کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


گه‌نجه‌ له‌بیرکراوه‌کانی دوێنێ نێچیری هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مڕۆ!

Tuesday, 28/04/2009, 12:00

1680 بینراوە


ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ی داتایه‌کی ئه‌کادیمی بێین و لایه‌نی دیمۆگرافی کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌ڵبسه‌نگێنین، بێگومان گه‌نجان زۆرینه‌ی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی پێکده‌هێنن، به‌ خه‌مڵاندنیش بێت دور له‌و داتایه‌ی تا ئێستا به‌ دروستی له‌به‌رده‌ست دانیه‌، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ له‌ سه‌دا شه‌ست و پێنجی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ گه‌نجان پێکیده‌هێنن، کاتێک ئه‌وه‌ پێگه‌ی گه‌نجانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌دا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت به‌شێکی زۆری پڕۆژه‌کانیش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌یوه‌ندیداربن به‌ باشترکردنی ژیانی گه‌نجان و فه‌راهه‌مکردنی زۆرینه‌ی حه‌ز و ئاره‌زوه‌کانیان، نه‌ک به‌په‌راوێزکردنیان یان به‌سوته‌مه‌نی کردنیان، که‌واته‌ گه‌نجان ده‌توانن کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆیان هه‌بێت ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان بگۆڕن، وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌ره‌کیانه‌، بۆیه‌شه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشهاتێکدا که‌ گه‌نجان ده‌کارن ڕۆڵی تێداببینن له‌ کوردستاندا، ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته‌ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌مه‌جۆر سه‌باره‌ت به‌باشترکردنی ڕه‌وشی گه‌نجان و جێبه‌جێکردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی خواستی گه‌نجانه‌، له‌هه‌مو جیهاندا باوه‌، له‌گه‌ڵ نزیک بونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌مو پارت و ڕێکخراوێک ڕیکلام بۆ لیسته‌که‌ی خۆی ده‌کات و مافێکی سروشتیشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ و نابێ له‌بیربکرێت و بیری لێنه‌کرێته‌وه‌، کارنامه‌و کرده‌وه‌کانی لیسته‌ براوه‌کانه‌ دوای هه‌ڵبژاردن، که‌چیمان بۆ ده‌که‌ن !! یان ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئێستا پڕو پاگه‌نده‌ ده‌که‌ن، هه‌مان لیست و کاراکته‌ری ده‌سه‌ڵاتی چه‌ند ساڵی ڕابردون چیان بۆکردوین !! ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ ڕابردودا کردویانه‌ له‌ ئاستی خواست و داواکاریه‌کانی گه‌نجان دابوه‌ ، یان پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و تێڕوانینی ئه‌وان بوه‌ بۆ ژیانی خۆیان و کۆمه‌ڵگاکه‌یان.
ناکرێت لێره‌دا باسی ڕه‌وشی ئێستای گه‌نجانی کوردستان بکه‌م، بێ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی کورتی مێژویی و ڕۆڵی ئه‌وان له‌ هه‌ڵکشان و داکشانی ڕوداوه‌ ڕامیاریه‌کانی کوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان، له‌ شۆڕشی ئه‌یلولی ساڵی 1961 ه‌وه‌ تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ، گه‌نجان زۆرترین قوربانیان داوه‌، سوته‌مه‌نی به‌رده‌وامی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان بون، وه‌کو سه‌رمایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ هه‌میشه‌ له‌ ڕوداو و گۆڕانکاریه‌کاندا پشتیان پێبه‌ستراوه‌، هه‌ر ئه‌و گیانه‌ شۆڕشگێڕیه‌ش بوه‌ که‌ به‌شی زۆری کاردانه‌وه‌کانی دوژمنانی کوردستانیش، ئامانجیان سه‌رکوتکردن و له‌ناوبردنی گه‌نجان بوه‌، به‌ جۆره‌ها شێوه‌ی نامرۆڤانه‌، له‌دوای ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانیه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش گه‌نجان له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دابون له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی کوردیه‌وه‌، زامه‌کانی ڕابردو ساڕێژبن و ئاساییانه‌ قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نیان گوزه‌ربکه‌ن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک خه‌ونی چه‌ند ساڵه‌ی پێوه‌ده‌بینی، پێچه‌وانه‌که‌ی به‌سه‌رباره‌وه ‌ یه‌خه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی گرت، شه‌ڕی ناوخۆ وه‌ک نمونه‌ که‌ له‌ سه‌دا نه‌وه‌تی سوته‌مه‌نیه‌که‌ی گه‌نجان بون، به‌قوربانی و بێسه‌روشوێنه‌کانه‌وه‌، که‌ تائێستاش چه‌ندین گه‌نجی کورد چاره‌نوسیان دیارنیه‌ و به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌نفال ئاسا بێسه‌رو شوێن کراون، ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ ی ده‌سه‌ڵاتیش و پیاده‌کردنی عه‌قڵی حیزبایه‌تی و نه‌هێشتنه‌وه‌ی ده‌ره‌تان بۆ گه‌نجان، کاره‌ساتێکی تری خوڵقاند ئه‌ویش کۆچی به‌ کۆمه‌ڵی گه‌نجان بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و بونه‌ قوربانی به‌شێکیان له‌ ڕێگاو بانه‌کاندا، که‌ تائێستاش ئه‌و کۆچه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌وه‌ستان نه‌هاتوه‌، له‌گه‌رمه‌ی بارودۆخه‌که‌دا 96 - 97 له‌یه‌کێک له‌ بڵاوکراوه‌کاندا به‌ناوی (واڵا ) وتارۆچکه‌یه‌کم له‌و باره‌یه‌وه‌ نوسی به‌ناوی (کۆڕه‌وی سارد) به‌ ڕاستیش کۆڕه‌وێکی سارده‌ ، ئه‌و کۆڕه‌وه‌ش ده‌رهاویشته‌ی سیاسه‌تی چه‌وتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی کوردستانه‌، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ که‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وامن، ئێستاش به‌نزیکبونه‌وه‌ له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و ئێراک، هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بێ ئه‌زمونه‌ی که‌ ده‌ستی به‌خوێنی گه‌نجانی کوردستان سوره‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هیچ به‌هایه‌کی بۆ گه‌نجی کوردستان دانه‌ناوه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی گه‌نجه‌کانی دوێنێی له‌بیرکردبو، ئێستا به‌ سیناریۆی جیاجیا له‌ میدیا حیزبیه‌کانه‌وه‌ باسی گرنگی گه‌نجان و به‌ده‌نگه‌وه‌چونی خواسته‌کانیان ده‌کات، ده‌سه‌ڵاتیس به‌هۆی زۆری ڕێژه‌ی گه‌نجان له‌کوردستاندا، ته‌نها به‌چاوی نێچیر تێیانده‌ڕوانێت بۆ ئه‌وه‌ی سود له‌ده‌نگه‌کانیان وه‌رگرێت،ده‌سه‌ڵاتێک له‌هه‌ژده‌ ساڵدا نه‌یتوانیبێ خزمه‌تێک به‌ گه‌نج بکات، که‌ده‌کاته‌ به‌هه‌ده‌ردانی ته‌مه‌نی گه‌نجی به‌شێکی زۆری گه‌نجان، به‌ چ لۆژیکێک ده‌بێ باوه‌ڕ به‌و لایه‌نانه‌ بکه‌ین که‌ هه‌مان لایه‌ن و کاراکته‌ری هه‌ژده‌ساڵی ڕابردون، که‌واته‌ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان جێی خۆیه‌تی گه‌نجانی کوردستان، به‌ئاگابن له‌ پڕو پاگه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و ڕۆژانی ڕابردویان له‌ بیر نه‌چێت و به‌راوردێک بکه‌ن، ئایا له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردودا چه‌ند و چیان بۆ کراوه‌ ؟! له‌ داهاتوشدا پرێسکه‌که‌یان له‌وه‌ زیاتری تێدانیه،یان پرسیاربکه‌ن تا چه‌ند هه‌لی کاریان ڕه‌خساندوه‌ بۆ گه‌نجان؟ تا چه‌ندشوێنی نیشته‌جێبونیان بۆ گه‌نجان دابین کردوه‌؟چه‌ند له‌ گه‌نجانی ده‌رچوی ناوه‌نده‌کانی خوێندن دوای ته‌واوکردنی خوێندن دامه‌زراون بێ پشتیوانی حیزبی،ئه‌وانه‌ و چه‌ندین شتی تر پرسیارگه‌لێکن ده‌بێت گه‌نجان هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ربکه‌ن و لۆژیکانه‌ لێکی بده‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر نه‌بنه‌وه‌ نێچییری چه‌وری ده‌سه‌ڵاتێک، که‌خۆی پیرو په‌ککه‌وته‌ بوه‌ و له‌ هه‌ست و خواستی گه‌نجان تێناگات. ‌
گه‌نجانی کوردستان له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی ئێستادا، ده‌کارن ڕۆڵ و کاریگه‌ری زۆریان هه‌بێت، که‌ خزمه‌ت به‌ڕه‌وشی خۆیان و میلله‌ته‌که‌یان بکات، ئه‌ویش به‌ خستنه‌ ده‌نگی خۆیانه‌ بۆ پاڵ ئه‌و ده‌نگانه‌ی که‌ داوای گۆڕان ده‌که‌ن له‌ کوردستاندا، به‌ جۆرێک که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژیانی گه‌نجان و خه‌ڵکی کوردستان هه‌بێت به‌گشتی، هیچ گومانیشی تێدانیه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نجان گۆڕان و به‌ره‌و پێشچونیان گه‌ره‌که‌، نابێت به‌هیچ شێوازێک ده‌نگی خۆیان بده‌نه‌وه‌ به‌ده‌نگی لیستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، به‌ڵکو ده‌نگیان بخه‌نه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگه‌ ئازادانه‌ی داوای گۆڕان له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ده‌که‌ن.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)