مزگه‌وت وسیاسه‌ت؟
Monday, 09/08/2010, 12:00
زۆر له‌مێژه ووتار خوێنانی ڕۆژی هه‌ینی له باشووری کوردستان ئایدۆلۆژیای حیزبه‌کان به‌خه‌ڵک ڕاده‌گه‌ێنن نه‌ک ڕێنماییه ئایینه‌کان.
په‌رستگاکان ئه‌و شوێنه‌ن که مرۆڤه‌کان ڕووی تێده‌که‌ن به مه‌به‌ستی نوێ کردنه‌وه‌ی سۆز وپه‌یمان وخۆشه‌ویستیان بۆ په‌روه‌ردگاره‌که‌یان،یان هه‌رشتێکی تر که ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به پیرۆزی ده‌زانن و په‌رستشی ده‌که‌ن.له سه‌رانسه‌ری دونیادا بێ شومار ئایین وئایینزاوبیروباوهڕی جۆراوجۆری ئایینی هه‌ن،که له‌م وتاره‌مدا به خێرای باسی هه‌ندێکیان ده‌که‌م.بۆ نمونه له‌وڵاتانی خۆرهه‌ڵات وباشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیادا زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی ئایینی (بودا) په‌یڕه‌و ده‌که‌ن وبۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕووده‌که‌نه په‌رستگاکانیان و تیایدا کڕنوش ده‌به‌ن بۆ په‌یکه‌ری بودا و په‌رستشی ده‌که‌ن.یان له وڵاتی هیندستان که دووه‌م وڵاتی جیهانه له ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه و زیاتر له 8 ئایینی سه‌ره‌کی تیایدا هه‌یه که له‌ناویاندا زیاتر له %80ی خه‌ڵکه‌که‌ی په‌یڕه‌وی ئایینی (هیندو) ده‌که‌ن،له‌ناو ئه‌م وڵاته‌دا جگه له‌م 8 ئایینه گه‌وره‌یه بێ شومار بیروباوه‌ڕی ئایینی تری جیاواز هه‌یه که هه‌موویان له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا ڕێوهڕهسمهئایینیهکانی خۆیان به شێوازێکی ڕێک وپێک و دوورله کێشه به‌جێ ده‌گه‌ێنن.به‌ڵێ ئه‌م هه‌موو دروستکراوه‌ی خودا له‌و ووڵاته هه‌ژاره‌دا ده‌ژین و هیچ کێشه‌ێکی ئایینیان نییه،هه‌موویان له ده‌وڵه‌تێکی فیدڕاڵی‌دا ده‌ژین که ژماره‌ی ویلایه‌ته‌کانی 28ویلایه‌ته و 7هه‌رێمی گه‌وره له خۆ ده‌گرێت،به‌ڵێ له هیندستان هه‌موو که‌سێک ئازاده به چ زمانێک ده‌دوێت و ده‌خوێنێت و ده‌نوسێت.ئه‌م گه‌له به‌و شیوه‌یه ڕێزله یه‌کتری ده‌گرن که هه‌موویان خه‌ڵکی هیندستانن،نه‌ک ئه‌وه‌ی کامیان په‌یڕه‌وی چ ئاینێک ده‌کات و سه‌ر به‌چ حیزبێکی سیاسی یه وه‌کو ئه‌وه‌ی له کوردستاندا ده‌بینرێت. سه‌یر که‌ن له کوردستاندا نه‌ک پارته ئایینی و نائایینیه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا ته‌با نین،به‌ڵکو له‌ناو خودی پارته ئایینیه‌کانیشدا که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیان ئایینی ئیسلامه خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر ته‌با نین.له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا هه‌موو پارته کان به ئایینی و نائایینیهکانهوه له‌هه‌وڵی بێ وچاندان تا زۆرترین پیاوانی ئایین بهێنه ناو ڕیزه‌کانی خۆیانه‌وه،به‌ڵکو له‌و ڕێگه‌یه‌وه بتوانن به‌رنامه‌کانی حیزب بگه‌ێنه ناو خه‌ڵکه‌وه.که ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه. نابێت حیزب هه‌وڵ بدات به سوود وه‌رگرتن له پێگه‌ی ئایینی پیاوانی ئایینی نفوسی ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاد بکات.پیاوی ئایینی له ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وت هه‌رکارێک ده‌کات ئازاده،به‌ڵام کاتێ له مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه لێدوان ده‌دات ئه‌و به‌ته‌نها موڵکی حیزبێک نییه،به‌ڵکو موڵکی هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگایه و پێویسته ئه‌وه بزانێت که نابێت پێگه‌ی خۆی بخاته خزمه‌تی حیزبێکه‌وه،به‌ڵکو پێویسته حزب کاری خۆی بکات و ئه‌ویش کاری خۆی بکات له‌ناو مزگه‌وتدا،پاش چوونه دهروهشی له مزگه‌وت ئازاده هه‌ر کارێکی سیاسی ئابووری کۆمه‌ڵاتی ده‌کات،به‌ڵام مزگه‌وت شوێنی خوداپه‌رستی وشوێنێ ڕێنماییه ئایینیه‌کانه نه‌ک وتاری حیزب وده‌سه‌ڵات.
له ووڵاتانی تری ئه‌مریکای باکور وباشور و ئه‌ورپا و خوارووی ئه‌فریقا و ئوستورالیادا،زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ئایینی(مه‌سیحی) په‌یره‌وده‌که‌ن بێگومان ده‌زانین ئه‌م ئایینه له چه‌ندین مه‌زهه‌بی جۆراوجۆر پێک هاتووه،وه‌کو کاپۆلیک،پرۆتستانت،ئهرپهدۆکس.به‌ڵام له ناو ئه‌م هه‌موو وڵاتانهادا،ئایین وپیاوانی ئایینی نه‌بوون به به‌شێک له سیاسه‌تی حیزبه باڵادهسهتهکان،به‌ڵکو ئایین وپیاوانی ئایینی کاری خۆیان ده‌که‌ن و سیاسه‌تمه‌دارانیش کاری سیاسی خۆیان ده‌که‌ن.ڕاسته (پاپا) له لایه‌ن هه‌موویانه‌وه ڕێزی لێ ده‌گیرێت،به‌ڵام پاپا و پیاوانی تری ئایینی هه‌رگیز ناکه‌ونه هه‌ڵه‌ی ئه‌وتۆ که له کاروباره‌کانیاندا ئایدۆلۆژیای حیزب وده‌سه‌ڵات بگوازنه‌وه بۆ خه‌ڵک.له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا که‌نیسه کاری ئایینی و خێرخوازی ده‌کات،نه‌ک سیاسه‌ت.له‌و وڵاتانهداکهنیسهکان جێگه‌ی خوداپه‌رستی وچاکه‌یه نه‌ک جێگه‌ی هاندانی لایه‌نێک له دژی لایه‌نێکی تر،یان هاندانی خه‌ڵک له دژی بڵاو کراوهێک!.خۆ ئه‌گه‌ر شتێکی له‌و جۆره‌ش ڕووبدات،واتا ئه‌گه‌رهاتوو بڵاوکراوهێک سوکایه‌تی بکات به ئایین و پیاوانی ئایینی یان هه‌ر که‌س و لاێنێک،ئه‌وا ڕێگه‌ی تایبه‌ت هه‌یه بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی کێشه‌کان،بێگومان ده‌زانن که مه‌به‌ستم (یاسا)یه. واتا به‌یاسا پرسه‌کان یه‌کلا ده‌کرێنه‌وه نه‌ک به هاندانی جه‌ماوه‌ر له‌دژی لایه‌نێک.به‌ڵام به داخه‌وه‌م که له کوردستاندا یاسا بوونی نییه،ئهگهرههش بێت ئه‌وا دادوه‌ره‌کانیش به هه‌مان شێوازی ووتارخوێنهکان له دادگاکاندا ئایدۆلۆژیای حیزب وده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ ده‌که‌ن نه‌ک یاسا و دادوه‌ری.به‌ڕێزانم له‌وه سهیروسهمهرهترتان بینیوه؟ دادگاکانی کوردستان بۆ لێکۆڵینه‌وه له که‌یسی تیرۆرکردنی شه‌هید(سه‌رده‌شت عوسمان)دا بانگێشتی ڕۆژنامه‌کانیان کرد بۆلێکۆڵینه‌وه!!! له جیاتی ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی ئاسایشی هه‌رێمدا بکات،به‌تایبه‌تیش وه‌زیری ناوه‌خۆ و به‌ڕیوه‌به‌ری ئاسایش و پۆلیسی هه‌ولێر،یان پاسه‌وانانی نزیک له شوێنی ڕووداوه‌که.!
تو ئه‌و شته‌ی به پیرۆزی ده‌زانن سهیروسهمرهی واتان دیوه له دونیای دیموکراسیدا؟
له‌وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وباکوری ئه‌فریقادا زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌یان سهربهئایینی ئیسلامن،که ئیسلامیش له‌ناوخۆیدا چه‌ند مه‌زهه‌بی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت.تائێره ئاساییه به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئاسایی نییه لهناوکۆمهڵگا ئیسلامیه‌کاندا ئه‌وه‌یه هیچیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا هاوڕاو ته‌با نین.ده‌بینین هه‌رکامێکیان خۆی پێ باشتره له‌وی تر، بۆ نمونه له‌ناو زۆربه‌ی وڵاتانی دونیای ئیسلامدا به جۆرێک ئایین وده‌سه‌ڵاتی سیاسی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتر بووه که زیانی زۆری گه‌یاندوه به ژیانی کۆمه‌ڵگاکه‌یان و سه‌راپای ئیسلامیش.بڕوانن له ئایینی ئیسلامدا مانگێک هه‌یه به‌ناوی ڕه‌مه‌زان که موسڵمانان له‌ومانگه‌دا {به‌ڕۆژو}ده‌بن،به گوێره‌ی یاساکانی ئیسلام دوای ئه‌ومانگه ڕۆژێک هه‌یه بۆ موسڵمانان که پێی ده‌گوترێت جه‌ژن،هه‌موومان ده‌زانین جه‌ژن چییه‌و ڕێوڕه‌سمه‌کانی جه‌ژن له کۆمهڵگاێکهوه ده‌گۆڕێت بۆ کۆمه‌ڵگاێکی تر ئه‌مه ئاساییه،به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه لیره‌دا ئه‌وه‌یه:هه‌ندێک له وڵاتانی ئیسلام له دوای یه‌ک مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌یکه‌ن به جه‌ژن،که‌چی له‌و لاوه چه‌ند وڵاتێکی تری ئیسلام نایکه‌ن به‌جه‌ژن به بیانووی ئه‌وه‌ی هێشتا ره‌مه‌زان ته‌واو نه‌بووه،به‌ڵام له بنچینه‌دا ئه‌مه بیانوێکهو هیچی تر ئه‌گه‌رنا مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تیه‌که سیاسه‌تی نێوان سهرکردهسیاسیهکانه.
بۆ نمونه کاتێ له سعودیه جه‌ژنه،له ئێران جه‌ژن نییه‌و ده‌ڵێت:هێشتا ڕه‌مه‌زانه!ئه‌م بارودۆخه په‌یوه‌سته به سیاسه‌تی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته، سعودیه پێی وایه نوێنه‌رایه‌تی مه‌زهه‌بی سوننه ده‌کات و ئێرانیش ده‌ڵێت: من نوێنه‌رایه‌تی شیعه‌کانی جیهان ده‌که‌م.ئه‌م سیاسه‌ته له‌نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته شۆڕ بۆته‌وه بۆ ناو کۆمه‌ڵگا،له‌م نێوانه‌شدا پیاوانی ئایینیش ڕۆڵی نێگه‌تیڤ ده‌گێڕن به‌تایبه‌تیش ووتارخوێنهکانی ڕۆژی هه‌یینی،هه‌روه‌کو له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بینیمان یه‌کێک له ووتارخوێنانی سعودیه هێرشی توندی کرده سه‌ر شیعه‌کان و دواتریش شیعه‌کانی ئێران په‌رچه‌کرداریان له ڕێگه‌ی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن پیشاندا، هه‌روه‌کو ده‌زانن له ئێران له ووتاری ڕۆژی هه‌ینیدا ئه‌وه‌نده‌ی باسی سیاسه‌ت ده‌کرێت ئه‌وه‌نده باس له ئایینی ئیسلام ناکرێت بۆ خه‌ڵکه‌که،ئه‌م ووتارانه‌ی پیاوانی ئایینی سعودیه و ئێران شۆر بووه بۆ وڵاتێکی تری وه‌کو عێڕاق،هه‌روه‌کو بینیمان کارگه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی سیاسیه‌کانیش هاتنه ناو باسه‌که‌وه،وه‌کو (نوری مالیکی)سه‌رۆک وه‌زیرانی عێڕاق.
ئه‌مانه په‌یوه‌ستن به جیهانی ئیسلامیه‌وه به گشتی که ڕه‌گێکی دوور وقوڵیان هه‌یه و هه‌وڵیش نییه بۆ بنه‌بڕ کردنی.پیاوانی ئایینیش نه‌ک ڕۆڵی باش ناگێڕن بۆ چاک کردنی گرفته‌که به‌ڵکو به فیتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ووڵاته‌کانیان زیاتر گرفته‌که قوڵ ده‌که‌نه‌وه به‌ڕێگه‌ی لێدوانه‌کانیان،که بێگومان به‌هۆی پێگهکهشیانهوه خه‌ڵکانێکی زۆر گوێیان لێ ده‌گرن و هه‌ندێ جاریش به‌جۆرێک خه‌ڵک ده‌که‌ونه به‌ر کاریگه‌ری ووتاره ئاگرینه‌کانیان،که سه‌ر ده‌کێشێت بۆ کاری توند‌و تیژی. بێگومان من مه‌به‌ستم نییه هێرش بکه‌مه سه‌ر خودی ئایینی ئیسلام ،به‌ڵکو من باش ده‌زانم که فه‌لسه‌فه‌ی ئایینی ئیسلام پێکه‌وه ژیانی ئاشتییه،نه‌ک دوبه‌ره‌کی و ئاژاوه نانه‌وه له نێوان خه‌ڵکدا.به‌ڵام پیاوانی ئایینی ڕۆڵی نێگه‌تیڤیان داوه به ئایین چونکه کۆمه‌ڵگا ئایین له چاوی پێشه‌وایانی ئایینیه‌وه ده‌بینێت،که زۆرێک له‌و پیاوه ئایینیانه ڕۆڵی خۆیان به خراپ ده‌گێڕن و هه‌ندێ جار ئاژاوه ده‌خه‌نه ناو کۆمه‌ڵگا.
که‌واتا ئه‌و پێشه‌وا ئایینیانه‌ی که ده‌بنه هۆکارێک بۆ دروست بوونی ئاژاوهودووبهرهکی نێوان ڕۆڵه‌کانی کۆمه‌ڵگه له‌جیاتی پیاوی ئایینی چ ناوێکی تریان لێ بنرێت باشتره؟
وڵامی ئه‌م پرسیاره لای ئێوه‌یه.
ئه‌مه‌ی باسم کرد وه‌ک پێشه‌کیێک بوو ده‌رباره‌ی هه‌ندێک له ئایین و ئایین‌زاکانی دونیا،له‌ناویشیاندا ئایینی ئیسلام وه‌کو نمونه‌ێک باسم کرد،ئه‌ویش به‌و پێیه‌ی که کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌م زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ئایینی ئیسلام په‌یڕه‌و ده‌که‌ن وههمیش ناوه‌رۆکی باسه‌که‌مان په‌یوه‌سته به ڕۆڵی پیاوانی ئایینی له باشووری کوردستان.بێگومان گه‌لی کورد وه‌کو به‌شێک له جیهانی ئیسلام ڕۆژانی هه‌یینی ڕووده‌که‌نه مزگه‌وته‌کان بۆ به‌جێ به‌جێ کردنی ئه‌رکی نوێژی هه‌ینی،که خودای مه‌زن له‌سه‌رموسڵمانان پێویستی کردوه،واتا بۆ نوێژ و نزا ڕووده‌که‌نه مزگه‌وته‌کان نه‌ک بۆ گوێ گرتن له ووتاری سیاسی حیزبه باڵاده‌سته‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی باشووری کوردستان،خۆ خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌تی کوردستان لێوان لێوه له باسی سیاسه‌تی حیزبه‌کان، ئه‌وان نزیکه‌ی 20ساڵه له ناو ماڵی خۆیاندا له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان گوێ له سیاسه‌تی چه‌وتی حیزبه‌کان ده‌گرن وسه‌یری سه‌رۆکه‌کان ده‌که‌ن که پێشوازی ده‌که‌ن له فڵان و فیسار. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌کانیش ئاماده نه‌بن ئه‌وا وێنه‌که‌یان به دیواری ماڵه‌وه هه‌ڵواسراوه،جگه لهماڵهکانیشیان له فرمانگهکانیش به‌سه‌دان وێنه‌یان هه‌ڵواسراوه،ئه‌و شوێنه‌ی که وێنه‌ی ئه‌وانی لێ نییه مزگه‌وته‌کانه.
به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان نه‌ک وێنه‌کانیان چووه ناو مزگه‌وته‌کان به‌ڵکو سیاسه‌ته‌کانیان به ئاشکرا دیاره که گه‌یشتۆته سه‌ر مینبه‌ری مزگه‌وت و به ئاشکرا ئه‌وانه‌ی ناوی خۆیان ناوه پیاوی ئایینی،له‌جیاتی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه ئایینیه‌کانیان خه‌ریکی جێ به‌جێ کردنی ئه‌رکه سیاسیه‌کانیان و نوێنهرهیهتی حیزب ده‌که‌ن له ناو مزگه‌وته‌کان نه‌ک نوێنه‌رایه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام.ده‌زانن ئه‌و شوێنه‌ی که ئه‌م ووتار خوێنانه لێوه‌ی هێرشیان کرده سه‌ر ئازادی ڕۆژنامه‌وانی کاتی خۆی جێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (محمد) بوو؟ به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز هه‌وڵی نه‌داوه لاێکی کۆمه‌ڵگا له دژی لاێکی تر هان بدات به سوود وه‌رگرتن له پێگه‌که‌ی،وه‌کوئه‌و ووتار خوێنانه‌ی له هه‌ولێرو دهۆکدا کردیان له ڕۆژی هه‌ینی 6ی ئابی.که تیایدا هه‌ندێک له ووتار خوێنان به شێوه‌ێکی زۆر ئاشکرا هێرشیان کرده سه‌ر گۆڤارێکی ئه‌هلی به هۆی چه‌ند بیانوێکه‌وه،که هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانن له بنچینه‌دا هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م هێرشانه‌یان ئه‌و بیانوانه نه‌بوون،به‌ڵکو هۆکاری سه‌ره‌کی هێرشه‌کانیان ئه‌و بابه‌ته بوو که گۆڤاره‌که سازیکردبوو له‌گه‌ڵ که‌سێکی شاره‌زا له بواری مێژووی،که تیایدا چه‌ند ڕاستێکی مێژووی بۆ گه‌لی کورد خستبووه ڕوو.
هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانن هۆکاره‌که ئه‌و ووتانه بوون که له لایه‌ن به‌ڕێز(عیرفان قانعی فه‌رد) کرابوون ده‌رباره‌ی کۆماری مهاباد و ڕۆڵی مسته‌فا بارزانی،بێگومان ئه‌مه‌ش به‌لای حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه قابیلی قبوڵ نییه و له‌م پێناوه‌شدا که خۆیان نه‌یانتوانی له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا زۆره‌کانی ڕاگه‌یاندنی خۆیانه‌وه وڵامی ئه‌و بابه‌ته بده‌نه‌وه،هاتن مینبه‌ره‌کانی مزگه‌وتیان به‌کار هێنا له‌ژێر چه‌ند بیانوێکی تری دوورله ناوه‌رۆکی کێشه‌که هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌و گۆڤاره ئه‌هلیه.جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌موومان بپرسین که ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڤاره هه‌ربابه‌تێکی تری جگه له‌م بابه‌ته هه‌ستیاره‌ی بڵاو بکردبایه‌وه،ئه‌و ووتار خوێنانه به‌م جۆره هێرشیان ده‌کرده سه‌ری؟
وڵام لای ئێوه‌یه.
هاونشتیمانیه خۆشهویشتهکانم،ئه‌ی ئه‌وانه‌ی گه‌نجی ئه‌مڕۆن و ئاگاتان له دوێنێ نیه چی ڕوویداوه،تکایه نه‌که‌ونه هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی جارێکی تر حیزب وده‌سه‌ڵات فریوتان بدات و به گژیهکتاندا بکه‌ن.ئێوه که ناوه‌ی دواڕۆژی ئه‌م گه‌له‌ن پێویسته بزانن که یه‌کێتی و پارتی له ڕابردوودا چیان کردووه،ئه‌م پرسیاره له هه‌ر ڕۆشنبیرێکی ڕاستگۆ بکه‌ن بزانن چۆن پێتان ئه‌ڵێت:ئهودووپارتهی باشووری کوردستان له‌ساڵی 1992زدا کورسیه‌کانی په‌رله‌مانیان له نێوان خۆیاندا به شێوازی(50 به 50) دابه‌شکرد و دوای ئه‌وه‌ش جگه له کورسیه‌کانی په‌رله‌مان هه‌موو کوردستانیشیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شکرد،له‌بچوکترین شته‌وه بیگره تا ده‌گاته گه‌وره‌ترین شت، له ڕێکخراوی مامۆستایان و خوێندکاران وپیشه‌وه‌ران و وه‌رزشکاران و ڕه‌نگی جل و به‌رگ و سیسته‌می په‌روه‌رده و هه‌موو کایه‌کانی تری ژیانی کۆمه‌ڵگایان له نێوان خۆیاندا دابه‌شکرد،له ناویشیاندا پیاوانی ئایینی. ئه‌وانیشیان له نێوان خۆیاندا دابه‌شکرد و وه‌کو هه‌مووپێکهاته‌کانی تری ناو کۆمه‌ڵگه ئه‌وانیشیان له ڕێڕه‌وی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان لادان و خستیاننه ژێر ڕکێفی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌کانی خۆیان. به‌ڵێ دوای ئه‌وه پیاوانی ئایینی له جیاتی ڕێنمایی کردنی خه‌ڵک به ڕێگه‌ی په‌یامی پیرۆزی ئایینی ئیسلام،هاتن له ڕیگه‌ی لق و مه‌ڵبه‌نده‌کانه‌وه ناچاریان کردن له ووتاره‌کانی رۆژانی هه‌ینیاندا گوزارشت له به‌رنامه‌کانی ئه‌وان بکه‌ن و په‌نجه نه‌خه‌نه سه‌ر بابه‌ته جه‌وهه‌ریه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه.!لاتان سه‌یر نه‌بێت که له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌کێتی و پارتیدا ووتار خوێنێکی ڕۆژی هه‌ینی له ناوچه‌ی زه‌رد به نوێژکه‌ران بڵێت شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ جه‌لالیه‌کان(حه‌ڵاڵه)!.یان به هه‌مان شێوه له سنووری زه‌رد وسه‌وز له کاتی شه‌ڕی ناوه‌خۆیان له‌گه‌ڵ په که که دا ووتار خوێنان به نوێژکهرانیان ده‌گووت: شه‌ڕ کردن له‌گه‌ڵ په که که حه‌ڵاڵه.! یان لاتان سه‌یر نه‌بێت کاتێ ووتار خوێنی ڕۆژی هه‌یینی له ناوچه‌ی زه‌رد نه‌توانێت باسی ڕووداوی مه‌رگی تراژیدیای (خاتوو دوعا) بکات! ئه‌مانه‌و سه‌دان نمونه‌ی تر هه‌ن که‌له ڕابردوودا گوزه‌ریان کرد،به‌ڵام من ڕه‌نگه که‌مێکیان بزانم.
که‌واتا نه‌ک ئه‌مڕۆ به‌ڵکو زۆر له‌مێژه ووتار خوێنانی ڕۆژی هه‌ینی له باشووری کوردستان ئایدۆلۆژیای حیزبه‌کان به‌خه‌ڵک ڕاده‌گه‌ێنن نه‌ک ڕێنماییه ئایینه‌کان. خۆئه‌گه‌ر هاتباو ووتار خوێنێکیش بیویستایه له فرمانه‌کانیان ده‌رچێت ئه‌وا به ڕێگه‌ی جیا جیا له کاره‌که‌ی دووریان ده‌خسته‌وه و یه‌کێکی تریان له جێگه دا دانا که به ئاره‌زووی ئه‌وان ووتاری ڕۆژی هه‌ینی بخوێنێته‌وه،نه‌ک وه‌کو چۆن ئایین فرمانی پێده‌کات!.که‌واتا ئه‌و ووتار خوێنه‌ی که له فرمانه‌کانی خودا و ئایین ده‌رده‌چێت و به ئاره‌زووی حیزب ووتاری ڕۆژی هه‌یینی پێشکه‌ش ده‌کات،دروسته که‌سانی موسڵمان و دڵپاک گوێی لێ بگرن و له دوای ئه‌و نوێژی هه‌ینی بکه‌ن؟
ئه‌م پرسیاره‌م بۆ ئه‌و که‌سانه‌یه که نوێژی هه‌یینی له دوای ووتار خوێنێکی له‌و جۆره ده‌که‌ن.
پێویسته هه‌موومان بپرسین:ئه‌رێ ئه‌و ووتار خوێنانه‌ی ڕۆژی 6ی ئاب هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌و گۆڤاره،باشتر نه‌بوو باسیان له‌و نه‌وته بکردایه که سامانی خه‌ڵکی کوردستانه و به قاچاخ له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه دهبردڕێته ده‌ره‌وه،بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت داهاته‌که‌ی بۆ کوێ ده‌ڕوات؟
ئه‌رێ باشتر نه‌بوو ئه‌و ووتار خوێنه به‌ڕێزانه به‌جێگه‌ی ئه‌و هێرشانه‌یان بۆ سه‌ر گۆڤارێک،باسی ئه‌و ئاگرکه‌وتنه‌وه زۆرانه‌یان بکردایه که له‌ماوه‌ی یه‌ک مانگادا ڕوویاندا و خه‌ڵکیان هۆشیار بکردایه‌وه بۆ ژێنگه پارێزی؟
ئه‌رێ باشتر نه‌بوو ئه‌و ووتار خوێنانه باسی چاکه و خێر‌و به‌ره‌که‌تی مانگی ڕه‌مه‌زانیان بکردایه بۆ خه‌ڵک که ته‌نها چه‌ند ڕۆژێکی که‌می ماوه ببێته میوانی موسڵمانان؟به‌ڵام وادیاره سیاسه‌ت ئه‌وه‌ی له‌بیر بردونه‌ته‌وه که ڕه‌مه‌زان زۆر نزیکه‌و پێویسته خه‌ڵکی لێ ئاگادار بکه‌ن و به نوێژکه‌ران بڵێن ڕۆژو بگرن و ڕووله کاری خێر‌و چاکه به‌که‌ن ،دوور بکه‌ونه‌وه له هه‌موو شتێکی خراپه و به بازرگانه‌کان بڵێن:شتومه‌ک گران مه‌که‌ن له‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار.
ئه‌رێ باشتر نییه ئه‌م ووتارخوێنانه ڕخنه بگرن له‌م هه‌موو کلیپ وفلمه نیمچهسێکسیانهی که له ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه پیشانی خه‌ڵکی موسڵمانی کوردستان ده‌درێت؟یان بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو مادده هۆشبه‌رانه که ده‌ستی خستۆته بینه‌قاقای کۆمه‌ڵگاوه.
باشتر نییه باس له‌و هه‌موو پاره زۆر بکه‌ن که‌بۆ کڕینی ئۆتۆمۆبێلی په‌رله‌مانته‌ره‌کان ته‌رخان ده‌کرێت؟له‌کاتێکدا گه‌ل له بێ کاره‌بایدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات؟
باشتر نییه داوا له ده‌سه‌ڵات بکه‌ن بۆ ڕێگری کردن له بڵاو بوونه‌وه‌ی زیاتری به‌د ڕه‌وشتی له کوردستاندا،بڵێن پێویسته حکومه‌ت پلانی هه‌بێت بۆ دابین کردنی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری بۆ گه‌نجان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی نشته‌جێ بوون؟
یان با بپرسین کاتێ سه‌رده‌شت عوسمان به ڕۆژی ڕووناک و به ناحه‌ق تیرۆر کرا بۆچی ئه‌و ووتار خوێنانه ده‌نگیان لێوه نه‌هات،خۆ له ئایینی ئیسلامدا گه‌وره‌ترین تاوان کوشتنه.
به‌ڵێ ئه‌مانه‌وچه‌ندین پرسیاری تری ههستارههن که پێویسته پیاوانی ئایینی ڕای گشتی لێ ئاگادار بکه‌نه‌وه،نه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان له پرسه سه‌ره‌کیه‌کان لابده‌ن و له سه‌نگه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر میدیای ئازاد.ئاخر پیاوانی ئایینی کاریان گه‌یاندنی ڕێنمایه ئایینیه‌کانه به خه‌ڵک یان ئایدۆلۆژیای حیزب بگوازنه‌وه بۆ ناو خه‌ڵک؟ئاخر پێم ناڵێن مزگه‌وت باره‌گای حیزبه یان په‌رستگا؟ ئاخر مزگه‌وت جێگه‌ی خوداپه‌رستییه یان سیاسه‌ت؟
پرسیارێک که هه‌موومان وڵامه‌که‌ی ده‌زانین.
/به‌ریتانیا
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست