نەوشیروان مستەفا ڕۆژنامەى (رۆژنامە)ی كردە قوربانى تاڵەبانى، (KNN)یش بۆ بارزانى
Monday, 23/06/2014, 12:00
1632 بینراوە
دوایى هەڵبژاردنى 21 / 9 كەى ئێن ئێن تەواو گۆڕا بەشێوەیەك هەموو كەس هەستى پێ دەكرد تا كارگەیشتە ئەوەى لەهەڵبژاردنى 30 / 4 كەناڵى گەلى كوردستانى یەكێتى ناوبڕەكانى 21 / 9 كەى ئێن ئێنى بەخەڵك دەفرۆشتەوە ئێستا قۆناغەكانى بچووكردنەوەى كەناڵەكە دەستى پێ كردووە لەجیاتى گەورەبوون و بەرەو پێش چوونى ، دانانى شۆڕش حاجى ئەندامى پێشووى پەرلەمانى عێراق لەفڕاكسیۆنى گۆڕان بەسەرپەرشتیارى كەناڵەكەو ڕاسپاردنى دڵشاد حوسێنى شانۆكارو ئەندامى پێشووى ِپەرلەمانى كوردستان لەفڕاكسیۆنى گۆڕان بۆ دارشتنەوەى سیاسەتى كەناڵەكە بەشێكن لەم هەوڵانە ، بەشێكى ترى گۆڕان و بێ دەنگى كەناڵەكە بەتایبەت بەرامبەر پارتى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێكەوتنە نهێنى و دانیشتە تایبەتانەى نێوان مەسعود بارزانى و نەوشیروان مستەفا .
شۆڕش حاجى لەكۆنگرەى گۆڕان زۆرترین ڕەخنەى ئاڕاستەكراو زۆرترین كارتى سوورى بەڕوودا بەرزكرایەوە تۆمەتباركرا بەوەى هۆكارى سەرەكى ململانێ و تەكەتولاتەكانى مەكۆكانى هەلێرو كۆیەو ئەندامانى فراكسیۆنەكەیە لەبەغداو زۆرترین پارەى پاسەوانەكانیشى بردوە ، سەیر دەكەى بێ گوێدانە ئەم هەموو ڕەخنەو ناڕازیانەى كۆنگرە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە كراوە بەسەرپەرشتیارى كەناڵەكە ، شانۆكاریكیش بۆ داڕشتنەوەى سیاسەتى كەناڵەكە ڕاسپێردراوە ئەمانە هەمووى جێگاى پرسیارن؟.
تەنها لەم مانگەدا دوو جار ستافى كەناڵەكە كۆبوونەتەوە بۆ بچووكردنەوەى كەناڵەكە
_ ڕۆژى 10 / 6 بەسەرپەرشتى شۆڕش حاجى سەرەتاى كۆبوونەوەكەش داواى كردووە مۆبایلەكان دابخەن و نهێنى زانیاریەكانى كۆبوونەوەكە بپارێزن لەبەر كوردستانپۆست و لڤین ، وتوویەتى بەداخەوە ناوێرین قسەیەك بكەین یەكسەر لەلڤین و كوردستاپۆست دادەبەزێت ، لەم كۆبوونەوەیە بڕیار دەدەن نیوەى ستافى كەناڵەكە دەربكەن .
_ ڕۆژى پێنج شەمە بەروارى 19 / 6 دووبارە ستافى كەناڵەكە لەگەڵ شۆڕش حاجى كۆدەبنەوە ئەمجارەیان شۆڕش حاجى دەڵێ دوا بڕیارمان داوە لەگەڵ كاك نەوشیروان و ڕێكەوتووین لەسەر ئەم خاڵانەو لەئایندەیەكى نزیكدا جێ بەجێیان دەكەین ئەگەر ئێوەش هەر سەرنج و تێبینیەكتان هەیە بیكەنە ڕاپۆرت و بمان دەنێ .
بڕیارەكانى نەوشیروان مستەفا و شۆڕش حاجى بۆ بچووكردنەوەى كەى ئێن ئێن (تایبەتە بەكوردستانپۆست) .
1 _ داخستنى كەناڵەكە لە هۆتبیرَد (ئەوروپا) بەبیانووى ئەوەى گۆڕان كەمترین دەنگى لەئەوروپا هێناوە .
2_ كەمكردنەوەى تێكرایى ستافى كەناڵەكە هەر لەبێژەرو پەیامنێرەوە بیگرە تادەگاتە كامێرەمان و تێكرایى بەشەكانى تر ، بەشێوەیەك هەر بەشەو سەدا چلى كارمەندەكانى كەم بكرێتەوە . واتا (فەرموون كارمان پێتان نەماوە بۆ ماڵەوە) .
3 _ داخستنى نوسینگەكانى كەناڵەكە لە (بەغدا و ئامەد و سۆران و گەرمیان و بیتوێن و پشدەر) .
4 _ ئەو نوسینگانەى تریش كەداناخرێن وەك(هەولێر و دهۆك) دەبێت تێكرایى ستاف و كارمەندەكانیان بۆ سەدا پەنجا كەم بكرێتەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا شۆڕش حاجى ڕووبەرووى ڕەخنەى زۆر توندو قسەى ڕەق دەبێتەوە خەریكە بگاتە بەیەكدادان لەوكاتەدا تەلەفۆن دەكرێت و هەواڵى مردنى كامێرەمانەكەى كەى ئێن ئێنیان پێ دەگات و كۆتایى بەكۆبوونەوەكە دەهێنن.
بەداخەوە بێ گوێدانە بەرژەوەندیە گشتیەكان و دەنگى میللەت بەئارەزووى خۆیان بەهەمان ئاوازى پارتى و یەكێتى بەمیزاجى شەخسى بڕیار دەدەن هەر وەك چۆن نەوشیروان مستەفا لەكۆتایى ساڵى 2011 ڕۆژنامەیەكى وەك ڕۆژنامەى لەسەر مانشێتێك لەبەر جەلال تاڵەبانى داخست و بەتەلەفۆن داواى لێ بوردنى لێ كرد واخەریكە ئاواش كەى ئێن ئێن دەكاتە قوربانى پارتى و بنەماڵەى بارزانى.
نووسەر: (زانیاریەكانى ناو دوو كۆبوونەوەكە بەتایبەت بڕیارەكانى بچووكردنەوەى كەى ئێن ئێن تەنها بۆ كوردستانپۆست نێردراوە دوایى زانین و خوێندنەوەى لێرە هەر سایت و پەیجێك دەیكات بەهەواڵ پێویستە ناوى كوردستانپۆست بهێنێت) .
کوردستانپۆست: پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی فرۆشتنی کەناڵی کەی ئێن ئێن، بەرپرسی کەناڵەکە یەکسەر سەلاح كاكە ئەحمەد رۆژنامەنووس لەكەناڵی (KNN)ی دەرکرد، بە تۆمەتی ئەوەی کە ئەو هەواڵەکەی بە کوردستانپۆست گەیاندووە.. کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.lvinpress.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=5691&Jor=1