ڕەمەزان و هونەرمەند
Friday, 26/08/2011, 12:00
دوای ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەی کوردستان و شەهیدبوون و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لەگەنج و لاوی ووڵات ، ئەبوو هاوڵاتی کورد بەگشتی و چینی ڕۆشنبیرو هونەرمەندان بەتایبەتی بایکۆتی دەزگا بەناو ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات و بەشداریکردنیان لەتەك کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانیان بەتەواوەتی بنەبڕ پێبکردبایەو ، وەك نەریتێکی نوێ دژ بەو ستەم و جەورەی دەسەڵات بەرانبەر بەخەڵکی سڤیل و بێ دیفاعی کورد و خۆپیشاندەران نواندیان لە هەموو جۆرە کردەیەکی تۆقێنەر و سەرکوتکەرانە ، بوەستانایەوە،،، کەچی بەداخەوە ئەم چینە کە ئەبوو نوێنەرایەتی زۆرینەی شەقامیان بکردایە، ئەوا ئەمڕۆ هەریەکە و بەجیا ، لەشێوەی دراما و کۆمیدیا و کورتە چیرۆکی تەلفیزیۆنیدا بەشداری ئەو کەناڵانەی دەسەڵات ئەکەن و بۆ جارێکی دی ئەیانەوێ لەڕێگای بەرهەمەکانیانەوە جەماوەری ڕاپەڕیوو بریندار لەگەڵ دەسەڵاتی خۆسەپێن و پەلەپیتکە ئامادەکراوەکانی سەر بی کەی سی بۆ سەرسنگی ڕێژوانەکان و گەرمیانەکان ئاشت بکەنەوە و پێیان بڵێن ئەوەی دەسەڵات کردی دژ بەخەڵکی ڕاپەڕیو نەك هەر کارێکی ڕەواو ڕاست بوو، بەڵکە دەسەڵات وەك باوك وایە و شەق و گوللەی تفەنگی پیاوەکانی پیرۆزەو نابێ لێیان پەست و تووڕەبن .
گەر سەیری ئەکتەرانی هۆلیوود بکەین ئەبینین جگە لەکاری سینەماییان بەشداری ئەکەن لە چەندین بەرنامەی ڕێکخراوی مرۆیی و هەڵوێست وەرگرتن دژ بەو نایەکسانی و نابەرانبەریانەی دژ بەمرۆڤایەتی ئەکرێ و لەچەندین کاتدا ئەبنە هۆکاری گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی زوڵم لێکراو و ستەمدیدە و برسی و ئاوارەی ووڵاتان و لەهەندێ کاتدا چەندین کاتی خۆیان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە تەرخان ئەکەن ،وەبەشێکی داهاتی کارە هونەریەکانیان دابەش ئەکەنە سەر چەندین کاری مرۆیی بۆ هاوکاری و یارمەتی لێقەوماوان لەگشت جیهاندا.
دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا کە وەك بەڕێوەبەری خەستەخانەی زانکۆی سلێمانی لەهەموو کەس باشتر ئاگادار بوو لەکاتی ڕاپەڕینەکەی ١٧ شوباتدا چەندین بریندار بەدەستی چەتەکانی پارتی و یەکێتی ڕەوانەی لای ئەو کران و چەتەکان چۆن حەرەمی زانکۆیان شکاند، ئاوهاش حەرەمی خەستەخانەیان شکاند و کەوتنە ڕفاندنی کەسانی بریندارو دواتر زیندانیکردنیان ، کەچی مەخابن ئەم کەسە ڕۆشنبیرەی کەخۆی بە سێنبەری (کاك ئارام) ئەزانێ ، قوژبنێکی لە گۆڕستانی نوێ هەیە و ڕۆژانە ڕەمەزانی وەك ژوانێك لێکردوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جەلالی تیرۆر و خیانەت بە خەڵکی شاری سلێمانی بەشێوەیەکی تر نیشان بدات و ئاشتیان بکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەبوو پێش هەموو کەس ئەو پەڕی ناڕەزایی دەڕبڕیایە دژ بە چەتەو کەمامکدارەکانی بەناو دژە تیرۆر.
حاجی مەکی ئەبوو نەختێ بیری لە هونەرمەند کاك (عومەر چاوشین) بکردایەتەوانێ و لەیادی نەکردایەو هیچ نەبوایە لەیەكێ لە بەرهەمەکانی شەوانی ڕەمەزاندا دەسەڵاتی ڕسوا بکردایە لەوەی چۆن پەراوێزیان خستوەو مشوری ناخۆن... کەچی تازە بەتازە ئەیەوێ پێمان بڵێ ، دەسەڵات ئێشتا باشەو ئەوەی ڕوویدا شتێکی ئاساییەو لەبیر خۆتانی بەرنەوە.
بەهەمان شێوە ماهیر حەسەن و کەمال چالاك و ئەو کۆمەڵە هەزەلییەی تر کە جگە لە کاری نەزۆکی و بەزۆر ختوکەدانی هەستی بریندارکراوی خەڵکی سلێمانی ، کەچی هیچ کات ئامادە نیە کورتە ڕەخنەیەك کەچەند وەحدەیەکی کەمی تێناچێ لەو دەسەڵاتە بگرێ کە تا ئێستاش خەڵکی تیرۆر و زیندان ئەکەن.
لەهەمووی خۆشتر برادەرانی بەرنامەی بەرنامەی تەریوو و خیشبوان لەپێش هەمویانەوە کاك موستەفا و عومەر ئاغا و عەبەی تەمین و ئەحەی جۆڵا کە کاری هونەری لەگەڵ کەناڵی کوردسات ناکەن ، هەنووکە لەگەڵ تەلەفیزێۆنی کوردستان تیڤی زنجیرە درامای ڕەیحان بەرەزامەندی خۆیان پەخش ئەکرێ و بنەکەو بارەگاکانیان بەرەو سنووری زەرد گواستۆتەوە.
لەڕاستیدا ئەمە ئەوپەڕی نەهامەتی گەلی کوردە کاتێ ئەو پۆلە بەناو ڕۆشنبیرو هونەرمەندانە ئەبینی کاری هونەری لەگەڵ دوژمنانی گەلدا تۆمار ئەکەن و لەڕێگای ئەوانەوە کارەکانیان بەزۆر بەجەماوەر بەنرخێکی زۆر ئەفرۆشنەوەو ئەیدەنەوە بەڕووی جەماوەرو وایان تێبگەیەنن کە دەسەڵات هەڵەی نەکردوەو هیچ ڕووی نەداوە،، لە کوێی ئەم زەمینە شتی واهەیە کە هونەرمەندان ببنە قەڵغان بۆ دوژمنانی ناوخۆو کورکوژان؟؟!!!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست