كۆسرەت رەسوڵ و شینكردن بۆ هەریسە
Thursday, 23/02/2012, 12:00
سەركردەیەكى وەك كۆسرەت رەسوڵ هەمیشە هەوڵى قۆستنەوەى رەوشە ئاڵۆزەكان دەدات، شانسى هەڵكشانى كێرڤى خۆى لەوەدا دەبینێتەوە، یان تێكشكان و نەمانى هەیمەنەى خۆى بە دۆزینەوەى رێگاچارە، پشت بە شانس و سودفە دەبەستێت، هەر بۆ نموونە لە كاتى خۆپیشاندانەكانى 17ى شوبات، كە پارتى دیموكراتى كوردستان هێزى خۆى رەوانەى سلێمانى دەكرد، بۆ راستكردنەوەى بارى لار بوەوەى خۆى لە لایەك، لە لایەكى تریش ئەو عوقدە نەفسیەى كە بە هۆى قبوڵ نەكردنەوەى بە جێگرى سەرۆكى هەرێم لە زهنیدا دروست ببوو، قۆستیەوە! ئەویش بەو شێوەى كە هەوڵى رێگرى كردنى هێزەكانى پارتى بۆ ئەو سنوورە دا! ئەمەش تا رادەیەك توانى سەركەوتن بە دەست بێنێت، لە راكێشانى سۆزى خەڵكى ئەو دەڤەرە، هەرچەندە دواتر پارتى لە بازگەى دێگەڵە رێگری لێ كرد لە چوونى بۆ شاری هەولێر، ئەوەش لێدانێكى تۆڵەى ئەو حیزبە بوو لە ناوبراو.
هەموو جوڵە و هەڵوێستەكانى ئەم سەركردە یەكێتییە، تەنها لە پێناو مانەوەى خۆیەتى، هەر بۆ نموونە تا ئێستا چەند جارێك هەڵوێستى لە حیزبەكەى خۆیشى وەرگرتووە و دانیشتووە! بەڵام دواتر تاڵەبانى بە مشتێ دۆلار هێناویەتیەوە سەر باى بەڕە كۆن! وەك چۆن جاری دووەم مالیكی بە هۆى تاڵەبانییەوە موچە و میزانییەى فەوجێكى بۆ بڕییەوە!
ئێستا پارتى رێى داوە كۆسرەت رەسوڵ ببێتەوە جێگری سەرۆكى هەرێم! ئەم رازى بوونەى پارتیش دواى ئەوە دێت، كە ساڵى 2009 محەممەدى مەلا قادر لە لێدوانێكیدا ئاماژەى بەوەدا كە چیتر رازى نابن، كۆسرەت رەسوڵ بكرێتە جێگرى سەرۆكى هەرێم! ئەم لێدوانەش كۆسرەت رەسوڵى هێنایە سەر خەت و وەڵامدانەوە، وتى، كە مەمنونى كەس نییە تاكو بیكاتە جێگری سەرۆكى هەرێم! ئەم لێدوانەى كۆسرەت رەسوڵ تاك كەسى بوو، ئەوەى بووە جێى ناڕەحەتى زیاترى ناوبراو، نەبوونى هەڵوێستى حیزبەكەى بوو لە ئاست پارتى و لێدوانى محەممەدى مەلا قادر ئەندامى پێشووى مەكتەبی سیاسیى پارتى. كۆسرەت رەسوڵ بە تەنها مایەوە، دوو ساڵیش پۆستى جێگری سەرۆكى هەرێم بە بەتاڵى مایەوە! كە بە پێى رێككەوتنى نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتی نیشتیمانى كوردستان، بەشى یەكێتى بوو. نەدەبوو كۆسرەت رەسوڵ ئەو پۆستە قبوڵ بكات، چونكە بە قبوڵ كردنى ئەو پۆستە، وەك ئەوە وایە رۆنى قاز لە لەشى پارتى بدرێت، ئەوەى روون و ئاشكرایە لە قبوڵكردنەوەى ناوبراو بۆ ئەو پۆستە، ئەوەیە كە پارتى لەم رێیەوە دەیەوێت ناراستەوخۆ بۆ كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بە گشتى، بە تایبەت هەوادارانى كۆسرەت رەسوڵ بڵێت، هەر جوڵەیەكى ئەم كابرایە تەنها بۆ مەرامى شەخسى خۆی و میراتگرانیەتى، ئێوەشى وەك پردێك لە بەردەم خۆیدا راخستووە! واتە دەكرێت بڵێین قبوڵكردنى ئەو پۆستە لە لایەن ناوبراوەوە، سڕینەوەى تەواوى هەڵوێستەكانی رابردوویەتى لە ئاست پۆستێك، كە خۆیشى و حیزبەكەیشى دەزانن ناتوانن بە تەواوى مانا پیادەى پۆستەكە بكەن! كورد وتەنى هەموو ئەو شین و شەپۆڕەى وەك هەڵوێست نواندن و بەخشینەوەى وەتەنیات بەسەر خەڵكیدا تەنها بۆ هەلیسەكە بوو!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست