کورد: دیپلۆماسیەت یان بودەڵێتی سیاسی
Thursday, 08/08/2013, 12:00
1811 بینراوە
لە یەک دوو هەفتەی رابردوودا ساڵح موسلیمی سەرکردەی دیاری کوردەکانی (سوریا) رۆژئاوای کوردستان سەردانێکی تورکیای کرد تاوەکو تورکیا دڵنیا بکاتەوە کە کورد لە سوریا نە بەرنامەی جودایی و نە فیدراڵی و نە ئۆتۆنۆمی هەیە بەڵکو تەنها دەیەوێت لەو دۆخە پەشێواوەدا ئیدارەی ئەو چەند شووێنە بکات کە کوردی لێیە. ئەوەبوو ساڵح موسلم هێشتا لە گەرمەی دانیشتنەکانی دابوو لەگەڵ بەرپرسانی تورکی، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی ئێمە ئینزاریان دەدەینێ کە هەر جوڵەیەک بکەن ئەوا بە خراپی بەسەریاندا دەشکێتەوە. بێگومان، بۆ هەر چاودێرێکی سیاسی ئەوە روون بوو کە تورکیا ئەوە قسە و کرداریانە جا سەردان بۆ کارێکی ئاوها زەرور بوو؟
کورد دەبێ لەوە تێ بگات و دڵنیا بێت کە تورکیا ناتوانێ پەلاماری سەربازی بکاتە سەر سوریا، ئەوە مەحکوم دەبێ بە گشت هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و جیهان. کورد لەوە تێ ناگات کە تورکیا لە ترس و بودەڵی خۆیەوە هەرەشە و گوڕەشە دەکات. تەنها کارێکی خراپ کە تورکیا دەتوانێ بیکات، کە هەمیشەش کردویەتی، دەستێوەردانە لە رێگەی هێزی دووهەمەوە. ئەو هێزی دووهەمەش ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە چەکداریە مرۆکوژەکانیانن. ئەوەتا بە عالەم ئاشکرا حکومەتە ئیسلامیەکەی ئەردۆگان وڵاتی تورکیای کردۆتە بەهەشتی حەوانەوە و رەوانە کردنی ئەمدامانی قاعیدە بۆ سوریا کە تەنها و تەنها ئامانج لێی پەلاماردانی کورد و کوردستانەکەیەتی لە سوریا. رۆژ بە رۆژ ئەم کارە هیچ و پوچیەی تورکیا لە پەرەسەندندایە. خۆ هەموان بە چاوی خۆمان دەیبینین ئەرکی جەبهەی نوسرە تەنها شەڕکردنە دژی کورد وەک ئەوەی کورد دەسەڵاتی مەرکەزی سوریای لە دەستدابێت نەک بەشار ئەسەد. لە رۆژ روونتر دیارە کە تورکیا چ سیاسەتێکی دڕەندەئامێز دژ بە کورد پیادە دەکات.
مێژووی وڵاتان و میللەتان و سەرانی نەتەوەکانی تر و سیاسەتەکانیان فێرمان دەکات کە چۆن پەیوەندی سیاسی و بودەڵی سیاسی لەیەک جیا بکەینەوە.دەبوو ساڵح موسلم لە ئەزمونی چەند ساڵەی پەیوەندی کوردستانی باشور لەگەڵ تورکیادا شتێکی هەڵبکڕاندایە کە ئەو جەند ساڵەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان جگە لە نەبوونی دپلۆماسیەت هەموو شتێکی تری تێدا بووە. ساڵح موسلم دەبوو هیچ چاو سوورکردنەوە و هەڕەشەیەک قبوڵ نەکات و بە پێچەوانەوە دەبوو سەرزەنشتی تورکیا بکات. تورکیا لەوەزیاتر چی تر بە کورد دەکات لە سوریا! هیچ شتێکی خراپتر ماوە؟ ئایا سەردانەکەی ساڵح موسلم هیچ پۆینتێکی دپلۆماسیتی تێدا هەیە جگە لە لاوازی نیشاندانی کورد نەبێت کە ئەمەش بە رێزەی خۆی وێنەی بودەڵی کورد دەکێشێ لە بەرامبەر تورکیادا. ئەو پەیوەندیە سیاسیەی کورد لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ تورکیادا پیادەی کردووە، وا ساڵح موسلمیش دووبارەی دەکاتەوە، گەر تورکیا خۆی بە تەنها دژ بە کورد بجوڵایەتەوە هەر ئەوەندە گورزی لە کورد و کێشەکەی دەدا.
رەنگە هەبن بڵێن شتی ئاوها نابێ و ئەوە ئەستەمە و سیاسەت ئاوها ناکرێ و هتد... ئەی باشە چۆن دەبێ؟ دوای ئەو هەموو قەتڵوعامەی تورکیا لە رێگەی جەبهەی نوسرە بەسەر کوردی سوریادا دەیهێنێت هەر سەردان و گفتوگۆیەکی لەو چەشنەی کورد لە ئەنقەرە دەیکات نەک هەر غافڵگیری عەقڵی دپلۆماسی کورد نیشان دەدات بگرە کورد وەک بودەڵێکی سیاسیش دەنوێنێ لە لای دوژمنەکانی.
ئیدریس مستەفا ئۆگۆستی ٢٠١٣