بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


سپینۆزا لە بارەی سیاسەتەوە چی بەسیاسیە شونکارەکانی کورد دەڵێ؟

Wednesday, 11/04/2012, 12:00







ئەوەی سپینۆزا ئاماژەی پێکردوە وئەڵێت: ((دواهەمین ئامانجی سیاسەت ئەوە نیە کەئینسان لەڕێگای ترسەوە جڵە وبکات و بیکات بە کەسێک ژێر دەستەی کەسێکی دی، ئامانجی سیاسەت ئەوەیە ئینسان لە ترس رزگارکات)). لە کوردستاندا پێچەوانەکەی جێبەجێ ئەکرێت، واتا سیاسەت بەو ئامانجە دەکرێت کە هەمیشە ئینسانەکان لە ژێر ترس و تۆقاندندا جڵەوبکرێن و کە هەندێکی زۆری خەڵکیش کراون بە کەسانی ژێر دەستە و نۆکەر و غوڵام. دواتر سپینۆزا دەڵێت ((هەروەها ئامانجی سیاسەت ئەوە نیە ئینسان لە بوونەوەرێکی عاقڵەوە بکات بە ئاژەڵێکی بێعەقڵ یان بیکات بە ئامێر، بەپێچەوانەوە سیاسەت دێت بۆ ئەوەی هەم عەقڵ و هەم جەستە لە ئاسایشدا بتوانن کار بکەن))بەڵام لە کوردستاندا زۆرێک لەسیاسیەکان سیاسەتکردن بەوئامانجە دەکەن کە ئینسان لە بوونەوەرێکی عاقڵەوە بکرێت بە ئاژەڵێکی بێعەقڵ وبە ئامێر.
بۆ نمونە ئەوەتا لە کوردستاندا ئەبینین چەندین نوسەر و رۆشنبیر و مامۆستا و دکتۆری زانکۆ چی و چیتر خۆیان بێعەقڵ کردوە لە بەرامبەر پارەدا و خەریکی بەمێگەلکردن و بێعەقڵکردنی ئینسانی کوردن، لە پێناوی ئەوەی کە دڵی شوانە سیاسیەکان خۆش بکەن لەوەی کەبەشێکی باشی ئینسانی کوردیان کردوە و بەمێگەل وجڵەویان خستوونەتە ژێر دەستیانەوە.ئەوانیش کەی بیانەوێت لێیان دەکەنە قوربانی لە پێناو تێرکردنی هەوا وهەوس وئارەزۆکانی خۆیان.

لەکوردستانی باشور زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی جڵەوی سیاسەتکردنیان گرتووەتە دەست هەمیشە هەوڵی بێعەقڵ کردنی کۆمەڵگەی کوردییان داوە و مامەڵەکردنیان مامەڵەکردنی شوان بووە لە گەڵ مەڕدا، واتا خەڵک مێگەلن و ئەوان شوانەکانیانن، ئەم سیاسەتکردنە وایکردوە شوانەکان بەویستی خۆیان مەڕەکان بلەوەڕێنن و هەرکاتێک چۆنیان بوێت بەدڵی خۆیان مەڕەکان بکەنە قوربانی بۆ حەزو ئارەزوەکانی شوانەکەو خاوەن میگەلەکان، ئەگەر لە کاتی لەوەڕاندنی مێگەلەکاندا هاتوو چەند مێیەک لاساری بکەن و بەعەقڵی شوانە نەجوڵێنەوە و بیانەوێت زیاتر جیگا ببینێت و زیاتر خواردنی خۆشتر بخۆن ئەوە لەلایەن شوانە دراکاری دەکرێن وبۆ ئەوەی جارێکیتر نەتوانن سەرپێچی یاساکانی جەنابی شوانە بکەن، خۆ مییەکان زمانیان نیە لەکاتی ئازاردانیاندا هاوار بکەن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن. ئەوەتا ئەبینین ئەوانەی لە دەورو پشتی حزبی کوردیدا کۆبوونەتەوە بە تایبەتی یەکێتی و پارتی وەکو مێگەل هەمیشە پێشی شوانە سیاسیەکانیان ئەکەون و ئامادەن بکرێنە قوربانی ئارەزۆکانی شوانەکانیان.
بۆ ئەوەی ئینسانی کورد لە سیاسەتی بەمیەگەل بوون و شوان رزگار بکەین، پێویستە سیاسەتکردن لە کوردستان بخرێتە سەر شاڕێی حەقیقی خۆی کە ئەویش رزگارکردنی ئینسانی کوردە لە ترس و تۆقاندن و چاوترساندن و هەروەها بتوانین وابکەین هەم عەقڵ وهەم جەستە لە ئاسایشدا کار بکەن.ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوە دوور و نزیک گورگەکانی دەورو پشتمان کە چاوی تەماحیان لەسەرمانە دێن وهەم شوانە سیاسیەکان وهەم میگەلەکان راپێچی مەرگ دەکەن وحەز وئارەزۆکانی خۆیان تێر ئەکەن.
ئێمەمانان کە رەخنەی توند لەدەسەڵاتی شوانکارە سیاسیەکانی یەکێتی و پارتی دەگرین، ئامانج مان رزگار کردنی بەشێکی زۆری ئینسانی کوردە لە میگەلبوون ووازهێنان لە کۆیلەبوون و سەرشۆڕکردن و دەرهێنانیانە لە نێو ئەو زیندانەی کە بەسیم بۆیان دروستکراوە، ئەمانەوێت هەوای ئازادی هەڵمژن و لە ماناکانی ئازادی تێبگەن، هەرکە ئینسانی کورد کەوتە ئەو دۆخەوە ئیتر هیچ شوانێک وهیچ گورگێک ناتوانن بیانکات بە قوربانی حەز و ئارەزۆکانیان، ئەو ئەرکەی کەئێمەماننان کەوتووەتە سەر شانمان ئەرکێکی قورسە، چونکە لە ٨٠ ساڵی حوکمڕانیکردنی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغداد کاریان لەسەر تێکشکاندن کەسایتی کورد کردوە و هەوڵی بە مێگەل بوونیان داوە، بۆ ئەوەی بتوانن جڵەویان بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، ئەو سیاسەتە دیان هەزار قوربانی بەدوای خۆیدا هێنابوو و چەندین جەلادیشی درووست کردبوو، بەڵام ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەییەی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەیتوانی بە ئامانج بگات و ئەوەبوو ئینسانی کورد راپەڕین وسیمی کۆیلایەتیان شکاندوو و خۆیان رزگارکرد لە زوڵم زۆرداری، ئەوەی جیگای ناڕەحەتیە ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی شوانکارەکانی یەکێتی و پارتی لەبری ئەوەی لە ماوەی ٢١ ساڵی حوکمڕنێتیاندا بنیاتی کەسایەتی تاکی کورد بنێن و کە پێشوتر لەلایەن داگیرکەرانەوە تیکشکێنرابوون، کەچی بەپێچەوانەوە ئەگەر داگیرکەران جارێک کەسایەتی تاکی کوردیان شکاندبێت و سیم تەنیان کردبێت، ئەوە سیاسیە شوانکارەکانی یەکێتی و پارتی دەیان جار کەسایەتی تاکی کوردیان تێک شکاندووە لە بەرامبەر پارەدا و نەک سیمتەنیان نەکردون بەڵکو دیواربەندیان کردوون، بۆیە ئەمە ئەرکی ئێمەمانانی زۆر قورسکردوە و زۆرجاریش بەرەو نائومێدبوون پەلکێشمان دەکات، بەڵام پێم وایە نابێت کۆڵ بدەین وهەرگیز گوێ بە ماندووبوون قوربانیدان نەدەین، هیوادارم بتوانین بە کەمترین قوربانی بگەینە ئاوات و ئامانجەکانمان کە گێڕانەوەی کەرامەتە بۆ بەشێکی زۆر لە ئینسانی کورد و گێڕانەوەی سیاسەتە بۆ سەر شاڕێ خۆی بەو ماناییەی کە سپینۆزا ئاماژەی پێکردوە.

تیبینی: سود لە کتێبی سیاسەت و دوونیای مەریوان وریا قانعەوە لەلاپەڕە ١١٠ وەرگیراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە