Friday, 19/02/2010, 12:00
ئەرك و پێویستیەكانی ئەم سەردمە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، خۆ نوێكردنەوەیە و پێڕاگەیشتنە بەو گۆڕانكارییە خێراییانە، كە ڕۆژانە خۆیان بە سەر كایەكانی ژیان فەڕز دەكەن. ئێستای جیهان ئاوایە، پێشبڕكێیە لە پێناو باڵا دەستی و مانەوە لە لوتكە. خودی مانەوە بەهایەكی ئەوتۆی نەماوە وەك چمكێكی كۆن كە لە پێشوودا گرنگی خۆی هەبوو، چونكە جۆری مانەوە بەهادارتره. خەڵكانێك كە تەنها ئێسك و پێستیان ماوە لە ئەفریقا، قاپێكیان بە دەستەوەیە بە سهره وەستاون لە پێش چاوی كامێرا بەرامبەر بە چادرێکی ڕێكخراوێكی ڕۆژئاوایی، تا هەندێك خواردنی بهرماوه لە وڵاتە پێشكەوتوەكان دەخرێتە زبڵدانەوە و بۆ ئهمانی دهنێرن، لە لایەكی ترەوە بە چەنگاڵ و شیشی ئاسن بە سەر زبڵ و پاشماوهکاندا دەگەڕێن، بۆ وەدەستهێنانی خۆراكێك، ئیتر چ بە هایەك لە بوون و هەبوونی ئهو کهسانه هەیە؟ ئەم خەڵكانە بە جیهانی چوارەم دهناسرێن.
لە كوردستانیش، زۆربەی خەڵك بە دەست باری قورسی ژیانەوە دەناڵێنێنن. بەرنامەی "زووم ئین" بەڵگەیەكی زیندووە، که لە كوردستانیشدا، زۆر له هاوڵاتیانی کورد، حاڵیان لهوانهی ئهفهریقا باشتر نییه، خەڵكانێك دهبینرێن پهکكەوتوو، تەنانەت پارەی چارەسەریی نهخۆشییان نییە لەو خەستەخانە بۆگەنانەی كوردستان، ئهو خهستهخانانهی تەنانەت دەسەڵاتدارەكان نەك هەر بۆ چارەسەری خۆیان ڕووی تێناكەن، بەڵكو بە بێز و فیزەوە بەلایاندا ڕادەبورن. لەوانەیە خەڵكی ئێمە نەزانن، بەڵام كوردستان بە جیهانی چوارەم دەژمێردرێ. بە ناو سەركردەكان، بە هزر و بیری سەدە تاریكەكان مامەڵە لە گەڵ خەڵكدا دەكەن. سەركردەكانی كوردستان وادەزانن هەتا خۆیان قورس ڕاگرن، یان شاراوە لە چاوی میللەت، یان دوور لە تێكەڵ بوون لەگەڵ خەڵكییدا، زیاتر هەیبەت و شان و شەوكەتیان بەرزتر دهبێتهوه و مانەوەیان مسۆگەرتر دەبێت. هەروەك چۆن بەناو ڕۆشنبیریی كورد، که كڵوڵە لە تێگەیشتنی بزوتنەوەی مێژوو و ڕەوتی گۆڕانكاریەكان، بەناو سیاسەتمەدارانی كورد كڵوڵترن لە تێگەیشتنی پێداویستیە هەرە زەڕەوریەكانی دەسەڵات. لە بەر ئەوە غهریب نییە، زۆربەی بەناو سەركردەكان، كتێبی "میر"ی نیكۆلۆ ماكاڤیللی (1469-1527) لە كتێبخانەكانیان هەبێ و بیخوێننەوە، كە تیایدا ماكاڤیللی ئامۆژگاری سیاسەتمەداری سەدەكانی ناوەڕاست دەكات، تا چۆن وەحشی گەریانە و فێڵبازانە لە گەڵ مێگەل (میللەت) هەڵسوكەوت بكەن. ئەم كتێبە بۆ سەدەكانی ناوەڕاست نووسراوە، بەڵام بەناو سیاسەتمەداری كورد، ڕۆحهکهی هی هەمان سەدە تاریكەكانه، که تێیدا كتێبی میر نووسراوە، بهڵام ئیستا به جهسته لهگهڵماندایه، بۆیە ئێمەش تەنها جەستە پف دراوەكەی لە وێنەوه دەبینین و بەرهەمەكانی ڕۆحیشی ڕۆژانە لە پاشكەوتن و ڕزین و بێزاری میللەتدا دەبینین!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست