات، ناتوانن هیچ پێشكەوتن و نوێبونەوە لەخۆیاندا بكەن چ جاى یەكێتى بڵێت لەوانەیە ئیزافەیەك بخەنە سەر خەرمانى یەكێتى ، ئەدى ئەو چى پێدەكرێت ، تەنها هەر ئەوەیە بۆ خاترى رازیكردنى دڵى باوكى بەحسابى میراتگرى ئەو پۆستەیان پێداوە،وەكو تر هیچ بەهرەو بلیمەتیەكى تێدا نابینم،جا سەیرەكە لەوەدایە یەكێتى بەتەواوى قەناعەت و باوەڕى خۆیەو ئەو سێ زاتەى كاندیدكردوە بۆ كۆنگرەى سۆسیال ئینتەرناسیونال بونەتە نوێنەریان ئەمەش ئەیسەلمێنێت كە یەكێتى لەوان مەعقولترى لا دەست ناكەوێت . من هیچ هیچیان پێ ناڵێم و قسەناكەم نامەوێت بڵێم ئەو سەركردانە فاشیل و دۆڕاو هیچ لەبارانەبوون،تەنها هەر ئەوەندە یان لێ دەخوازم كە ئەو وتارانەى لە كۆنگرەدا خوێندیانەوە یان ئەو سەرنج ورەخنەو تێبینى وئیزافانەى تەرحیانكرد بۆسەرخستن و بەرەو پێشچونى نەهج و بەرنامەى سوسیالی ئەنتەرناسیونال با لە رۆژنامەكان یان لە پرێس كونفرانسێكدا بۆمان بەیان بكەن تا بزانین چەندە لێهاتوون و بونیان چەندە گرنگە بۆ ئێستاو ئایندە، چۆن ئەبنە داڕێژەرى سیاسەتەكانى وڵاتمان؟!
ئاى سیاسەت چەندە بێ نرخیت،ئاى كوردەچەندە بەدبەختیت چەندە مەزڵومیت بەدەست كەسانى گەچەرو گوجەرەو رۆژت بگات بەم رۆژە، ئەو كۆمەڵە دەم مردوو قسە نەزان وناشیانە سیاسەت دارێژەرت بن وئەوان ببنە كوێخاو دەمڕاستت و بەناوى ئێمەوە لێدوان بدەن. سبەى رۆژیش كۆمەڵێك قەڵەم بەدەستى چڵكاو خۆر لێمانیان ئەكەن بە گیڤاراو هۆشى منە و غاندى و یەك دونیا شانامەو مەدح نامەیان بۆ ئەنووسن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست